ئەتانەوێ تاکەی بە کوشتوبڕ، دەسەڵاتتان بەدەستەوە بمێنێتەوە!؟

شه‌ریف عەلی
  2021-11-25     786
مرۆڤ، بەتایبەت کەسی سیاسیی، کە ھەڵگری ھەر جۆرە بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک بێت، گرنگە توانای تێگەیشتنی لە دۆخەکان ھەبێت!

کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ٢٠١٥، مام جەلال سەرۆککۆماری عێراق بو، نوری مالیکی سەرۆک وەزیران ھەستا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕی!

لە یەک کاتتدا، مام جەلال و مەسعود بارزانیی و نەوشیروان مستەفا خۆیان بە کاریزمای کورد دادەنا. بەڵام لە ڕوی سیاسیی-ستراتیژییەوە کردەوەکانیان لەگەڵ «کاریزمابونی نەتەوەیەک» دا یەکی نەدەگرتەوە. چونکە مام جەلال ھاتبوەوە سلێمانیی و شەڕی ئەندام کۆمیتەیەکی لەگەڵ نەوشیروان دەکرد. نەوشیروانیش لە بری ئەوەی ستراتیژی ھەبێت بۆ گۆڕانکاری لە ھەرێم دا. کەچی ھەمو ململانێکەی کورتکردبوەوە بە کێشەی شەخشی نێوان «خۆی و مام جەلال و مەسعود بارزانیی». بۆ ئەو مەبەستە ھەم چەند نامیلکەیەکی لە دژی مام جەلال نوسیی، ھەمیش گۆڕان جەختیان دەکردەوە کە مەسعود بارزانیی دەبێت لە پۆستەکەی لابچێت. پارتییش بە پشتیوانی یەکێتیی دنیایان خاپور دەکرد کە مەسعود بارزانیی لە پۆستەکەی بمێنێتەوە. بەڵام ھیچیەک لەو کارانە گەر ئەوکات بشکرانایە ستەم و سیستەمی نەدەگۆڕی!

لە کێشەی ئەو سێ لایەنەدا، کردەوەکانیان تەنیا شەخسیی و ڕقلێبونەوە بو لە یەکتر، ھەتا سەرکردەی ستراتیژزان بن و، خەمی چاککردنی دۆخی ھەرێمیان لە ڕوی ھەمیشەییەوە ھەبێت.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ بابەتێکم لە ئاوێنە نوسی و تێیدا ئاماژەم بەوەدا: ''گرنگە مام جەلال و مەسعود بارزانیی و نەوشیروان مستەفا لە کێشە بنچینەییەکە تێبگەن کە ئیتر عێراق فێر بوە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەبڕێت. با وای دابنێین گەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان بتوانن دوو ساڵیش خۆیان بگرن و پارەی ھەڵگیراویان لە ماڵەوە ھەبێت. بەڵام ھەر لە ستراتیژدا لە ڕوی ئابورییەوە ھەرێم دادەڕوخێت. بۆیە گرنگە لە ناوخۆی ھەرێم دا چەندین یەکەی کارگێڕی نەھێڵن کە زیادەن و بودجەیەکی زۆریان بۆ سەرف دەکرێ. خانەنشینی پەرلەمانتار تا تەمەنی شەست ساڵی نەھێڵن. دەستکاری سیستەمی ھەرێم بکەن و سەرۆکایەتیی ھەرێم نەھێڵن و تەنیا ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک و جێگرێکی ھەبێت. ژمارەی پەرلەمانتاران بکەنە ٥١ پەرلەمانتار و موچەکەیان بکەنە سێ ملیۆن. لە ئاستی دەرەوەش گۆڕانکاری لە نوێنەرایەتییەکانی ھەرێم بکەن و کەسانی بەتوانای تێدا دابنێن کە ئەو نوێنەرایەتیانە ببنە ناوەندی پێشخستنی ھەرێم. چەندین ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بکەن کە ببێتە مایەی ڕەخساندنی ھەلی کار لە ناوخۆی ھەرێم وھتد''.

