کاتێک هەموومان دەخنکێین..!

جەواد خەلیل
  2021-12-23     626

بەیانیەک لە خەو هەڵدەستین و هەواڵێک دەخوێنینەوە: (خێزانێکی پێنج کەسی بەهۆی تەنەکەیەکی شکاوی ڕۆنەوە کە تەنراوە بە  خەڵووز، خنکاون!) ئەم هەواڵە هەموومان نیگەران دەکات و بێتاقەت و پەست دەبین. بۆچی؟ چونکە دەزانین  ئەمە مردنێکی ئاسایی ئینسانێک نیە خوولی سروشتییانەی ژیانی خۆی تەواو کردبێت و گەیشتبێتە وێستگەی مەرگ، بەڵکو ئەمە کارەساتێکی گەورەیە، لە سەردەمێکدا کە چیدی کارەسات ئەو بوعدە شۆکهێنەرەی پێشووتری نەماوە و ناتوانێت بمانهەژێنێت.

ئەوەی لەو ماڵەدا ڕوویدا کارەساتە؛ چونکە دەزانین تەنەکەی خەڵووز هۆکاری ئەم خنکاندنە نیە، بەڵکو دەرئەنجامە. دەرئەنجامی نادادیی و ستەم و زۆرداریی؛ دەرئەنجامی بێباکیی و ناموبالاتیی سەرانی ئەم هەرێمە و نەبوونی عەقڵییەتێکی باشی ئیدارەدان و خەڵکژێنیی. کاتێک تۆ سەردار بیت و داهاتێکی باشت لەبەردەستدا بێت و خاوەنی ملیارەها دۆلار و یەدەگێکی نەوتیی زۆر بیت، دەبێت هەست بە شەرمەزاریی بکەیت خێزانێک لەبەر بێ نەوتیی و نەبوونی زۆپای ئاسایی، خەڵووز بکەنە تەنەکەی ڕۆنەوە و خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە و دواجاریش لە شیرینی خەودا، بە دووکەڵەکەی بخنکێن.

ئەم ڕووداوە کارەساتە؛ چونکە لە ماڵێکدا ڕوویداوە، باوکیان پێشمەرگەیە و بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەی؛ بۆ پارێزگایکردن لە قەوارەی سیاسی هەرێم؛ شەو لە سەنگەرەکان ماوەتەوە و ماڵ و حاڵی خۆی جێهێشتووە. بێ ئاگا لەوەی ئەو حکومەتەی ئەم پارێزگاری لێ دەکات، ماڵ و منداڵەکەی بەو سەرمایە بێ نەوت و بێ حاڵکردووە و ناچاریکردوون پەنا ببەنە بەر تەنەکەیەک خەڵووز، تاکو گەرمیان ببێتەوە!

وێڕای هەموو ئەمانەش، دەبێت دان بەوەدا بنێین تاوانباری سەرەکیی لەم کارەساتەدا، پێش حکومەتی هەرێم و پێش تەنەکەی خەڵووز، بێدەنگیی و بێ هەڵوێستی ئێمەیە. کاتێک ئێمە لە ئاست نادادیی و ستەمی دەسەڵاتێکی بێباکدا، بێدەنگیی هەڵدەبژێرین و بالۆرەی ( زارت بگرە و سەرت سەلامەت) دەڵێینەوە، ئەوا بێ هیچ گومانێک بەشدارین لەم تاوانەدا. ڕۆژێک دێ کە هەریەک لە ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناو ستەم و نادادیی ئەم دەسەڵاتەدا دەخنکێین و باجی ئەم بێدەنگییە دەستەجەمعییە دەدەین، ئەمڕۆ نۆبەی ئەوان بوو، بە دڵنیاییەوە سبەی ئێمەین.

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×