هەڵهاتن

بڕوا بەرزنجی
  2021-11-12     640
ساڵانێک دوایی کۆتایی جەنگی جیهانی دوهەم و کۆتایی نازییەت، خوێندکارێکی زانکۆ لە فرانکفۆرت، لە تیۆدۆر ئادۆرنۆی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمانی دەپرسێت: ئێوە چیتانکرد کاتێک نازییەت تەواو وڵاتەکەمانی تەنیەوە؟ ئەویش زۆر کورت و پوخت دەڵێت:”هەڵهاتین بۆ ئەمریکا”.
هەڵهاتن، لەزمانی کوردیدا مانایەکی خراپی هەیە، واتە بەزین و دۆڕان. بەڵام لەڕاستیدا هەڵهاتن هەمیشە بەزین نییە، بەڵکو هەنێجار بۆ ئەوەی نەبەزێیت دەبێت هەڵبێیت.
هەڵهاتنی ژەنراڵێک و سوپاکەی لەبەرامبەر دوژمن، ئەگەری زۆر ئەوەیە بەزین بێت، بەڵام هەڵهاتنی ڕۆژنامەنوسێک لە شوێنێک کە مەترسی بۆ سەر ژیانی هەیە، یەکێکە لە ئەرکەکانی ڕۆژنامەنوسی.
هەڵهاتن، کە ڕاکردن یان کۆچیشی پێدەوترێت، ڕۆیشتنە لە شوێن و واقعێکەوە کە مەترسیدارە بۆ شوێن و واقعێکیتر کە  ئومێدی لێدەکرێت باشتربێت.
 
دەمەوێت باسی کۆچ بکەم، ئەو شتەی بەشێکە لەژیانی ئینسانی کورد، چونکە زۆرترین مەترسی لەژیانی ئەم ئینسانەدا هەبوە.
لەوانەیە ئەو دێڕە شیعرەی شێرکۆ بێکەس، مانیفێستۆی ئینسانی کوردبێت کەدەڵێت:” لەوەتەی کۆچ هەیە کۆچ دەکەم”
هەرچەندە لەتەواوی دەقەکەی شێرکۆ بێکەسدا جۆرێک لە نائومێدی تیایە بەرامبەر کۆچ، چونکە جێهێشتنی نیشتیمانە، بەڵام بەبڕوای من، کۆچی هەمیشەیی ئینسانی ئێمە لە هیوابەخشی و ئومێدەوەیە، لەوێوە سەرچاوەدەگرێت کە ئینسانێکە نائومێد نابێت و نابەزێت. 
کۆچە، لە ڕەتکردنەوەی واقیعێک و چونە بەرەو ئومێد لە سەرزەمینێکیتر، مانەوەی ئێمە وەک ئینسان بە ئومێدەوە جەوهەری بابەتەکەیە، نەک ئەوەی لەکوێین. تا ئێمە واقعەدروستکراوەکان ڕەتبکەینەوەو ڕابکەین بەرەو ئومێد لە هەرشوێن بو ئەگەر گۆڕانکاری زیاترە. شۆڕشگێڕەکان پێش هەر شتێک، ڕادەکەن، ڕادەکەن لەو واقعەی کە قبوڵیان نییە. دواتر کردەکانیتری شۆڕشگێڕی دەستپێدەکات.
دەگەڕێمەوە لای وەڵامەکەی ئادۆرنۆ، ئەو دەڵێت هەڵهاتین بۆ ئەمریکا، مەبەستێتی زۆر کورت یەکەم هەڵوێستیان دەربخات، کە هەڵهاتن بوە لە نیشتیمان، لەو واقعەی نازییەت بەسەر ئەڵمانیایدا سەپاندبوی. واتە بۆخۆی هەڵهاتنەکەیان هەڵوێست و ڕەتکردنەوەبوە.

