ھەوڵی چاککردنی مەدەن با خراپتر نەبێت

نەوزاد شوانی
  2021-12-02     744
لە پاش دوا ھەڵبژادن  و دەرکەوتنی دەرئەنجامی سیاسەتە شکستخواردۆکانی گۆڕان و چوونە دەرەوەی لە ھاوکێشە سیاسیەکان، دەنگۆی دروستکردنی حیزبی سیاسی لەلایەن چەند کارەکتەرێکی پێشووی ئەو بزوتنەوەیە بڵاوە و جوڵە و نمایشەکان ھەست پێ ئەکرێت. ھەر کات ئەم بابەتە ئەجوڵێنرێت گفتوگۆیەکی خۆمم لە گەڵ ژمارەیەک چالاکوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەروبەندی دامەزراندنی بزوتنەوەکە لە ٢٠٠٩ بیردێتەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی دروستبوونی لیستی گۆڕان چەند  ناسیاوێکی دانیشتووی بەریتانیا کە ئاگاداری ھەڵوێستم بوون لەمەڕ حوکمڕانی کیپتۆکراسی پدک و ینک لە دانیشتنێکدا پێشنیاریان بۆم کرد ھاوکاری بزوتنەوەی گۆڕان بکەم.  منیش باسی مەترسیەکانی خۆم بۆیان کرد لە دروستبوونی بزوتنەوەیەک کە کارەکتەرە سەرکیەکانی لە ھەناوی فیکر و دونیابینی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە ھاتبن. 
باسی ساڵانی حەفاتاکانم کرد کە چۆن نارەزایەکان دژی سەرکردایەت خێڵەکی ئەیلول گەشەی ئەکرد. نارەزایی جوتیاران و قوتابیان و چینە نەدارەکانی کۆمەڵگا  لە ھەمبەر جیاوازی چینایەتی و سیاسەتی ئینتھازیانەی رابەراتی ئەیلول لە بە چەندەھا شێواز بەرجەستە ئەبوو  لەناویاندا دروستبوونی چەندەھا رێکخراوی نھێنی کە لە حکومەتی بەغدا و سەرکردایەتی ئەیلولیش قاجاغ بوون کە ناودارترین و کاریگەرترینیان کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بوو. بەڵام لە گەڵ بەردەوامی دووبەرەکی لە ناو رابەرایەتی ئەیلول و لە سەروبەندی ئاشبەتاڵ چەند کارەکتەرێکی ناو رابەرایەتی ئەیلول و بە تایبەتی جەلال تاڵەبانی توانیان ئەم نارەزاییەی چین و توێژە جیاوازەکان بقۆزنەوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لێ دروست بوو. 
ینک لە کاتی دروستبونیدا و تا ساڵانێکی دواتر بەرجەستەی دژایەتیکردنی ھەموو شتێک بوو  لە بزواتی ئەیلولدا. ھەر لە شێوازی رێکخستن و ئایدیۆلۆجیا و سەرکردایەتی و  پێشمەرگایەتی و مامەڵە لە گەڵ بزوتنەوەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ھەتا شێوازی مامەڵەیان وەک دەستەڵاتی دیفاکتۆیان لە لادێکانی کوردستان. 
بەڵام لە ناوەڕاستی ھەشتاکان ئەم ئاراستەیە بە تەواوی پێچەوانە بویەوە  و ھەنگاوەکانی نەھێشتنی جیاوازیەکان لەگەڵ حیزبی دایکی بزوتنەوەی کوردایەتی باشور دەستی پێکرد. قۆناغ بە قۆناغ ھەتا پاش راپەڕین و ھەڵگیرسانەوەی شەری ناخۆ و دابەشبوونی باشور لە نێوان دوو زۆندا جیاوازیەکان بە تەواوی سڕانەوە و ھەتا لە ئاستی گوتاریشدا تاڵەبانی لەم ساڵانەی دوایدا پەشیمانی نیشاندا لە جیابوونەوەی لە پدک. لە کۆتاییدا  ئەوەی بارزانی بۆی نەکرا لە سەرکوتکردن و بنەبڕکردنی ئەو جیاوازیانە،  تاڵەبانی لە ئاگایەوە یا بێ ئاگایانە ئەنجامی دا. 
ھەموان شاھیدی ئەوەین کە زۆر دەمێکە ھیچ جیاوازیەک نەماوە لە نێوان ینک و پدک لە ئایدیا و سیاسەت و سەرکردایەتی و رێکخستن و پێشمەرگە و مامەڵەکردن لە گەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر و خیانەتی نیشتمانی.... ھتد.  تەنھا و تەنھا بەرژەوەندی بنەماڵەکان نەبێت کە ھەندێ کات کۆکن و کێکە دابەش ئەکەن و ھەندێ کات ئەبێ بە دەمەقاڵەیان لەسەر بشک و دەستەڵات. 
ئەوکات گوتم، کە ھاوشێوەیەکی زۆر ھەیە لە نێوان حەفتاکانی سەدەی رابردوو  و سەروبەندی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان. بەھەمان شێواز لە نیوەی دووەمی دووھەزارەکان  نارەزایەکی فراوان لە ھەناوی کۆمەڵگای کوردستانی پەنگی خواردبووە دژی حوکمڕانی برا دوژمنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەشێوازی جیاواز بەرجەستە ئەبوو. گروپێک لە رۆشەنبیران و نووسەران رۆڵی کاریگەریان ھەبوو لە شکڵگرتنی ئەو نارەزاییانە کە ھەندێکیان پاشتر و بۆ ماوەیەکی کورت وەک کارەکتەر و بڵندگۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەرکەوتن.  


