دیاردەی كۆچكردن و  لێكەوتە ئەرێنی و نەرێنیەكانی لەسەر كۆمەڵگای كوردەواری

نەوزادی موهەندیس
  2022-01-13     1072

•    دیاردەی كۆچكردنی مرۆڤەكان مێژوویەكی دێرینی هەیە و زۆرجاران هۆكارەكان مرۆڤخۆی بوون و هەندێكجاریش هۆكارە سروشتیەكان پاڵنەربوون.
•    كۆچكردن بریتیە لە گواستنەوەی كەسێك یان كۆمەڵە كەسێك لە وڵاتی خۆیەوە بۆ وڵاتێكی تر  یان ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی هەمان وڵات،بەمەبەستی مانەوەی كاتی یان هەمیشەیی و وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە.
•    گەلێك هۆكار هەن كە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی كۆچكردن لەوانە:
1.    سیاسی: بەهۆی ململانێ‌ سیاسیەكانەوە و ناجێگیری سیاسی لەوڵاتدا.و هەڵاتن لە كوشتن و بڕین و قاتوقڕكردن و جینۆسایدكردن.
2.    ئابوری: بەهۆی هەژاری و برسێتی و نەبوونی كار و خۆشگوزەرانی و بێكاریەوە .
3.    ئەمنی:بەهۆی جەنگ و كاولكاری و بوونی پشێوی لە وڵاتدا.
4.    كۆمەڵایەتی:بەهۆی كێشە و ناكۆكیە كۆمەڵایەتیەكان لەنێوان هۆز و ناوچە جیاوازەكان.و گەڕان بەدوای خۆشگوزەرانی و ئارامی لەڕووی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاریەكانەوە.
5.    ئاینی: بەهۆی ململانێ‌ ئاینی و مەزهەبە جیاوازەكانەوە.
6.    ژینگەیی: بەهۆی كارەساتە سروشتیەكانەوە وەك گڕكانەكان و بومەلەرزە و سووتانی دارستان و لافاو و...هتد.
•    جا دیاردەی كۆچكردن  دوو جۆرهۆكاری سەرەكی هەیە كە بریتین لە:
1.    كۆچ بەهۆكاری ناچاری و دەركردن :بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبونی ئەمن و ئاسایش و بوونی هەژاری و جەنگ و كاولكاریەكان و برسێتی و ...هتد.
2.    كۆچ بەهۆكاری ڕاكێشان: بەهۆی ڕاكێشانی هاوڵاتیان بۆ وڵاتێكی تر لەبەر بوونی ئیشوكار و دامەزراندن و بەرزی ئاستی ژیان و بوونی خزمەتگوزاریەكان و سەقامگیری ئەمن و ئاسایش و جێگیری سیاسی و ..هتد.
•    جا كۆچكردنیش زۆر جۆری هەیە  وەك:
1.    كۆچی كیشوەر بڕ: لە كیشوەرێك بۆ كیشوەرێكی تر وەك لە ئاسیاو ئەفریقیاوە بۆ ئەوروپا و ئەمریكا و ...هتد.
2.    كۆچی ناوخۆیی: لەچوارچێوەی یەك وڵاتدا وەك ئەوەی لە عێراقدا ڕوویدا لە قۆناغی شەڕی ناوخۆیی شیعە و سونە و دواتریش داعش كە ژمارەیەكی زۆری عەرەب كۆچیان كردە هەرێمی كوردستان.
3.    كۆچ لە گوندەوە بۆ ناو شارو شارۆچكە و شارە گەورەكان:بەهۆكاری نەبوونی ئیشوكار و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاریەكان لەناوخۆی یەك وڵاتدا وەك ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991وە ڕوویدا لە هەرێمی كوردستان و گەلێك وڵاتی تریش.
