خانەنشینی،کوشتنێکی بەئازار

هێمن ئەحمەد
  2021-12-20     696

لەوانەیە لای خوێنەر سەیر بێت کە زاراوەیەکی بواری پزیشکی(dysthanasia)کوشتنی ناهەموار و بە ئازار،بۆتە ناونیشانی وتارەکە.کە جۆرێکە لە مانەوە و زیندو هێشتنەوەی دەستکرد بۆ مرۆڤ بە ناهەمواری.ئەم ناونیشانە پڕ بە پێستی ژیان و گوزەرانی خانە نشینانی هەرێمە.وە ئەگەر کوشتنی بێ ئازار(euthanasia) بەیاسایی بکرایە لەم هەرێمەدا وەک هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا و ....هتد.کە ماف دەداتە ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشیەکی قورس و درێژ خایەنەوە ژیانێکی سەخت دەگوزەرێنن،داوای ئەنجامدانی  ئەم ڕێکارە بکەن بۆ گیان لەدەستدان.گومانی تێدا نیە زۆرێک لە خانە نشینانی ئێرەش ئەم ڕێکارەیان هەڵدەبژارد بۆ ڕزگار بوون لەو مردنە ناهەموار و لەسەر خۆیەی بۆیان دروستکراوە لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە.ئەوان دەزانن چاوەڕێکردنیان بۆ ژیان هاوشێوەی سەرەگرتن و ڕیزبەندی سزادراوانی زیندانەکانی تەکساسە،بۆ جێبەجێکردنی سزای خنکاندن.کە هەندێک جار وا ڕێدەکەوێت سزادراو بیست ساڵ و زیاتریش لە سەرەی چاوەڕێیی جێبەجێکردنی سزاکەیایەتی،تا بخنکێنرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت.
مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا،هەمیشە حەز و چاوەڕێی ئەوەیە کە بە چاوێکی پڕ شکۆ و ڕێزەوە لێی بڕوانرێت.ئەم حەزەش لە تەمەنێکی هەڵکشا و پیریدا زیاتر چاوەڕێدەکرێت.ئیتر کەسە بە تەمەنەکە لە هەر ژینگەیەکی هەمەچەشندا بێت.لە ناو خێزاندا،لە ناو کۆمەڵگەدا، لە شوێن کار یان پاش خانەنشین بێت.
بەڵام زۆر ڕونە،ئەم چاوەڕێکردنە له هەرێمدا دەبێتە خەونێکی بەتاڵ و بەدی نەهاتو.پاش ساڵانێکی دور و درێژی خزمەت و بەڕێکردنی هەمو تەمەنی گەنجایەتی و سەرف کردنی هەمو وزە و تواناکان.لێرەوە دامەزراوانی هەرێم،بەو پەڕی دەرونێکی نائارام و بێ هیواییەوە چاوەڕێی دواڕۆژەکانی کۆتایی هاتنی ساڵانی خزمەتیان دەکەن.دڵنیاشن لەگەڵ دەرچونی فەرمانی خانە نشینیان،بەرەو هەرە ڕۆژە تاریک و تاڵەکان هەنگاو دەنێن و ژیانی خانە نشینیان پڕاوپڕە لە کارەسات و ناهەمواری.بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان و تایبەت ئەوروپا.کە هەموو مافەکانیان فەراهەمو پارێزراوە لە؛پێدانی موچە و سەرپەرشتیکردن و چاودێری تەندروستی و دابینکردنی هەموو هۆکارەکانی حەوانەوە و نیشتەجێبون و...هتد.
لێرەش لەم هەرێمەدا ژیانی خانە نشینی واتە؛بە بنەبەست بونی هەمو شتێک،کۆتایی هاتنی ژیانێکی ئاسایی و دەسپێکی ژیانێکی کولەمەرگی و ڕەزیلکراوانە.دەبێت ئەم جۆرە لەپێدانی موچە و چاودێریکردنەی خانە نشینان و بەساڵاچوان لە کوێی ئەم جیهانەدا بونی هەبێت!
سەیر و نامۆیە،خانەنشین بەو جۆر و ڕێکارە موچەی پێبدرێت.چەندان ڕۆژ لەسەرەی چاوەڕوانی بەردەم فەرمانگەیەکدا.لە بەر باران و گەرما و سەرما،شەکەت ببێت،ببورێتەوە و هەندێک جار گیان بسپێرێت،کە هەمووان ئەمە دەبینین.هەندێک لە خانەنشینانیش لەبەر بەرگە نەگرتنیان بۆ ئەو چاوەڕوانیە دور و درێژە،وەرگرتنی موچەکانیان دەسپێرن بە وەچەیەکیان یان هەرکەسێکی تر کە کۆتایدا خۆیان هیچیان پێنابڕێت.
جێگەی شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتێک کە کەسی خانەنشین بە جۆرێک موچەی پێبدرێت هاوشێوەی سواڵکردن و خێر پێکردن بێت.
خانەنیشینان شایستەی هەمو خزمەت و ڕێزلێنانێکن.پێویستە گشت مافەکانیان پێبدرێت و ژیانێکی شایستە بژین،نەک بکرێنە پەندی زەمانە و بنێشتە خۆشەی بن دانی ڕێکخرا و مێدیاکان و کۆمەڵگە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×