شکستی حوکومڕانی یان بارێکی ئاسایی؟

شاباز سەليم حامد
  2021-12-28     422

 لە زانستی سیاسەت زۆر ئەستەمە بە شێوەیەکی ڕەهایی پێناسەیەکی گشگیر بسەپێنیت بەسەر بارودۆخێک یان سستمێکی ئیداری و سیاسی دا کە تۆتالیتاریەت و فاشیەت بنەڕەتی سیستەمەکەیان پێک نەهێنابێت .  هەمیشە سەرکەوتن و شکست لە حوکومڕانی کراوەدا وەک دو هێڵی هاوتەریب نزیکن لەیەکتری هەمیشە دیمۆکراسی پڕە لەئەگەری فاشستی و تۆتالیتاری، پلوڕالیزم هەرگیز ناتوانیت  لە هەرەشەی فاشیەت خافلگیر ببێت. لە بنەڕەتدا ئەگەر بەچاوێکی وردتر سەیری بکەین دیمۆکراسی و لیبرالیزم و پلوڕالیزم بریتین لە سیستەمئ کە بەشێوەیەکی بەردەوام کاری سەرەکیان بریتیە لە کەشفکردن و چاودێریەکی بەردەوام لەسەر هەمو ئەگەرە فاشستی و تۆتالیتاریەکان، واتا لە بنەڕەتدا ئەرکی دیمۆکراسی و پلوڕالیزم ئەوەنیە بەهەشتمان بۆ دروست بکات یان کۆمەڵگایەکی پڕ لەکامەرانی بەڵکو ئەرکیان زیاتر بریتیە لە چاودێریکردن و گرنگی دان بە گەشەکردنی وشیاری سیاسی و ئەخلاقی بۆ ڕێگری لە ئەگەرە فاشیەکان بۆ ڕێ نەدان بۆ تواندنەوەی کۆمەڵگا لەنێو یەک بۆتەی سیاسی و ئەخلاقیدا. 

بەڵام کاتێک بنەماکانی دیمۆکراسی لە سیستەمی حوکومڕانی بەدەر دەنرێن ئەوا فۆرمی ڕاستەقینەی سیستەمەکە بە یەک هێڵی ڕاستەهێل خۆی بەدەر دەخات، سنورەکانی سەرکەوتن و شکست بەتەواوی لەیەکتری جیادەبنەوە و چیتر وەک دو هێلی هاوتەریب نامێنن ، مانەوە و سەرکەوتن بەهەر نرخێک دەبێت شا ڕێگا و شا ئامانجی سیستەم و دێسپۆتیزم شوێنی پلورالیزم و ماف و ئازادیەکان دەگرێتەوە. 

ڕەنگبئ جگە لە درێژ دادڕی هیچ سودێک لەوە نەبێت جیاوازیەکانی دێموکراسی و فاشیزم دەست نیشان بکەین بەلام ئەوەی جێگای سەرنجی ئەم وتارەیە ئاراستە کردنی سەرنجێکی کورتە دەربارەی سیستەمی حوکومرانی کوردی ئەمیش بە نزیکبونەوە لە ئاڕاستەکردنی پرسیارێک: سەرەڕای هەمو ئەم شکستە گەورە و ستراتیجیانە، هەر لە شکستی لەدەستدانی نیوەی خاکی هەرێم، شکست لە بەرگری کردن بەرامبەر داعش ،   شکست لە حوکومڕانی و ئیدارەدان و سەدەها شکستی تر بەڵام ئەم سیستمە تا دێت پایەکانی بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت و تا ئێستا ڕوبەروی ئاڵنگاری یەکلاکەرەوە نەبۆتەوە کە مەترسی جدی بۆ دروست ببێت؟

لێرەدا روبەروی کێشەیەکی فرە ئاراستە دەبینەوە، ئایا ئەوەی ئێمە بەشکستی حوکومڕانی پێناسەمان کردوە لە بنەڕەتدا شکستن یان شێوازێکی تر حوکومڕانین کە ئێمە نەمان توانیوە پێناسەی بکەین؟ ئایا ئاماژەی شکست گوزارشتێکی دروستە بۆ خودی پرۆسەی شکست؟ ئەگەردروستە بۆچی دەرەنجام و هۆکان ناچنە ژێر کلێشە عەقلیەکەوە! 

