فاکتەرەکانی کۆچی بەکۆمەڵ و مێتۆدی گۆبڵزیی

ئەحمەد ڕەسوڵ
  2021-11-13     180
لەوانەیە هەڵە نەبێت ئەگەر بڵێم لە هیچ قۆناغێکیی مێژوویی "الحقبە التاریخیە" دا نیە لە مێژووی کۆمەڵگای ئێمەدا هێندەی مێژووی ئەم سی ساڵەی دوای ڕاپەڕین پڕبێت لە ڕووداو و کارەساتی گەورە لەسەر ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابوریی، ئیداریی، خزمەتگوزاریی و هتد کە ڕەنگبێ پێویست نەکات ئاماژەیان بۆ بکەم، چونکە زۆربەمان بە ژمارە و ڕیزکردن نزیکەی هەموویانمان لەبەرن و لە یاد ماون. دواهەمینیان ئەم کۆچە بە لێشاوەی خەڵکی کوردستانە بەرەو ئەوروپا کە هەرچەندە زۆرینەی گەنجە بەڵام لە منداڵی ساواوە تا ئینسانی بە تەمەنی تێدایە.
بە گرفتئامێزکردنی پرسی کۆچ، بابەتێکی فرە ڕەهەند و هەڵگری پرسیارگەلێکە لەسەر ئاستی جیاواز کە ئەمە بۆ خۆی دەکرێت بابەتی توێژینەوەیەک بێت. لە پرسی کۆچدا لە پەیوەند بە کۆچبەرەوە دەکرێت پاڵپێوەنەرەکان "دوافع" و مۆتیڤەکان "مثییرات" لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکیتر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکیتر جیاواز بن. پاڵپێوەنەرەکان واتا ئەو هۆکار و هەلومەرجانەی لە نیشتمان یان ووڵاتی خۆت کە وادەکەن کۆچ بکەیت و مۆتیڤەکانیش "motives" ئەو هۆکار و هەلومەرجانەی ئەو ووڵات و سەرزەمینەی دیکەن کە ڕاتدەکێشن و کۆچی بۆ دەکەیت.
ئەوەی لە پەیوەند بە ئەم لێشاوی کۆچەوە زانراوێکی سادەیە لای زۆربەمان، هۆکار و هەلومەرجە پاڵپێوەنەرەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە کە بووەتە سەرچاوەی سەرەکی ئەم هەڵاتنە، کە ئەمە هەڵاتنە زیاتر لەوەی کۆچ بێت. کورت و سادە، چەند فاکتەرێک کە بۆ ئەم هەڵاتنە بیانخەینە ڕوو بەشێوەیەکی پلەبەند لە هەرە سەرەکیی و بەهێزەوە بەرەو خوار، ئەمانەن:
یەکەم، فاکتەری ئابوریی: لاوازبوونی باری دارایی و کەمبوونەوەی داهاتی تاکەکەس، قورسبوونی هەرچی زیاتری بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەهۆکاری بەرزبوونەوەی لە ڕادەەبەدەری نرخی خۆراک، کاڵا و هەموو پێداویستییەکی ڕۆژانە لەسەر هەموو ئاستەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ بێکاریی زیاتری خەڵک لە چەند ساڵی ڕابردووەوە بە دیاریکراوی لە ٢٠١٤ ەوە. بە کورتیی جگە لەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان لە ئێستایەکی پڕ کێشە، قەیران و تەنگژەدایە هەروەها ئایندەیەکی ناڕوون و لێڵیش دەبینێت، بە تایبەتی بۆ گەنجانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەم دۆخە قورستر و زیاتر وەهایە.
