راوێژکارە ئادیۆلۆگەکانی سەرۆک وەزیرانی بێ زانیاری، بە هەڵەیدا دەبەن!

ئالان م. نوری
  2021-11-30     381

رۆژی 27/11، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، لەگەڵ دەستەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ حکومییەکانی کورستان، بۆ تاوتوێ کردنی داخوازییەکانیان، کۆ بۆوە. ئەم کۆبوونەوەیە لە ئەنجامی  ئەو بزوتنەوەی ناڕەزاییە دێت کە هەفتەی رابوردوو لە سلێمانی دەستی پێکرد و گەلێک شار و شارۆچکەی هەرێمی، بە هەولێری پایتەختەوە، گرتەوە. وەک هەموو جارێکیش، پێش گفتوگۆ،  بە توندوتیژیی بێرەحمانە و چەواشەکاری و داخستنی زانکۆ و پەیمانگاکان و فڕاندن و گرتنی سەدان خوێندکار، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و ئیدارەی خوێندنی باڵای وڵات بەرەنگاری خوێندکاران بوونەوە!
جێی داخە، بەڵام مایەی سەرسوڕمان نییە، لە گرتەیەکی دوو خولەکیی ئەو چاوپێکەوتنەدا، کە کڕۆکی هەڵوێستی سەرۆک وەزیران چڕ دەکاتەوە، چەندین هەڵەی قابیلی سەلماندنی کرد کە، ناکرێت کەسێک لە پایەی ئیداریی ئەودا بەو شیوەیە تێبکەوێت. بێ گومان هیچ فەرمانبەرێکی حکومی بە سەرۆک وەزیرانیشەوە چاوەڕێی لێ ناکرێت هەموو کات و لە هەموو بابەتێکدا شارەزا بێت و بە هەڵەدا نەچێت. بەڵام ئەرکی ئەوە، پاشان ئەرکی یاریدەدەر و راوێژکارەکانی، کە لە بابەتێکی گەرم و هەنووکەیی سیاسەتی حکومەتدا بەشی ئەوەندە ئامادە بێت کە بەو جۆرەی لە دێڕەکانی داهاتوودا باسی دەکەین، نەکەوێتە هەڵەوە. ئەوەندەش لە خۆی رازی نەبێت کە بێ‌ راستکردنەوە وتەکانی بکرێنە سەرعینوانی سیاسەتی حکومەتەکەی.

