تووڕەیی گشت (سۆڵەکانی خۆرهەڵات لە سەردەمی نائومێدیدا)

جەواد خەلیل
  2022-01-23     351

 

"گۆستاڤ لۆبۆن" کە لە یەککاتدا هەم فەیلەسوف بوو، هەمیش مێژوونوس و شارەزاییەکی باشی لە مێژووی کۆنی جیهاندا هەبوو، یەکێکە لە دەگمەنترین ئەو فەیلەسوفانەی کە زۆر بە وردی و چڕیی لەبارەی (تووڕەیی)ەوە دواوە. ئەوانەی خوێنەری نووسینەکانی ئەم فەیلەسوفە مێژوونوسەن، دەزانن (مێژووی شارستانێتی بابل و ئاشور) یەکێکە لە باشترین و بەبەهاترین کتێبەکانی ئەو. لۆبۆن لەم کتێبەیدا ئەوەندە لە کرۆکی تووڕەیی و کاریگەرییەکانی لە سەر مرۆڤ و کۆمەڵگە ورد بووەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە  تووڕەیی کردووەتە ڕوونترین پێناسی ئەو شارستانیەتە کۆنانە.  بێگومان ئەمەشی لە خۆوە نەکردووە، بەڵکو پشتبەستوو بە هەموو ئەو شوێنەوار و دەقە مێژوویانەی کە لە پاش ئەو شارستانیەتانە بەجێماون؛ پشتبەستوو بە هونەر و شێوازی نیگارکێشان و پەیکەرسازییان؛ پشتبەستوو بە شێوازی ڕوانینیان بۆ مرۆڤ و گیانلەبەران و چۆنێتی بیرکردنەوەیان لە ژیان  گەیشتۆتە ئەو باوەڕە و تووڕەیی وەک خەسڵەت و ڕووکاری هەرە زەقی ژیاری کۆنی ئەم ناوچەیه ناساندووە. ئەو دەنووسێت: ( لە هونەری ئاشوریدا هیچ جۆرە ستاتیکایەک، هیچ جۆرە گاڵتەجاڕییەک، هیچ جۆرە ڕەخنە و تێبینیەک، تەنانەت زەردەخەنەیەکیش نابینی. لە بەرانبەردا کەلەسەری ئاژەڵێکی دڕندە، بە جەستەی مرۆڤێکەوە دەبینی، کە بۆ ڕاوکردن و لەتکردنی نێچیرەکەی نەبێ، دەمی لێک ناکاتەوە. هونەری ئاشوری، جەستەی مرۆڤ تەنها وەک ئامێری شەڕ وێنا دەکا، وەک مەنجەنیق، وەک تیروکەوان و ڕمب و نێزە و شمشێر. قەدەری ئەو هونەرە وابووە، هەماهەنگی و پێکەوە گونجاندن، نەرم و نیانی و زراڤیی، تەنها لە کوشتوبڕ و ئەتککردندا دیتۆتەوە1).

