یەک دوو قسە لە بارەی دوایین رۆمانی شێرزاد حەسەنەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2021-12-12     760

وەکو خوێنەر و هۆگرێکی بەردەوامی بەرهەم و نووسینەکانی مامۆستا شێرزاد حەسەن، هەرچییەکی نووسیبێت، راست بەدوایدا گەڕاوم و خوێندومەتەوە.  لەمەشدا کۆمەڵێک هۆکار هەن کە ئەم هەستەی لە ناخمدا دروستکردووە، لەپێش هەمووشیانەوە، بەرهەمەکانی پێشووی ئەم نووسەرە چ لە رووی شێوازی نووسین یان ناوەڕۆکەوە، جوان  بووە لەلام. بەڵام نایشارمەوە ئەم بەرهەمەی دوایینیان کە رۆمانی " دوا شەوی دابەزینی عیسا"یە، تەواو جیاواز بوو لەوانی پێشووی، دەتوانم بڵێم نەبووە مایەی جێژبەخشین و سەرنج بەلامەوە. بگرە ئەگەر هی شێرزاد حەسەن نەبوایە، هەر نەمدەخوێندەوە.

لێرەدا پێمخۆشە چەند سەرنج و تێبینیەکی خۆم لەبارەیەوە بنووسم.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە

رۆمانەکە بەشێوەیەکی فەنتازیی باس لە ژیانی پەنابەرێکی کورد دەکات کە لە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان، لە کەمپێکی گەورەی پەنابەراندا دەژی. لە شەوی سەری ساڵی 1997 دا لەپاش خواردنەوەیەکی زۆر، لە ژوورێکدا بە تەنها بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە، لەپڕێکدا حەزرەتی مەسیح دادەبەزێتە خوارەوەو پاشان بەشێوەیەکی فەنتازیی،  دەکەوێتە دیالۆگێکی قووڵەوە لەبارەی ژیان و کێشەکانی مرۆڤایەتییەوە لەگەڵیدا. وەکو نووسەریش دەڵێت:

_ دەکرێت تۆ زادەی خەیاڵی خۆم بیت، یان خەونێکی ئەمشەو، کە هەمیشە لە شەوانی کریسمسدا پڕ دەبم بە تۆ و دونیاکەت،،ل111

دیارە قسەکردن لە بارەی ژیان و  فکری مەسیح دەمێکە لەناو رۆمانی خۆرئاواییدا رەنگدانەوەی هەبووە، ئەم هەوڵەی شێرزاد حەسەنیش دەچێتە ئەو قاڵبەوە کە بەشێوەیەکی فەنتازیی باسی کردووە، ئەمەش لە رۆمانی خۆرئاواییدا رێگەی پێدراوە، بەڵام لە خۆرهەڵاتدا هەوڵی کەم لەم جۆرە هەیە.  

پەنابەر و کۆچ و سەفەر دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم رۆمانە و لە زۆر شوێندا نووسەر هەوڵیداوە قسەی خۆی لەمبارەیەوە بکات. لە زاری پاڵەوانی رۆمانەکەوە دەڵێت:

_ من هەرگیز و هەرگیز رەگوریشەم نەبووە، هیچ سەردەمێکم بیر نایەت هەستم کردبێت رەگەکانم لە خاکێکدا چەقیبوون، کە مرۆڤ هەمیشە لەسەفەردا بوو، سەفەر بە ناوەوەی خۆتدا یان سەفەر لە دەرەوەدا هەر سەفەرە. بێ ئۆقرەیی و جێ بە خۆ نەگرتن و لە مۆڵەق مانەوە چییە بێجگە لە سەفەر.ل19

دواتر نووسەر باسی رەوشی ژیانی پەنابەران دەکات و دەڵێت:

_ ئەم کەمپە پڕە لە پەنابەرانی وەکو خۆم. هەمەچیزە: سۆماڵی و ئەفغانی و هیندیی و ئێرانی و تورکیی،،،، لێرەو لەوێندەرێ، هەر هەمووشـمان چاوەڕوانی لەتە کاغەزێکین کە بیسەلمێنین ئێمەش هەقی ژیانمان هەیە، بۆ هەڵهاتووین و چۆن هەڵاتووین  و کەیسی هەڵاتووین، هەقایەتگەلێکی درێژ و پڕن لە درۆ و راستی. ل 15

دواتریش دەڵێت:

_ئێرە کەمپی پەنابەرانە، بە سەدەها کەسی تێدایە، لە نێرو مێ، گەنج و پیر و منداڵ، لە هەموو وڵاتانی دونیاوە هاتوون، راستر بڵێم هەڵاتوون لە ترسی مەرگ و شەڕ و برسییەتی و دەیەها کارەسات کە مرۆڤەکان بۆ یەکدی دروستیان کردووە.

