قۆتاغی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران
ساڵح ژاژڵهیی
2021-11-17   665
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 ، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین گۆڕانكاری گەورە ڕویدا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بە گشتی .
لەسەرئاستی عێراق بێ هەرێمی كوردستان
هەموو هەموو ئەو لایەن و گروپانەی سەر بە ئێران بون دەنگی زۆر كەمیان هێنا . بەو هۆیەوە ڕازی نەبون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و لە ئەنجامدا خەڵكیان هێنایە سەرشەقام و كوژاراو برینداریشی لێكەوتەوە . دوای ئەوە لە ڕێگای 3 درونەوە بەشێكی ماڵەكەی مستە كازمی وێران كراو چەند پاسەوانێكی بریندار بون .
ئەم هێرشەی سەرماڵی سەرۆكی حكومەت خرایە ئەستۆی گروپە شیعەكانی سەر بە ئێران . دوای ئەوە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران ئیسماعیل قائانی بە پەلە هاتە بەغداو داوای لەو گروپە ناڕازیانە كرد كە ڕازیبن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان . موقتەدا سەدر دەنگی یەكەمی هێناو یەكێكە لەوانەی زۆر پابەند نییە بە بڕیارەكانی ئێرانەوە . لە ئێستادا جۆرێك لە پشێوی لەناوماڵی شیعەدا دروست بوە .
هەر بەو هۆیەشەوە ئیسماعیل قائانی سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد و داوای لە یەكێتی و پارتی كرد خۆیان بەدوور بگرن لە كێشەكانی ناو گروپە شیعەكان . ئێران ترسی ئەوەی هەیە موقتەدا سەدرو كوردو سوننەكان حكومەتی زۆرینە پێك بهێنن و گروپەكانی سەر بە ئێران دوور بخەنەوە لە مەركەزی بڕیار . ئەگەر سەرنج بدەی دوای كوژرانی قەرماندەی قەیلەقی قودسی پێشوی سوپای پاسداران گروپە شیعەكانی سەر بە ئێران زۆر پەیەند نین بە بڕیارەكانی ئێرانەوەو بەبێ ئاگاداری ئەوان هەڵس و كەوت دەكەن و ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێران نابێت .
عەلی سیستانیش گەورە مەڕجەعی شیعەكان كە بەفەرمانی خۆی حەشدی شەعبی پێك هێنراوەو بە دووریش نازانرێت لە ئێستادا پەشیمان بێت لەو بڕیارەی بەڵام ناشیەوێت بڕیارێكی تازە دەركات بۆ ئەوەی تێكەڵاوی سوپایان بكاتەوە . پێدەچێت ترسی هەبێ بە قسەی نەكەن و ئەوەش بۆ ئەو دەبێتە كارەسات .
ئەگەر كاریش ئاوا بڕوات و ئەم گروپانە پابەند نەبن بەبڕیارەكانی سوپاوەو سەربەخۆ كار بكەن و كۆنتڕۆڵ نەكرێن ،هیچ بەهایەك بۆ حكومەت نامێنێتەوەو ڕێك عێراقیش وەكو لوبنانی لێدێت بەدەست ئەم گروپە شیعانەوە . هۆكاری پابەند نەبونی ئەوگروپە شیعانە بە بڕیارەكانی حكومەتەوە زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارەیەكی زۆریان كەوتۆتە بەردەست و ئاسان نییە دەست بەرداری ئەو پاروە چەورە ببن كە كەوتۆتە بەردەستیان .
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان
گۆڕانكاری زۆر گەورە لە لەسەر ئاستی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان ڕویدا . ئەوەی زۆر گرنگە ئاماژەی بۆ بكەین ئەوەیە ڕێژەی دەنگدان زۆر كەم بوەو لە سەدا 25 بۆ 30 زیاتر نەبوە . بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێنا .
یەكێتی هەم دەنگەكانی و هەم كورسیەكانی كەمی كرد . كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامیش لە پاشە كشەدان .پارتی دەنگەكانی كەمی كرد بەڵام كورسیەكانی زیادی كرد . نەوەی نوێ دەنگی زۆری بەدەست هێناو لە ئەنجامدا 9 كورسی بەدەست هێنا . ئەوەی زۆر گرتگە لێرەدا ئاماژەی بۆ بكەم ئەمەیە :
1-ئەم هەڵبژاردنە هیچ دەسكەوتێكی تایبەتی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەرێمی كوردستان فەراهەم ناكات . تەنها ئەوەیە كۆمەڵێك خەڵك دەبنە ئەندامی پەڕلەمان و هەندێكی تریش پۆستی حكومی وەردەگرن و ئەوەش تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیانە .هەر لە ئێستاوە دیارە پەرتەوازەییەكی بەرچاو بە نێو ماڵی كوردەوە دیارەو هەرگیز ناتوانن بە یەكگرتویی بچنە بەغداو بەرگری لە مافەكانی كورد بكەن .