ئێستایش کە کۆچی کوردەکان، نەک تەنها باسی نێوکوردەکان خۆیانە، بەڵکو گفتوگۆی دوو کرێکاری ئەوروپیشە. کە کوردەکان بەو شەپۆلە گەورەیەیی کۆچ، چیدەکەن لەسنوری وڵاتەکانیان،
چی ڕویداوەو لەچی ڕادەکەن!؟
کوردەکان، لە ڕۆژئاڤای کوردستان، لە جەنگدان لەگەڵ خەلیفە ئەردۆگان و چەتەکانی، بەڵام هەڵنایەن، چونکە ئومێدی ڕۆژێکی نوێیان هەیە، ئەو ئومێدەی ئەوان بوە بە ڕوداوێکی گرنگ بۆ دنیا.
کوردەکان، لە باشوری کوردستان، لەنێو دوو کەمپی گەورەدان، دوو کەمپی مۆدێرن، کە هیچ ئومێدی ڕۆژێکی نوێی تێدا نییە، بێ ئومێدی بوە بەشەپۆلی کۆچکردنیان، بۆیە نائومێدی لەم دوو کەمپەدا بوە بە ڕوداو و جێی  گفتوگۆی ئەوروپیەکانیش.
کەواتە، زۆر قورس نییە تێبگەین  خەڵک لەچی هەڵدێت، کاتێک تۆ بۆ ئەوەی بەو دورییە هەڵبێیت بڕە پارەیەکی باشت دەوێت، پارەی باش بۆ ئەوەی زۆر دوربکەویتەوە لە نیشتیمان، واتە لە نائومێدی.
کێشەکە بێ پارەیی نییە، کێشەکەبێئومێدییە بەو واقیعەی کوردستان، کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دوو کەمپی گەورەدەچێت بۆ کوشتنی ئومێد و کەرامەتی ئینسانی کورد.
ئەوروپا، سەرزەمینی ئومێدەکان نییە، بەڵام تاقیکردنەوەی بەختێکی نوێیە بۆ کۆچبەر، بۆخۆیی بونی ئومێد بەژیانێکی باشتر وزەیەکی گەورەیە بۆ بەردەوامی و چونە پێشەوە لە ژیان!
بۆیە ئەم جۆرە لە هەڵهاتنی گەنجە کوردەکان، لە شۆڕشگێڕە کوردەکانی دوێنێ، هەڵوێستێکی سیاسی و مانادارە، ڕەتکردنەوەی ئەو واقیعەی کوردستانە. ئەم شەپۆلە لە هەڵهاتن، تەواو مانایاکی جیاوازتری هەیە لە کۆچی ئینسانی کورد لە پێشتردا، مانایی هەڵهاتنی ئەم جارە، هەڵهاتنی نەوەیی دوایی دوهەزارەکانە لە گوتاری کۆن و سواو و بێ بڕوایی ناسیۆنالیزم و دەسەڵاتی کوردی. کەچیتر نەوەی نوێی کوردستان، بڕواو ئومێدی بە چیرۆکێکی دەیان ساڵە نییە، کە لەهیچ تاقیکردنەوەیەکی ئەم نەوە نوێیەدا دەرناچێت.

 وەڵامی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم بارەیەوە، قسەکانی سەرۆکی حکومەت و کۆبونەوەو بڕیارەکانی پەڕلەمان، باشترین بەڵگەن، کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان، بەتایبەت لەگەڵ نەوەیی نوێ نییەو نەماوە.
ئەگەرنا، پەڕلەمان بڕیارێکی بەو ئەندازەیە کۆمیدیی نایات، کە لیژنە بنێرێت بۆ سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵۆنیا!  لەکاتێکا ئەرکی ئەوان دادگایکردنی حکومەتە لە هەولێری پایتەخت!.

جا لە مێژودا هەمیشە وابوە، لە ساتە تراژیدییەکاندا، دەسەڵاتداران زۆر کۆمیدی دەبن، چونکە نەگوێیان لە گەلەو نە دەنگیان بەگەل دەگات.
هاوڵاتی هاوار بۆ شتێک ئەکات و جەنابی حاکمی وڵاتیش وەڵامی شتێکیتردەداتەوە.
لەوانەیە زۆرینەمان، وەڵامەکەی شاژنی کۆشکی فەرمانڕەوایی فەڕەنسامان لەیادبێت، کە  لەساتەوەختی شۆڕشی فەڕەنسی دەپرسێت، ئەو خەڵکە بۆ وادەکەن، دەڵێن قوربان لە برسا، نان و ئاویان نییە، دەڵێت؛ دەی پسکیتیان بەنێ!
پێدەچێت، لیژنەکەی پەڕلەمانیش پسکیت ببەن بۆ سنوری وڵاتانی ئەورپایی ڕۆژهەڵات
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×