خۆرهەڵات

بەداخەوە چ لەم بەرهەمە و چ لەبەرهەمەکانی تری، هەمیشە نووسەر بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری خۆرهەڵات دەکات و تاڕادەیەکیش هەستی غەربزادەیی بە فکرییەوە دیارە.  ئەمەش وایکردووە، خۆرهەڵات ئەو دۆزەخە بێت کە هەموو شتە جوانەکانی تێدا دەسووتێت و  خۆرئاواش ئەو بەهەشتەیە کە نووسەر خەونی پێوە دەبینێت.

رۆژهەڵات ئەمڕۆکە بووەتە کانگای ستەم و بێدادی و خوێن و فرمێسک، هەرچی.. هەرچی مرۆڤ کە پێیناخۆشە، ل143

ژینگەپارێزی

بابەتێکی تر کە نووسەر قسەی زۆری لەبارەوە دەکات و پانتایی باش لە دیالۆگی نێوان پاڵەوان و مەسیح دادەگرێت، مەسەلەی پیسبوونی ژینگەیە، کە ئەمڕۆ بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:

_کۆتایی دونیا چۆنە و بە چی دەبێت، لە ئاو و بەفر دەخنکێین یان لەناو ئاگرێکی بێ ئاماندا دەسووتێین. ل 106

_ئەوەی مرۆڤ دەیکات و تیایدا دەژی لەسەر ئەم ئەستێرەیە جۆرێکە لە خۆوێرانکردن و پەلەکردن بۆ کۆتایی کە هەر هەمووی بەڵگەی خۆپەرستی ئێمەیە، ل107

_من گومانم نەماوە کە هاوتوخمی خۆم، گەر وا بێباک و ملهوڕ و خۆپەرست بێت ئەم هەسارەیە وێران دەکات، ئەوەی ئێمە دەیکەین جۆرێکە لە خۆکوژیی و کۆگەلی ،،ل110

ئامانجی  هاتنە خوارەوە مەسیح

لە کۆتایی رۆمانەکەشدا هۆکاری هاتن یان دووبارە زیندووبونەوەی  مەسیحمان پێدەڵێت، ئەویش لە زاری مەسیح خۆیەوە دەڵێت:

_ دابەزینم بێ بیانوو نییە، گوناهەکانی  مرۆڤەکان تا بن عەرشی یەزدان هەڵکشاون، بگرە ئاوهەوا و خاکیشتان بۆگەن کردووە. ئێستاش دیسانەوە بۆئەوە هاتوومەتەوە کە مرۆڤ لەو زیندەگییە نەفرینە و لەو خۆ وێرانکردنە قوتار بکەم.ل314 

لە کۆتایشدا لە دەرەوەی کەمپەکە کۆمەڵێک گەنجی فاشیست پەیدا دەبن و دەیانەوێت پەلاماریان بددەن، بەڵام کۆمەڵێک پەناهەندەی تر پەیدا دەبن و بەرگریان لێدەکەن. لەمەشدا نووسەر هەوڵیداوە، تیشک بخاتەسەر گرووپە فاشیستەکانی ئەوروپا کە دژی کۆچەرو پەنابەرانن.

شێوازی نوسین

نووسەر هەوڵیداوە بەشێوەیەکی فەنتازی قسەی خۆی لە بارەی کێشەکانی مرۆڤایەتی بکات کە خۆیان لە کێشەکانی " کۆچ، جەنگ، پەیدابوونی گروپی فاشیستی نوێ، برسێتی و هەژاریی، خۆرهەڵات و خۆرئاوا" هەروەها کورتەباسێکی ئایینی مەسیحیی و حەزرەتی مەسیح،  دیارە ئەمەش یەکەمجار نییە کە ژیان و فکری حەزرەتی مەسیح لە رۆمانێکدا بەشێوەیەکی فەنتازی تەوزیف دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە هۆکارەکانی  خراپی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینەکەیەتی.