دووەم، فاکتەری سیاسیی: بێئومێدبوونی خەڵک لە دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی و دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە کە ئێستا بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان ڕۆشنبووەتەوە کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە هیچیتر نییە جگە لە چەتەگەرییەکی ڕێکخراو و دەزگایی و تەواوی داهاتی ووڵات تاڵان دەکات و تابێت تینووتر و برسیتر دەبێت لە هەڵلوشینی داهاتی گشتی "ئەوەی لە کوردستانەوە دەبێتە پارە و ئەوەشی لە عێراقەوە دێت" و داگیرکردنی دۆنم بە دۆنمی خاکەکەی و ئەوەشی لە ژێریدایە. هەروەها بێهیوابوونی خەڵک لە هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کە جگە لەوەی هێزی بێئیرادە و لاوازن هەروەها بە گشتی بوونەتە هێزی دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵێک خەڵک و زیاتر نا، ئەمە جگە لەوەی بە هاشووهووشە بەردەوامە مێدیاییەکەیان و هاوشان بە ئیمپراتۆرێتییە مێدیاییەکەی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە بوونەتە هۆکاری  تێکدان، شێواندن و ماندووکردنێکی لە تاقەتبەدەری باری دەروونیی، مێشک و زەینی خەڵک.
سێیەم، فاکتەری ئیداریی "باج و سەرانە": خەڵک لەمێژە لەوەش تێگەیشتووە کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە لەمێژە لە دۆڵێکە و خەڵکی کوردستان لە دۆڵێکیتر، بگرە لەوەش زیاتر لە سەنگەری دژ بە خواست، ژیان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا قەراری گرتووە. بەڵگەی زۆر سادەی خەڵک بەردەوام زیاترکردنی کرێ و پارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو ئاو، کارەبا، خاشاک کۆکردنەوەیە ئەمە سەرەڕای بە پارەکردنی خوێندن "کە ئێستا نزیکە لەوەی بە تەواوی ببێت بە پارە و تەنها هەنگاوێکی ماوە" لە زانکۆ، قۆناغ بە قۆناغ شانخاڵیکردنەوەی حکومەت لە وەئەستۆگرتنی خەرجی پەروەردە، تەندروستیی لە کەرتی گشتییدا خەریکە دەبێتە چۆڵەوانیی و تەنها هەنگاوێک یان چەند هەنگاوێکی زۆر بچووکی ماوە تا بە تەواوی بکرێت بە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتیی لە بواری تەندروستییدا کۆتایی پێبێت. کەرتی تایبەتیش لە بواری تەندروستییدا، نەک هەر داتەکاندنی گیرفانی خەڵک و ڕووتاندنەوەیانە بەڵکو نزمترین ئاستی ئاکاری مرۆیی و ویژدان بەهێند وەرنەگیراوە لە دیاریکردنی نرخەکاندا و حکومەتیش تەنانەت مێشێکیشی میوان نییە، بە کورتیی نرخبەرزیی لە کەرتی تەندروستیی تایبەتدا ئەوپەڕی بێمۆڕاڵانەیە. بەرزکردنەوەی چەند هێندەی باج و جۆرەها پارە سەندن لە خەڵک هەر لە دوکان و کۆگاکانی فرۆشیاریی، خانوو و زەوییەوە بیگرە تا دەگات بە پارەی ژینگە و ڕێگاوبان و چەندین جۆریتری پارەکێشانەوە لە شۆفێران و کڕیار و فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل، خانوو و زەوی. هەموو ئەو جۆرە باج، ڕسومات و پارە کێشانەوانە بەردەوام لە زیادکردن و هەڵکشاندان.