ئایندەی هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردن
پێش ئەوەی باسی ئەگەری گۆڕانكاریەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بكەین ، دەمەوێت بە كورتی سەرنج و تێڕوانینی خۆم سەبارەت بە حیزبەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕم .
1-بزوتنەوەی گۆڕان : بزوتنەوەی گۆڕان لە ماوەی مێژویەكی كورتی 11 ساڵێدا گەشەی باشی كرد ، بوو بە جێگای موتمانەی خەڵك و ترسێكی زۆر بۆ سەر دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی دروست كرد . بەڵام لەبەر ئەوەی لەو ئامانجانە لایدا كە لەپێناویدا دروست ببو، لەم هەڵبژاردنەدا هاتە سەر خاڵی سفر . بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر هەڵناستێتەوەو ناتوانێت بە قاچی خۆی بڕوات .
ئەگەر بشمێنێت ، دەچێتە ڕیزی كۆمپانیا بازرگانیە حیزبەكانی وەكو سوسیالیست و زەحمەت كێشان و شیوعی و هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان نامێنێت و دەبنە پاشكۆی حیزبە باڵا دەستەكان . ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستاش بمێننەوە ، تەنها زیان بە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگەیەنن . بۆیە باشتر وایە بەبەیانێك خۆیان حەل كەن .
2- حیزبە ئیسلامیەكان : ئەگەر بە وردی سەیری مێژوی حیزبە ئیسلامیەكان بكەین لە دروست بونیانەوە تا ئێستا ئەگەر چی ناو بەناو لە حوكمڕانیشدا بەشدار بون بەڵام نەیان توانیوە كاریگەرییەكی كارایان هەبێت لە گوڕینی پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانیدا .
بەزۆری لە پەڕلەماندا بونیان هەبوە ، پەڕلەمانیش لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە بڕیارەكانی دەدات . لەبەر ئەوەی ئەمانیش كەمینەن و یەكگرتوو یەك دەنگیش نەبون ، نەك هیچ بڕیارێك بە ویستی ئەوان نەدراوە ، ئەندام پەڕلەمانەكانیشیان لە پەڕلەمان دەردەكەن . كەواتە بون و نەبونیان لە پەڕلەمان وەكو یەكە .
بۆیە ئەوانیش لە ئێستادا لە بازنەیەكی بچوكی داخراودا قەتیس ماون و دەنگی كۆمەڵ یەكگرتوو ناو بەناو گۆڕانیان بەسەردا دێت لە بابەتی یاری مارو پەیژە . بە بۆچۆنی خۆم حیزبە ئیسلامیەكانیش تەمەنیان سەربەرەو خوار بۆتەوەو لەم بارودۆخەی ئێستادا نەك ناتوانن هەنگاو بەرەو پێشەوە بهاوێن ، پاشەكشەی زیاتریش دەكەن .
3-نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا كێرڤی بەرەو هەڵكشان چوە. دەنگی باشی هێناوە و بۆتە خاوەنی 9 كورسی پەڕلەمانی عێراق . بەو هۆیەوە جۆرێك لە لوت بەرزییان پێوە دیارە . بە بۆچونی من لە خولی داهاتوی پەڕلەمانی كوردستانیش دەنگی زۆر دێنێـت . ببەڵام دواجار حاڵی لە حاڵی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان خرابتر دەبێت و لەوانەیە هەر بە یەكجاریش نەمێنێت. نەوەی نوێ لەسەر هیچ بنەمایەكی فكری و سیاسی دروست نەبوەو خاوەی هیچ ستراتیجێك نیە حیزبی تاكە كەسێكەو خەڵك لە ڕقی یەكێتی و پارتی دەنگی پێداون .