"حکومەت بە خۆڕایی خوێندنی باڵا تەرخان دەکات"
سادەترین ئەرکی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە بزانێت چ بەشێکی کاروباری حکومەت دراوی ئەو سیستەمە سیاسییەن کە ئەو تێیدا سەرۆک وەزیرانە و چ بەشێکی لە دەسەڵاتی حکومەت (بە واتای هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و بەڕێوەبردن) دایە کە بیگۆڕێت و چ بەشێکی گەڕانەوەی بۆ دەسەڵاتی یاسادانان ناوێت بۆ گۆڕینی.
ئەو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی وڵاتێکە کە دەستوورەکەی مافی خوێندنی خۆڕایی بۆ گشت هاووڵاتییان لە گشت قۆناغەکانی خوێندندا زامن کردووە . واتە دەستووری عێراق، نەک پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و نەک دەسەڵاتی بەڕێوەبردن ئەوەیان تەرخان کردووە. ئەمەش مانای وایە لە دەسەڵاتی ئەو و تەواوی دامەزراوەکانی دەسەڵاتی هەرێمدا نییە جگە لەوە "تەرخان بکات". ئەم زانیارییە سەرەتاییە پێویستی بە دووپاتکردنەوەیە، چونکە ئەو تایپی حومکڕانێتییەی لە هەرێمی کوردستاندا باڵادەستە پێی وایە هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت مننەت و میهرەبانیی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن هێناونیەتە کایەوە و، لێی دەوەشێتەوە لە هەر قەیرانێکی داهاتوودا تەواوی خوێندنی خۆڕایی بکاتە قوربانیی سیاسەتە ئابوورییەکانی.
لە جیهانی هاوچەرخدا، سیستەمێکی سیاسی نەماوە دان بە مافی خوێندن بۆ گشت هاووڵاتییان نەنێت. لەم بوارەشدا عێراق لەپاڵ ژمارەیەکی زۆری وڵاتان هەنگاوێکی زیاتریان ناوە کە مافی خوێندن بە مافی خوێندنی خۆڕایی بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندن پێناسە دەکات و لە دەستووری وڵاتەکەدا ئەو تێگەیشتنە رەنگی داوەتەوە.
جا وەک پرانسیپێکی سەرەکیی دەوڵەتی مۆدێرن، دەبێت بەربەست لەبەردەم مافە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لاببرێن کە هەموو هاووڵاتییان بەهەمان رادە بەهرەمەند بن لەچانسی بەدەستهێنانی ئەو مافانە. لەو چوارچیوەیەشدا خوێندکارانی دەرەوەی شاری نیشتەجێبوونی خۆیان ئەگەر بەهرەمەند نەبن لە شوێنی ژیان لە کاتی خوێندنیان، ئەوا توانای پراکتیزەکردنی ئەو مافەیان بە هەمان شێوەی خوێندکاری ناو شار نابێت. هەر لەبەر ئەمەش یاسا عێراقییەکان بەشی ناوخۆیی خۆڕاییان وەک ئامرازی ئەو بەهرەمەند بوونە دیاری کردووە. بە هەمان شێوە یاسای عێراقی کەسانی تەمەن 18 ساڵ بەرەوژوور بە بالغ و بەرپرسیاری تەواو بەرامبەر یاسا دەناسێت. بۆیە بۆ بەهرەمەند کردنیان لە خوێندنی خۆڕایی چاوەڕێ ناکات لەسەر کیسەی کەس و کاری بژین. هەر لەبەر ئەوەش، بۆ چەند دەیەیەک، لە پاڵ خوێندنی خۆڕایی و بەشی ناوخۆیی خۆڕایی مەسرەفی گیرفانیش، بەیەکەوە، بریتی بوون لە تێگەیشتنی وڵات لە مافی خوێندنی خۆڕایی. لەم بوارەدا عێراق نموونەیەکی شاز نییە، بەڵکو لە گەلێک وڵاتدا هەمان لێکدانەوە بۆ ئەو مافە پیادە دەکرێت.
شایانی باسە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم چەندین ساڵە، تەنانەت پێش قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2014ش، خەریکی بنکۆلکردنی پرانسیپی دەستووریی خوێندنی باڵای خۆڕایین لە هەرێمی کوردستاندا؛ ئەوەش بە کردن بە پارەی خوێندن لە هەندێک کۆلێژ و کردنەوەی زانکۆی (نە حکومی و نە ئەهلی) بە پارە و پاشان داهێنانی سیستەمی نادەستووریی خوێندنی پارالێل لە ساڵی 2014 ەوە. بڕینی دەرماڵەی خوێندنیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم لە مێژە لەگەڵ پرانسیپی دەستووریی خوێندنی خۆڕاییدا ناکۆکە!
"داواکردنی دەرماڵە بۆ (...) خوێندنێکی خۆڕایی (...) لە هیچ شوێنێکی دونیادا نییە، (... و) نەبووە"
هەرچەندە، لانی کەم، سەرۆک وەزیران دەزانێت کە پێشتر خوێندنی خۆڕایی بە دەرماڵەوە لە عێراقدا و، لە کوردستانشدا تا ساڵی 2014، کارپێکراو بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە سوور بوو لەسەر ئەوەی لە دونیادا نییە و نەبووە!
ئەو کە ئەزموونیێکی شەخسیی ئەوتۆی لەگەڵ خوێندنی باڵا بە گشتی و، خوێندنی باڵا لە وڵاتە جیاجیاکانی دونیادا نییە، لێی چاوەڕوان ناکرێت کە بزانێت ئەو رستەیەی بە شێوەیەکی قابیل بە سەلماندن هەڵەیە و، خوێندنی خۆڕایی + دەرماڵە  (نەک قەرز) مافی سەرەتایی هاووڵاتیانی هەندێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی دونیان و لە هەندێکیشیاندا ئەو مافە تەنانەت بۆ خوێندکاری بیانیش دەستەبەرە. وڵاتە سکەندەناڤییەکان و ئەڵمانیا نموونەی پرشنگداری ئەم راستییەن کە دەبوا راوێژکارەکانی لێی ئاگادار بن و پێی بڵێن. بەڵام پێدەچێت راوێژکارانی، لەبەر هۆکاری ئایدیۆلۆژی وایان تێگەیاندبێت کە لەو وڵاتانەدا خوێندن خۆڕایی نییە و، لەگەڵ "دەرماڵە" دا، هەمووی قەرزن کە دەبێت خوێندکار بیانداتەوە!

