سلێمانی پاریسی ١٩٦٨ە

ئارێز بەرزنجی
  2021-11-25     435

لە پاش جەنگی جیهانی دووهەم، فەڕەنسا وەکو زۆرێک لە وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا بە دۆخێکی سەختی هەڵساندنەوە و دروستکردنەوەی ژێرخانی ئابوری و وڵاتدا تێپەڕی. هەژموونی ئەمریکایی و ڕژێمە کاپتالیستە بەکاربەر و ئیمپڕیالیستەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا تا دەهات  بارگرانی بۆ خەڵک زیاتر دەکرد. لە ساڵانی ١٩٦٠ ەکاندا، ئابوری فەڕەنسا بەوەر ڕاوەستان چوو. لە ١٩٦٨ دا ئابورییەکەی ڕاوەستا و خراپی گوزەرانی خەڵک گەیشتە تڕۆپک.

لە ئایاری هەمان ساڵدا، خوێندکارانی زانکۆکانی پاریس ڕژانە سەر شەقامەکان و بەهۆی توندی وەڵامدانەوەی بەڕێوەبەرانی زانکۆکان و هێزە ئەمنییەکان، خڕۆش بەربوو لە خوێندکاران و لێکەوتەی زۆر توندی بە دوای خۆیدا هێنا. بە جۆرێک خۆپیشاندانەکان تەشەنەی سەند، کە لە تەواوی فەڕەنسادا پشتیوانی خوێندکاران و کرێکاران و خەڵکانی دیکە بۆ ڕاپەڕینەکە گەیشتە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس. دەوترا لە خاڵێکدا، سەرۆکی وڵات، چاڕڵس دیگۆل کە پاڵەوانی جەنگ بوو بە بیانوی نەخۆشی لە وڵات هەڵهات و لە ساڵی ١٩٦٩ دا دەستی لە کار کێشایەوە. خۆ نموونەی خڕۆشانی خوێندکارانی چینیش لە سەردەمی ماو هیچی وەهای کەمتر نەبوو، کە بە جۆرێک ماو ترسا بەو پەڕی دڕندانەییەوە بە گژیانداچوو وەک دێوەزممە.

هەڵبەتە ڕاپڕینی هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا، کاریگەری و ئاقاری جودای هەیە، بەڵام ڕابوونی چینی خوێندکاران بە ساممە و زەنگی مەترسیدارە! لە هەر کۆمەڵگایەکدا، چینی خوێندکاران بەرزترین ئاستی ڕۆشنگەری و زهنیان هەیە. ئاسان ناڕژێنە سەر جادە و زووش چۆڵی ناکەن. زانین هێزە. چینێک بە هێزی ئەقڵەوە فشار بێنێتە سەر دەسەڵات، دەسەڵات بە هێزی کوتەک و تفەنگ نابێت وەڵام بداتەوە، چونکە بۆ وان باش مەیسەر نابێت!

دروستە، خوێندکارانی پاریس دید و فکری مارکس و دانتێ و هۆبز و دێکارت و ڕۆسۆ و کامۆ و ڵۆک و هیگڵ و زۆر بیرمەندی تر مێشکیانی پڕکردبوو. بیری چەپ و ئیگالیتاریانە داینەمۆی ڕاپسکینەکەبوو لە مۆتەکەکەی بونیادی ئیمپڕیالیزمی. ئەوان بە ئاگا و تێگەیشتبوون لەوەی دونیا ئاشی کێیە و فێڵباز چۆن دەیگێڕێت.

هەم دروستە، لاوە خوێندکارانی وڵاتی من مێشکیان گەنیوە بە توڕڕەهاتی سانای مام یوسف و هەڵکەوت زاهیر و ئارام ئەحمەد و زیزۆ و کاهکێشانێک لە پۆخڵە سۆشیال گورو و سیاسییە مەززە و هەندێک بوونەوەر کە ناشزانی چۆن پۆڵێنیانکەی. بە پێنج فێرخواز ساڵ کۆتایی دێت پێنج مەلزەمەی زانکۆکەشی نەخوێندۆتەوە، جا نەخوازە ڕۆمان و کتێبی زانستی و فکری. هەمووش دەلێت، شوکور هۆشیارە مەحوی... دەی ئەزیزم هۆشیاریی مەحوی بە تۆ چی؟

بەڵام، هەر ئەو نەوە دیجیتاڵییەیە، کە پیرە سیاسی پێی دەڵێت منداڵە ورتکە، عانەی لێکردون بە فلس. یەعسسی فەلسەفی وای بۆهێناون، ئاڵای پارەکە لە سەر زەوییە، ئەمڕۆ ڕۆنەکەی لە لێوی خوێندکاری برسی ئەسوون.
هەر ئەو منداڵە ورتکەیەیە، نوخبەی بەرهەمی زیاتر لە سی ساڵی حوکمڕانی و ساڵان گەلێکی شاخی تۆیە.
نەتەوان شانازی بە چینی خوێندکارانیانەوە دەکەن و لە ململانێدان کام زانکۆ و پەیمانگا و سەنتەری توێژینەوەیان ڕیزبەند دەشکێنێت. ئێوەش نەوتتان زۆرە و دەیکەن بەسەر ئاگرەکەیا.

من گەشبین نیم بە بە گەشیی دیدی چینی خوێندکاران. نا، زۆر تەڵخ و لیخن و تاڵە، بەڵام ئەم نەوەیە بیر و ئەقڵی کراوەیە! جا کە تۆ بەڕقی تێ بگریت، ئەویش فکرت لێدەگرێت.

وێنایەکی زۆر شارستانیانە دەبێت ئەگەر چینی ڕۆشنبیران (ئەوانەی کە هێشتا ماون)، مامۆستایانی زانکۆ و ئایینی، هونەرمەندان، و ئەم زۆر و بۆرە لە پەڕلەمانتاران و سیاسییە بەناو بێلایەنەکان و هەزار و یەک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سستە چالاکوانان بێن قەڵغانێکی مرۆیی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبکەن هەتاوەکو پێکدادانە نەخوازراوەکان ڕوونەدەن. لە کۆتاییدا هەردوو بەرە ڕۆڵەی گەلێکن، برسی دەستی گایەلێکن.


تێبینی: وێنەی لای ڕاست وێنەی لای چەپی بە یاد هێنامەوە کە مۆنکێکی بوداییە لە حوزەیرانی ١٩٦٣ دا لە ڤیێتنام ی باشور ئاگر لەخۆی بەردەدات دژی ستەمکاریی سەرۆکی ئەوکاتە کە کاثۆلیکی بوو. 


نوسەری ئەم وتارە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لەخوێندنە نێودەوڵەتییەکان و یاسا لە زانکۆی ئەمریکی لە عێڕاق، سلێمانی
خوێندکاری ماستەرە لە سیاسەتی ئابوری و گەشەپێدانی جیهانی لە زانکۆی کاسڵ، ئەڵمانیا      

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×