چوارەم، فاکتەری خزمەتگوزاریی: داکشانی هەر ڕۆژ زیاتری خزمەتگوزارییە گشتییەکان. هەموو ساڵێک کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی خواردنەوەی ماڵان نموونە ئەوەی هەولێر لە هاوینی ڕابردوو و لە هەندێ شوێنی سلێمانیش کەمئاویی کێشەیەکی بەردەوام بوو. کەمیی کارەبا لە زستان و هاویندا، نۆژەن نەکردنەوەی بەباشیی شەقامەکان و قیرتاونەکردنی شەقامە گڵینەکانی بەشێکی زۆر لە گەڕەکانی شارەکان "بە تایبەت گەڕەکە تازەکان، کە دەڵێین تازەکان هەیانە نزیکەی ١٠ ساڵە گەڕەکە و کەمترینیان ٤ بۆ ٥ ساڵە" ئەمە جگە لە مەسەلەی دابەشنەکردنی نەوت و بەردەوام گرانبوونی زیاتری نرخیی بەنزین و هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی...هتد
پێنجەم، فاکتەری ناجێگیری "سیاسیی و تەناهیی": گرژیی سیاسیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ناوەناوە مناوەرەی سیاسیی و تەنانەت سەربازیی لە دژی یەکتر "بۆ نمونە وەکو ئەوەی زینی وەرتێ" لەلایەکەوە و گرژیی و ناکۆکیی هەمەلایەنەی نێوان دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارێتیی لە عێراق، بۆ نموونە لە دوای ڕیفراندۆم کێشەی کەرکوک و پێکدادانی سەربازیی نێوان هێزە سەبازییەکانی دوو دەسەڵاتدارێتییەکە. هەروەها لەشکرکێشیی بەردەوامیی تورکیا و بۆردومانکردنی ڕۆژانەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان. هەمانشێوە هەڕەشەی ناوەناوەی ئێران و بۆردومانکردنی جارجارەی بۆ ناوچە سنوورییەکان. خەڵک لە ئەو هەموو بازگە و خاڵی کۆنتڕۆڵ و پشکنینە بێزار بووە لە دەرەوەی شارەکان و بەردەوام و ناوەناوە لە ناو شارەکانیش.
شەشەم، فاکتەری ئازادیی: خەڵکی کوردستانیش ئارەزوو دەکات بە ئازادیی هەمە لایەنە. لە ئازادیی سیاسیی، ئازادیی چالاکیی مەدەنیی و ڕێکخراوەیی، ئازادیی گردبوونەوە و خۆپیشاندان لەپێناوی مافە سەرەتایی و ڕەواکانیان "بۆ نموونە مووچە"، ئازادیی نوسیین و دەربڕینەوە بیگرە تا ئازادییە کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسییەکان. لە تێرۆرکردن، زیندانییکردن و ئەشکەنجەدانی چەندین لە چالاکانی مەدەنیی، لە مێدیاکار، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، کادێر و لایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی دیکە و تەنانەت سەربەخۆ و بێلایەنانیش لە هەردوو زۆنەکەی دەسەڵاتدارێتیی کوردایەتیی. ئازادیی پاکێجێکە و بەش بەش ناکرێت. ئازادیی سیاسیی یان ئازادیی نووسین، دەربڕین و ڕاگەیاندن جیاناکرێتەوە لە ئازادییە کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسییەکان. ئاشکرایە بەرەی ئیسلامی سیاسیی و بە تایبەت ڕەوتی سەلەفیزم دژایەتیی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای هەیە لە هەمبەر ئازادییە کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسییەکان و تەنانەت لە ئاست کار و چالاکییە هونەریی و بەرهەمە ئەدەبییەکان و لەوەش زیاتر دژ بە زانست و فیکری دنیای هاوچەرخن. ئەوەش کە بۆ هەر مرۆڤێکی لانیکەم خوێندەوار و تێگەیشتوو ڕوونە، ئەوەیە کە پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ڕەوتی سەلەفیزم بە کۆمەڵگادا لە دەستلەپشتدان و پشتگرتنی دەسەڵات بووە بۆ ئەم ڕەوتە دژ بە ئازادییەی ژیانی ئینسانی هاوچەرخ لە دابینکردنی هەر جۆرە ئیمکانییاتێک بۆی و ڕەخساندن و سازاندنی زەمینە بۆی لەلایەن هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەوە.