"قەرزەکانیش حکومەت نایدات. بانک دەیدات!"
سی ڤیی بڵاوکراوەی سەرۆک وەزیران لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوەمان پێدەڵێت کە تەنها ئەزموونی شەخسیی لەگەڵ‌خوێندنی باڵادا بریتییە لەو بەکالۆریۆسەی بە چوار ساڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە واشینگتۆن بە دەستی هێناوە. واتە، سەرەڕای ئەوەی پێناچیت پێویستی بە قەرز وەرگرتن بووبێت، بەڵام بەشی ئەوەندە لە ئەمریکا خوێندویەتی کە دەبوا بزانێت زۆربەی هەرە زۆری قەرزی خوێندکاران لە ئەمریکا بەشێکن لە پرۆگرامی یارمەتیی دارایی حکومەت و خاوەنی قەرزەکان حکومەتە و لە رێی بانکەکانی ئەمریکاوە ئیدارە دەکرێن. حکومەتی ئەمریکی لە رێی بانکەکانەوە چەندین ترلیۆن دۆلاری داوە بە خوێندکاران و بڕی ئەو قەرزانەی حکومەت کە ئێستە لە ئەستۆی خوێندکارانی ئەمریکایە زیاد لە 1.7 ترلیۆن دۆلارە و لە ئەستۆی 43 ملیۆن خوێندکاردایە. خۆ ئەگەر بەشی ئەوەندەش تاقەتی بەدواداچوونی نەبووبێت، دەبوا بیزانیایە کە ئەو قەرزانەی خوێندکاران وەریدەگرن بە جۆرێک دیزاین کراون کە هیچ بانکێک ئامادە نییە بەو شێوەیە قەرز بدات بێ ئەوەی سوودێکی زۆر داوا نەکات. کەچی سوودی ئەو قەرزانە لە سوودی باوی بانکەکان گەلێک کەمترن.
بەڵام ئەم هەڵە تێگەیشتنەی بەشێکە لە تێڕوانینێکی خەیاڵی و ئەفسووناوی دەربارەی کەرتی تایبەت و رۆڵی ئەو کەرتە لە ئابووریی جیهانیدا کە سەرچاوەکەی ئایدیۆلۆژیایە نەک زانست و، پێدەچێت نەک بەتەنها خودی سەرۆک وەزیران،  بەڵکو تەواوی چینی دەسەڵاتیداری سیاسی لەکوردستاندا پێوەی ئالودە بێت.


"بۆچی دوای حەوت ساڵ لە بڕینی دەرماڵە سەر لە نوێ دەورووژێنرێت؟"