لە دوای گەڕانەوەم بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠، منیش کەوتمە ژێر کاریگەری ئەو تەوژمە پۆپۆلیستیەی گۆڕان بەرچەستەی ئەکرد و پاشەکشێ کاتیەکانی دەستەڵات و ھەرا و زەنای فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان منیشی وەک ھەزارانی تر لە خشتەبرد وتەڤڵی ئەو بزوتنەوەیە بووم. 


ھەر لە دوو ساڵی یەکەمی کاری سیاسیم لە ناو ئۆرگانەکانی گۆڕان ، مەترسیەکانم کەم کەم بەرجەستە ئەبوون و ئاماژەکان وابوون کە لە رووی فیکر و ستراتیج و دەنیابینیەوە جیاوازیەکی ئەوتۆ نیە لە نێوان گۆڕان و ینک و پدک. ھەندێ لە جیاوازیەکان تەنھا  لە ئاستی  بچوک و پراکتیکدا بوون و تموحی شەخسی پاڵنەری سەرەکی بزوتنەوەکە بوو.  ئەمە زیاتر بەرجەستە بوو لە  ھەڵوێستی گۆڕان لەمەڕ بزواتی ١٧ شوبات و دواتر تەبەناکردنی سیاسەتی بەرەو دەستەڵات کە سەرتایی کۆتایی گۆڕان بوو. 


