دزینی کات و بەفێڕۆچوونی مرۆڤایەتیمان

نەوزاد جەمال
  2021-12-16     690

چۆن کاتمان دەدزرێ و تەمەنمان کورتدەکرێتەوە؟ خڵافاندن، سەرقاڵکردن و بێهۆشکردن بە "میدیا" و رووداوەکان، بە گرفتەکانی رۆژانە(کارەبا، ئاو و بەنزین و نرخی کاڵاو هتد...)، ئەو دۆخەیە کە لە کات بێئاگامان دەکات. زۆرجار مرۆڤ لەژێر جەبری کاتیشدا، خۆی بێهۆشدەکات و پەنادەباتەبەر سڕکەرەکان(هونەر، ئایین، دەرمان، تۆڕەکان و هتد...).

 کات یەکسان نییە بە کاژمێر. کاژمێر ئامێرەکەیە کە ئاگایی کاتمان بۆ رێکدەخات. کەواتە، کات فۆرمێکە لە ئاگاییماندا ئەگەر 'کانت'یانە لێی بڕوانین. درکردن بە گرنگی و ڕۆڵی کاتیش، بەشێک لە خۆئاگایی مرۆڤ. هەر ئەم رەهەندەشە کە دەبێتە کۆڵەکەی شارستانیەتە پێشکەوتووەکان. بەڵام، من باس لە کات وەک چەمکە میتافیزیکیەکە-فەیلەسوفەکان- یان دیوە فیزیاییەکەی ناکەم. بۆیە، ئەگەر لەو تێگەگشتییە دوورکەوینەوەو نزیکتر بینەوە لە راستییەکە: چۆن لە کولتوری ئێمەدا 'کات' هێندە ناکاراو نادیارە تا رادەی هەستکەیت بە فیڕۆچوونی بەردەوامی بەشێکە لە دەستخەڕۆبوونی مرۆڤی ئێمە.

'دەستخەڕۆبوون' دەستەواژەیەکی پڕاوپڕی کوردییە بۆ بێبایەخی کات و لەدەستدانی ژیان. لە ئێمەدا، 'کات' بەڕێگەی جیاواز دەدەزرێت، لێتدەسەنرێت و لێتزەوتدەکرێت. داگیرکردنی کاتەکانت بە خەم و نیگەرانی شتی ئاساییباو کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانن، ئاکارێکی قێزەوەنی کارەساتبار ئەم دەیەی دواییە. سیاسەتی کات و ئابوری کات و کارگێڕی کات لەو چەمکانەن لەناو ئێمەدا بزرن. دیارە، رەهەندی سیاسی بردنی کات، بریتییە لە خۆبەدەستەودان. ملکەچپێکردنی تاکە بە پێوەرو میکانیزمەکانی چەسپاندنی دەسەڵات. 

هەر بۆیە، بەناوی بازاڕەوە، کاتمان بۆ سەرکردنە سەر کڕینی کاڵاو شمەکی ناپێویست دەبردرێت. بەناوی سیاسەتەوە، کاتەکانمان بە بەرژەوەندی کەس و حزب و ناکۆکیەکانیان داگیردەکرێت. بەناوی ئایینەوە، کات دەمرێت و بۆ ئەو دونیا رەوانەمان دەکەن. بەناوی خوێندن و پەروەردە، بەناوی زانست و زانکۆ و روناکبیری و میدیاوەو لە چەندان لایترەوە کاتەکانمان بۆ پڕدەکرێنەوە بێئەوەی بستێک زیاکەین. لە ڕاستیدا کات دەدزرێت وەکچۆن ژیانی گەنجێک(تواناو بەهرەو خولیاکانی) بەفیڕۆدەچێت، خۆشی نازانێ چۆن لێیان دزیوەو بەچییەوە سەرمەستکراوە.

لە سەرمایەدری بازاڕدا پێوەری کات پارەیە. چونکە، بەسەرچوونی کات، پارە دەخوات یان پارەی تێدەچێت. بۆیە، هەمیشە لە هەوڵی گێڕانەوەی کات و بەفیڕۆنەدانیایەتی. ئەوەش بە زیادکردنی بەرهەم لە رێی کەمکردنەوەی کاتی خایەنراوەوەیە. دەبایە 'مارکس' ئەوەشی بخستایەسەر تێزە رەخنەییەکەی دژ بە سەرمایەداری؛ بردن و قۆرخکردنی رەنج و بەرهەمی کرێکاران لەڕاستیدا دزینی کاتە.

 وەک کەسێ لە ناوەندی "ئەکادیمی-زانکۆ یان سەنتەری توێژینەوە"دا کاردەکەم، درکم بەو راستییەکردووە چۆن کات لە هەڵسوڕانی کارەکان، چالاکی زانستی و ئەکادیمی وەک کۆڕو کۆبوونەوەو "کۆنفراسی زانستی" و دیدارەکاندا پوچدەبێتەوە. لە ماوەی ئەمساڵدا لەچەندان چالاکیەکاندا بەشداربووم، بەڵام هەمیشە هەستمکردووە کاتەکەم بردراوە. کاتی دەستپێکردن لەوادەی خۆی لایداوە، لەگوێگرتن و دانیشتن و ئامادەبوون لەو کۆبوونەوانەدا، باسوخواسی دوور لە زانست، بێپێزو ئاخاوتنی ماکینەئاسا منی خستۆتەوە ژێر پرسیارەوە: چی دەکەم لێرە؟ چی فێردەبم و چ سوودم لەو ئاخاوتن و پێشکەشکردن و گەنگەشە بێگیانانە پێدەگات؟

ئەو چالاکیانە، کاتکوشتنێکی پاساودراوە بە دروشمی وۆرکشۆپی زانستی و کۆنفرانس و کاری روناکبیری. خۆخاڵیکردنەوە، خۆدەرخستن، نمایشکردن، گوێ لەیەکنەگرتن و هتد... ریزکە لەو جۆرە دانیشتنانەدا ئەزمووندەکەیت. لە کاتێکدا، پێوەری بایەخداری کات بۆ 'منێک' یەکسانە بە توێژینەوە، خوێندنەوەو چالاکی زانستی و روناکبیریی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×