4- یەكێتی نیشتمانی كوردستان : یەكێتی نیشتمانی خاوەنی مێژویەكی پڕ لە سەروەرییە . خاوەنی شۆڕشی نوێیە دوای ئاشبەتاڵ . خاوەنی ڕاپەڕێنە . خاوەنی دەریایەك لە خوێنی شەهێدە . بەڵام دوای كۆنگرەی چوار و داهێنانی سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕیوەبردن و سەركردایەتی كردنی یەكێتی ، هەموو مێژوی یەكێتیان سڕیەوەو هێنایانە سەر خاڵی سفر . لە جیاتی گۆڕانكاری و گەشە پێدانی یەكێتی دیاردەی ژەهراوی كردنی یەكتریان داهێنا و ئابڕوی مێژووی یەكێتیان برد . ڕێزەكانی یەكێتی تێك دراوە . زوربەیان بونە نەیاری یەكتری و لەم هەڵبژاردنەدا ئەنجامی ئەوە دەركەوت و ئەمەش كارەساتە بۆ یەكێتی .لە ئەنجامی ناكۆكیەكانی ناو یەكێتی ، كەسانی وا بۆتە ئەندامی سەركردایەتی ، بۆ حوشترەوانیش دەست نادات . بە بۆچونی من لێرە بەدواوە یەكێتیش لەپاشە كشەی بەردەوامدا دەبێت چونكە لەوە ناچێت جارێكی تر دوو هاوسەرۆكەكە بتوانن بە یەكەوە كار بكەن .
ئەگەر ئەوەش نەكرا بەردەوام یەكێتی بەرەو كەرتبون و لێكترازان دەچێت و خەڵك ئومێدی بە یەكێتی نامێنێت و پاشەكشەی لێدەكەن . لەم كاتەدا كە جۆت ئامۆزاو جۆت هاوسەرۆك ناكۆكن دیاردەیەك كە مێژویەكی كۆنی هەیە لەناو حیزبەكاندا لە كاتێكی وەكوئێستای یەكێتیدا ، كۆمەڵێكی ناو حیزب دەبنە بازرگانی ئەو ناكۆكیانەو ئەمبەرو ئەوبەر دەكەن بۆ بەدەستهێنانی پارەو بەرپرسیاریەتی و سەیارەو ئەرزو زۆر بەرژەوەندی تر .
لە ئێستادا یەكێتی بۆتە كۆمپانیایەكی بازرگانی و ئەوانەی لەناو حیزبەكەدا ماونەوەو دەمێننەوە ، لە خۆشەویستیانەوە نییە بۆ حیزبەكە ، بەڵكو بۆ بەدەست هێنانی بەرژەوەندییە، یان بۆپاراستنی ئەو هەموو سامانەیە كە بە ناشەرعی كۆیان كردۆتەوە . دواجار ئەم دیاردەیە دەبێتە مۆرانەو ڕیزەكانی حیزب دادەڕزێنێـت و بەرەو نەمانی دەبات و جێی موتمانەی جەماوەریش نامێنێت .
ئێستا یەكێتی لەم قۆناغە مەترسیدارەدایە . بۆیە بە بۆچونی خۆم وای دەبینم یەكێتیش ئەستێرەی بەختی لە كزیدایەو ئەوەی كە تۆزێكیش تەمەنی یەكێتی درێژ دەكاتەوە دوو هۆكارە . یەكەم : خاوەنی هێز و پارەیە . دووەم : بارودۆخی ئیقلیمی ناوچەكە یارمەتیدەرە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنیان بەڵام بارودۆخی سیاسی بەردەوام لەگۆڕاندایەو هەرگیز بەم سیاستەی ئیستایانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە دۆخی ڕابوردویان . ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارەو دەنگ نەدانی خەڵك بۆ یەكێتی ، ئەو بۆچونانەی سەرەوەم پشت ڕاست دەكاتەوە .
5- پارتی دێمۆكراتی كوردستان : ئەگەرچی لەم هەڵبژاردنەدا پارتی كورسی زیاتری لە جاری پێشو هێناوەو بۆتە شۆڕە سواری مەیدان ، بەڵام ئەگەر ئەمە مایەی خۆشحاڵی بێت بۆ پارتی ، مایەی نیگەرانی و بێ ئومێد بونە بۆ ئایندی هەرێمی كوردستان .
پارتی زیاتر خۆی لێبایی دەبێـت و هەموو هەوڵەكانی بۆئەوە دەبێـت دەست بگرێت بەسەر كۆی ەسەڵاتی سیاسی و داهاتی كوردستان . هەرچەندە ئێستاش هەرپارتی حوكمڕانی ڕاستە قینەیەو یەكێتیش بەحاڵ بەشدارە . بەڵام ئەگەر هەموو شتێك بچێتە دەستی پارتی ئەوەندەی تر ئەم وڵاتە وێران دەبێت .
