بۆ مامۆستا موحسین كۆچیدوایی كرد؟

مامۆستا جەعفەر
  2021-12-03     1099
ئەمە سروشتی ژیانە : یەكێك لە دایك دەبێت و یەكێك كۆچیدوایی دەكات. لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بە شێوەیەكی زانستی ، بەوردی، هەردووكی لە بەرچاو دەگییرێت:  ژمارەیەك مناڵ بە گۆجی یان نەبەكامی لەدایكبوون ، پەرلەمان و  دادگا و حكومەت دەكەونە گەڕان و  پشكنین و لێپێچینەوە، چاویان نانوقێنن و رەگ و ریشەی كارەساتەكە دەدۆزنەوە .  ئەگەر چەند كەسێكیش لەشوێنێك ،  لەسۆنگەی هەڵەی پزیشكی یان پێدانی دەرمانێك ، كاریگەری لاوەكی زیان  بەخشی هەبێت ، ژمارەیەك قوربانی لێ بكەوێتەوە ئەوە  میدیاكانی  ئەو وڵاتە ،  دەرگای دۆزەخ  بۆ  بەرپرسی پڕۆژە لارولەوێرەكان دەخەنە سەر پشت.

مامۆستا موحسین،  مانگی حوزەیران ڤاكسینی وەردەگرێت بە حیساب، ئەوانە ڤاكسین وەردەگرن،  ئەگەری مردنی لەسەریان كەمترە. ئەو رۆژەی بیستم بۆ نەخۆشخانەیەك برابوو ، تلیفۆنم بۆ كاك عیماد ئەحمەد  كرد. راشكاوانە پێمگوت: هەر نەخۆشێك چووبێتە ئەوێ بە زیندوویەتی  نەهاتۆتە دەرەوە.. ناوی چەند كەسێكیشم هێنا....

لە وڵاتانی پێشكەوتوودا،  رووداوی وا رووبدات ، ئەو گەلە دەڕژێتە سەر شەقامە گڕگرتووەكان . لێرە،  ئەو شوێنانەی لە ماوەیەكی كورتدا، توانیان پارەیەكی زۆر بە تاڵانی و قاچ وقوچ خڕبكەنەوە ، خەڵات دەكرێن .. پەرلەمانی داماویش باوێشك دەدات و مێش لە خۆی ناكاتەوە. گوایە : كاری پەرلەمان بریتیە لە قانون دەركردنبۆ بڕینی دەرماڵە و مووچە و كێشەی گومركەكان ..

خزمێكم (ع. ح. ا) ، كە پیاوێكی نەخوێندەوارە ، لە هەمان ماوەدا ، بە توندی تووشی كرۆنا هات. ویستیان بۆ نەخۆشخانەی بەرن ، نەیهێشت بیبەن و گوتی : خوشكەكەم مانگی پێشوو ، تووشی كرۆنا هات و لەو نەخۆشخانەیە ،  بە زیندوویەتی  نەگەڕایەوە! ئەگەر مردم با لە ماڵەوە بمرم.. ئەم خزم و هاوڕیەم ، پاش ململانێیەكی سەخت لەگەڵ پەتای كرۆنادا ، بە سێ هەفتە ، بە تەواوی چاك بووەوە. كەچی مامۆستا موحسین  نەگەڕایەوە ..

كەسێك بە پەتای كرۆنا نەخۆش كەوت، ئەگەر بۆ نەخۆشخانە نەچێت ،  بەیەك هەفتە چاك دەبێتەوە ، بە گوێرەی ئەزموونی دكتۆرێكی سویسری ! چارەنووسی زۆربەی ئەوانەی بەرەو  نەخۆشخانە   ئێرە،  ملیان ناوە، ئەنجامەكەی رێك  پێچەوانەوەی چاوەڕوانی  نەخۆش و كەس و كاریان  بووە.

پەرلەمانی كوردستان پێویستە بەرانبەر  زنجیرەی مردن و رووتاندنەوەی مادی ومەعنەوی نەخۆشەكانی كرۆنا  ، چیدی بێدەنگی هەڵنەبژێرێت . میدیای كوردیش دەبێ هەوڵبدات پتر  تیشك بخاتە سەر ئەم كەیسە دڵتەزێنە. دەبێ ئەم جەرگ سووتانە بەردەوامە كۆتایی بۆ دابنرێت..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×