ڕۆڵی دایک لە ئاسیمیلەبوون/نەبوونی منداڵی کورد

شاهین کەریمی
  2021-11-08     481
لە ناو ئاژەڵەکاندا، بێچوو بۆ ماوەیەکی زۆر-کەمتر زیاتر لە ساڵ- لەگەڵ دایک دەمێنێتەوە تاکوو جگە لە بەخێوکردن و دابینکردنی شیر و خواردەمەنی وەک گۆشت، هەموو ئەو تەکنیک و شارەزایی و لێهاتووییانەی فێر بکات کە کاتێک سەربەخۆ بوو بتوانێت خۆی بژیێنێت و پارێزگاری لەخۆی بکات.

بۆ نموونە بێچووی شێر و پڵنگ فێر دەبن چۆن ڕاو بکەن و ئاژەڵ بگرن، یان بێچووی ئاسک و گامێش فێر دەبن چۆن وریا بن، ڕا بکەن و پارێزگاری لە خۆیان بکەن.

لە ناو مرۆڤدا، ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایکوباوکە. ئەوان بەرپرسن لە دابینی خواردەمەنی، خانوو، جلوبەرگ، فێرکردنی زمان، گواستنەوەی ئەزموون و کولتوور و هتد.

لە کولتووری مۆدێڕندا دەڵێن ئەگەر توانایی، کات و لێهاتوویی پەروەردەکردنی منداڵت نییە، مەیهێنە دونیا. دیارە مەبەست لە پەروەردە تەنیا خواردن و شتە فیزیکییەکان نییە، بەڵکوو بەشی نەرمی ژیان وەک زمان و کولتوور و ئەخلاقیش دەگرێتەوە.

ئاسیمیلەبوون بە چەمکێکی دەروونناسی-کولتووری-کۆمەڵایەتی-مرۆیی دەگوترێت کە مرۆڤ توانایی بەکردەکردن(پڕاکتیزە)ی زمان و نەریت و کولتووری خۆی نییە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری کولتوور و زمانی زاڵ و لە ناو ئەو کولتوورەدا دەتوێتەوە، ئەگەرچی بە ڕەچەڵەک لەو نەتەوە نییە. 

لەم ساڵانەدا، لەلایەن زانایان و خەمخۆرانی کۆمەڵگەی کوردییەوە باس لە ئاسیمیلەبوونی ئێمەی کورد بە دەست فارس و کولتووری فارس دەکرێت، ئەمە شتێکی ڕاستی، جیدی و مەترسیدارە. لە زۆرێک لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، زمان و کولتوور فارسێندراوە و هاونیشتمانی کورد نەزان و نەتوانە لە بەکارهێنانی زمان و کولتووری خۆی.

منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانی خۆیدا زۆرترین کاتی لەگەڵ دایک هەیە. زمان و زۆر شت لە دایکەوە فێر دەبێت. بۆیە زۆر گرینگە کە دایک چەکدار و دەوڵەمەند بێت بە وشە، حیکایەت، ئەدەبی زارەکی کورد، لایەلایە و هتد.
ئەگەر دایک خاوەن ئەو پاشخان و توانستە نەبێت ناتوانێت ئەو شارەزایی و ئەزموونە بگوازێتەوە بۆ منداڵ تاکوو لە مێرمنداڵی و گەورەساڵیدا ببێتە خاوەن شوناسێکی سەربەخۆی نەتەوەیی و لە دەرەنجامدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری کولتووری هێرشبەر-زاڵ و دەتوێتەوە.

لە سەردەمی موبایل، زنجیرەی تەلەفزوێنی، ئەپ و ئینتەرنێتدا، دایکان سەرقاڵی ئەو شتانە دەبن و منداڵ لە کۆڵ خۆیان دەکەنەوە. مۆبایلێک دەدەنە دەست منداڵەکە و بە یاری و قومارەوە سەرقاڵی دەکەن. کاتیان بۆ منداڵ نییە و بە پێی سرووشت، منداڵ دەبێت یەکەمجار ببیستێت، دووبارەی بکاتەوە تاکوو فێر ببێت.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاو و ناوەندی وتارەکە، بۆ ئەوەی بێچووی مرۆڤ بتوانێت لە دارستانی کولتوور-کۆمەڵگاکاندا خۆی بژیێنێت، دەبێت چەکدار بێت بە توانستی زمانەوانی و کولتووری، وە ئەمەش لە دایکوباکەوە وەردەگرێت. ئەگەر دایکوباوک کاتی پەروەردەکردنیان نەبێت، منداڵەکە زۆر زوو ڕاو دەکرێت، یان ناتوانێت ڕاو بکات و لە برسا دەمرێت.

نەتەوەی ئێمە بە درێژایی مێژوو لە بەر مەترسی سڕینەوە و قڕکردندا بووە. بەڵام هیچ کات بە ئەندازەی ئێستە ئەم سڕێنەوە لە ڕووی کولتووری و زمانەوانییەوە جیدی و مەترسیدار نەبووە. 

یەکێک لەو چەک و ئامێرانەی دەتوانێت ئەم سڕینەوە(ئاسیمیلەبوون) وەدوا بخات، ڕاهێنان و دەوڵەمەندکردنی منداڵی کوردە بە زمان و نەریت و مۆسیقا و کولتووری کوردی، کە ئەرکی زۆری دەکەوێتە سەرشانی دایک. بۆیە دایک لێرەدا، بۆ بەردەوامی نەتەوەی ئێمە ڕۆڵی بنچینەیی و زێڕین دەبینێت.

ئەوەی لێرەدا گرینگە دوو خاڵی سەرەکییە: یەکەم وشیاربوون و ئاگاداربوونی دایکانە لە ڕۆڵی هەستیار و مێژوویی خۆیان لەم سەردەمەدا. دووهەم ڕاهێنان و دەوڵەمەندکردنی خۆیانە بە وشە، ئەدەبی زارەکی کوردی، چیرۆکی منداڵان، زمانی منداڵ و دەروونناسی منداڵ.

ماوەتەوە ئەوە بڵێین کە پەروەردەی منداڵ تەنیا ئەرکی دایک نییە و ئەرکی دایک تەنیا پەروەردەی منداڵ نییە. خێزان و دایکوباوک ڕۆڵی سەرەکییان لە پێگەیاندنی منداڵدا هەیە و بەپێی سرووشت دایک نزیکی لە منداڵ زۆرترە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×