ئێزدییەکان و موسڵمانان

ئەحمەدی مەلا
  2021-12-15     432

ئەمڕۆ، موسڵمانان، لەسەر گۆی زەوی ملیارێک کەس دەبن، خاوەن بیست تا سی وڵاتن، هەندێکیان وڵاتی ئاینین، کۆی لەشکرەکانیان خۆی لە چەندین ملیۆن دەدا. ئاینەکەیان هەزار و چوار سەد ساڵ زیاترە بڵاوبۆتەوە و ئەمڕۆ لە سەر ئەتڵەسی ئاینیی بە یەکێک لە ئاینە گرنگەکان ئەژمار دەکرێت.
ئێزدییەکان، وەکو لە ناوەکەیانەوە دیارە ئێزدان پەرستن، خاوەن بیروڕا و تێروانین و ئەدەبییاتی ئاینی خۆیانن، موسڵمان چۆن سەیری ئەوان دەکات، ئەمە شتێکە، خۆیان چۆن سەیری خۆیان دەکەن، مەسەلە بنەڕەتییەکەیە.
ئێزدییەکان نە وڵاتیان هەیە بە ناوی خۆیانەوە، نە ژمارەیان هەندە دەبێت کە ببنە هەڕەشە بەسەر ئاینێک کە رەگی لە رۆژهەڵاتی ناوەند چەقیوە، نە خاوەن لەشکرێکن کە بتوانن ببنە مەترسیی بۆ دەرودراوسێ، نەئاینەکەشیان لە بڵاوبوونەوەیەکی سەرسوڕێنەر دایە کە هەر رۆژە و موسڵمانێک روویان تێ بکات و لە ئاینی خۆی وەرگەڕێت.
ئینجاش،
بابەتێکی سرف ئەدەبی کە گوزارشت لە لاوکێکی خۆیان دەکات، هەموو ئەدەبێکیش، با توێشووی لە واقیعیشەوە وەرگرتبێت، بەڵام هەر زادەی خەیاڵە، وەکو دەیان، یا سەدان لاپەڕەی خەیاڵی دیکە، چ ئاینیی یا پرۆفان کە لاپەڕەی هەموو میللەتانی رازاندۆتەوە و بەشێکن لە خەیاڵی دەستەجەمعی بۆ دامەزارندنی بنەما نەتەوەییەکانیان.
بۆیە دەبوو :
موسڵمانان بە دڵ و گیانەوە، وەکو خاوەن ئاینی سەرکەوتوو و سەرفراز پارێزگاریی لە ئاین و دابونەریتی ئێزدیی، مەسیحیی، سابییەکان هتد کردبا تاکو هزر و رۆحی ئاینەکەیان بە گەشاوە و زیندوویی بە دەرەوەی خۆیان ناساندبا.
بەڵام، مەخابن، فشار دەخەنە سەر "حکوومەتە ساوەکەی" هەرێم تاکو ئەو چەند دێڕەی کە پێی دەگوترێ لاوەکی دەروێش عەبدی لە پڕۆگرامی زمان و ئەدەبییاتی کوردی لا بەرن و بەمە وەکو خۆیان پێیانخۆشە وابێت، لاپەڕەیەکی نوێ بخەنە پاڵ ئەو لاپەڕانەی کە بە سەرکەوتنیان لەقەڵەم دەدەن.
ئێمەی کورد، نەتەوەیەکی دێرینین، لە سەرەتای دروستبوونین وەکو نەتەوەیەکی فەرمیی لەسەر نەخشەی جیهانیی، بۆیە دەبوو، ئیسلامی ئێمە، زۆر لەوە هۆشمەند و گەورەتر خۆی نیشاندبا لەم دنیا جەنجاڵەی کە زۆر جار وەکو هەڕەشە بەدی دەکرێت لەسەر موسڵمان و غەیرە موسڵمانەکانی ئێمە. ئیسلامێک بخرابایەتە خزمەتی ئەو نەتەوەی کە هەر بە ناوی ئیسلامەوە گەورەترن زوڵم و ستەمی لێکراوە. ئێمە پێویستمان بە ئیسلامێک هەیە لە ناوەوە گەشە بکات، نەک وەکو تووتی رستەی کتێبە رەنگزەردەکان بڵێتەوە و بە بێ ئەوەی هەلومەرجە مێژووییەکان بەهەند وەربگرێت. ئەگەر موسڵمانی کورد، چرای ئێزدییەکان خامۆش بکات، ئەو بەشێک لە جەستەی خۆی فەرامۆش دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×