سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ستایشی جەلادێکی ناوچەییدا!

عەبدوڵا مەحمود
  2022-01-17     530

بەبۆنەی دوو ساڵ تێپەڕین بەسەر تیرۆرو کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، لە شاری سلێمانی مەراسیمێک سازکرا. لەو مەراسیمەدا زوربەی زۆری سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەتایبەتی سەرانی یەکێتی نیشتیمانی، کەوتنە ستایشی رۆڵی قاسم سولەیمانی. وەکو فریشتەی دژە داگیرکاری، قارەمانی وەستانەوە بەڕووی تیرۆر، سەروەری ئاشتی، ئەندازیاری پاراستنی عێراق، رۆڵەی ئازای دژە داعش...تاد.

ئەو هەموو ستایش و پیاهەڵدانە بە سەرە تیرۆریستێکی ناسراوی ئێرانی و ناوچەیی، وەکو چاوپۆشیکردن لە چەندین دەهە لە رۆڵی دژە ئینسانی و ئینسانکوژی قاسم سولەیمانی و بەوێنەی سەرە تاوانبارێکی تیرۆریستی ناوچەیی، تەنها لەو ئینسانە بچوکانە چاوەڕوان دەکرێت، کە خولیای نۆکەرپیشەیی بۆتە تایبەتمەندییەکی جێکەوتویان.

قاسم سولەیمانی بە گەواهی ملیۆنەها ئینسان، ڕەمزی سەرکوتی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری لە ئیران و کوردستان، رەمزی هێرش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، رەمزی دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە لە عیراق و کوردستانەوە بۆ سوریا و لوبنان، و یەمەن و غەزە، لیبیا... ڕەمزی پێگەیاندنی دەیان گەورە مۆرەی تیرۆریست. ڕەمزی هێرش بۆسەر نەیارانی سیاسی و نەخشە دارێژەر بۆسەدان و هەزاران کردەوە تیرۆریستی. ڕەمزی کوشتاری ئینسان. رەمزی بەرگری لە ناشیرینترین و درەندەترین رژیمی ئیسلامی لەمێژووی هاوچەرخی دنیادا. ڕەمزی بەرگری لە خێڵی مەلای دەسەڵات بەدەست لە ئێران و ناوچەکەدا و ڕەمزی ئیسترادکردنی گروپی تیرۆریستی و هاوکاریکردنی گروپە ئینسان کوژەکانی ئیسلام لەهەموو گۆشەو کەنارێکی دنیادا، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بووە.

ئەم سەرە تاوانبارەی ئیسلام و دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران، نەک جێگای ستایشی هیچ ئینسانێکی ویژدان زیندووی ئازاد، نییە، بەڵکو وەبیرهێنەرەوەی کێوێک لەتاوان و ئەو روباری خوێنەیە کە قاسم سولەیمانی لە ناوچەکەدا رۆڵی بەرجەستەی لە دروستکردن و خوڵقاندنیدا، بووە.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەو ستایشە راستگۆیانەیان لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە، جارێکی گریانی تاڵەبانیان لەسەر گۆڕی خومەینی جەلادی شۆرشی ئیران و ئازادیخوازی، خستەوە ڕوو. ستایشی سەدام حسێنی چنگ بەخوێنی خەڵکی عێراقیان لەلایەن سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە نیشاندایەوە کە دەیان وت سەدام حسێن دوژمن نییە، ئەندازیارە. جارێکی ستایشی پەیرەوانی ئەتاتورک و تۆرکۆت ئۆزالیان نمایش کردەوە کە سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە وەسفیدا، بێ رکەبار بوون.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئێستا و ئەوانەیان لە مەراسیمی دووساڵەی کوشتنی قاسمیدا، ستایشی سەرە جەلادی ئازادی و ئینسان و ئازادیخوازیان کرد، نیشانیاندایەوە رۆڵەی بەوەفای سەرانی پلەیەکی بزوتنەوەی کوردایەتین کە سەرانی دەوڵەتانی فاشیستی ناوچەکەیان لە خومەینیەوە بۆ سەدام حسێن و تۆرکۆت ئۆزال بەدۆست و پشت و پەنای خەڵکی زوڵملێکراوی ناوچەکە و کاراکتەری ئاشتی دەزانی و خەڵکی کوردستانیشیان بە درندەیی ئەوان دەترساند.

