سەیری دەسەڵاتی ژێر ئاڵاکە بکەن!

بەشدار عوسمان
  2021-12-17     561

هەڵکردنی هەزاران ئاڵا ناتوانیت دەستی تەزیوی  قوتابیەک لەم سەرمای زستانە لە نەبوونی سۆپە گەرمبکاتەوە، قەرزی قوتویەک شیری باوکێکی مووچە بڕاو بداتەوە، ئاڵا ناتوانیت گەنجان و بێکاران لەناو ئەو بێ ئومێدییە قوڵە ئاهێک بەدڵ و دەروونیاندا بکات و هێندە بیر لەرێگای مەرگ نەکەنەوە بۆ دەربازبوون لەو جەهەنەمە، هەڵکردنی ئاڵا چی لە وەزعیەتی نەخۆشێک دەگۆڕێت کە بەدیار  نەبوونی سەرەتاترین پێداویستیە پزیشکییەکان دۆش دادەمێنێ و دەبێت چاوەڕوانی مەرگ بکات ؟!

تەنها لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا( ۲۳٦۳٠٠٠٠٠٠ )(دوو میلیار و سێسەد و شەست سێ هەزار دۆلار)ی دراوە بە کۆمپانیاکانی نەوت وەک کرێی کار و کرێی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت.

تەنها لەیەک مەبلەغدا کە مێدیاکان ئاشکرایان کردووە ( ۳۱٠٠٠٠٠) (سێسەد و دە میلیۆن یۆرۆ) لەگەڵ ۲۹٤٠٠٠٠٠٠ (دووسەد و نەوەدو چوار میلیۆن دۆلار) پارەی نایاسایی کە بەدزی براوەتە دەرەوە.

بەم سەرمای زستان و بێ کارەباییە، نرخی بەرمیلێک نەوت نزیک دەبێتەوە لە (٢٠٠هەزار) و یەک قەترە نەوتیش بەسەر خەڵکەکەی دابەشنەکراوە، لەولاشەوە نەوتی ژێر زەویەکە هەرزان فرۆش دەکەن لەدەرەوە .

دەسەڵاتی ژێر ئاڵاکە بەرگەی نوسین و قسەی گەنج و رۆژنامەنوسێک نەگرێت و گوللە بنێت بە دەم و سینگ و سەریانەوە، دەسەڵاتی ژێر ئەو ئاڵایە بەرگەی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی چوار کەس نەگرێت و لە زیندانەکان بیانئاخنی، دەسەڵاتی ژێر ئەو ئاڵایە، دادگاکان بەکاربهێنێت بۆ تۆڵەکردنەوە لەکەسانی ناڕازی،ناتوانیت ببێتە رەمز و خۆشەویست و تەنها نوێنەرایەتی چینێکی مشەخۆری دەسەڵاتدارێتی دەکا و دەیەوێت خەڵک بە ئاڵاوە سەرقاڵ بکات و لەولاشەوە لە دزینی نەوت و سامانەکەی،قاچاخچێتی و  شاردنەوەی داهاتەکان بەردەوام بێت . 

ئێمە دەسەڵاتی ژێر ئاڵاکەشمان تاقیکردۆتەوە لەماوەی ٣٠ ساڵی تەمەنیدا،دەستیانگرتووە بەسەر داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوی و ئاسمانەکەشی و بۆ خۆشگوزەرانی و رەفاهیەتی چەند خێزانێکی حکومڕاندا بەکاریدەهێنن، کەچی مووچەی مانگانەش بە فەرمانبەرەکانی رەوا نابینێت. رێز لە سەرەتاترین ماف و ئازادییەکان ناگرن و تەنانەت سوکایەتی بە دەنگی دەنگدەرەکانی خۆشیان دەکەن ئەگەر بەدڵیان نەبێت پەرلەمان دەکەنە گەراجی سیارە ..!

خەڵک پێویستی بە دورستکردنی کارگە و کارخانەیە،بە دابینکردنی نەوت و کارەبا و ئاو و شەقام و خزمەتگوزارییە، بە پێداویستی پزیشکیە،بە شافافیەتی نەوت و سامانەکەیەتی و دەرهێنانی لەدەستی کەسان و خێزانە دەسترۆیشتووەکان. لەژێر ئاڵای ئەو بینای قوتانخانانەدا، هەزاران خوێندکار و قوتابی دەلەرزن لەسەرمان و دەستەکانیان ووشکبۆتەوە و هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوەیان نیە .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×