دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە‌ "پارالێل*"ی کۆمەڵگای زیندوو و هاوچەرخ و دێمۆکراسیدا

ئالان م. نوری
  2021-11-07     349
*پارالێل لە ماتماتیکی تەقلیدیدا ئەو هێڵانەن کە هەرگیز بە یەکترناگەن.

لەگەڵ‌ راگەیاندنی ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان، نارەزاییەکی زۆر لە نێو خوێنکاران و خانەوادەکانیان سەریهەڵدا و لە هەندێک شار و شارۆچکە خۆپیشاندان و مانگرتن دەستیپێکرد.

هۆکاری سەرەکیی نارەزاییەکان ئەوە بوو کە ژمارەیەکی زۆری خوێندکار بە تێکڕای نمرەی بەرزەوە  لە وەرگرتن لە زانکۆکان و بە تایبەتی لەو کۆلێژانەی کە کۆمەڵگا بەها و پرێستیژێکی زیاتریان پێدەبەخشێت، وەک کۆلێژە پزیشکییەکان، بێبەش بوون.

ئەم هەڵمەتی ناڕەزاییە لە سەروبەندی ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق دێت کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم، بە بەراورد بە دوا پرۆسەی هەڵبژاردن، بە سەدان هەزار دەنگدەری راستەقینەیان دۆڕاند. بۆیە، هەر لە پەرلەمانەوە تا حکومەت، وەکو مریشکی سەربڕاو کەوتنە پەلەقاژێی تۆمەتبارکردنی "هەمووان، خۆم نەبێت" و بۆ چارەسەری کێشەکە، بە هەمووان، بەڵێنی زیادکردنی کورسیی خوێندنیان دا؛ وەک ئەوەی زانکۆکانی هەرێم و پۆلەکانیان لێوان لێو نەبن لە خوێندکار و "ماڵی زیادە سەر نەشکێنێت". هەروا وەک ئەوەی حاڵی خوێندن، لە کوردستان و عێراقدا، نەگەیشتبێتە ئاستێک لە داڕزان کە ئەمساڵ‌، لەپاڵ‌نەگبەتترین وڵاتانی جیهان و ناوچەکە، لە پێوەری داڤۆس بۆ کواڵیتیی خوێندن دەرنەکرابین! واتە لە ریزبەندیی وڵاتانی جیهاندا، ئاستی خوێندن لە عێراقدا، وەک وڵاتانی سوریا و لیبیا و یەمەن، هێندە خراپە مەرجەکانی بەشداربوون لە ریزبەندیی تێدا نییە!

ئەمەش بێگومان بەرهەمی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە. لە عیراقدا نزیکەی 20 ساڵە و لە کوردستان 30 ساڵ، کە خوێندن و هەموو بوارەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک کراونەتە قوربانی بەخێو کردنی ئەوانەی پێیان دەگوترێت هێزە ئەمنییەکان، و بە تێکڕا ساڵانە زیاد لە 8% ی داهاتی نیشتمانی عێراق (نەک تەنها داهاتی حکومەت) بۆ ئەوان سەرف دەکرێت کە ژمارەیان ناگاتە  ملیۆن و نیوێک مووچەخۆر (بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان و حەشد و پێشمەرگە و بندیوارەکانی هەموویانەوە). ئەمەش سێ ئەوەندە و نیوی خەرجیی ساڵانەی تێکڕای وڵاتانی دونیایە لە بواری ئەمنیدا، بەپێی داهاتی نیشتمانییان! حاڵی بارودۆخی ئەمنیی کوردستان و عێراقیش، ئەوەیە کە هەمومان دەیزانین. بەڵام کەرتی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (هەموو پێکەوە) بە تێکڕا نزیکەی ساڵانە تەنها 3% ی داهاتی نیشتمانییان پێ رەوا بینراوە. بە مەرجێک بە خوێندکار و کارگوزار و مامۆستایانەوە زیاد لە 10 ئەوەندەی کۆی هێزە ئەمنییەکانن لە عێراقدا. بە بەراورد بە تێکڕای  دواکەوتووترین وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، عێراق (بەهەرێمی کوردستانەوە) نزیکەی ⅔ ی رێژەی تەرخانکراوی ئەو وڵاتانەی بۆ خوێندن و پەروەردە تەرخان کردووە.

پرسیاری ئەولەویات و چۆنێتی خەرج کردنی داهاتی نیشتمانی و کێ بڕیاری دەدات لە وڵاتانی دونیای لانی کەمی دێمۆکراسیدا کاری پەرلەمانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا کە سیستەمە سیاسییەکەی لە پارالێلی مێژوودا کار دەکات، ئەم جۆرە بڕیارانە، تەنانەت بەشێوەیەکی شکڵیش بە "پەرلەمان"ەکەی رەوا نەبینراوە. رەنگە یەکێک بین لە سیستەمە سیاسییە دەگمەنەکانی دونیا کە دەسەڵاتی جێبەجێکار خۆی پابەند ناکات بە ناردنی پرۆژەی بودجە بۆ دەسەڵاتی یاسا دانان، ئەگەرچی بۆ مەبەستی ئیمزاکردنی کوێرانەش بێت.