 لە کۆتایی ئەو دوو خولەکەی قسەکانی، سەرۆک وەزیران تێبینییەکی گرنگ دەخاتە روو؛ ئەویش ئەوەیە کە بڕینی دەرماڵە کارێکی تازە نییە و حەوت ساڵ لەمەوپێش دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. پاشان ئەو پرسیارە دەکات کە خێرە تازە بە تازە ئەم کێشەیە دەوروژێنرێت؟ هەر خۆیشی بە دەنگێکی پڕ گومان گریمانەی ئەوە رەت دەکاتەوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو و زیاد بوونی دەرامەتی حکومەتەوە بێت و زیاتر مەیلی بەلای ئەگەری ئەوەدایە کە دەستێکی ناپاک، بە شێوەیەکی دروستکراو، بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسیی ژێراوژێر، ئەم کێشەیەی ورووژاندبێت و خوێندکارانی پێ فریودابێت.
هەرچەندە شیکاریی ئەم عەقڵییەتە ئەمنییە زۆر هەڵدگرێ و بەدواداچوونی لە بابەتی سەرەکیی ئەم وتارە دوورمان دەخاتەوە،  بەڵام ناکرێت خۆ لەوە لابدەین کە سەرسوڕمانی راستەقینەی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەبوایە لەوە بوایە کە سەرۆک وەزیرانی پێش خۆی دەستکاریی بنەمایەکی دەستووریی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی قەوارە سیاسییەکەی کردووە و تەنانەت پرسە گورگانەیشی بە پەرلەمانی هەرێم نەکردووە! سەرسوڕمانی ئەو دەبوا لەوە بوایە کە پەرلەمانی هەرێم شوێنی حەوانەوەیە نەک کار و یاسادانان و بەدواداچوونی لاسارییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار لەبەرامبەر بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی. سەری ئەو دەبوا لەوە بهاتایەوە یەک کە خوێندکاران حەوت ساڵ دانیان بە خۆیاندا گرت و، تەنها کاتێک هاتنە سەر جادە کە بینییان نرخی نەوت دابەزێت مافیان دەخورێت، بەڵام کە بەرز بۆوە دەسەڵاتی سیاسی مافەکانیان بۆ ناگێڕێتەوە. حەوت ساڵیان پێچوو تا بە چاوی خۆیان ببینن مافە خوراوەکان بەدەر لە ئاستی قەیرانی ئابووری، تا ئەو رادەیە بە خوراوی دەمێننەوە کە ئەوان لێی بێدەنگ بن!

"پێشمەرگەی خوێندن" و شکۆی ئاڵا
لە میانەی وتەکانی سەرۆک وەزیران، لە هەمان گفتوگۆدا، نەیتوانی خۆی بە دەر بگرێت لە باسکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هەڵبەستراو کە دوکانەکانی میدیا و سۆسیال میدیای نزیک لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم بۆ ناوزڕاندنی بزوتنەوەکەی خوێندکاران کردیان بە ماڵ بەسەریاندا؛ ئەویش گرتەی "سووکایەتی کردن بە ئاڵای کوردستان" ە. ئەوەی خەڵکی سلێمانی بێت دەزانێت کە ئاڵایەکی زۆر گەورەی کوردستان لە سەروو دەروازەی سەرەکیی زانکۆی سلێمانی بەسەر گردێکەوەیە و چەند ساڵێک لەمەوبەر رەشەبایەکی بەهێز پەتەکانی پچڕاند و ئاڵاکەی فێدایە سەر شەقامی سەرەکیی سلێمانی. خەڵکێک هەوڵیان دا رێ لە ئۆتۆمبێلەکان بگرن تا بەسەریدا نەڕۆن و گرتەی ڤیدیۆی ئەم رووداوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرلەنوێ بە شێوێنراوی سەری هەڵدایەوە و وا لە خەڵک گەیەنرا کە خوێندکارانی بزوتنەوەکەی ئەمجارە پەلاماری ئاڵاکەیان داوەو دایانگرتووە و سووکایەتییان پێ کردووە. ئەم ساختەکارییە قێزەونە بووە بنێشتەخۆشەی "گەعدە"یەکی پەرلەمان کە لە بریی تاووتوێکردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر خوێندکاران ئەنجام دران، بەکار هێنرا بۆ دەربڕینی رق و کینە و تەخەوینکردن بەرامبەر هەر بزوتنەوەیەکی ناڕازی. سەرۆک وەزیرانیش، بێ لێکۆڵینەوە، ئەو چەواشەکارییەی بە واقیع ناساند، بەڵام بە دەنگێکی گلەیی ئامێزی نەرم و نیان ئامۆژگاریی خوێندکارانی کرد کە ئەوان دەبێت "ثێشمەرگەی خوێندن" بن و نەیەڵن ئەو جۆرە سووکایەتییە، کە رووی نەداوە، لە نێو ئەوانەوە بە ئاڵای کوردستان بکرێت!


"ئەوی زۆر پێویستی بە یارمەتی بێت یارمەتیی دەدەین!"

