ئەوسای گوندەکەمان و ئێستای شارەکەتان

هێمن ئەحمەد
  2022-01-15     1101

زۆر جار ڕودەدات لێرەو لەوێ،کاتێک گفتوگۆ یان مشتومڕ لەنێوان کەسێکی شاری و کەسێکی گوندی دروست دەبێت،هەمیشە شارنشینەکە ویستویەتی بیسەلمێنێت کە ئەم هەڵگری پێناسەیەکی شاریانەیەو خاوەنی پێشینە و چەند بەهایەکی شارستانیانەیە و جیاوازە لە بەرانبەرەکەی.بۆیە هەمیشە دەکەوێتە شانازی کردن و بە خۆدا هەڵدان بە خۆی و خێزان و بنەماڵە و کەس و کار و ژینگەکەی.کە پێدەچێت خودی ئەو کەسە تەواو پێچەوانەی ئەو پێناسە و بەسەر هەڵگوتنەدا بێت کە دەیکات.
خۆ دەکرێت بابای شاریش چاوەڕێی ئەوە بێت گوندیەکە وەڵامێکی تێر و تەواو و پڕ بە پێستی بداتەوەو بڵێت؛لە ئەوسای گوندەکەی ئێمە ژیانێکی زۆر سادەو بەختەوەر دەژیاین.دڵخۆش و ئارام بوین.بەوەفاو ڕاستگۆ بوین.هاوکار و میوان دۆست بوین و هەمیشە خۆشەویستیمان بۆ ژینگەکەمان هەبوو وەک لەشی خۆمان دەمانپاراست.لە فراوانکردن و چاندن و سەوزکردنی پێدەشت و کێڵگەکانمان ماندو نەدەبوین.بە ڕەنجی شانی خۆمان و ئارەقەی ناوچاوانمان بژێوی خۆمان پەیدا دەکرد و بارگرانی نەبوین بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت.بگرە زۆر جارانیش پەناگەو شوێنی داڵدەدان و حەوانەوەی شارنشینە لێقەوماو و هەڵهاتوەکانیش بوین.
ڕاستە لە گوندەکەمان چەتە و شێت و تەمبەڵ.....هتد هەبوون.بەڵام تەنها یەک چەتەمان هەبوو،ئەویش کە بەتەنیا دەچوە سەرڕێی کاروانەکان لەبری دەسکەوت لێدانێکی باشیشی دەخوارد.تەنها تاکە 
کەسێکمان هەبوو کە لەنێوان تەمبەڵی و شێتیدا بۆمان یەکلا نەدەبۆوە و بەردەوام لەناو مزگەوت دەکەوت و ئێوارانیش چاوەڕێی دەستی کەنیشکێکی گوندی دەکرد تا ژەمە خواردنێکی بۆ بێنێت.ڕاستە ساڵانە کێشەو ئاژاوە لەسەر بابەتی هەمەجۆر لەناو گوند ڕویان دەدا.بەڵام تەنها لەماوەیەکی کورتدا پیاوە ماقوڵان و ڕیش سپیەکان دەکەوتنە نێوانیان و هەر زوو  ئاو بە ئاگردا دەکرا.
ئەوسا هەرگیز چاوەڕێی هاتنەوەی کارەبا و ئاومان نەدەکرد.لەبەر ڕوناکی چرایەکدا ئاسودە دادەنیشتین و ئاوی سازگاری کانیاوەکانمان دەنۆشی.بەرهەمەکانمان لە پێداویستیەکانی خۆمان زیاد بون و بازاڕەکانی شاریشی پڕ کردبوو.کە هەموویان سروشتی و تەندروست بون.ڕاستە خوێندەوارمان کەم و خاوەن بڕوانامەمان نەبوو.بەڵام کەسمان چەقۆمان لەپشتی ئەوی تر نەدەدا لەسەر کورسی و پۆست و سامان.کەسمان هەڵگری پاسپۆرت نەبوین و گەشتی وڵاتانمان نەدەکرد بەڵام هەمیشە دڵخۆش و ئاسودە بوین.
