سەرکردەی ڕزگارکەر یان تراویلکە؟

دانا سەلام
  2021-12-29     626

سەرکردەی ڕزگارکەر لە مێژووی گەلاندا جۆرێکە لە ئەفسانە، ڕاستی ڕووداوەکان زۆر لەوە فروانترە کە لە ڕۆڵی کەسێکدا چڕ بکرێتەوە. ئەگەر بە ووردی لێکۆڵینەوە لە هەر ڕووداوێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بکەین، ڕوون دەبێتەوە کە ڕووداوەکان بەرهەمی کاری هەروەزین نەک تاکە کەس. لەو دەمەوەی مرۆڤ توانی بە جیهانی فراوانی ئەندێشە ئاشنا بێت  و لە دەوری گوتارێکی هابەشی فکری کۆبێتەوە، توانی ئاژەڵە بەهێزەکانی تر ڕاوبکا و ببێتە هێزی یەکەمی ناسروشتی لەسەر ئاستی جیهان. ئەو ئاژەڵانەی کە توانای کۆبونەوەیان هەیە لە دەوری پرۆژەی گشتی توانیویانە سەرکەوتووتربن لە ئاژەڵەکانی تر، بۆ نمونە مێرولە لە مڵە و دوپشک بچوکترە بەڵام ڕاویان دەکات. هەنگ لەگەڵ ئەوەی دوژمنی زۆرە توانیویانە بمێننەوە و گەشە بکەن. گورگ و کەمتیاریش زۆر کەم هێزترن لە شێر و پڵنگ و وورچ بەڵام سەرکەوتووترن لە مانەوە و ڕاوکردن.

مرۆڤ زوو پەی بەو ڕاستیە بردووە و گەشەسەندنی بایۆلۆجیش هاوکاری بووە لە درووستکردنی گوتارێک لە پانتایی  بێ سنوری ئەندێشەدا. بۆ نمونە ئاین گوتارێکی سەرەکی بووە لە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری پرۆژەیەکی هاوبەش تا ئەوکاتەی گەورەیی هەرەوەزەکە لە ژێر باری سەنگینی گەشەی خۆیدا درزی بردووە و گوتارەکە گوتاری نوێی لێ کەوتۆتەوە و هەرەوەزەکەش دابەش بووە. مێژووی خەراب ڕەشکی نزیکی دیاربەکر پێمان دەڵێت کە دوانزە هەزار ساڵ پێش مرۆڤ توانیوێتی پرۆژەیەکی هێندە گەورەی وەک درووستکردنی پەرستگاکەی خەراب ڕەشک بەرهەم بێنن. دواتریش ستۆنهێبجی ئینگلتەرا و هەرەمەکانی میسر و هایپۆجێنۆمی مالتا و چغازنبیلی ئیلام وماچوپیچوی پیرو و دەیانی تر بەرجەستەی فیزیایی ماوەن لە بەرهەمی گوتاری هاوبەشی مەعنەوی مرۆڤەکان.

چیرۆک و داستانەکان بە پێچەوانەوە پتر لە هەرشتێک باس لە ڕۆڵی تاکە کەس دەکەن. بۆ نمونە، گاندی دەکرێتە سیمبول و  بەدیهێنەری سەربەخۆیی هندستان. هەموو هۆکارەکانی تر فەرامۆش دەکەن، لە ڕاستیدا  یەکانگیر بوونی چەندین هۆکار پیکەوە توانی گوتاری سەربەخۆیی سەربخات وەک گەشەسەندنی هەستی نیشتیمانی، ناداپەروەری دەسەڵاتی داگیرکەریی بریتانی، گەشەسەندنی ئای ئێن سی، گاندی و باوەڕی بایکۆت و لە هەمووشیان گرنگتر شەڕی دووەمی جیهانی و لێکەوتە سیاسی و ئابوریەکانی. بە هەمان شێوە داستانەکان باس لە ڕۆڵی هیتلەر دەکەن لە گرتنی دەسەڵات و شەڕەنگێزی و داگیرکردنی ووڵاتان بی ئەوەی باس لە جەنگی جیهانی یەکەم و ڕۆڵی خراپی دۆوس پلان و قەیرانی ئابوری ۆڵ ستریت بکرێت لەو هەڵاوسانە ئابوریەی توشی ئەڵمانیا کراو پەرەی بە گەشەسەندنی توندڕەوی دا، یان باس لە ڕۆڵی خراپی ڕووسیا و بریتانیا و ئەمریکا و سوید و پاپای ڤاتیکان بکرێت لە بێدەنگی یان هاوکاریان لەسەرەتای سەرهەڵدانی نازیدا.  هەمان شت ڕاستە بۆ هەموو کەسایەتیەکانی مێژوو لە جوسری مییسرەوە تا ئەسکەندەری مەکدۆنی و دیاکۆی ماد وە هەتا جەنگیز خانی مەغۆل.

بەڵام بۆچی ڕۆڵی سەرکردەیەک زەق دەکرێتەوە پتر لە کارە هەرەوەزەکان، چونکە مێشکی مرۆڤ بە سروشت بە دوای ڕێکخستندا دەگەڕێ، هەر شتێک ببینێت بە ژمارەیەکی زۆرتر لەوەی کە توانای بەسەردا دەشکێت، ڕیزبەندیان دەکات بە جۆرێک توانای بەسەریاندا بشکێت. بۆیە داستان و چیرۆک زۆرتر سەرنجی خەڵک ڕادەکێشیت چونکە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە. لە داستاندا مرۆڤەکان دابەش دەکرێن بۆ دوو ڕۆڵی سەرەکی باش و خراپ، ڕەش و سپی، ئەمەش ئاسانی دەکات بۆ هزرێک کە وەرزشی نەکردبێت و ڕانەهێنرابێت لە لێکدانەوەی ئاڵۆز.

بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا بەرەو باشتر، دەبێت کەرەستەکانی گۆڕانکاری لە خۆمان و کۆمەڵگادا ئامادە بکەین چونکە گۆڕانکاری گەورە بەرهەمی کاری هەرەوەزە. زۆربەی ئیمپراتۆریەتەکان و ڕێکخراوە سیاسیەکان لە ئاشوری و مێد و ڕۆمەکانەوە تا جۆوی چین و بەریتانیا و ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمرییکای ئەمیستاش دەیان سەرکردەیان گۆڕیوە بەڵام ڕێکخراوەکان بەردەوام بوون. نابێت چاوەڕوانی تراویلکە بین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×