بۆ نمونە ئەگەر نەبونی پارە و بودجە هۆکار بێت بۆ پوکانەوە و لاواز بونی هەژمونی حوکومەت، ئەگەر نەبونی دامو دەزگای موئەسەساتی و بیرۆکراتی ئەگەر نەبونی زانست وەک کەرستەیەکی عەقڵی بۆ پتەوە کردنی بنەماکانی حوکومڕانی هۆکار بن بۆ شکست و پوکانەوە ئەی چۆن دەکرێ لەدەرەوەی هەبونی ئەمانەشەوە سیستەمی حوکومڕانی گەشە بکات لەجیاتی ئەوەی بپوکێتەوە یان لەئاستێکا بوەستێ؟

ئەگەر بەچاوێکی ڕوکەش و زو تێپەڕیانە سەیرێکی نمونەی حوکومەتی کوردی لە باکوری عڕاق بکەیت پێک هاتەیەکی بەم جۆرەیە : پێکهاتەی ئیداری شێوە دەوڵەتی هەیە بەڵام دامودەزگای بیرۆکراتی نیە بەمانا زانستیەکەی، سنوری جوگرافی هەیە بەڵام سوپای بەرگری نیە بە مانای مۆدێرنەکەی، بە ملوێن موچە خۆری هەیە بەڵام داهاتی نیە،خەرجی هەیە بەڵام بودجەی نیە، بازاڕی هەیە بەڵام هیچ سیستەمێکی ئابوری نیە بە شێوەیەکی زانستیانە. 

ئەگەر هەروا بەشێوەیەکی روکەشیانە سەیری بکەیت بەهیچ لێکدانەوەیەکی ئەقڵی ناتوانرێت فاکت بهێنرێتەوە بۆ دا نەتەپینی ئەم سیستەمە بەڵام کارلێکی نێو سیستەمەکە پێمان دەڵێ کە هیچ لێک دژیەک بونی نیە. 

هەرچەندە چەند هەوڵێک دراون بۆ پێناسەکردنی ئە سیستەمە یەکێکیش لەم هەوڵانە کارەکانی بەختیار عەلیە کە ئەم سیستەمە دەبەستێتەوە بە کەپیتالزمی خۆرهەلاتی بەڵام ئە چەمکەش تا ئێستا بۆ ئێمە کەمتر پێکهاتی کارکردنی دیارە پەیوەندیەکی بەهێزیشی بە ئابوری نەوتیەوە هەیە، کەچی سیستەمی حوکومرانی کوردی بەبئ هەبونی ئابوریەکی بەهێزیش دەتوانئ گەشە بکات.  لە هەمو گۆشە نیگایەک وا دەردەکەوێت کە ئەم سیستەمە تا بینە قاقا لەکێشە دایە و چەمکی شکستیش بۆتە شا دەروازەی تێگەیشتن لە کێشەکان بەڵام تا ئێستا ئەم چەمکە هیچ نزیکبونەوەیەکی دروست نەکردوە بۆ تێگەیشتن لە پرۆسێسی کارکردنی سیستەم، ئەم گفتوگۆیە قەیرانێکی مەترسیداری دروست کردوە و فکر کڕ کەوتوە بەسەر ڕەگەزی دۆگمادا و وێڵە بۆ ڕاوکردنی خێوی شکست، گفتوگۆگان هێندەکۆمیدی بونە ڕۆژانە دەیان نوسەر و سەدان هەزار هاوڵاتی بانگەشەی شکستی حوکومڕانی کوردی دەکەن کەچی بۆ بەیانیەکەی ڕێک و ڕەوان بەرخورد لەگەڵ ئەم دەسڵاتە دەکەنەوە و بیریشیان چۆتەوە ئەگەر چەمکی شکستی سیستەم و حوکومڕانی ئاماژەیە بۆ هەڵوەشانەوە و داروخان یان شی بونەوە و لەنێو چون ئەی چۆن دەکرێت تۆ دوبارە بکەویتە گفتوگۆ لەگەڵی! چۆن نەبونێک یان خێو و تارماییەک بە گەورەترین بەربەستی خۆت دادەنێیت!!