تووڕەیی و بێزاربوون، دوو خەسڵەتی مرۆی مەرگدۆستن، کە  هیچ خەونێکی جوان، هیچ ئومێدێکی گەش ناتوانێت بە کرۆکی ژیان بیبەستێتەوە. لەمەدا بە پلەی یەک ژینگە تاوانبارە و دواتریش کۆمەڵگا و سروشتی ژیانە دڕندانە و نایەکسانەکەی. بۆیە لای بەشێک لە توێژەرانی سروشتی مرۆیی و دونیای شارستانیەتەکان، ڕێژەی نەرم و نیانی یان تووڕەیی لە مرۆڤدا دەبەسترێتە هۆکارێلی بۆماوەیی و کاریگەرییەکانی باوان و کلتور و ئاین و تەنانەت شێوازی ئاووهەواوە. ئاخۆ دەبێت نهێنی ئەم زبری و تووڕەیی و مەرگدۆستی و خوێنڕێژییە چی بێت، وا بۆ زیاتر لە ٦۰۰۰ ساڵ دەچێت، دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی فریوی خۆی داوە و بێ دەرەتانی کردوون! بۆچی هەر لە کۆنەوە ویستی کوشتن و دڵرەقی و خوێنڕشتن و تووڕەیی بەسەر  ویستی خەڵکی ئەم ناوچەیەدا زاڵبووە؟!  هەموو ئەو تابلۆ مێژووییانەی کە لە ژیارەکانی ئەم ناوچەیە بە جێماون و لە سەر دیواری ئەشکەوت و شاخەکان هەڵکۆڵراون، ئەگەر بە وردی تەماشایان بکەین دەبینین کە هیچ جۆرە ژیاندۆستییەکیان تێدا نیە، ئەوەی هەیە تۆمارکردنی چیرۆکی شەڕ و کوشتار و زاڵبوونی پاشا مۆن و خوێنڕێژەکانیانە. یان ئاماژەدانە بە هەیبەت و شکۆی سەرکردەکانی دونیای کۆن بە ڕوخسارێکی تووڕە و تۆقێنەرەوە. ئەوەی جێی سەرنجە  ئەم تابلۆیانە بەڕادەیەکی زۆر سەیر هەموویان لەیەکدەچن وڕوخساری کەسەکان بە ئاستەم لێک جیادەکرێنەوە، وەک بڵێی ئینسانی ئەم ناوچەیە هەموویان لەیەکبچن و کۆپیکراوی یەکدیبن و هیچ بوارێک بۆ جیاوازبوون و تاکایەتی نەمابێتەوە!

خۆرهەڵاتی ئەمڕۆ بە هەمان شێوەی ئەو مێژووە دوورەی، تەژییە لە ئینسانی تووڕە؛ پڕە لە ئینسانی دڵتەنگ و دڵشکاو، بە جۆرێک کە ئەستەمە لە هیچ بەشێکی دیکەی دونیادا، هێندەی ئێرە، تووڕەیی گرمۆڵەکراو ببینیت. لێرە تووڕەیی لە تووڕەیی و نیگەرانییەکی تاکەکەسیەوە گۆڕاوە بۆ تووڕەییەکی گشتی. "تووڕەیی گشت" ئەو خەسڵەتە نەگۆڕەیە کە لە تەواوی کۆمەڵگە مرۆییەکانی خۆرهەڵاتدا، بێ جیاوازی ئاین و نەتەوە و هێز درکی پێدەکەین. ئایا ئەم "تووڕەیی گشت"ە یەک جۆری تووڕەییە؟ لە ڕاستیدا هەموو تووڕەبوونەکانی دونیای خۆرهەڵات، تەنها لەوەدا یەکدەگرنەوە کە تووڕەیین، ئەگینا لە ناوەڕۆک و مەغزادا بە هیچ جۆرێک ناچنەوە سەر یەکدی و بگرە تا سەر ئێسقان دژ بەیەکیشن. هەموو ئەو شەڕ و ماڵوێرانیی و کاولکارییانەی کە لە خۆرهەڵاتدا هەن، بەرهەمی پێکداگژانیی تووڕەیین؛ بەرمەبنای بەرکەوتنی تووڕەییە جۆراوجۆرەکانن بە یەکتر. لێرە بە دەگمەن کەسێک دەبینیتەوە لە ناخیدا بڕێکی زۆر لە تووڕەیی عەمبار نەکردبێت، نەک تووڕەییەکی ئاساییانەی سروشتیی و مرۆدۆستانە، بەڵکو تووڕەییەکی کاولکارانە و ترسناک. توڕەییەک کە زۆرجار شەرعیەتی خۆی لە ئاین و ئاینزاکانەوە؛ لە حیزب و پێڕەوە سیاسیە جوداکانەوە؛ لە نەتەوە و خێڵ و ڕەگەزە جیاجیاکانەوە وەردەگرێت. هەموو ئەمانەش بێگومان لە خۆوە دروست نەبوون، بەڵکو ڕیشەیەکی قووڵی مێژووییان هەیە و چەندین کارکردی جۆراوجۆر ڕۆڵیان لە پێکهێنان و دروستبوون و مانەوەیاندا گێڕاوە.

بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی تووڕەییەکی ترسناک و کاولکار، تەنها ئەوەت بەسە لە خۆرهەڵات بژیت. بوونی تۆ وەک هەبوویەکی جیاواز لە هەبووەکانی دی بەسە بۆ دنەدانی توڕەیی ئەوانی دی و چاندنی تۆوی ئەم تووڕەییە ترسناکە لە ناخی تۆیشدا. کوردێک کە لە بەرامبەر ئەوی دیکەی خۆرهەڵاتیدا دەوەستێت، مەحکومە بەوەی کوردە و دەبێت بەر جیاکاری و تۆڵەسەندنەوە بکەوێت. هەمان کورد لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیدا و لە هەمبەر هاوزمانەکەی خۆیشیدا، ئەگەر لە ڕووی ئاینیی یان سیاسیی یان کلتورییەوە سەر بەو تەرزە بیرکردنەوەیەی بەرامبەرەکەی نەبێت، ئەوا چرکە بە چرکەی ژیانی مەحکومە بە تووڕەیی.  بەواتایەکی تر تووڕەیی خۆرهەڵاتییانە بە تەنها لە هەمبەر ڕەگەزەکانی دیدا خۆی نمایش ناکات، بەڵکو لە هەمبەر تاکەکانی یەک ڕەگەزیشدا زۆرجار بە ئاشکرا دەردەکەوێت و گوزارشت لە خۆی دەکات.  ئێستا با بپرسین: ئەم تووڕەییە گشتییە کە بەرهەمی چەندان کارکردی مێژووییە و زۆر پاڵنەری جیا جیا لە جێگیربوون و برەوان پێیدا بەشدار بوون، ئایندەی بە کوێ دەگات؟ یاخود هیچ ئەگەر و پێشبینیەک هەیە بۆ بنبڕکردن و کاڵبوونەوەی؟ هەر جۆرە وەڵامدانەوەیەکی ئەم پرسیارە بە بێ گەڕانەوە بۆ پرسی " دڵشکان" و ڕاڤەکردنێکی تێر و تەسەل بۆی، نامانگەیەنێتە جێ مەبەست و وەڵامێکی ڕوونمان ناخاتە بەردەست. دڵشکان گەورەترین و مەترسیدارترین کێشەی خۆرهەڵاتە، کە نەک تەنها بۆتە هۆی درێژەدان بە "تووڕەیی گشت" و شەڕ و ماڵوێرانیی و کاولکارییەکان، بەڵکو بووەتە هۆی دروستبوونی نائومێدییەکی سەرتاسەریی و هەمیشەییش.

"ئاگنس کالارد" لە جێیەکدا دەنووسێت: ( با وای دابنێین کە من لە سێشەمەدا تۆم تووڕە کردووە، لەبەرئەوەی ڕۆژی دوو شەممە دزیم لێکردووی، بەڵام لە ڕۆژی چوار شەمەدا ئەوەی لێم دزیوی بۆت دەگەڕێنمەوە و قەرەبووی ئەوەشت بۆ دەکەمەوە کە لەو دوو ڕۆژەدا ئەو شتەت لا نەبووە، سەرباری ئەوەش چەند شتێکی تری زیادەشت دەدەمێ بۆ دەرخستنی نیازپاکیی خۆم و داوای لێبوردنت لێ دەکەم. دواجاریش، بەڵێنت دەدەمێ کە جارێکی دی دووبارەی نەکەمەوە. ئایا لۆژیکییە تۆ لە ڕۆژی پێنجشەمەدا بە هەمان تووڕەیی ڕۆژی سێشەمەوە بمێنیتەوە؟ یاخود پلان دابنێی بۆ تۆڵەسەندنەوە و دزینی شتێک لە بەرامبەردا؟ )2 هەرچەندە "کالارد" باس لە ڕەوایی و ناڕەوایەتی تووڕەیی دەکات لە دوو دۆخی جیاوازدا و دەیبەستێت بە تۆڵەسەندنەوە و لێبوردنەوە. بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لەو نموونەهێنانەوەیەی کالارد، پرسی درێژەدانە بە تووڕەیی سەرباری چاککردنەوەی هەموو شتێک. چاککردنەوە لێرەدا وشەیەکی کەمێک ئاڵۆز و کێشەدارە،  لە نێو ئەم چاککردنەوەیەدا پرسیارێک ئامادەیە،  بۆچی کەسێک سەرباری چاککردنەوەی هەموو هەڵە و خراپەکارییەکان، هێشتا بە هەمان نەفەسی تووڕەیی پێشتر دەمێنێتەوە؟  لەو نموونە لۆژیکییەی کە کالارد دەیهێنێتەوە و بۆتە هۆی سەرسوڕمانیشی، شتێک شاردراوەتەوە. وەک بڵێی بۆشاییەک هەیە و هێشتا کۆدەکەی بۆ کالارد نەکراوەتەوە. ئاخر مرۆڤێک کە دڵی دەشکێنرێت، هەموو هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی هەوڵێکی نوقسانە، هەوڵێکە لە ڕووکەشدا دەمێنێتەوە و ناتوانێت بچێتە ناو کرۆکی کێشەکەوە و بە ڕوونی شکانە ڕاستەقینەکە ببینێت. دڵشکان ئەو بۆشاییەیە، ئەو شتە شاراوەیەیە کە لە دوای لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوەکانیش هەر دەمێنێتەوە و دەستی گەردن ئازایی پێیناگات.

