داماو ئاھەنگی چی ئەگێڕیت؟

د. ئیسماعیل نامیق
  2022-01-01     913

میللەتانی دونیا بەبۆنەی ھاتنی ساڵی تازەوە ئاھەنگ ئەگێڕن، لەبەرئەوەی لەو ساڵەدا، یەکێکیان گەورەترین تەلیسکۆبی ناردۆتە بۆشایی ئاسمان، یەکێکی تریان گەورەترین داھێنانی زانستی کردووە، ئەوەی سێیەم ئابوری وڵاتەکەی ھاتۆتە ریزی بەھێزترین ئابوری جیھان، ئەوەی چوارەم لەبواری سەربازیدا پێشکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە، ئەوەی پێنجەم کاری گەورەی کردووە لەبواری کشتوکاڵدا، ئەوەی شەشەم پیشەسازی وڵاتەکەی زۆر پێشخستووە، ئەوەی حەوتەم باشترین فیلمی بەرھەم ھێناوە، ئەوەی ھەشتەم وەرزشی وڵاتەکەی گەیاندۆتە لوتکە، ئەوەی نۆیەم کاری بەرچاوی کردووە لەبواری مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا، ئەوەی دەیەم زانکۆ و قوتابخانەکانی پاش ماندوبونێکی زۆر و تەواوکردنی وەرزێکی خوێندن و توێژینەوە، پێویستی بەپشوویەک ھەیە بۆ وەرگرتنی ووزە و خۆئامادەکردن بۆ وەرزێکی تر.
  کەواتە ئەوان مافی خۆیانە ئاھەنگ بگێڕن، چونکە ساڵێکی پڕ لەماندوو بوون و  دەسکەوتیان بەڕێکردووە، خۆشیان ئامادە ئەکەن لەساڵی تازەدا دەسکەوتی زیاتر بەدەست بھێنن.
ئادەی پێم بڵێ تۆ بۆچی ئاھەنگ ئەگێڕیت؟ تو سەری برایەتیمان دۆخی حوکمڕانی ٢٠٢٢ و ١٩٢٢ و ١٨٢٢ چ جیاوازییەکیان ھەیە؟ زەحمەت نەبێت لە٢٠٢١ چیت کردووە تا ئاھەنگی بۆ بگێڕیت؟ با من پێت بڵێم، لە٢٠٢١ دا سلێمانی وەکو مەقەدیشۆ بوو، ھەر رۆژەو لەشوێنێکدا  تەقە بوو، لەھەموو سەرکۆڵانێکدا خاڵێکی پشکنین و ھێزێکی سەربازی خۆی مەڵاسدابوو! دھۆکی دەلالیش وەکو عادەتی خۆی رکابەری پیۆنگ یانگی کرد و لێی بردەوە تەنانەت لەکۆتا رۆژەکانی ساڵیشدا رێگەی نەدا بەخەڵاتکردنی چەند رۆژنامەنوسێک! ھەرچی ھەولێری پایتەختیشە، بەشێکی ئاو بردی و تەخت بوو، بەشەکەی دیکەی پایەی تەلاری بەرپرسەکانی تێدا زیاتر و بڵندتر بوو.
کەواتە بۆچی ئاھەنگ ئەگێڕیت؟ بۆ ئەو ھەموو گەنج و مناڵەی لەئیجەدا خنکان و لە بیلاروسیادا رەقبوونەوە، یان بۆ خنکاوەکانی بادینان و ھەولێر، کەھێشتا تەرمی ھەندێکیان نەدۆزراوەتەوە! یان بۆ زانکۆکان لەدوای مانگێک دەوام و مانگێک لەخۆپیشاندان و پشوو، یان بۆ باشبوونی دۆخی ئابوری و  قوت و موچەی خەڵک و فەرمانبەران؟
ئێستا خۆت یەکلایی کەرەوە بۆچی ئاھەنگ ئەگێڕیت؟ بۆ لەبیرکردنی خەم و ناخۆشی و شکستی رابردووت، یان بۆ پێشوازیکردن لەناخۆشیەکانی داھاتووت؟
بەڕای من میللەتی دۆڕاو و شکستخوارد و دواکەوتوو، لەھەرشوێنێکی دونیادا بێت، ئەبێت لەسەری ساڵی تازەدا لەجیاتی ئاھەنگێڕان، قوڕ بپێوێت و پرسە دابنێت و وەکو شوێنکەوتووانی مەزھەبی شیعە لەخۆی بدات، بۆ ھەموو ئەو شکستانەی لەو ساڵەدا چنیوێتیەوە!

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×