چەند سەرنجێک

من پێموایە نووسەر لەم رۆمانەیدا  زیاد لە پێویست زمانێکی پەخشان ئامێزی بەکارهێناوە، کە زۆرجار خوێنەر  هەست بە بێ تاقەتی دەکات. هەرئەمەش وایکردووە کە دووبارە بوونەوەو تاڕادەیەک درێژداڕییەکی زۆر لە نووسینی رۆمانەکەدا بەکاربێت.

 لەلایەکی ترەوە بەکارهێنانی شێوازی مۆنۆلۆگ خۆی لە خۆیدا شێوازێکی تاڕادەیەک وشك و ناخۆشە، کەم نووسەر لەمجۆرە  شێوازەی رۆماندا سەرکەوتووبون. بەگشتیش کەم خوێنەر حەزیان لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە رۆمانانەیە. لەلایەکی ترەوە رۆمان خۆ هەرمۆنۆلۆگ نییە، بەڵکە زۆر شتی ترە کە لەم رۆمانەدا بوونی نییە یان هەر زۆرکەم بەکارهێنراوە،  لەوانە: دروستکردنی رووداوی جیاواز، دروستکردنی پاڵەوانی هەمەجۆر، چیرۆکی ناوەکی، دیالۆگ، رەگەزی کتوپڕ، من هیچ رەگەزێکی کتوپڕم لەم رۆمانە قەبارە گەورەیەدا نەبینی. پاشان بەش لە دوای بەش دەخوێنیتەوە کەمترین رووداوی تیدایە، رۆمان  دەبێت هەر بەشە و  شتی نوێی تێدابێت، بەڵام ئەمە لەم رۆمانەدا بەدی ناکەیت.

بە بڕوای من ئەم کارە دەکرا بە کورتە چیرۆکێکی 10 لاپەڕەیی تەواو بکرایە، من لەو باوەڕەدام ئەگەر بەشێوەی کورتە چیرۆک بوایە، زۆر سەرکەوتر دەبوو، تا بەشێوەی رۆمان بنووسرێت. هەرئەمەش وایکردووەکە ئەم رۆمانە کەمترین خوێنەری هەبێت.

لەلایەکی ترەوە لەرووی بابەتیشەوە هەست بە دووبارەبوونەوە دەکەم، زۆر قسەی سیاسی کە لەم رۆمانەدا نووسەر بەکاریهێناوە، لە رۆمانی "ژنێک بەسەر منارەوە" بەکارهاتووە، کە ئەویش خۆی لەزمانی کەسێکی ناڕازیی لە رەوشی سیاسی دەبینێتەوە، بوونی کەسێکی ناڕازیی لە سیستمی سیاسی، هەمان شت لەم رۆمانەشدا بەدیدەکرێت. هەرئەمەش وادەکات کە خەڵکانێک پێیان وابێت شێرزاد حەسەن ماوەی چەند ساڵێکە شتی نوێی پێ نییە و  هەمان بۆچوونی فکریی و سیاسیی خۆی دووبارە دەکاتەوە. هەرچەندە من خۆم دژی ئەم بۆچوونەم، چونکە مادام نووسەر دەخوێنێتەوەو بیردەکاتەوە، کەواتە دەرفەتی داهێنانی هەیە.

دوا قسە

بەداخەوە من ئەو جوانییەی لە رۆمانەکانی تری نووسەردا بەتایبەتی " حەسار و سەگەکانی باوکم، ژنێکی منگن، خەونی جاڵجاڵۆکەکان" بینیم، لەم رۆمانەدا نەمبینی. من دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر ئەم رۆمانە بەشێوەی کورتە چیرۆک بوایە، سەرکەوتووتر دەبوو تاوەکو بەشێوەی رۆمان. نابێت ئەوەشـان لەبیربچێت، کە نووسەر شارەزایی باشی لە هونەری نووسینی کورتە چیرۆکدا هەیە و کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی جوانیشی هەیە. بەڵام بەداخەوە ئێستا وایلێهاتووە کە رۆمان ببێتە مۆدە، کەم نووسەر خۆی لە قەرەی کورتە چیرۆک دەدات، لەکاتێکدا نووسینی کورتە چیرۆک لە رۆمان قوورسترەو لەهەمانکاتیشدا لەلای خوێنەری سەردەم خۆشترە.

سەرچاوە:

شێرزاد حەسەن. دوا شەوی دابەزینی عیسا. چاپی یەکەم. ناوەندی غەزەلنووس. سلێمانی.2017

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×