4.    كۆچی زۆرەملێ‌: كە دەسەڵات پیادەی دەكات بە بیانوی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وەك ئەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسی صدامیەوە پیادەی دەكرد لەژێر ناوی ئەنفال و كیمیاویباران و تەعریب و تەبعیس و تەهجیر و لە ئێستاشدا دەسەڵاتدارە شیعە مەزهەبەكان بەهۆكاری ئاینی و مەزهەبی شیعەوە پیادەی دەكات لەناوچە سونی و كوردەكاندا.
5.    كۆچی پێویست یان ناچاری: بەهۆی برسێتی و هەژاری و نەخۆشی و پەتا و جەنگ وە.
6.    كۆچی گەڕانەوە: گەڕانەوە بۆ وڵات و نشینگەی خۆ.
7.    كۆچی وەرزانە: بەهۆی بوونی ئیشوكاری بیناسازی یان كشتوكاڵی یان گەشتوگوزاری لەوەرزە جیاوازەكاندا.
•    بەم شێوەیە دیاردەی كۆچ تایبەت نیە بە كیشوەرێك یان ناوچەیەك یان وڵات و كۆمەڵگایەكی دیاریكراو و لە ئێستادا بۆتە دیاردەیەكی جیهانی و مەترسی و هەڕەشەشی دروستكردوە بۆ سەر كۆمەڵگا پێشكەوتوو و خۆشگوزەرانەكانی وەكو ئەوروپا و ئەمریكا و وڵاتانی پێشكەوتوو.بەهەمان شێوەش بۆتە كارتێكی فشار بۆ هەڕەشەكردن و نەرمی نواندن و دەسكەوتنی دەسكەوت و پاراستنی بەرژەوەندیەكان وەكو ئەوەی كە توركیا دژ بە وڵاتانی ئەوروپا پیادەی دەكات لە كردنەوەی سنورەكانی و ڕۆیشتنی ژمارەیەكی بێشوماری كۆچبەران بەرەو ئەوروپا كە دەبنە فشارێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بۆسەر ئەو كۆمەڵگایانە.ئەوەتا تەنها لە ساڵی 2017دا ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی 285 ملیۆن كۆچبەری تۆمار كردوە.و ساڵانەش زیاتر دەكات.
•    كۆچ هەر لایەنی ڕەش و خراپ و نەرێنی نیە بەڵكو لەبەرامبەریشدا سوود و قازانجیشی هەیە لە ڕووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەلتوریەوە چونكە دەبێتە هۆكاری:
•    دەسكەوتنی هێزی كاری هەرزان.
•    تێكەڵاوبونی كەلتور و دابونەریتە جیاوازەكان و شارستانێتیەكانی گەلان.
•    بەهەمان شێوە كۆچ ئاسەوار و كاریگەری باش و خراپی هەیە بۆ سەر ئەو كۆمەڵگایانەی بۆی دەچن و لەهەمان كاتیشدا بۆ ئەو كۆمەڵگایانەی كە لێوەشی كۆچ دەكەن وەك:
•    ئاسەوارە باشەكان لەسەر ئەو وڵاتەی كۆچی بۆدەكرێت:
1.    هەمەجۆربوونی كەلتور و دەوڵەمەندبوونی.
2.    نەهێشتنی یان كەمكردنەوەی بۆشایی لە بوونی هێزی كاردا.
3.    كەمبونەوەی كرێی كار كەمتر لە كرێی كرێكاری خۆماڵی.
•    ئاسەوارە خراپەكانی:
1.    بەرزبونەوەی خزمەتگوزاریەكانی تەندروستی و خوێندن و پەروەردەییەكان.
2.    قەرەباڵغی دانیشتوان دروستدەبێت.
3.    جیاوازی كەلتور و ڕۆشنبیری لەنێو كۆمەڵگادا.
•    كاریگەریە باش وخراپەكان لەسەر ئەو كۆمەڵگایانەی كە كۆچی لێوەدەكرێت:
•    كاریگەریە باشەكان:
1.    گەڕانەوەی پارە و داهات بۆ ناو وڵات.
•    كەمبونەوەی فشار لەسەر سەروەت و سامانی وڵات و ئیشوكار.
