ئایندەی ئەردۆغان لەنێوان توسیادو موسیاد

شوان حەمە
  2022-01-01     830

یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٧١ لەتورکیا، کە بە "کودەتای یاداشتنامە" ناسراوە، دۆخی خراپی ئابووری بوو.  
لەهەمان ساڵداو هاوزەمان لەگەڵ سەرکەوتنی کودەتاکە، کۆمەڵەیەکی ئابووری ناحکومی بەناویTÜSİADTـ توسیاد (کۆمەڵەی پیشەسازکاران‌و کارسازانی تورکی) دروست بوو. توسیاد کۆمەڵەیەکی ئابووری تورکی نێودەوڵەتییەو بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی کۆمەڵەکە، سەرۆک‌و ئەندامانی کۆمەڵەکە لەسەرمایەدارانی تورک و بیانی پێکدێن.

لەو دەمەوە تا ساڵی ١٩٩٠، توسیاد وەک سەرەکیترین جومگەی ڕێکخەری ئابووری تورکیا، لەهەر سێ بوارەکانی وەبەرهینانی ناوخۆو هەناردەو هاوردە ڕۆڵی بینیوە، تەنانەت لەکۆدەتا سەربازییەکەی ساڵی١٩٨٠ کە بە خوێناویتین کۆدەتای سەربازی مێژوی تورکیا دادەنرێت. کۆمەڵەی توسیاد وەک خۆی مایەوە و پشتیوانی لێ کرا.

ساڵی ١٩٩٠ کاتێک حیزبی ریفاهی ئیسلامی، بەڕابەرایەتی نەجمەدین ئەربەکان، وەک حیزبێکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن دەرکەوت. کۆمەڵەیەکی ئابووری هاوشێوەی توسیاد، بەڵام بە دیدێکی ئیسلامی، بەناوی MÜSİAD موسیاد (کۆمەڵەی سەربەخۆی پیشەسازکاران‌و کارسازان) دروست بوو.

دوای ئەوەی پارتی ڕیفاهی ئیسلامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٥ی بردەوە، سەرۆکوەزیران نەجمەدین ئەربەکان پێگەو دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەهێزکردنی موسیاد دەستپێکرد، بەڵام زۆری نەبرد لەساڵی ١٩٩٧ جارێکیتر جەنەرالەکانی تورکیا کودەتایەکی سەربازی نوێیان ئەنجامداو حکومەتی ڕیفاهی ئیسلامیان ڕوخاندو ئەربەکانیان لەکایەی سیاسی دوورخستەوە.

 ساڵی ٢٠٠٣ ئەردۆغان بوو بە سەرۆکوەزیرانی تورکیا. بەڵام بەهۆی ئەزموونی سەرنەکەوتووی مامۆستاکەی نەجمەدین ئەربەکان‌و ترس لەجەنەرالەکان‌و ترس لەقەیرانی ئابووری، ئەردۆغان نەیدەوێرا دەست بۆ لاوازکردنی توسیاد ببات.
 
دوای کودەتا سەربازییە سەرنەکەوتوەکەی ٢٠١٦، ئەردۆغان توانی لەڕاپرسی گشتی‌و لەڕێگەی گۆڕینی دەستورەوە، سیستمی حوکمڕانی لەپەرلەمانییەوە بگۆریت بۆ سەرۆکایەتی. لەوێوە بەئاشکرا هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی موسیادی ئیسلامی خستە گەڕ. لەو پێناوەشدا ئەرکی سەرپەرشتنیکردنی پێشانگای ساڵانەی پیشەسازییە سەربازییەکانی تورکیای بەخشی بە موسیاد.

ساڵی ڕابردوو، ساڵی داڕمانی بەهای لیرەی تورکی بوو.
بڕیاری ئەردوغان بە دابەزاندنی ڕێژەی سوود، نەک تەنها بوو بەهۆی دابەزاندنی بەهای لیرە، بەڵكو بوو بە هۆی هەڵئاواسانی ئابووری‌و بردنەدەرەوەی سەرمایە بیانییەکان‌و کەمبوونەوەی پارەی نەختینەیی‌و گرانی‌و برسییەتی لەتورکیا.
لەو پرۆسەیەدا ئەردۆغان زیاتر لەوەزیرێکی ئابووری‌و زیاتر لەبەڕێوەبەرێکی بانکی ناوەندی گۆڕیوە، بەڵام داڕمانی بەهای لیرەو نەبوونی دەرچەیەک بۆ قەیرانی ئابووری، تا کاتی نوسینی ئەم بابەتە بەردەوامە.

کۆمەڵەی موسیاد (ئیسلامی) پشتیوانی ئەردوغان دەکات. مەحمود ئەسمەڵی سەرۆکی کۆمەڵەکە، هاوڕێی ئەردۆغانە. سەرۆکی تازەدەستبەکاربوی بانکی ناوەندی تورکی شیهاب کافاجی ئۆغلو، کاندیدی کۆمەڵەی موسیاد بوو بۆ ئەو پۆستە.

سەرمایەدارەکانی ناو کۆمەڵەی توسیاد کە لەسەدا پەنجایان تورکن‌و سەرۆکەکەیان سەرمایدارێکی ئیتاڵییەکە، تا ئێستا زیاتر لەسەدا هەشتاو پێنجی کەرتی هاوردەو هەناردەو لەسەدا پەنجای کەرتی بەرهەمی ناوخۆیی تورکیایان لەدەستدایە. 
لەئەنجامی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەردۆ‌غان لەکارەکانی بانکی ناوەندیی، دواجار کۆمەڵەی توسیاد بەئاشکرا دژایەتی خۆی لەبەرامبەر سیاسەتە ئابوورییەکانی ئەردۆغان ڕاگەیاندووە.

لەئێستادا سەرۆکی کۆمەڵەی توسیاد سیمون کاسالوسکی کە هەمانکات سەرمایەدارێکی ئیتاڵییە، هەوڵەکانی خستوەتە گەڕ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لەتورکیا، لەو پێناوەشدا سەردانی سەرۆکی پارتە دژبەرەکانی ئەردۆغانی کردووە. 
هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت یان نا، لەوە ناچێت دۆخی ئابووری تورکیا بەم زوانە سەقامگیر بێت.

دەوترێت پێگەی ئابووری توسیاد لەتوکیا هێندە بەهێزە، کە لەڕابردوودا بووە بەهۆی ڕوخاندنی کابینەی حکومی. 
لەئێستاشدا لەلایەنە دژبەرەکانی ئەردۆغان‌و کۆمەڵەی توسیاد یەکیان گرتووە بۆ دوورخستەنوەی ئەردۆغان‌و ئاک پارتی لەدەسەڵات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×