لە دوای ئاماژە بۆ کردنێکی کورتی ئەم چەند خاڵەی لەسەرەوە باسکران وەکو فاکتەرە گشتییەکانی پشتی کۆچی بەلێشاوی خەڵک و بە تایبەتی گەنجان لە کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا، دەمەوێت قسەیەک لەسەر ئەو لێدوان و تێگەیشتنانە بکەم کە لەم پەیوەندەدا ئەم چەند ڕۆژە خراونەتە ڕوو.
            مێتۆدە گۆبڵزییەکەی، جۆزیف گۆبڵزی وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر، بریتییە لە درۆکردنی بەردەوام کە دەرئەجام دەبێتە ڕاستیی لە تێگەیشتنی کۆییدا. بۆ پاڵپشتکردنی درۆیەک و چەواشەکارییەک، درۆیەک و چەواشەکارییەکی دیکە ئامادەدەکرێت و دوای ئەویش درۆیەک و چەواشەکارییەکی دیکە، تا ئیتر قورس دەبێت بە درۆ خستنەوەی ئەو هەموو درۆیە و ڕاستکردنەوەی ئەو هەموو چەواشەکارییە و دەرئەجام کۆمەڵگا تەسلیمی ئەو درۆ و چەواشەکارییانە دەبێت و وەکو ڕاستیی بێچەندووچوون وەریاندەگرێت. بۆ ئەم ئەرکەش دەبێت هەمووان بکەونە خۆ، لە لایەنگر، ئەندام، کادێری حزب تا دەگات بە کادێرەکانی ڕاگەیاندن و نووسەران. لە ئەندامە باڵاکانی حزبەوە تا دەگات بە سەرباز و جەنەڕاڵەکانی سوپا، لە ئەندامانی دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکانەوە تا دەگات بە ئەندامانی دەستەی نهێنی. بە کورتی دەبێت هەمووان پێکڕا لەو درۆبازیی و چەواشەکارییە گەورە کۆڕاڵییەدا بەشدار بن و هەریەک بە شێواز و لە پێگەی خۆیەوە درۆ و چەواشەکاریی پەخش بکات و بواری تێگەیشتن لە ڕاستیی و گەیشتن پێی نەمێنێتەوە.  
ئەوەی کە ڕاستییەکی سادەیە، ئەوەیە کە لە ئەم دۆخەی ئێستادا لە کوردستان دەسەڵاتداران، یان بەرپرسە ئیداریی و حکومییەکان، وە یان کادێر و ئەندامە باڵاکانی حزبە سیاسییەکان "بە تایبەت حزبە دەسەڵاتدارەکان" ئەگەر لە ئاستێکی هێندە نزمی گوزارشدا، قسە لە کۆچی بەلێشاوی گەنجان و خەڵک دەکەن، ئەوە تێدەگەین کە پێگە، دەسەڵات، ئیمتیازات و مووچە قەبەکانیان ناچاریکردوون لێدوان و بۆچوونی گاڵتەجاڕانە لەوبارەیەوە بدەن لە نموونەی "کۆچبەران هەژار نین و بگرە دەوڵەمەندن ئەگەر وانەبێت چۆن دەتوانن دەفتەرێک یان دوو دەفتەر دۆلار بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەوروپا ، خەڵک لە تێریدا کۆچدەکەن، ئەم کۆچە بەلێشاوە دەستی لە پشتە، عێراق و پەکەکە بەرپرسن، بەهۆی گوتاری ڕەخنەیی ئۆپۆزیسیۆنەوە، خەڵک بە تایبەتی گەنجان، حکومەتی هەرێم و کوردستانیان لەبەرچاوڕەش بووە، گەنجی کوردستان تەمبەڵە و لە تێریدا حەزی لە سەفەرە" بەڵام ئەوەی بۆ من پرسیارە و مایەی لەسەر وەستانە قسە و نوسینی هەندێک نووسەر، ڕۆشنبیر، بڕوانەمەداری ئەکادیمیی و هەندێک ئەدیبە.