بۆ نمونە لەم پەلامارانەی دوایدا کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەک لە سنوری پێشمەرگە دوبارە هاش و هوشە کۆمیدیەکە دوبارە بوەوە کە ئێمە نە حوکومەتمان هەیە نە سوپای نیشتمانی و ئەمانە شکستیان خواردە کەچی بۆ ڕۆژانی دواتر هەرئەمانە کەوتنە پلان دانان و ئامۆژگاری بۆ ئەم حوکومڕانیە کە چۆن بەرگری بکات و خاکی وەتەن بپارێزێت!!  

بە ماوەیەکی کەم دواتر خوێنکاران وەک وشیارترین توێژ نارەزای و خۆپشاندانی گەورەیان ڕێک خست بۆ داواکاری دەرماڵەکانیان لە حوکومەتێکی شکست خواردو، کۆمیدیاکە لێرەدا زۆر تراژیدی دەبێت کاتێک خوێنکاران پڕ بە قوڕگیان هاوار دەکەن کە ئێمە دەزانین ئەی حوکمەتی کوردی تۆ شکستیت تۆ زانکۆ و زانستت پێویست نیە ئێمە بونێکی زیادین بۆتۆ و هەبون و نەبونی ئێمە هیچ لە قەبارەی تۆ ناگۆڕێت  تەنانەت ئێمە دەزانین تۆ هیچ داواکاریەکیش جێبەجئ ناکەیت بەڵام ئێمە تەنها داوا دەکەین!!

ئیتر ئێستاخەریکە بۆمان ڕون دەبێتەوە کە  دەستەواژەی شکست وەک ئەوەی تا ئێستا بۆ حوکومەتی کوردی بەکار هێنراوە بریتی نیە لەخودی شکست بەڵکو ئاماژەیە بۆ شتێکی تر ، بۆ دۆخێکی نادیار و پێناسە نەکراو چونکئ هەر وەک باسمان کرد كاتێک شکست ڕودەدات ئیتر دۆخی پێش شکست چیتر بونی نیە بەڵکو بارودۆخێکی تر دروست دەبێت ، شکست پردێکە لەنێوان ئەوەی پێشتر هەبو لەگەڵ ئەوەی کە لەدروست بونایە، پەڕینەوەیەکە زەمەنێکی کورت و تێپەڕە. دوای شکست هەمیشە زەمینەی ئەگەری جیاوازتر بە باش و خراپ دێتەئاراوە  بەکورتی شکست بریتی نیە لە بەرهەم هێنانەوەی هەمان بار. 

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت پڕۆسەی تێگەیشتن لە حوکومڕانی کوردی پرۆسەیەکی ترژیدیا ئاسا بوە،  سمپتۆم نیشان دراوە بەڵام بەبئ نەخۆشی و دەرد! هۆکار بەبئ هۆ ڕاگەیەێنراوە!  بە هەر ڕێگایەک کە توانراوە، هەوڵدراوە دۆگمایانە لەکێشەکە نزیک ببنەوە وەک ئەوەی کەسێک ناچار بکەیت کۆمەڵێک سمپتۆم لەخۆی نشان بدات بۆ ئەوەی دەردەکەی بەسەردا بسەپێنیت!! 

بەکورتی ئەوەی تائێستا پێی وتراوە شکستی حوکومڕانی کوردی هیچ نیە جگە لە میکانزمی ناوەکی کارلێکی سیستەمەکە. ئەم حوکومڕانیە نەبونی دامودەزگای تەکنۆکرات بەشێکە لەپێکهاتەی بنەڕەتی کارکردنی، ڕێگانەدان و بەرەنگاربونەوەی هەرهەوڵێک بۆ دروست کردنی سوپای نشتمانی بزوێنەری دەزگاکەیەتی، هێچ سنورێکی موقەدەسی نیە تا سەر بەرگریەکی ڕەوای لێبکات هاوڵاتی و هاونشتمانی بونی نیە لە شوێنی ئەمە دارو دەست و پێوەند هەیە ، ماف بریتیە لە پەسەند کردنی ئەم بنەمایانە بە ڕەهایی.  خاڵی جەوهەری ئەوەیە ئەوەی پێی دەوترێت شکست لە واقعدا بارودۆخێکی ئاسایی نێو حوکومڕانیەکەیە و ئەم سستەمە حوکومڕانیە شکستی نەهێناوە بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵی ناسین و پێناسەکردنی ئەم سیستەمە شکستی هێناوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×