ئەم بۆچونەم لە ڕوانگەی ڕقەوە نییە و خۆزگە هەموو شتێك پێچەوانەی بۆچونەكانم دەبوو . ئەم حیزبە تەنها ئەو شوێنانە بە كوردستان دەزانێت كە لە ژێر دەستی خۆیدایە. بۆ ڕاستی بۆچونەكەم تەنها 3 نمونەتان بۆ دەێنمەوە :
یەكەم : حكومەتی عێراق دوای ڕیفڕاندۆمە شومەكەی مەسعود بارزانی و لە دەستدانی كەركوك و نیوەی زیاتری خاكی كوردستان ، عێراق ئامادەبوو پارێزگاری كەركوك بدات بە كورد . بەڵام لەبەر ئەوەی پاڕێزگاری كەركوك پشكی یەكێتییە ، پارتی ڕازی نەبوو پارێزگاری كەركوك بدرێت بە كورد .
لێرەش بە دواوە ئەگەر بۆی بكرێت هەر ڕازی نابێت و پێی خۆشە پارێزگاری كەركوك هەر عەرەب بێت و تەعریبیش بەردەوام بێـت ، بەڵام پارێزگارێكی كوردی سەر بە یەكێتی لەوێ نەبێت . ئەوەتا لەم سەردانەی بافێڵ تاڵەبانی بۆلای مەسعود بارزانی جارێكی تر باسی پارێزگاری كەركوكو پۆستی سەرۆكی كۆمار هاتۆتەوە پێشەوە. لە قسەكانی مەسعود بارزانیدا كە بە بافێڵ تاڵەبانی دەڵێت : ئێوە تا ئێستا كێشەكانی ناوخۆتان یەكلا نەكردۆتەوە . ڕێك وەكو ئەوە وایە بڵێت تا بە تەواوی لاهوری شێخ جەنگی و لایەنگرانی بێدەسەڵات نەكەن ، ڕازی نابین پۆستی پارێزگاری كەركوك و سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بن . خۆ ئەگەر كوڕانی تاڵەبانیش بەو مەرجە ڕازیبن ، ئەوە دەبێتە كارەسات بۆ ئایندەی یەكێتی و دوای ئەوە سەرەی دەركردنی خۆیان دێـت لە پڕۆسەی سیاسیدا و وەكو مەلاو فەقێكانیان لێدەكەن . واتە بە كوڕانی تاڵەبانی لاهور لادەبەن . دوایی خۆشیان كوڕانی تاڵەبانی لە پڕۆسەی سیاسی وەدەردێن لە ڕێگای سیاسەتی ( فرق تسد) ەوە .
دووەم: كۆیە لە ڕوی ئیداریەوە سەر بە هەولێرە ، بەڵام لە ڕوی حیزبیەوە سەر بە سلێمانییە . تا ئێستا ڕێگای نێوان هەوڵیر و كۆیە نەكراوە بە جوت ساید، لە كاتێكدا باشترین ڕێگاو بانیان بۆ بەشەكوردستانی خۆیان دروست كردوە و كۆیە بە كوردستان نازانن .
سێیەم: لە نوسینی پێشوتریشمدا ئاماژەم بەوە كردبوو كە ئاشتی هەورامی واتە پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئامادەبون بڕی یەك ملیار و سەد ملیۆن دۆلار كەرانە بدەن بە كۆمپانیای داناغاز و ڕێگای كۆمپانیاكە نەدەن سنووری كاركردنی لەگەرمیان فراوان بكات .
پرسیار ئەمەیە : بۆچی ؟. بۆئەوەی داهاتی سنووری یەكێتی زیاد نەكات و وەكو ئێستا ئەم زونە هەمیشە چاوی لە دەستی پارتی بێـت . ئەو بڕە پارەیەشیان خستە سەر قەرزەكانی تر . واتە بۆسەر شانی هاوڵاتیان . باشە حیزبێكی كوردی ئەمە بەرنامەو ستراتیجی بێت ، دەبێ هاوڵاتی كورد چ دڵێكی بە حوكمڕانی ئەم حیزبە هەبێت .