لە ڕاستیدا  "گەردن ئازایی" و "لێخۆشبوون" دوو وشەن لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا هێندەی خۆرهەڵات ڕۆژانە و بەبەردەوامیی بەکارنابرێن، ئەمە بۆ وایە؟ چونکە خۆرهەڵات کانگای دڵشکانە گەورەکانە، وەک چۆن کانگای تووڕەبوونە گەورەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتیشە. مرۆڤگەلێک کە ئێستا لەم ناوچانەدا دەژین و پێکەوە ناتوانن هەڵبکەن، پاشماوەی دڵشکانە گەورەکانی نێو مێژووی ئەم ناوچەیەن. دەکرێت بڵێین مرۆڤی خۆرهەڵاتیی ئەو کەسەیە کە بە دڵشکانێکی گەورەوە دێتە دونیا و هەر بەو دڵشکانەشەوە دەژێت و لێی دەردەچێت. نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی خۆرهەڵات، حیزب و دەسەڵات و هێزە جوداکانی نێو ئەم بەشەی دونیا، بەڕادەیەک دڵیان لە یەکدی شکاوە، کە ئەستەمە بتوانن بەڕاستی لەیەکدی خۆشبن و ئاشتبوونەوە و تەبایی ڕاستەقینە لە نێوانیاندا بێتە دی. هەموو ئەو هەوڵانەشی کە دراون و بانگەشەی لێبوردن و گەردن ئازایی و لێخۆشبوونیان کردووە بەرامبەر یەکتری، بۆ ماوەیەکی کاتیی و کورتخایەن بوون و زیاتر وەک هەلێک بوون بۆ پشوودان و خۆبەهێزکردنەوە. ئاخر تووڕەیی ناتوانێت بەردەوام بێت بەو شێوە ڕووخێنەر و کاولکارە ئەگەر سوود لە پشوودان و ڕێککەوتنی ناوبەناو و ئاشتبوونەوەی ساختە نەبینێت. لە خۆرهەڵات "دڵشکان" تا ئەو جێیە هاتووە کە بۆتە بەشی هەرە سەرەکیی لە "تووڕەیی گشت"، ئەمە دۆخێکی خووڵقاندووە کە نائومێدیی تیایدا بگاتە ترۆپک و کەمترین ئومێد هەبێت بۆ چاکبوونەوەی یەکجارەکیی. ئەگەر ئێستا بگەڕێینەوە بۆ نموونەکەی کالارد، دەزانین لەبەرچیی ئاساییە تووڕەیی سێ شەمە هەمان تووڕەیی ڕۆژی پێنج شەمە بێت، ئاخر لەو نێوانەدا شکاوییەک هەیە، کە ئەستەمە چاکبوونەوە و وەک خۆ لێبوونەوەی. ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا بشێت بۆ ماوەیەک لە بیر ببرێتەوە، بەڵام هەرگیز ئەو شکاوییە چاک نابێتەوە و درزێکە گەر بتوانین ڕێگە لە گەورەبوونیشی بگرین، ئەوا هەرگیز پێمان بچووک ناکرێتەوە. ئەمەش بەو پێیەی کە دڵشکاندنەکانی خۆرهەڵات دڵشکاندنگەلێک نین یەکجار و دوو جار ڕوویاندابێت و ئیدی کۆتاییان پێهاتبێت، بەڵکو پرۆسێسێکی بەردەوامن و لە ئێستا و لە ئایندەشدا بوونیان هەیە و دەبێت، چونکە گەیشتوونەتە دوا ئاستی خۆیان و  هیچ ئومێدێکیان نەهێشتۆتەوە بۆ نەمان و بە کۆتا هاتنیان. دەرئەنجامی ئەم بەردەوامییەش دوورەپەرێزیی و خۆتەریککردنە لە یەکدی، بە جۆرێک کە وای لە مرۆڤی ئەم ناوچەیە کردووە  زۆر بە قووڵی هەست بە نامۆیی و لە خۆبێگانەبوونی خۆی بکات و خۆشی بە چارەی ئەوی دیدا نەیەتەوە. وەک چۆن مەحوی دەڵێت:

