لەنێوان ئاڵاو بەهای ئینسان دا
عەبدوڵا مەحمود
2021-12-02   403
لە
دڵی خرۆشان و هاتنە مەیدانی ریزی دەیان هەزارکەسی خوێندکاراندا، دەسەڵاتی شپرزەو
نابەرپرس وینەی ئاڵایەکی کەوتووی کۆنی ساڵی ٢٠٢٠ ی کردە، پاساو و هێرش بۆسەر
خوێندکاران و نارەزایەتییە رەواکەیان، تای کوردایەتی و موقەدەسات!! جەستەی خستنە
سەر ئارەق و هاتوهاواری سزادانی و لێپێچینەوە لەوانەی ئاڵایان خستۆتە خوارەوە و
ژێرپێیان خستووە بەرز بۆوە. دەسەڵاتی سیاسی و نۆکەرە وردو درشتەکانیان، بەرپرسە
تەسەل و دزو مافیاکانیان، نووسەرە ویژدان مەیوەکانیان، ریزی دەیان هەزار خوێندکار
و خواستە زۆر سادەکانیان نەبینی، بەڵام بەدوربینی لێڵەوە، کەیسی ئاڵایەکی کۆنیان
زیندوکردەوە.
مافی
زەوتکراوی خوێندکاران و خواستی زۆربەی زۆری کۆمەڵگە، خودی ئینسان لای دەسەڵات هیچ
بەهایەکی نییە، بۆیە برسیکردن و ماف زەوتکردن، سەرکوت و شەق وەشاندن و شکۆ شکاندن،
رفاندن و زیندنیکردن و بەدەستەوە گرتنی رەفتاری بەعسیانە و دیکتاتۆرانە بەرامبەر
بە داوای رەویان، بەکارێکی سادەو ئاسایی دەزانن، بەڵام کاردانەوە بەرووی رەمزەکانی
دەسەڵاتدا، خستنی ئاڵایەکی بەفەرمی نەناسراو، قوماشێک کەناوی ئاڵایە، بە شکاندنی
شکۆی نەتەوە!! دەقەبڵێنن. کوشتنی نەتەوەو و هاوڵاتیانی، هەرزان فرۆشکردنی نەتەوەو
خواستەکانی بە درندەترین وڵاتانی چنگ خوێناوی ناوچەکە، خستنە ژێرپێی ئیرادەی
نەتەوە، بۆیان ئاساییە، بەڵام لەبەرامبەر کەوتنی ئاڵادا بەدەستی کەسانێک کە لەژێر
ئەو ئاڵایەدا، نان و ئاو و کارو ئازادی و ماف و خزمەتگوزاری و ئیرادەیان وردکراوە،
گڕ دەگرن.
کاتێک
ئینسان ئازاد نەبێت و بەهای بۆ دانەنرێت، ئاڵا بێ بەهاترین شتە. تەنانەت ئەگەر ئەو
ئاڵایە رەمزی سەربەخۆی و جێگا رەزامەندی جەماوەری و لەئاستی دنیاشدا بە فەرمی
ناسرابێت. دیارە ئاڵای کوردستان، نە بژاردەی جەماوەرییەو نە ریفراندۆمێکی بۆکراوە
و نە سیمبولی سەربەخۆی و دەستڕاگەیشتن بە دەوڵەت بووە، بەڵکو ئاڵای بزوتنەوەیەکی
سیاسی و کەلتورێکی دیاریکراوە، ئاڵای رەوت و بزوتنەوەی سیاسی ناسیونالیزمی کوردە،
ئاڵای ئەو حزب و لایەنانەیە کە هیچ بەهایەک بۆ ئینسان، بۆ خواستەکانی، بۆ
داواکارییەکانی بۆ ئیرادەو شکۆی ئینسانی و بۆ ئازادییەکان نەک دانانێن، بەڵکو لە
بەرامبەریاندا وەستاوەتەوە. ٣٤ هەزار ئینسان لەژێر سایەی ئەو ئاڵایەدا، لە جەنگی
ناوخۆی دەسەڵاتدا بوونەتە قەرەبروت و بەهەزارانیان هیشتا گڵکۆکەشیان دیار نییە. لە
ژێر سایەی ئەو ئاڵایەدا لوللەی چەکی گەرمی مافیاکانی دەسەڵات سنگی دەیان و سەدان
لاوی کون کون کردووە کە بۆ خواستەکانیان هاتونەتە مەیدان. دەیان رۆژنامەنووس و
نووسەر و نەیاری سیاسی دەسەڵات، لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ژیانیان لێ
سەندراوەتەوە. بەهەزاران ژن بەدەستی ئاڵابەدەست و ئاڵاسالاری و پیاوسالاری، قەسابی
کراون. بە دەیان هەزار لاو لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ژیانیان لێ زەوتکراوە،
بۆیە بەناو ڕیگای سەخت و تەلبەند، ئەلغام رێژ و سەگ رێژ و پۆلیس رێژدا، بەسەر
شەپۆلە بێ رەحمەکانی دەریادا، لەناو لۆرییە هەناسەبرەکاندا، گیانیان لەدەستداوە.
