کۆمەڵگەی تێکشکاو

ئارام قادر حەمەسور
  2022-01-04     706

بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ، دەسەڵات چەندین ڕێگا بەکاردێنێت تا تاکەکانی ڕام بکات. چونکە کۆمەڵگەی دەستەمۆ تەمەنی دەسەڵاتی ستەمکار درێژ دەکات.
هەموو ئامانجی دەسەڵات بوونی کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆ و کوورتبینە، کۆمەڵگەیەک مووچەیەک یان درووشمێکی ناسیۆنالیستی، لێ ببێتە پاراسیتامۆڵ و هۆشی ببات!

 بڕادبێری لە ڕۆمانی فەهرەنهایت 451دا دەڵێت: بەردەوام لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە کاتیان بدزە بەبەرنامەی سادەی وەک پرسیار و وەڵام، تا بزانن زۆر زیرەکن و زیاتر نەڕۆن. نەهێڵی بچن بەرەو بابەتە لینجەکانی وە کۆمەڵناسی و فەلسەفە و فیکر.
ئەم بەرنامانەش هەمان ستایلی بەگەمژەکردنی خەڵکە، کەسێک وەڵامی پرسیارێکی سادە دەزانێت و گەشکە دەگرێت و خۆی لێدەبێتە پڕۆفیسۆر. بیر بۆردیۆ کۆمەڵناسی فەرەنسی دەربارەی تەلەفزیۆن دەڵێت: تەلەفزیۆن دەتوانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بکات.
شاشەکانی ئێمە لەڕێگەی دزینی چاوی بینەرەوە گەمژەمان دەکەن، تا دەسەڵات تەمەنی درێژتر بێت. پێنج ملیۆن کەسین بەڵام سەدان تەلەفزیۆنمان هەیە!

میتۆدی شکۆی مامۆستا بشکێنە و بچووکی بکەوە لە چاو قوتابی، ڕێگە نەدەی مامۆستا بەسەر قوتابیدا زاڵبێت، خوێندن لاواز بکە بۆ ئەوەی زۆرینە لەداهاتوودا ببنە چەکدار و حیزبی. ئەمەش بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەی دەستەمۆیە.

هێز تاکە هۆکارنییە بۆزاڵبوون بەسەر کۆمەڵگەدا، کاتێک ئەسکەندەری مەکەدۆنی ئیمپڕاتۆرییاکەی درووستکرد و گەیشتە ڕۆژهەڵات، داوای لە ئەرستۆی مامۆستای کرد کە چۆن بتوانی بەسەر کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا زاڵبێت؟ ئەرستۆ گوتی ئەخلاقیان بشێوێنە. 
پیلانێکی تر، گەنجەکان پڕ بکە لەتووڕەیی و بێئومیدیی، وایان لێبکە هەمیشە چاویان لەدیوەخانی سەرۆک بێت. کچێکی مایکەپ و مۆدیل بێنە، بەکۆڵێ سلیکۆن و جوانکارییەوە نیشانی بدە کە داهاتی ساڵێکی یەکسانە بەداهاتی سی ساڵی فەرمانبەرێک. ئەمەش لووتکەی چینایەتیی و نائومیدییە.

کاتێک کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم جۆرە  پیلانانەی دەسەڵات ڕاهات و ڕازی بوو، دەبێتە کۆمەڵگەی دەستەمۆ و بێدەنگ و تێکشکاو. هەموو هەوڵی دەسەڵات درووستکردنی تاکێکی ئاڵۆز و شێواوە، تاکێک لەقۆناغی ئانۆمییەکەی دۆرکهایمدایە و زۆر وێرانە. تاکێک درووست دەکات کەهەمیشەی فریای بیرکردنەوە لە خەم و کێشەکانی خۆی دەکەوێت، ناهێڵێت کۆژانی گشتی ببێتە خەم و بیر کردنەوەی. 
لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا مرۆڤ بەمردویی لەدایک دەبێت، چونکە ژینگەی کۆمەڵایەتی کۆنتڕۆڵکراوە لەلایەن دەسەڵات.
ئەوەی گرنگە لێرەدا دەبێت کۆمەڵگە ڕاستبکرێتەوە پێش دەسەڵات، چونکە کۆمەڵگەی وێران دەسەڵاتی خراپ درووست دەکاتەوە. لە ژینگە دەستەمۆ و مێگەلدا هیچ چرۆیەک گەشەناکات. یەکەم کار دژایەتیکردنی فریوگەلە. مێگەل لێرەدا میتافۆرێکە بەمانای تەمبەڵ و دەستەمۆکراو.

وەک هێلکەی ئەو هەڵۆیەی کە هێلانەکەی لەسەر لووتکەی شاخێکی بەرزە، هێلکەکەی گلۆر دەبێتەوە بەرەو بناری شاخێک تا دەکەوێتە ناو هێلانەی مریشکێکەوە.
 پاش چەند هەفتەیەک بێچووە هەڵۆیەک لەپاڵ چەند جوجەڵەیەکدا لە هێلانەکەوە سەر دەردێنن. بێچووە هەڵۆ لەگەڵ جوجەڵە و مریشکدا گەورە و پەروەردە دەبێت، ئیتر وادەزانێ ئەویش هەمان باڵندەیە کە توانای فڕینی نییە.
 رۆژێک دەبینێ پۆلێک هەڵۆ بەرزبەرز بەئاسماندا دەفڕن و شینایی ئاسمان تەی دەکەن، لای هاوڕێکانی خۆزگە دەخوازێت ئەویش وەک هەڵۆکان بیتوانیبا بەرز بەئاسماندا بفڕێت. 
کاتێ مریشکەکان گوێیان لەو خۆزگەیە دەبێت گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن: بەرز مەفڕە و قەت بیر لەوە نەکەیتەوە ببیتە هەڵۆ. پاش ئەو وەڵامە قورسە، بێچووە هەڵۆ بۆ دواجار خۆزگەکەی لەچاڵ دەنێت، ئیتر تا گیان لەدەست دەدات وەک مریشکێکی غەمگین و گۆشەگیر دەژیت، لەگەڵ ئەو خۆزگە کوژراوەدا پیر دەبێت و سەر دەنێتەوە. 

لە کۆمەڵگەی تێکشکاودا گوڵەکان بەچرۆیی دەمرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×