ئازادیی و جەللادەکانی

ئارام قادر حەمەسور
  2021-12-05     895

بێگومان بەردەوام قەڵەم و دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکاو جەللادەکانی ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەکتر دەکەن، چونکە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەک ناکۆکن بەیەکتر، هێزێک عەقڵێکی چەکداری هەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، هێزێک کەلـلەیەکی ڕەقی هەبێت کوا هێزی نەرم دەناسێت؟ جەللادەکانی ستەمکار لە دونیا هەمویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە، لەکوێ هەبوە ستەمکار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازاو ئازادەکان کردبێتەوە؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و ڕانتخۆرەکان و هاوئاوازەکانی ستەمکارەکان.

لە کوێ قەڵەمەکان کەوتنە سەما بۆ جەللادەکان لەوێش ئازادی لە گۆڕنراوە، لە کوێش قەڵەمە ئازادەکان دژایەتییان کراو لێیاندراو کوژران بزانن هەناسەی قەڵەمە ئازاکان بەردەوامە، چونکە کاری قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنەکردنی دەسەڵاتی ستەمکارو مافیاکڕاتییە. دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکان بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانییان بە دوژمنی پلە یەک داناوە، بەردەوام خەریکی شکاندن و بوختانن بۆ قەڵەم بەدەستەکان.

گۆبلز وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بەردەوام دەیگوت؛ سەرۆک هیتلەر هەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم. ڕۆشنبیر گەر ئازاو ئازاد نەبێت قەڵەمەکەی،  ئەوکات دەبێتە چەکێکی حەساری دەسەڵات.

بەردەوام ڕانتخۆرەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و نوسەران و ڕۆشنبیران بە نزیک بونەوەیان لە بەرداخە ئاوەکەی دەسەڵات وەک شەکر دەتوێنەوەو نامێنن.

ڤیدڵ کاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نوسەران دەترسا. قەڵەم و دەسەڵات بەریەکتر دەکەون، بۆیە بەزەحمەت نوسەرە ئازادەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی کەلـلەوشکەکەی دەسەڵات بکەن.

دەسەڵاتیی کوردی سی ساڵە نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی گونجاو دروست بکات، نەیتوانیوە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانی ترساندوە یان تیرۆرکردوە.

بەڵام قەڵەمە ئازادەکان هەر زیاتر دەبن و ئێستاش لێدان و هەڕەشە لە نوسەران درێژکراوەی سیستەمە ستەمکارەکەیە، کاری ڕۆشنبیران بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، کاریان ڕەخنەی ناشیرینیەکانی دەسەڵاتە، نەک گەرمکردنی دیوەخان و پیاداهەڵدانی بەرپرسە تەجمیلکراوەکان، قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسییەکان، نابێت بێدەنگبێت چونکە بێدەنگی کاری ڕۆشنبیران و نوسەران نییە وەک ئۆجەلان دەڵێت.

کاوێژکردن کاری قەڵەمە فاشیلەکان و عەقڵ دۆگماو نەوتاوییەکانە، ئەوان دۆڕاون ناتوانن بڵێن و بنوسن بۆ خەڵک، بۆیە چەک دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمکارانە.

ئەم شەڕەی قەڵەم و چەک بەردەوام دەبێت هەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمکاری تۆختر دەکاتەوە، هەمیشە ناشیرینییەکانی دەسەڵاتی تەجمیلکراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەکان توختر دەبێت، هەمیشە قەڵەم ماسکە ناشیرین و گاڵتەجاڕو خەڵەتێنەرەکان کەشف دەکات، بۆیە هەمیشە ستەمکاران دۆژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن. هەمیشە خەم و کۆژان و کۆشادی خەڵک دەبێتە مەرەکەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەکان، هەمیشە چەتەگەریی و خیانەت و نەوتخۆری و ستەمکاریی و نادیموکراسی بونەتە فیشەکی چەکەکەی دەسەڵاتی ستەمکار. بەڵام تا ستەمکاریی هەبێت قەڵەمە ئازادەکان هەر دەبن. ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەکان لە ئێستادا پێماندەڵێت دەسەڵات تائێستاش زۆر ستەمکارە، قەڵەم فرۆشەکانی حەساری دەسەڵات ڕۆژێک دێت ئاواببن، چونکە بونەتە ڕۆبۆتی جەللادەکان.

سۆرانی مامەحەمەو کاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان بەقەڵەمەکەیان ماسکەکانی دەسەڵاتییان هەڵدەدایەوە، پاشان تیرۆرکران و چەکبەدەستەکان مێژوی خۆیان ڕەشتر کرد.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×