قەیکردنی سوراحی ئەگەر تێ بگەی دەڵێ:
دڵتێکەڵ هاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی!

                              
کاتێک بەو هەموو بەهێزییەوە "تووڕەیی گشت" دەبینین و دەزانین چۆن بووەتە یەکەیەکی ڕێکخراو و پتەو، ڕەنگە ئەو تێڕوانینەمان لەلا دروست ببێت کە هیچ کەلێن و جێیەک نەمابێتەوە نەبووبێتە بەشێک لەم تووڕەییە، لێ گەر کەمێک لێی وردبینەوە، دەبینین هێشتا لە نێو ئەم  تووڕەییە گشتییەدا چەند بەشێکی کەم ماونەتەوە و نەبوونەتە بەشێک لێی، ئەم بەشە کەمانە قوربانییەکانی تووڕەیین، کە دەشێت بە "سۆڵەکانی خۆرهەڵات3"یش ناویان بێنین. ئەم سۆڵانە سەرباری ئەوەی دەزانن هەڵەیەکی گەورە کراوە و دەبێت چاکبکرێتەوە؛ وێڕای ئەوەی لەوە بە ئاگان کە ژیان لە نێو ئەم کەشە ترسناکەی "تووڕەیی گشت" دا دۆزەخێکە بۆ خۆی و فشارێکی گەورەیە بۆ سەر ئازادییە کەسییەکانیان؛ هەرچەندە دەزانن باجی ئەم جیاوازبوونەیان ئێجگار قورسە و بۆی هەیە تا ئاستی ترۆری فیزیکیی و کەسێتیان بڕوات، کەچیی لەگەڵ ئەوەشدا  هەمیشە بەو جیاوازییەی خۆیانەوە دەمێننەوە. ئەمانە چەندە دژی تووڕەیی گشتیین دوو هێندە دژ و ناتەبان بەو مکوڕبوونەی لە ئەنجامی دڵشکانەوە دروست دەبێت، چونکە هەر ئەم مکوڕبوونەیە دواجار خۆیشی دەبێتە هۆی درێژەدان بە تووڕەیی گشت.  ئەم مرۆڤانە لەبەرئەوەی  لە پەراوێزدان و ناتوانن دۆخەکە بە تەواوەتیی چاکبکەنەوە و گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست بکەن، هەمیشە لە نێو دڵتەنگییەکی گەورە و نیگەرانییەکی قووڵی وجودییدا دەژین، بەتایبەت کاتێک دەزانن سەردەمی ئەمان سەردەمی نائومێدییەکی گەورەیە، سەردەمی بێ هیوایی و نەمانی ئومێدە جوانەکانە بە ژیان. بەڵام ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئیدی هەوڵ و کۆشش لە سەردەمی نائومێدیدا بەهای خۆیان لەدەستداوە و سۆڵەکانی خۆرهەڵات دەستەودامان دادەنیشن و لێدەگەڕێن تووڕەیی گشت بەش و سێکتەرەکانی دیکەی ژیان بە تەواوەتی مۆنۆپۆڵ بکات؟ بێگومان نەخێر، مرۆڤە دڵتەنگەکانی خۆرهەڵات بە دەگمەن نەبێت دەنا هەرگیز لە هەوڵ و کۆششی خۆیان پەژیوان نابنەوە و داناسکێن. بۆ نموونە لە نێو تووڕەیی گشتی تورکییدا سۆڵەیەکی چاونەترس و مرۆڤێکی دڵتەنگ و پڕ هیوای وەک "ئیسماعیل بێشکچیی" دێتە دەر و درز دەخاتە نێو ئەو تووڕەییە گشتییەوە. لە نێو تووڕەیی گشتی عەرەبییدا کەسێکی وەک "حەسەن عەلەوی" دێتە دەر و دژ بەم تووڕەییە گشتییە دەوەستێتەوە و پێیان دەڵێت ئیدی کاتی نەهێشتنی ئەم هەموو تووڕەیی و ڕقلێبوون و تۆڵەسەندنەوەیەیە، کاتی وازهێنانە لە هەوڵدانی بەردەوام و کۆششی نامرۆڤانە بۆ سڕینەوەی ئەوی دی. ئەم هاتنە دەرەوە و خۆبەرجەستەکردنانە، بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی تووڕەیی گشت ئێجگار گرنگ و بە بەهان و هاوشێوەی کاری پارتیزانیین، کە ئیشی سەلماندنی بوونی خۆی و لێدانە لەو سیستەمەی  بانگەشەی یەکانەیی و بەهێزی و یەکڕەنگیی دەکات. هەربۆیە تاکە خەسڵەتێک کە بۆ مرۆڤە دڵتەنگ و سۆڵەکانی خۆرهەڵات دروست و شیاو بێت، خەسڵەتی جەنگاوەربوونە. ئەوان جەنگاوەری ڕۆشنایین و دژ بە جەهلێکی گشتیی و تاریکییەکی فراوان وەستاونەتەوە، دژ بە ترسناکترین کردەی مێژوویی کە بەرمەبنای تووڕەبوونێکی دەستەجەمعییە دەجەنگن و هیوا دەبەخشنەوە. ئەوان کە دەبنە جەنگاوەر، لەبەر ئەوە نیە کە جەنگاوەریی سیفاتێکی بنەڕەتیی خۆرهەڵاتییە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە خۆرهەڵات کانگای جەنگە تاریکەکانە و بە سەدان و هەزاران هێز هەن بە بەردەوامیی دژ بە ڕۆشنایی دەجەنگن، ڕۆشنایی بۆ ئەوەی دەربکەوێتەوە و کۆتایی بە دۆخی جەهلی گشتیی و تاریکیی بێنێت ناچارە جەنگاوەریی هەبێت. جەنگاوەرەکانیشی هیچ کەسی دی نین لە مرۆڤە دڵتەنگەکان زیاتر، ئەوانەی لە سەردەمی نائومێدیدا خەریکی چاندنی ئومێدن و چەشنی سۆڵەیەک بە گژ تاریکییدا دەچنەوە و هەراسانی دەکەن.

............

ژێدەر و پەراوێزەکان:

۱. گۆستاڤ لۆبۆن: مێژووی شارستانێتی بابل و ئاشور، وەرگێڕانی: سەربەست جیهاد، ناوەندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، ۲۰۲۰.

۲. آغنس كالارد: فلسفة الغضب/الرواقیین، والبوذيين، والمعاصرين، ترجمة: فاطمة الشملان، مجلة الحكمة،٤ ،۲۰۲۰.

۳. سۆڵە: ڕۆشناییەک کە لە دوورەوە دەبینرێت و درز دەخاتە نێو تاریکیەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×