سەرەڕای ئەوەی ناوەڕۆکی چارەسەرەکانی سەرۆک وەزیران بۆ بەدەنگەوە چوونی داخوازییەکانی خوێندکاران بریتی بوو لەوەی بابەتی سەرەکیی داخوازییەکانیان کە گەڕاندنەوەی دەرماڵە یە جێبەجێ ناکەن! لە پاڵ ئەمەشدا، بە رەچاوکردنی باری ژیانی سەختی "هەندێک" لە خوێندکاران، بڕیاری دا کە ئەو (یان کابینەی حکومەتەکەی) ئەوانە دەستنیشان دەکات کە زۆر پێویستیان بە یارمەتییە و، بێ دیاری کردنی هیچ میکانیزمێک، ئەو (یان کابینەی حکومەتەکەی) لە یارمەتی بێبەشیان ناکات!
بێگومان بیرۆکەی بەهرەمەند بوونی گشت هاووڵاتیان لە خوێندنی خۆڕایی، ناکۆک نییە لەگەڵ بیرۆکەی گرێدانی ئاستە جیاجیاکانی دابین کردنی ئەو خۆڕایی بوونە بە توانای دارایی راستەقینەی خوێنکارانەوە و، لە پرانسیپدا کارێکی نابەجێ نییە. بە واتای ئەوەی تا خوێندکار باری دارایی خراپتر بێت، ئاست و پێناسەی خوێندنی خۆڕایی بۆ ئەو بەرفراوانتر بێت و تا باری دارایی زۆر باشتر بێت لە زۆربەی خوێندکاران، ئەو پێناسەیە بۆ ئەو بەرتەسکتر بێت. بەڵام…
لە وڵاتێکدا کە زانیاریی دەسەڵاتی دارایی و باجگریی حکومەت دەربارەی سەروەت و سامان و داهاتی هاووڵاتییان یەکێکە لە خراپترین لە هەموو جیهاندا و ئەوش لە رێژەی باج  بۆ داهاتی نیشتمانی رەنگ دەداتەوە کە لە عێراقدا یەکێکە لە کەمترینی جیهان، ئەوا روون نییە سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بەدەر لە بەهرەمەند بوون لە زانیاریی دروست دەربارەی سەروەت و سامان و داهاتی هاووڵاتییانی هەرێم (کە لێی بێبەشە) چ مێکانیزمێکی دیکەی هەیە بۆ دەستنیشان کردنی ئەو خوێندکارانەی لەبەر کەمدەرامەتی شایستەی بەرفراوانکردنی چەمکی خوێندنی خۆڕایین؟
هەر لەبەر ئەوە، گۆڕینی پرانسیپی (دەرماڵە بۆ هەموو خوێندکاران) بۆ (یارمەتی بۆ نەداران) و دەستنیشان کردنی نەدارانیش لەسەر سیقە و مەزاجی دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێم، مافێکی بنەڕەتی دەگۆڕێت بۆ خێر و سەدەقە و، هیچی دیکە نابێت جگە لە زەود کردنی ماف و کەرامەت شکاندنی خوێندکاران.
بێگومان مەبەستم ئەوە نییە نییەتی سەرۆک وەزیران لەو هەڵوێستەی بخەمە ژێر گومانەوە، بەڵام دەمەوێت ئەوە پیشان بدەم کە نەبوونی زانیاری پرانسیپێکی رێزلێگیراو دەکات بە کارێکی ناهەموار و، ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە. هەروا دەمەوێت هوشیاریی ئەوە بدەم کە گۆمی لیخنی نەبوونی زانیاری ئەو شوێنەیە کە دەعبا ئایدیۆلۆگەکانی دەوروبەری دەسەڵاتدارەکانمان خۆشترین ژیان بۆ خۆیان و چاکترین بوار بۆ پرۆژە ئایدیۆلۆژییەکانیان بەدی دێنن. ئەو دەعبا ئایدیۆلۆگانە تەنها لە دونیای بێ ئەزموونی و  بێ زانیاریی کاربەدەستاندا جێیان دەبێتەوە.
خوێندکارانی هەرێم بە ئەم بزوتنەوەیەیان پەردەیان لەسەر گەلێک نەخۆشیی کوشندەی سیستەمی سیاسیی ئەم دەڤەرە هەڵدایەوە. خۆ ئاڵاندنی کار بەدەستان لە پیرۆزیی ئاڵا و تەخوین کردنی خوێندکاران و بەکەم زانینی داخوازییەکانیان رێگای هەڵەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانە. سەرەتای رێگەی چارەسەریش زانیاریی تەواو و دایەلۆگی زانستیە لەسەر بنەمای زانیاریی تەواو.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×