ئێستا  ھیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان پدک و ینک و گۆڕان، تەنھا لە قەبارەو  سامان و ھێزدا نەبێت. ھەرسێکیان پارێزەری ھەمان بەھا و سیستەم و سیاسەتن. گوتار و رەفتاری بەرپرسەکانی گۆڕان ، بەتایبەتی ئەوانەی پۆستی حکومیان ھەیە ھیچ جیاوازیەکی نیە لە پدک و ینک. 
ھەندێ کات مرۆڤ کە لە ھەناوی پرۆسەیەکدایە ھەندێک گوتار و کرداری جوزئی و تیلماسک  ئەبیستێ و ئەبینێ بەڵام بەھیوای کە  ھەڵە بن و متمانەت بە رابەڕایەتی و ھەڤاڵەکانت کۆی وێنەکە ئەشارێتەوە. دواتر کە ئەو پارچە و تیلماسکانە لێک ئەدەیت وێنەیەکی ھەمەلایەنە و روونترت بۆ دەرئەکەوێت. 
ئەوی لێرەدا ئەمەوێ رووناکی بخەمە سەر ئەو نیە کە ئەم کارەکتەرانەی لە بزواتی دایک جیائەبنەوە و لەکۆتاییدا ئاراستەی نارەزاییەکان ئەبەنەوە خزمەتی ھەمان  سیاسەت کە نارەزاییەکانی دروستکردووە ، بە مەبەست و بە پلانێکی پێشوەختە ئەم کارە ئەکەن. من پێم وایە کە ھۆی سەرەکی ئەم حەلقە مێژوویە داخراوەی سیاسەتی کوردی ئەویە ھەموو ئەم کارەکتەرانە  ھەڵگری ھەمان بیروبۆچۆن و ئایدیا و جیھانبینی سیاسین و «چی پی ئێس GPS»ی سیاسیان  بە ھەمان سۆفتوێر و نەخشەی سیاسی پرۆگرامە، بۆیە ھەموویان ئەباتەوە سەر ھەمان شوێن.
نمونەیەکی سادەی ئەم حاڵەتە، بڕیاری ریفراندەم بوو.  زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان بە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە ئەمانزانی کە ئەو بڕیارە ھەڵەیەکی مێژوویە و باجەکەی زۆر گەورە ئەبێت. من ئەمەم لە گفتوگۆ و جەدەلی خۆمدا دژ بە بڕیاری ریفراندەم بۆ دەرکەوتبوو. بەڵام لەبەر نەبوونی  دیدێکی جیاواز لەوەی مەسعود بارزانی، سەرباری نارەزایی بەرچاوی ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەری  سەید عەلی پڕکێشی ئەوەی نەکرد لە گەڵ زۆرینەی بزوتنەوەکەی خۆیدا بێت و دژ بەو بڕیارە بوەستێتەوە کە دەکرا بەر بەو کارەساتە بگرێت.بە پێچەوانەوە بۆ سەلماندنی کورتبینی خۆی و وەلائی بۆ ھەمان ئایدیا و سوونەتی سیاسی دەستی بەرزکردەوە و گووتی «دەنگمان بە بەڵییە».


عەربە ئەڵێن  «لکل زمان دولە و رجال» بە مانای ھەموو سەردەمێک پیاوی خۆی ھەیە. ئەرستۆ و جالینۆس و جابر بن حەیان و ئیبن سینا زاناترین عەقڵەکانی زەمانی خۆیان بوون. بەڵام ئێستا ھەرکامێکیان زیندو ببنەوە مۆبایلێکی زیرەکیان بدەرە دەست و بڵێ بەمە قسە لەگەڵ یۆناندا بکە ، تووشی ھیستیریا ئەبن. 
بۆیە بەرێزان، لەوە دڵنیام کە پاڵنەری زۆربەتان بۆ ھەنگاوێکی لەوشێوەیە پاکە و بۆ بەررژەوەندی گشتیە. و رێزی تایبەتیشم ھەیە بۆ مێژوو و قوربانی ھەندێکتان. بەڵام چی پی ئێسی سیاسی ئێوە و ھەتا نەوەی خۆشم، نەخشەی کار و ھەڵسوڕانی سەردەم ناخوێنێتەوە و کۆمەڵگا ناگەێنێتە کەناری ئارامی. قوتابیان و فەرمانبەران و چینە نەدارەکان  سەرقاڵی ئەزموونگەرایی خۆیانن بۆ شێوازی ھەڵسوڕانی سیاسیان. و زوو تا درەنگ رێچکەی کاریگەری خۆیان ئەگرنەبەر و رابەرایەتی خۆیان دروستئەکەن. دەکڕێ ئێوە رۆڵی یارمەتیدەر و پشتگیری بگێڕن. بەڵام تکایە ھەوڵمەدەن  رابەرایەتی بەرەی نارازی بگرنە دەست. چونکە ئەمەش بەدەردی ئەزمونەکانی تر ئەبەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×