لە سەر کاغەز، دەستووری عێراق مافی خوێندنی خۆڕایی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا بۆ گشت هاووڵاتییانی دابین دەکات. تا ساتی نووسینی ئەم دەقەش، هیچ دەزگایەکی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان پابەند نەبوونی بەو دەستوورە رانەگەیاندووە. کەچی لە ساڵی 2014 ەوە بە فەرمانێکی وزاری سیستەمێک لە کوردستان هەڵتۆقیوە کە تێیدا رێژەیەکی ساڵانەی روو لە زیاد بووی کورسییەکانی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان دەفرۆشرێن بە کەسانێک کە گەر بە پێی رێساکانی وەرگرتن بێت مافی دانیشتنیان لەسەر ئەو کورسییانە نییە، بێ‌ئەوەی وەزارەت لە هیچ‌شوێنێکدا روونی بکاتەوە ئەو دەسەڵاتە لە کوێی یاسای وەزارەتەکەیاندا مۆڵەتپێدراوە. سەیر لەوەدایە وەزیری ئەوکات، بە بڕوانامەکەی بێت، پسۆڕێکی یاسایی بوو. بەڵام لە هەرێمی پارالێڵی مێژوو و کۆمەڵگای هاوچەرخدا بڕوانامە و پسپۆڕی دوو شتی جیاوازن لە یەکتر. هەر لە 2014 ەشەوە ورتە لە دەمی پەرلەمانی هەرێمەوە نەهاتووە کە بپرسن چۆن دەسەڵاتی جێبەجێکار ئەو مافەی بەخۆی دا بە پێچەوانەی دەستوور و یاسا کار بکات؟ بەڵام خۆ ئەمە یەکەم جاریان نییە سەری خۆیان بە پرسە یاسایی و دەستوورییەکانەوە نەیەشێنن و نەوێرن لاساریی دەسەڵاتی جێبەجێکار لە پێشێلکردنی یاسا راگرن. سەروەتی نیشتمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا نەوت و گازە. پاش ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکار زۆربەی گرێبەستە سەرەکییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا ئیمزا کرد بە بێ هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی، ئەوسا چووە پەرلەمان و فەرمانی پێ کرد کە یاسایەکی جوان بە باڵای ئەو گرێبەستانەیان بۆ مۆر بکات و گرێبەستەکانیشی "بأثر رجعي" بۆ بکات بە یاسایی. سەرەڕای ئەوەش، تەنانەت بەپێی لێکدانەوەی یاسایی دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێم بۆ دەستووری عێراق (کە بۆ خۆی لێکدانەوەیەکی عەجایەبە)، هەندێک لە گرێبەستەکانیان نادەستوورین! بەڵام نە ئەوسا و نەئێستە، هیچ‌کات مێش میوانی پەرلەمان نەبووە! بەکورتی لەم سیستەمی سیاسییەی کە لە پارالێڵی مێژوو و کۆمەڵگای هاوچەرخدایە، پەرلەمان شوێنی مسۆگەر کردنی بژێویی کادێر و خانەوادە و هاوپەیمانییە عەشایەرییەکانی دەسەڵاتدارانی راستەقینەی هەرێم و دەستەمۆکردنی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیە و چی دی نا.

بێینەوە سەر خوێندنی پارالێل لە هەرێمی کوردستاندا، کە تەنانەت پێش ساڵی 2014 ش دەستی پێکردووە و لەملاو لەولا کۆلێژی تایبەتی دامەزراوە لە چوارچێوەی زانکۆ حکومییەکان و کراون بە پارە بە بیانووی ئەوەی تەواوی خوێندن تێیاندا کراوەتە ئێواران. زانکۆی زەبەللاح دامەزراوە کە بەپیی رۆژ، هەندێک جار ئەهلییە و هەنێک جاریش حکومی و نە یاساکانی ئەهلی و نە یاساکانی حکومی، هیچیان بەسەیردا جێبەجێ ناکرێن.

