بۆ کۆچ؟

سەردار عەزیز
  2021-11-10     784
هۆکار و پاڵنەری سەرەکی کۆچی بە لێشاوی لاوان ئابورییە. ئابوری لێرەدا بە مانای ئاسایشی بژێوی، لە گەڵ ئابوری گشتیدا. بەڵام ئەم هۆکارە ئابورییە، پاڵنەری سەرەکی لە کوردستان سیاسییە. ئەوە سیاسەتە دەبێت بگۆڕێت بۆ ئەوەی ئابوری بگۆڕێت، نەک سیستەمی ئابوری بە تەنها.
سیستەمی ئابوری هەرێم چەند ساڵێکە گەشتوەتە بن بەست. ئەم سیستەمە ئابورییە کرۆکەکەی لە سەر بنەمای ئەوە دامەزرابوو کە کەرتی گشتی یان حکومەت بەکاربەری سەرەکی دەستی کاربێت لە کۆمەڵگادا. ئەم سیاستە ئابورییە حکومەت لە پێناو گەشە و وەبەرهێنان و بوژانەوە و کەڵەکردن و داهێناندا نەبوو بەڵکو پاڵنەری سەرەکی کۆنترۆڵی کۆمەڵگابوو لە لایەن نوخبەی سیاسییەوە.
فەرمانبەر کەسێکی کۆنترۆڵکراوە. کەسێکە کە جوڵە و بیر و توانا و بژێوی لە دەستی لایەنی سیاسیدایە و دەبێت لە سەر ئەو بنەمایەنە هەڵسوکەوت بکات. فەلسەفەی سیستەمەکە، گەرچی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام بە ڕونی بریتیە لە نان بەرامبەر ملکەچی.
بەڵام ئەم سیستەم گەشتوەتە بن بەست لە چەند لایەکەوە. یەکەم، بوارنیە بۆ هەڵاوسانی زیاتری کەرتی گشتی، دووەم، داهات بەشی ئەوە ناکات کە هەمووان ببنە بەشێک لە کەرتی گشتی. سێیەم، کەرتی گشتی تەنها یەک ئامرازە لە ئامرازەکان حوکمداری لە کوردستان. چونکە شەڕێکی ناکۆتای ناوخۆ لە هەناو سیستەمەکەدا هەیە، ئەوا قۆرغکردن و مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی داهات بەشێکی هەرە سەرەکی بەڕێوەبردنی ئەم جەنگەیە. گەندەڵی و قۆرکردن رێگری لە بە سیستەمبونی ئابوری هەرێم و ڕێگەنەدان بە گەشەی کەرتی سەربەخۆ هەمووی بەشێکە لە ئەم سیستەمە.
ئەم سیستەمە هەر ئەوەنیە گەشتوەتە بن بەست بەڵکو جۆرێک لە مرۆڤی لە گەڵ خۆیدا بەرهەم هێناوە. مرۆڤێک کە بریندار و شەڕانی و بێ هیوا و دەستەپاچەیە. خەڵک بڕوانامەی هەیە بەڵام شارەزایی نیە، بیرۆکەی کاری هەیە بەڵام دەستی ناگاتە سەرمایە، خەڵکانی تر بە ئاسانی دەوڵەمەندبوون، ئەویش وەها خەیاڵ دەکات.
چارەسەری ئەم دۆخە دروستکردنی ئابورییە، ئازادکردنی سەرمایەیە، کرۆکی سەرمایەداری flow یە، کە یانی نەبونی هیچ بەرگرییەک لە بەردەم ڕۆشتندا، بەڵام دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامدا ئابوری ئێمە پڕیەتی لە بەربەست. نەبونی سیستەمێکی بانکی، ترسی نوخبەی دەسەڵات لە گەشەی ئابوری لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوان، ئازادکردنی بازاڕ، ئەمانە بنەمای چارەسەرن. بەڵام ووردکردنەوە و پیادەکردنی کاری زۆری دەوێت. بە تایبەتی ئەم نەوەیە کە ئێستا هەیە، پڕ دەکرێت لە توڕەیی لە پێناوی ئاراستەکردنی سیاسی، لە ئەنجامدا لەوە دەکەوێت مرۆڤێکی ئابورییانە بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×