2.    گەڕانەوەی كۆچبەران بەتوانا و شارەزایی  زیاتر و فێربوونی زمانی بیانی تر.
•    كاریگەرییە خراپەكانی:
1.    كەمبونەوەی دەستی كار.
2.    بەجێهێشتنی خێزان و منداڵ و لێكهەڵوەشاندنی خێزانەكان.
3.    كۆچی تواناكان و مێشكە داهێنەر و زیرەكەكانی وڵات.
•    بەم شێوەیە دیاردەی كۆچ لێكەوتەی باش و خراپی هەیە و  كۆمەڵگای كوردەواریش لەهەموان زیاتر گیرۆدەی ئەم دیاردەیە بووە، هەر لەكۆنەوە تا ئێستاش بەهۆی ئەوەی كە كورد و كوردستان بۆ سەد ساڵ زیاترە دابەش و داگیركراوە و بەسەر 4 وڵاتی سەردەستی توركیا و ئێران و عێراق و سوریادا و هەمیشە لە جەنگێكی بەردەوامی ڕەوا و مقاوەمەتكردندا بوە لە بوون و مان و نەمانی شوناس و مێژوو و جوگرافیاكەی و دابونەریت و ڕەسەنایەتیەكەی.بۆیە هەمیشە كەوتۆتە بەر هەڕەشەی كوشتن و بڕین و بەزۆرەملێ‌ كۆچپێكردن لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر و هەموو كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیاویباران و  ڕاگواستنەكان و جینۆسایدەكان و سووتماككردنی خاك و سووتاندنی ڕەز و باخ و دارستان و لەوەڕگا و وشكردنی سەرچاوەكانی ئاو و وێران و كاولكردنی گوند و شارۆچەكان و ..هتد. هەموانیان پاڵنەری سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ئابوریان لە پشتەوە بوە.
•    ئەوەی لە ئێستاشدا و لەسەردەمی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی خۆماڵیشدا ڕوودەدات هەمان هۆكارە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەكانی لە پشتەوەیە و ئەو گەنج و توانا و خێزانانەی كە خۆیان دەكەنە خۆراكی ماسی و دەریاكان و دارستان و مەترسیەكان هەموانیان بەشی هەرە زۆریان ڕاكردن و هەڵاتنە لەو دۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنیە ناجێگیرەی كە زۆرجاران بەدەستكردی دەسەڵاتداران دروستبوون و بونەتە مایەی بێزاری و توڕەبون و زویربوون و سەرهەڵگرتن و بەجێهێشتنی خاكی وڵات و خێزان و زایەنگاكانی خۆیان.
•    بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵنگاریەكان هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێگەی جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و ڕەخساندنی هەلی كار و نەهێشتنی برسێتی و هەژاری و بێكاری و چەوساندنەوە و بێڕێزیكردن و نەهێشتنی نایەكسانی و گەندەڵی و ...هتد.بۆیە گەر ئەم هەنگاوانە هەڵنەنرێن ئەوا ئایندەی كۆمەڵگای كوردەواریمان لەم هەرێمەدا دەكەوێتە بەر هەڕەشەیەكی جدیەوە لەلایەك بەهۆی كۆچی گەنجانی كورد بۆ هەندەران و لەلایەكی تریشەوە كۆچی هاوڵاتیانی عەرەبی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێم و نیشتەجێبوون و بوون بەخاوەنی موڵك و ماڵ و مانەوەی هەمیشەییان، كە ئەمەش بۆخۆی ئەنفال و تەعریب و تەهجیركردنێكی هێواش و لەسەرخۆ و دەستكردی حكومەتی هەرێم خۆیەتی كە سەد ساڵە خەباتی كوردایەتی لەدژی ئەم سیاسەتە دوژمنكارانەی داگیركارانی كورد و كوردستان دەكرێت.دەریایەك خوێن و فرمێسكی لە پێناودا ڕژاوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×