            چەندین نووسەر، ڕۆشنبیر، ئەدیب و بڕوانامەداری ئەکادیمی هەن کە لە دۆخی هاتنە پێشەوەی قەیرانێک لە قەیرانگەلی کۆمەڵگای ئێمەدا یان ڕووداوێک و دیاردەیەک کە لێکەوتەی هەمەلایەنی جۆراوجۆری هەیە و  دەبێتە بابەتێکی گشتی کۆمەڵگا و ڕای گشتی لەبارەوە دەوروژێت، بۆچون و تێگەیشتنێک دەخەنە نێو فەزای گشتییەوە کە مرۆڤ سەراسیمە دەبێت و تەحەییور دەبیت لەوەی چۆن وەها ئەدیبێک یان نووسەرێک کە لە بوارەکەی خۆیدا پێشتر کاری جوان و قووڵی پێشکەش کردووە یان بڕوانامەدارێکی ئەکادیمی بە چ پێودانگ و هەڵسەنگاندنێک، بۆچون و تێگەیشتنێکی وەها دەردەبڕن، هەڵبەت بۆچون و تێگەیشتنێک ئەوپەڕی سەرپێیی،  ڕواڵەتیی و بێقووڵایی، بە هەمان تۆن و هەناسەی کادێرێکی حزبی واتا پوخت بۆچوون و تێگەیشتنێکی حزبییانە و هەندێجار ئایدیۆلۆژیانەی گاڵتەجاڕ. بۆچوون و تێگەیشتنێک نامۆ بە عەقڵێکی بیرکەرەوە و بەرپرسیار، نامۆ بە سادەترین پێوەری زانستیی و ئەکادیمی.
نەوەک تەنها لە پەیوەند بە ئەم لێشاوەی کۆچەوە، بەڵکو لە چەندین ڕووداوی دیکەی پێشتریشدا تێگەیشتنگەلی "هەڵبەت ڕاستییەکەی تێنەگەشتن بوون نەوەکو تێگەیشتن" سەمەرەیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی ڕووداوەکانەوە. پرسیارگەلێک لەوبارەیەوە بیکەین، ئایا ئەو بۆچون و نوسینە زادەی بیرکردنەوەی عەقڵانییەتی ڕاستەقینەی ئێستایەتی یان بۆچونێکی ساختەیە و دژ بە بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی خۆیەتی؟ ئەگەر بۆچونەکەی ساختەیە، ئایا ڕۆشنبیر و ئەدیبێک چی وایلێدەکات هێندە ناکۆک بە بیرکردنەوەی ڕاستەقینەی خۆی قسە بکات، کە پۆزیشنی کادێرێکی حزبی کەمسەواد وەربگرێت؟ ئەگەریش بۆچونەکەی دەربڕی بیرکردنەوەی ڕاستەقینەیەتی، ئایا چی وای لە ئەدیبێک و نووسەرێکی بیرکەرەوە کرد کە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی داگەڕێت بۆ ئەو ئاستە و دابەزێتە هەمان ئاستی بیرکردنەوەی کادێرە کەمسەواد و عەقڵداگیرکراوەکانی حزب؟ ئینسان لە ئاست ئەم ڕۆشنبیر و ئەدیبە بەبارمتە گیراوانە و ئەم بڕوانامەدارە ئەکادیمییە کۆنتڕۆڵکراو و ئاڕاستەکراوانە، ڕادەمێنێت و دەپرسێت ئایا پارە توانی ئەمەش بۆ حزب و دەزگاکانی بکات؟ ئایا پارەی تاڵانکراوی بندەستی حزب و دەسەڵاتداران، توانی بیرکردنەوە و عەقڵ، بەرپرسیارێتیی، یاخیبوون و داهێنانیش ڕام و دەستەمۆ بکەن و بیکەنە نووسەرێکی بێبەهرە و نابیرکەرەوەی حزب؟ ئایا پارەی دزراوی نەوت، توانی بڕوانامە و هەر پێوەر و ستانداردێکی زانستیی و ئەکادیمیی ڕکێف بکات و بگەوزێنێت؟
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×