بەڵام لەگەڵ ئەوەی پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیادی كردووە ، ژمارەی دەنگەكانی كەمی كردووە جگە لەوەی دەنگێكی زۆری ئاوارەی سوری و هێزەكانی ڕۆژیش بە فرت و فێڵ هەر بۆخۆیان بوە . ئێستاش دوای ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەستی دەنگۆی ئەوە هەیە لە هەولێر و موسڵ پارتی تەزویری كردبێت و بەوهۆیەوە یەكێتی كورسیەك لە هەولێرو كورسییەكی تر لە موسڵ بهێنێت بەڵام تا ئێستا ئەوە بە تەواوی یەكلایی نەبۆتەوە . بەڵام ئەوە یەكلایی بۆتەوە كە پارتی هەرگیز واز لە ساختەكاری ناهێنێت لە هەڵبژاردنداو ئەو باڵا دەستییەی ئێستاشی هەر لە ڕێگای ساختەكارییەوە بەەستی هێناوە .
كەواتە ئەگەر ژمارەی دەنگدەر بۆ حیزبەكان بكەینە پێوەر كۆی حیزبەكان دەنگەكانیان كەمی كردوە هەریەكەو بە ڕێژەی خۆی . ئەمەش ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەوەی كۆی حیزبەكانی كوردستان لە پاشەكشەدان و ئەستێرەی بەختیان بەرەو ئاوابون دەڕوات و پشتیوانی جەماوەریان لە دەست داوە .
خۆ ئەگەر مەسعود بارزانیش ماڵ ئاوایی لە ژیان بكات ، حاڵی پارتیش هاوشێوەی یەكێتی لێدێت. لەگەڵ هەموو رەخنەكانیشم لە جوت حیزبی دەسەڵاتدار ، بەڵام پەرتبونی حیزبەكان لە بەرژەوەندی هەرێی كوردستاندا نییەو خۆزگەی ئەمە پێچەوانە بوایەو تەبایی و یەكێتی ناوڕێزەكانی گەلی كورد بە هێز بكرایە ، بەڵام ئەمە نە ویستی یەكێتی و پارتیەو نە بە حەزی ئێمەش دێتە دی .
ئاخر ئەمە چ حاڵێكە هەڵبژاردن كراوەو كورد نوێنەری دەبێت لە بەغدا بۆ داكۆكی لە مافەكانی كورد ، بەڵام پارتی بە جیا دەچێـت و یەكێتی بە جیا و نەوەی نوێش لوتی چۆتە ئاسمان و ئیسماعیل قائانیش پێیان دەڵێت بە یەكەوە بچن بۆ بەغدا لەبەر خاتری كورد نا ، بەڵكو بۆئەوەی ناوماڵی شیعە پەرت نەبێت .
هەموو ئەمەی لێرەدا نوسیومە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئایندەی ئەم هەرێمە لە ژێر مەترسی گەورەی یەكێتی و پارتیدایە بە پلەی یەك و دوای ئەوە دەرو دراوسێ بە پلەی دووەم . سەرەڕای ئەو هەموو سامان و داهاتەی هەرێمی كوردستان ، لەبەر نەبونی هەلی كارو خزمەت گوزاری هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە ئایندەی ئەم هەرێمە بێ ئومێد بون و پۆل پۆل سەری خۆیان هەڵدەگرن و بەرەو هەندەران كۆچ دەكەن . سەیری هاوڵاتیانی كورد بكەن لە نێوان بیلاڕسیاو پۆڵۆنیا لە چ بارودۆخێكدان .
ئایا دروستەو ڕەوایە چیتر ئێمەی هاوڵاتی غەدر لێكراو بەوە ڕازیبین و ئاوا دەست بە كوڵاوی خۆمانە بگرێن و نەوەكانمان لە دەریای ئیجە بخنكێن ؟. ئەگەر ئێمە چیتر بێدەنگ بین و ئەمەی ئێستا قبوڵ بكەین شەریكی تاوانەكانی ئەم دەسەڵاتەین .
هەرچی لە ڕابوردودا بە سەرمان هاتوەو ئەوەشی لەئایندەدا بەسەرمان دێت ئەم دەسەڵاتدارە تاڵان چیانە لێی بەرپرسن بۆیە كاتی ئەوە هاتوە پەردەی شەرم و بیدەنگی بدڕێنین و بەدەنگی بەرز هاوار بكەین ، ئیتر بەسەو چیتر لێتان قبوڵ ناكەین و كاتی ئەوەیە دەست بەرداری دەسەڵات بن . داواش لە خەڵك بكەین مانگرتن و خۆپیشاندانی گشتی و سەرانسەری دەست پێ بكەن بۆ كۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە لە پێناوی پاراستنی نەوەكانمان . لە نوسینی داهاتومدا باسی ئەوە دەكەم چی بكەین كە بۆخۆمان و داهاتوی نەوەكانمان باشبیت .