دوای ئەم ھەموو کوشتنە.. ڕوو لە کام ئاسمان بکەین؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2021-11-27     715
لەدوای تاوانەکانی ھۆلۆکۆست و کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەکانەوە، تیۆدۆر ئەدۆرنۆی فەیلەسوفی ئەڵمانی، لە نووسینێکی ھێجگار بەناوبانگدا نووسیی “لەدوای ئەوشفیتز، (واتە لەدوای تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکانەنەوە)، نووسینی شیعر کارێکی بەربەریانەیە“. کەی بەبەرچاومانەوە تاوانی گەورە ئەنجامدارا پێوسیتە قەڵەمەکان بێدەنگبن. درستبوونی ئەم ڕوانینە بۆ نووسین بەشێکە لە مێژووی نووسین و مێژووی کارەسات و مێژووی پەیوندیی نووسین و کارەسات بەیەکەوە. زۆرجار ڕوویداوە نووسەران و ڕۆشنبیران لەو دۆخانەدا ھەست بە نائومێدییەکی قووڵ و بەرفراوان بکەن. لەبەردەمی گەورەیی تاوان و خراپەکارییەکاندا مانایەک بۆ نووسین، نەدۆزنەوە. ھەست بەوە بکەن دونیا بە جۆرێ ناشیرین و بەربەریی بووە، ھیچ نووسێنک دادنادات و ھیچ کارێکی ھونەریی و ئەدەبیی دەرەقەتی ئەو ناشیرینیی و بەربەریەتە، نایەت.
لەم ناوچەیەی ئێمەشدا ئەم ھەستە لەناو ڕۆشنبیران و نووسەرانی عەرەبدا بەڕادەیەکی گەورە بەھێز و بەرچاوە. ئەو ڕۆژەی یەکەمین جیھادیست لە ساڵی ١٩٨١دا لە بەیروت بە ئوتۆمۆبیلێکی پڕ تەقەمەنییەوە خۆی کرد بەناو سەفارەتی عێراقدا و ھەم خۆی و ھەم سەفارەتەکەی تەقاندوە، یەکێک لەوانەی کوژرا ”بەلقیس ڕاوی“ ژنی نزار قەبانی شاعیر بوو، کە وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی لەو سەفارەتەدا کاریدەکرد. نزار قەبانی لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ”قەسیدەی بەلقیس“دا باسی لەوەکرد کە لەدوای کوشتنی بەلقیسەوە ھیچ مانایەک بۆ شیعرنووسین نامێنێتەوە.
دوای پەلاماردانەکەی ئیسرائیلیش بۆ لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢دا و دوای ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیەکەی ئارێل شارۆن لە کەمپی ”سەبرا و شاتیلا“دا، ھەروەھا دوای ناچارکردنی چەکدارە فەلەستینییەکان بە بەجێھێشتنی لوبنان بەرەو تونس، مەحمود دەروێش لە قەسیدەیەکی درێژدا ھەمان ئەو غەمباریی و بێئومیدییەی ئەدۆرنۆی دووبارەکردوە و باسی ئەوەی کرد دوای ئەو ھەموو کارەسات و کوشتنە ئەوان وەک فەلەستینی بۆ کوێ بڕۆن. لەھەمووشی گرنگتر لە کتێبی ”یاداوەریی بیرچوونەوەدا“ کە ٥ ساڵ دوای ئەو ھێرشە دەینووسێت، باس لەوەدەکات چ سودێک لە نووسینی شیعردا ماوە لە ناو دونیایەکدا لە جەنگ و کوشتن و وێرانەی ئینسنایی گەورە دروستکرابێت.