بەڵام سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی و گۆڕان لەبەر ئەوەی بنەمای سیاسەتکردنیان لەسەر ڕقلێبونەوە لە یەکتر «وەک شەڕوململانێی عەشایەریی»، خوو پێوە گرتبو، بۆ میللەت خراپتربون و باشتر نەبون! سەرکردەکانیان لە خەم و بیری تاپۆکردنی کوردستان دابون بۆ منداڵەکانیان، بۆیە ھەمو منداڵەکانیان ھەستان کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی و زانکۆیەکیان بۆ خۆیان دامەزراند، ھەر منداڵە و چەندین گردی موڵکی گشتی داگیر کرد، بە سەدان دۆنم زەوی موڵکی حکومیی زانکۆکان کە موڵکی میللەتە دایان بە کەسوکاریان، تەنیا لە زانکۆی سلێمانیی دەستیان بەسەر ٨٢ دۆنم موڵکی زانکۆدا گرتوە بۆ وەرەسەی قەبیلەیەکیان. ئینجا ھەر منداڵەو کۆمپانیایەکی سکیوریتی تایبەت بە خۆی دامەزراند. تا گەشت بەوەی منداڵەکانیان ھەڵدەستن نازناوی پڕۆفیسۆر و دکتۆرا بە شوێنکەوتەکانیان بەخشیی و، دۆخێکیان خولقاند کە ڕۆڵەکانی میللەت لەسەر خاکی خۆی نە خاوەنی ھیچ شتێکەو، نە ھیچ چارەنوسێکی ڕونیش بۆ خۆی بەدی دەکات! 

خۆ چارەنوس و داھاتو لە حوکمڕانیی و سیاسەت دا لەسەر ڕۆمانسییەت بنیاد نانرێ، بەڵکو لەسەر واقیع و ستراتیژزانین بنیاد دەنرێ!

تا گەشتە ئەو ئاستەی جەماوەر بە کردەوە سەلماندی کە ئەم قەبیلانەی ناوێ. چونکە ھیچ قەبیلەیەکیان لە ھەڵبژاردن دا دەنگی لە ٪‏٢٠ ی خەڵکی کوردستانیان نەھێناوە. یەکێتیی کە بکوژوببڕ و ھەمەکارەی زۆنی خۆیەتی دەنگی کەمتر لە ٪‏١٠ ی خەڵکی ھێناوە. ئەمە سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە زۆرینەی ڕەھای جەماوەر وەک «ستەمکار» ناسیونی.

ئەم ساڵ، میللەت سێ ھەنگاوی گرتەبەر کە نیشانەی ڕەتکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتی ئەم «قەبیلانە» بو. بەڵام ئەمانە یان تێناگەن، یاخود توانای بەخۆداچونەوەیان لە دەست دەرچوە! یەکەم لە دەنگدان ڕەتی کردنەوە. دووەم ڕۆڵەکانی میللەت کۆچ دەکەن. سێیەم میللەت و ڕۆڵەکانی خرۆشاون و لەسەر شەقامن و، سڵ لە کوشتن و بڕینیشیان ناکەنەوە!

 ئەوەی ئێستا ڕودەدات، سەرەتاکانی ڕاپەڕینی جەماوەرییە، ئیتر ئەمڕۆ سەربکەوێت یان ساڵێکی تر، ئەوەیان کات دیاری دەکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئایا دەسەڵاتی ئەم قەبیلانە گەر کێشەیەکی ڕەوای خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی پێ چارەسەر نەکرێت، چۆن ئەو ھەمو قەیرانەی کە میللەتیان پێی گرفتار کردوە، پێ چارەسەر دەکرێت!؟

واتە پێویستە دورمەودا لە قەیرانەکانی ناو ھەرێم بڕوانین. چونکە کردەوەکانیان ئەوەمان پێ دەڵێن کە چاکسازی ڕیشەیی بەمانە ناکرێت. بۆیەشە دەگەیەنە ئەو ئەنجامەی کە بڵێن: تا کەی بە چەک و کوشتن و بڕین ئەتوانن خرۆشانی جەماوەر سەرکوت بکەن؟ تا کەی میللەتیش ئەتوانێت لە ناو ئەم ھەمو قەیرانەدا بە جارێک ڕانەچڵەکێت!؟
گریمان وا ئەمجارەش بە کوشتوبڕ خرۆشانی جەماوەرتان کپ کردەوە. 
ھەمیشەییبونی ئەم ھەمو قەیرانە وا دەکات کە خرۆشانی میللەت تەنیا لە یەکێک لە جارەکان دا بە یەکڕیزی بەردەوامیی ھەبێ، ئەوکات نەک ھێزەکانی خۆتان، بگرە زلھێزەکانی دنیاش پشتتان تێ دەکەن و، چارەنوسی ئێوە جگە لە دادگای گەل، چی تر دەبێ!؟ چونکە لەم سەردەمەدا تەنانەت ڕاکردن بۆ وڵاتانی زلھێزیش نابێتە فریادڕەستان کە تەسلیمی دادگای گەلتان نەکەنەوە!
ـ
نوسەری ئەم وتارە خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×