لەژیانی ئەوسای گوندەکەمان،باڵامان بە باڵای کەس نەدەگرت و بۆ خودی خۆمان دەژیاین نەک بۆ لاسایی کردنەوە و چاولێکەری و خۆدەرخستن.ئەگەر مامۆستای گوندیش(مەلا) بیر بێنینەوە،ئەوا هەر خۆی مەرجەع و دەمڕاست و زانا بوو.ئەو نەک تەنیا هەر بەئاگا بوو لە ڕوداوگەلەکانی ئەم جیهانە بەڵکو باس و خواسی ئەودنیاشی دەهێنایە سەر زمان.هەرچەندە بابەتگەلێکی زۆر ماون کەهێشتا باسمان نەکردون لەسەر ژیانی ئەوسای گوندەکەمان بەڵام دەکرێت بڵێین؛
ئێستای شارەکەی ئێوە پڕیەتی لە چەتە و دز و مشەخۆر،لەبری دانەیەک چەندان هەزار هەن.ڕاستە گردبونەوە و جەنجاڵیەک لە ژیان لێرە ناودەبرێت بەکۆمەڵگەی  شار نشین.بەڵام کۆمەڵگەیەکی تەسلیم بو بەرانبەر ناهەمواریەکان،چاوەڕێ و چۆک دادەر و بێ ئیرادە بەرانبەر ڕێگریەکان و بێ بەرهەم و مشەخۆر.
کۆمەڵگەیەک هەمو ژیانی خۆی سەرقاڵکردوە بە کات بەسەربردنەوە.هەمو ژیانی بە چاوەڕێکردنی هاتنەوەی کارەبا و ئاو و پێدانی موچە و هەڵبژاردن وخولی پەڕلەمانی و پێکهاتنی حکومەت بەسەر دەبات.لە ئێستای ژیانی ئێوەدا هیچ شتێک واتای نەماوە.تەنها بۆ پارە و سەرمایە و بڕوانامە و باڵەخانەکان دەژین.هاوڕێیەتی و پەیوەندیە ڕۆحیەکان و وەفا و ڕاستگۆیی دەمێکە لەگۆڕ نراون.ئێستای ئێوە پڕیەتی لە کێشەی پەروەردەیی و فکری و تەندروستی و ژینگەیی و خزمەتگوزاری و دادوەری کۆمەڵایەتی و ....هتد.کە دەبنە تەوق و کەلەبچە بۆ نەوەکانی داهاتوتان.
ئەم گردبونەوە بێ مانایەی ئێستا ناودەنێن چی؟شار!
ئاخر شار بریتی نیە لە گردبونەوەیەکی گەورەی هەڕەمەکی بێ سەروبەر بێ خاوەن و بێ بنەما.مەرج نیە شار ئەو گردبونەوە گەورە بێت کە لە بیرکردنەوەی ئێوەدا ڕەگی داکوتاوە.تەنها کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر و مشەخۆر و بێ بەرهەم و دەم پڕ لە داخوازی بەرانبەر دەسەڵات.
یەکێک لە واتاکانی شار دەکرێت کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن و فرە کەلتوری و تێکەڵ و یەکتر قبوڵ کەر بێت.پەیوەندیەکان یاسایی و دامەزراوەیی و هاوڵاتیانە بن و پەیوەندیەکان ئاسۆیی بن.بەڵام هەمان شتی گوند لێرەش بونی هەیە،پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی خزمایەتی و بنەماڵەیی و ناسیاویە.ئەو پەیوەندیە ستونیەی کە بونی هەبو لە گوند لە گوێڕایەڵی جوتیار و ڕەنجدەر بۆ خاوەن مڵک و ئاغا و گەورەی گوند،لەژیانی ئێستای شاریشدا ڕەنگ دانەوەی تەواوی دەبینرێت.
دەتوانین بڵێین؛"دەکرێت لەشارێکی گەورەدا بیرکردنەوە و تێڕوانین و دنیابینین و جۆری پەیوەندیەکان گوندیانە بێت و لە گوندێکی بچوکیشدا بە پێچەوانەی ئەمە بێت."
هیچ سەیر نیە ئەگەر گوند نشینێک یان شوانێک شاریانە بیر بکاتەوە و دکتۆرێک یان مامۆستایەکی زانکۆ و خاوەن پۆستێکی باڵا گوندیانە بیر بکاتەوە و ڕەفتار بکات.
"ئێمە هەمومان دەممان دەکەینەوە،شین و شیوەن بۆ باڵا و ڕۆحی شار دەگێڕین.بەڵام دەکرێت یەکێکیش بین لە بکوژانی بنەماکانی شار و ڕۆحی زیندوی شارستانیەت."
لە ژیانی ئێستاماندا،کۆمەڵگەی شار نشین و گوند نشین جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە و هەردووکیان لەناو هەمان بازنەی بیرکردنەوەو ئەقڵیەت و ئاستی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا دەخولێنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×