لە چەندین وڵاتی ئەوروپا، مەسەلەی هەوڵی کردن بە پارەی خوێندنی باڵا بۆتە مایەی رووخاندنی حکومەتەکان. دواترینیان سلۆڤێنیایە کە ساڵی 2010 بەهۆی خۆپیشاندانی خوێندکاران لە دژی کردن بە پارەی خوێندن، حکومەتی ئەو وڵاتە رووخا و حکومەتێکی نوێ هاتە کایەوە. لە دەیان وڵاتانی دونیاش حکومەتەکان، بەهۆی چالاکیی نارەزایی خوێندکارانیانەوە، لە کردن بە پارەی بەشێكی خوێندنی باڵا ناچار کراون پاشگەز ببنەوە. بەڵام لە هەرێمی کوردستانی پارالێلی واقیعی جیهانیدا، سیستەمی سیاسی ئەوەندەی لە خەڵک گەیاندووە کە یاسا رێگەی چارەی گرفتە شەخسییەکانیان نییە، بەڵکو نزیکیی تاکە کەس لە مۆڵگەکانی دەسەڵات (کە زۆربەی لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی حکومەتدان) و لە سەر بنەمای خێزان و عەشیرەت و ناوچە دارێژراون ، تەنها ئەو نزیکییە یاسا و بەها مرۆییەکانیشیان بۆ دەچەمێنێتەوە. هەر بۆیەش کاری هاوبەشی خەباتی داخوازیکاری لە دەڤەری بونیادە عەشایەری و خێزانییەکانی ئاغای دەزگا فەرمییەکاندا، بێ بەرەنگاربوونەوەی خودی سیستەمە پارالێڵەکەی دەسەڵات، هیچ‌ ئاسۆیەکی راستەقینەی لەبەردەمدا نییە.

وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ناردنە ماڵەوەی خوێندکاران و خانەوادە نارازییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی لە دەستی دێت خوێندنی پارالێل چۆن بە ئەمرێکی وەزاری خوڵقێنرا، ئاواش بە ئەمرێکی وەزاری کۆتایی پێ بێنێت، لەسەر بنەمای نا دەستووری و نا یاسایی و عەدالەتیی، لە بریی ئەوە بڕیاری دا موحازەرەیەکی دوور و درێژمان بداتێ لەسەر ئەوەی کە ئەو چەند حەزی لە دادپەروەرییە… ئەوجا بڕیاری دا کە کورسیی خوێندنی خۆڕایی زیاد بکات. خۆیشی باش دەزانێت کە زۆربەی پۆلەکانی خوێندنی زانکۆ حکومییەکان بە رادەیەک قەرەباڵغن کە تەنها لە پارالێلی واقیع و پێوەرە زانستییەکاندا دەکرێت پێیان بگوتیریت پۆلی خوێندن. بەڵام خۆ قابیلە بمانەوێت نەخوازەڵڵا رۆژێک لە رۆژان بەرەو لانای کەمی ستانداردی خوێندن لە جیهانی هاوچەرخدا بڕۆین؟

لەپاڵ مەدح و سەنا و سۆزی شەخسی بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی، وەزیر هەندێک بیروڕای خستە روو، کە لە دوارۆژێکی لانی کەمی دێمۆکراسیدا شایانی گفتوگۆن، وەک دیاری کردنی بڕی تێچوونی خوێندنی باڵای حکومی بۆ هەر خوێندکارێک و دانی ئەو پارەیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بە هەموو خوێندکارانی زانکۆ لە هەرێمدا، ئەوانیش ئازاد بن لە هەڵبژاردنی زانکۆ حکومی و ئەهلییەکان و، بڕی پارەی دەستکەوتووی هەر زانکۆیەک بە ژمارەی خوێندکاران و ستانداردی وەرگرتن و ئاستی نیسبیی زانکۆکە دیاری بکرێت.  لێرەشدا کێشەی تەمویل کردنی زانکۆ ئەهلییەکان لەلایەن بودجەی حکومەتەوە سەرهەڵدەدات. بەڵام گەر سنووردار بکرێت، رەنگە، لەوەی ئێستا هەیە، دەربڕێکی باشتری مافە دەستوورییەکانی خوێندن بێت لە وڵاتدا.

بە هەر حاڵ‌خوێندکارانی زەرەرمەند و خانەوادەکانیان و خەمخۆرانی دوارۆژی خوێندن و زانست لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، دەبێت ئەوە بزانن کە ئەم سیستەمە سیاسییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا باڵادەستە قابیلی چاکبوون نییە بە مێکانیزمە ناوخۆییەکانی خۆی و تەنها لە زمانی فشاری هاوبەش و نەفەس درێژ و بێ وچان تێدەگات. ئەم 30 ساڵەی ئەزموونی سیاسیی هەرێم و 20 ساڵەی ئەزموونی سیاسیی عێراق فڕێی داوینەتە دونیایەکی سوریالیی ترسناکەوە و لە کولتوور و ئەخلاقی ئۆپۆزیسیۆن بوون و لە خەمخۆریی دەستەجەمعی دووری خستووینەتەوە، بەڵام کاتی بەئاگا هاتنەوە بەسەر نەچووە. رەنگە کەسمان ئیسحاق نیوتن و ئەلبەرت ئاینشتاین و تۆماس فریدمان(؟؟؟) نەبین، بەڵام ئیمە هەموومان لە فرۆشتنی بێدەنگیمان بە کورسی پۆلێک بۆ رۆڵەکانمان کە شیاو نییە بۆ فێربوون و داهێنان، شایستەی زیاترین!
زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×