کرێکاران بەهۆی نائەمنی کارەوە یان بەهۆی کەمی موچەوە گیان لەدەست دەدەن و ژیانێکی
مەمرەو مەژیان هەیە. مامۆستا و موچەخۆر، وانەبیژ، خانەنشینان و کەم ئەندام، نوسەر
و رۆژنامەنووس و کاسبکاری بازار و دەستفرۆش... لە سەختترین دۆخدا راگیراون، وە
لەژێر ئەو ئاڵایەدا، سوپاو دەزگا جاسوسیەکانی وڵاتەکانی ناوچەکەو مافیاکانیان
ئاڵای داگیرکاریی و ستەمیان دەلەرێتەوە.... لە هەلومەرجێکی ئاودا، ئاڵا چ واتایەکی
هەیە.... پیرۆزی ئاڵا چییە؟
حزبەکانی
دەسەڵات بۆیە بەرگری لە ئاڵا دەکەن، چونکە بەپێچەوانەی جەماوەری فراوانی کۆمەڵگەی
کوردستانەوە، بۆنەتە فیرعەونی کۆمەڵگە. بەهەشتیان بۆ خۆیان و کەسوکاریان
خوڵقاندووە، ژیانی بەهەشت ئاساو موچەی مادام العومریان زامنە... پێشکەوتوترین
ئامرازەکانی ژیان و خۆشگوزەرانیان لەبەردەستە... هاوکاتیش بەرگری لە ئاڵایان
کردۆتە پاساو بۆ هیرش بۆسەر خۆپیشاندەران.
لەناو
تورەیی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان، ئەگەر خوێندکارێک یان چەند
خوێندکارێک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی خۆیان بە ژێرپیخستنی ئاڵا تەعبیر لە
توڕەییەکەیان بکەن... ئەمە سوکایەتی نییە، ئەمە شێوازی دەربرینی نارەزایەتیەکی
قوڵی کەڵەکەبووە. دیارە کاری چەند خوێندکارێک، هەرگیز بەراورد ناکرێت بە کاری
نەخشەمەندانەی ئەو لەشکرە لە کادرانی حزب بۆشێواندن و ناشیرینکردنی خۆپیشاندان و
نارەزایەتی رەوای خوێندکاران. ئەوەی کتێبخانە دەسوتێنێت خوێندکاری زانکۆ نییە،
کاری ئەوانەیە زانست و پیشکەوتن بە مەترسی بۆسەر دەسەڵات، دەزانن.
بەکورتی
کاتێک ئینسان بەهای بۆ دانەنرا، کاتێک بەهای کاڵا و ئاڵا بەرزتر لە بەهای ئینسان
بوو، ئاڵا بۆسوتاندن و هینانەخوارەوە و ژێپیخستن باشە، و جێگای ڕیز و شانازی... نییە.
کێشەی
هەرە سەرەکی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، ٣٠ ساڵە، ئیرادەی ئینسان و تاکەکانی کۆمەڵگە ژێر
پێدەخات، مافەکانیان و ئازادییەکانیان و خولیاکانیان، دەخنکێنێ و خوازیاری ئەوەشە
سوپاس گوزاری بن. هیچ کرێکار و کارمەند و موچەخۆر و لاو و ژن و ئینسانێکی
ئازادیخواز، رێز بۆ ئاڵایەک دانانێت، کە لەژێر سایەیدا توشی سەخترین رۆژ ڕەشی بۆتەوە...
کاتێک بەهای ئینسان پیرۆز نەبێت و وەکو بەرزترین سەرمایە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و
رێزی لێنەگیرێت... ئاڵا بی بەها دەبێت و ناتوانێت کەسیش فریو بدات. لەوەش زیاتر بۆ
نارەزایەتی دەربڕین ئاڵاش گڕدەدرێت و ژێر پێ دەخرێت.