ستایشی قاسمی سولەیمانی تیرۆریست، و سەرانی تری چنگ بەخوێنی دەوڵەتەکانی تر، نیشانەیە بۆ ستایشی ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتە ئینسان کوژانەو سەرانییان، و بەڵگەی ئاشکرای ناتەبایی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتییە بەهەموو بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازانەو ئینسان دۆستانە. خەڵکی ئێران و ناوچەکە کە باش کارنامەی قاسم سلێمانیەکان دەزانن، ئاواش لە پەیامی ستایش ئامێزی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ جەلادی ئازادیخوازی بە ئاگان.

ئامانج لە ستایشی قاسم سلێمانیەکان، بۆ سەرانی بزوتنەوەی کورایەتی لە زۆنی سەوز، نوێکردنەوەی پەیمانی وەفادارییە بۆ ئیران و پێداگرییە لەسەر درێژەدانیان بۆ عادەت پیشەییان. وە هاوکات بەڵێندانە بە روبەرووبونەوەی بزوتنەوەی نارەزایەتی کریکاریی و جەماوەری لە ئیراندا لەپاڵ ئاخوندو سوپاو بەسیجیەکاندا.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە سەرانی جمهوری ئیسلامی ئێران زۆرتر ستایشی قاسم سلێمانیان کرد، تا لە رێگای ئەو ستایشەوە، سۆزو رەحمی ئاخوندەکانی ئیران بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان لەدەست تورەیی جەماوەری کوردستان بپارێزن.

مانەوەی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو دژە ئازادی بۆرژوازی کورد، بەجیا لە هێزی میلیشیایی و دەست بەسەراگرتنی داهات و قوتی هاوڵاتیان، بەندە بە خۆبەستنەوە بە جەمسەر و وڵاتانی ناوچەکەوە... یەکێتی بە ئێران و پارتی بە تورکیاوە. ئێران و تورکیاش چاویان لە پاداشتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە کە بەسەنگەرگرتن لە ئازادی و ئازادیخوازی، بە وەستانەوە بەرووی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەوەش واوەتر بە چاوساغیان بۆ شوێن هەڵگرتنی کادر و چالاکوانانیان و تیرۆرکردنیان.

لیستی سەدان کادر و هەڵسوڕاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و تورکی، بەبێ چاوساغی و نۆکەر پیشەیی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی نەکراوە. درۆنەکان لە قوڵایی کوردستاندا بە چاوساغی و هاوکاری سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەزگای هەواڵگرییەکانیان، رابەران و کادرانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەنە نیشانە.

سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی تەنها بەوەوە ناوەستن و لەوە دەچێت وڵاتانی ناوچەکەش تەنها بە نۆکەرپیشەیی و چاوساغیان بۆ روبەڕووبونەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن رازی نەبن، بۆیە ستایشیان ئەوێت بۆ جەلادەکانیشیان... بۆیە ستایشی قاسم سولەیمانی ستایشی کوشتاری ئازادیخوازییە. ئەوانەی ستایشی جەلاد دەکەن، رۆڵەی بەوەفای کوشتنی نەیارانی جەلادیشن.

چینی کرێکار و جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لە راستای خەباتیاندا بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، چاوی ئومێدیان بڕیوەتە بزوتنەوەی روولەپێشی بزوتنەوەی کرێکاریی و جەماوەری لە ئێران، لەبەرامبەریشدا بۆرژوازی و دسەڵات لە کوردستان و ئێراندا، چاوی ئومێدیان لە یەکترییە دەست بخەنە ناو دەستی یەک و بزوتنەوەی کرێکاریی وجەماوەری بە هاوکاری یەکتری پاشەکشە پێ بکەن و بەر بەشۆرشی برسییەکان بۆ نان و خوازیارانی ئازادی، بۆ کۆمەڵگەی ئازاد... بگرن.

سەرانی کۆنەپەرست و دژە ئازادی، لە هەر جێگایەکی ئەم دنیایە بن، خاڵی هاوبەشیان ناشاردرێتەوە. سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەگەڵ سەرانی دیکتاتۆر و وڵاتانی ناوچەکەو دنیا، هاوچارەنووسن و هاوکات پشت و پەنای یەکترین بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆیان و دەسەڵاتیان. بۆ هۆکاری ستایشی قاسم سولەیمانی جەلاد، دەبێ لە پەیامی هاوچارەنووسی و هاو رەفتاریاندا، بگەڕێین.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×