دەربارەی چەمكی: ئاشتكرنەوەی خەڵك لای پاژێك لە سەركردە  سیاسییەكانی ئەم سەردەمە

مامۆستا جەعفەر
  2021-12-20     521

یەكێك لە سەركردە سیاسییەكان، لەم شەوانەدا، لە بەرنامەیەكی تلیفزیۆنیدا، بە نیازێكی پاك و بێگەردەوە، بۆچونی خۆی بەم شێوەیە خستەڕو:

"یەكڕیزی ئەوە نییە، دو حزبی سیاسی لەنێو خۆیاندا رێكەوتنامەیەك ئیمزا بكەن. یەكڕیزی بریتییە لەوەی: هێزە سیاسییەكان كۆمەڵانی خەڵك ئاشت بكەنەوە..."

دیارە ئەو برایە بە مەبەستێكی باش ئەو دروشمە سیاسییەی كردە مانشێت و لەوانەیە پلانێك هەبێت: جەماوەری توڕەو دڵبریندار ئاشت بكەنەوە. ئەمە خۆی لەخۆیدا جێگای سەرنج و بایەخ پێدانە.

لێرەدا پێمباشە لە گۆشەنیگای خەڵكەوە ئەم چەند دێڕەی خوارەوە بۆ خەڵك بنوسم: چونكە دڵنیام سەركردە مەزن و باڵاكان، قسەی كەس بە گوێیاندا ناچێت، تا چارەنوسی خۆیان بە چاوی خۆیان نەبینن!

پێشەكی دەمەوێت بزانم: تێگەیشتنی ئەوان بۆ چەمكی "ئاشتكردنەوە" چییە؟

بە ئۆتۆمۆبێلی جامڕەش بەلای شێلمفرۆشێكی بەلەنگازدا تێپەڕین و لە جامی ئۆتۆمۆبێلەكەوە دەستیان بەرزكردەوە، ئیدی جەماوەر  ئاشت دەبێتەوە؟

یان چوار كەس لە ئەندام كۆمیتەوە بۆ دەفتەری سیاسی بەرزكرانەوە، ئیدی لە دوا گەڕەكی هەژارنشینی شاردا، بە تەشت ناوساجی بەشدەكەنەوە؟

من بەڕێكەوت چاوم بە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەوت، كە كاك بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ی ن ك بە راشكاوانە فەرموی: "خەڵك رقی لێمانە..."

سەرۆكی حزبێك بگاتە ئەو راستییە پڕوكێنەرە، كە خەڵك رقی لە حزبێكە، ئەوە لای من ئەوپەڕی جێگای دەستخۆشییە، دان بەو راستییە تاڵەدا بنرێت!

خەڵك زیز بێت، دڵی شكاو بێت، دڵی تۆزێك گەردی گرتبێت، ئەوە ساڕێژكردنی نیگەرانی و هەست روشاندن، زەحمەت و سەرئێشەی زۆری ناوێت و چارەسەری ئاسانە، بەڵام ئاستی توڕەبون گەیشتە قۆناخی (رق لێبونەوە) ئەوە خاڵێكی وەرچەرخانە، كە من پێموایە: جارێك هێشتا، ئێسك پێستی بەتەواوی نەدڕیوە!

بەقسەی بیرمەندانی دو هەزار ساڵ لەمەوپێش بێت، ترسناكترین بارودۆخ ئەوەیە: (زۆربەی زۆری خەڵك دژی دەسەڵاتی دكتاتۆر بێت. دەبێ دەسەڵاتدار، گەل ئاشت بكاتەوە. بەچی؟ بە فراهەمكردنی ئازادی و نەهێشتنی باری زوڵموزۆرو چەوساندنەوە...).

پرسیارە سادەكەی من ئەوەیە: بۆ خەڵك لە دەسەڵات نائاسودەو پەست و توڕەیە؟

حەڤدە هەژدە ساڵ لەمەوپێش بۆ خەڵك بەم شێوەیە توڕە نەبو؟ دیارە چەندین هۆكاری گەورەو بچوك لە ئارادا هەیە، وا لە كەسوكاری  شەهیدان و ئەندام و دۆست و لایەنگران دەكات، لە ماڵە گەورەكەی  خۆیان بپرینگێنەوە!

هێزە سیاسییە گەورەكان دەستیان لەبابەتە گەورەو  چارەنوسسازەكان هەڵگرتوەو سەرقاڵی ژمارەیەك بابەتی بچوكی رۆژانەی  بێبایەخن: چارەنوسی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو كوێ دەڕوات و تاكەی ئەم دڵەڕاوكێ بێ ئامانە بەردەوام دەبێت؟ سیاسەتی  كورد سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە چوە. ئێمە لە دوا وێستگەی چاوەڕوانی بێهودەدا، هەڵچەقیوین، شاڵاوی دڕندانەی تەعریبیش پتر پەرەدەسێنێت؟ لە ماوەی سی ساڵی رابوردودا، حكومەتی هەرێم، بەجوانی ئیدارەی وڵاتی داوە: خەڵك هەست بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەكات، یان هەست دەكات بۆتە كۆیلەی باج و بەرتیل و بەشخوراوی؟

سی ساڵی رەبەقە كارەبا هێشتا، لە قۆناخی مولیدەی ئەهلییە: تەپ و دوكەڵیان ئاسمانی شاری رەشپۆش كردوە. نرخی ئەم جۆرە كارەبا پێدانە، لایەنی كەم شەش بەرانبەر نرخی كارەبای سویسرایە!

ماوەی سی ساڵە رێگاو بان لە  خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات. پرسی موچە ئاوێنەی بارودۆخی هەرێمە،  حەڤدە هەژدە ساڵ لەمەوپێش، كەس گلەیی و گازندەی لە هاتنی موچە نەبو، تازە بە تازە مژدەی (روبعە موچە) بە گوێی خەڵكدا دەدرێت.

سەركردەكانی ئەم وڵاتە بەرنامەیان چییە؟ دەستەئەژنۆ دادەنیشن و تەسبیحات دەكەن و بە چوار دروشمی ئاشتكردنەوەو ئاشتەوایی، گەلی كوردستان دڵی باش دەبێتەوەو هەروەكو رۆژانی  جەژن، هەمو بە یەك دەنگ هاوار دەكەن: سینەی بێ كینە، سەیدی عەلا  محەمەد سەڵەوات، ئیدی دەست لە ملان كردن و گەردن ئازادی.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×