لەدوای جەنگی ئەمریکاشەوە دژ بە ڕژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا و لە دوای ھاتنەکایەی ئەو ھەموو کوشتن و خوێن و وێرانکارییەی دوای ئەو کەوتنە ھاتەکایەوە، ئەدۆنیس، بەھەمان لۆژیکی ئەدۆرنۆ و نزار قەبانی و مەحمود دەرویش، ئەو پرسیارە لە خۆی دەکات: ئایا لە دونیایەکی لەو بابەتەدا نووسینی شیعر چ سودێکی ھەیە؟ دونیایەک کە لە ھێرشێکی بەردەوامدایە بۆسەر ھەموو شتێک، لە ئینسانەوە بۆ نووسین.
بۆ منی کوردیش کە سەیری کوشتن و بڕینە ڕۆژانییەکانی ناو کوردستان دەکەم، کە ئەو ھەموو ناشیرینیی وێرانەکارییە ئینسانیی و ڕەمزییە دەبینم، ھەستدەکەم دۆخێکی دەرونیی لەئارادایە، پاڵ بە زۆرێک لە نووسەرانی کوردەوە دەنێت ھەمان ئەو ڕوانینەی سەرەوەی ئەدۆرنۆ و قەبانی و دەروێش و ئەدۆنیس دووبارەبکەنەوە. ئایا لە دوای کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانیی و وەدات و دکتۆر ھۆشیار و، زۆرانێکی تریش کە بەڕێوەن بۆ کوشتن، نووسین ھیچ نرخێکی ماوە؟ دوای ئەم ھەموو تاوان و کوشتنە، شیعر و چیرۆک ڕۆمان نووسین، وتار و کاری فیکریی و تیوریی، چ بەھا و نرخێکیان ماوە؟ لەدوای ئەو ھەموو دزیی و جەردەیی و برسیکردن و ڕاونان و سوکایەتییە، دوای ئەو ھەموو خیانەت و ناپاکییە، مرۆڤ بۆ بنووسێت؟
وەڵامی من بەم پرسیارانە ئەوەیە کە بەداخەوە ھیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی بەردەوامبین. کەسمان ناتوانین بەرەو دواووە بگەڕێینەوە، ناشتوانین میلەتێکی تر و سیاسەتمەداری تر و مێژوویەکی تر قەرزبکەین و لە ڕێگای ئەو قەرزکردنەوە خۆمان لە کوردبوون و کارەساتەکانی ڕزگاربکەین. وەکچۆن لەدوای ئەوشفیتزەوە شیعر ھەر نووسرا، لەدوای دەرکردنی فەلەستینییەکانەوە لە بەیروت مەحمود دەروێش لە نووسین نەکەوت، لەدوای تراژیدیاکانی دونیای عەرەبەوە ئەدۆنیس بێدەنگ نەبوو، دوای کوشتنی بەلقیس قەبانی دنیایەک شیعری جوانیتری نووسیی، بەھەمان شێوە ئێمەش ناتوانین و نابێت بێدەنگبین. بێدەنگەنەبوون ڕەنگە دونیا نەگۆڕێت، بەڵام ناھێڵێت مرۆڤەکەی ناومان بمرێت. یەکێک لە وەفادارییە گەورەکانمان بۆ سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات و دکتۆر ھۆشیار و ئەوانیتر ئەوەیە بەردەوام بین. لەناو ئەو تاریکییەدا بەردەوامبین، بنووسین، قسەبکەین، توڕەببین، ناڕەزاییدەرببڕین، بێدەنگنەبین. لەھەمووشی گرنگتر نەھێڵین نائوێمدمان بکەن، لێنەگەڕێین بەزین و شکست و خەمۆکی لەناوماندا بچێنین، شەتڵی ئومێدێک، ھەرچەندە بچووک و ناسکیش بێت، لەناو خۆمان و لەناو ئەو تاریکییەدا، بچێنین. ھەموو پاشکەشەیەک بۆ دواوە جۆرێکە لەبەشدارییکردن لە تاوانەکاندا، دەبێت بنووسین و قسەبکەین بۆئەوەی نەبین بە شەریک لە تاوانەکاندا، بۆئەوەی بەشدارنەبین لە دروستکردن و بەردەوامیدان بەو تارکییەدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×