لەکۆنفرانس، گروپی لۆبی و لیژنەو بەخۆداچونەوە گەڕێن، چیتر خۆتان و خەڵکیش چەواشە مەکەن

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2022-01-23     464

یەکەم: کاتی خۆی گردی زەرگەتە و بینای دیوانی چاودێری دارایی بۆ سەنتەرێکی توێژینەوە و دواتر بۆ بزوتنەوەی گۆران وەرگیرابوون. ئێستا سەلمێنراوە ئەو دوو پرۆژەیە نەماون و سەریش هەڵنادەنەوە.

پێشنیار دەکەم، بینای چاودێری دارایی و گردی زەرگەتە، وەک دوو موڵکی گشتیی، ڕادەستی حکومەت و شارەوانی سلێمانی بکرێنەوە. با چیتر کوڕانی نەوشیروان مستەفا بازرگانی سیاسیی و مادییان پێوە نەکەن. دوای ڕادەستکردنەوەیان، گردەکە ھاوشێوەی پارکی ئازادی، با بۆ ھاوڵاتیان کراوە بێت و خەڵکی شار وەک سەیرانگا سودمەندبن لێی، یان بۆ ھەر مەبەستێکی گشتیی تر بەکاربێت. گڵکۆی نەوشیروان مستەفاش لە گردەکە، هەمان وەزیفەو پێگەی گڵکۆی شێرکۆ بێکەسی پێدەبەخشرێت کە لە پارکی ئازادییدا هەیەتی.

دووەم: سێ گروپ لە گۆڕاندا ڕۆڵی خراپیان ھەبوە و ھەیە و بە ھەموویان گۆڕانیان بەم ڕۆژەی ئەمڕۆ گەیاند و ئەو ئومێدەی لەسەر ئەم بزوتنەوەیە ھەڵچنرابوو، وێرانیانکرد.

١- گروپی بەناو گەنجان: ئەمانە ئەو کۆمەڵە بەناو گەنج و خاوەن بڕوانامانە بوون، کە دوای کۆچی ڕێکخەری گشتیی چوونە بنکڵێشەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، پیلانی دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵ و میدیای گۆڕانیان داڕشت و ڕەوایەتیان بە تەوریسی سیاسی لەناو ئەم بزوتنەیەدا بەخشیی. ھەموو ئەمانە بە ئومێدی ئەوەی خۆیان ببنە بڕیاردەری بزوتنەوەکە. دواتر بە پاساو و بیانوی جیاواز لە گردەکە هەڵگەڕانەوە و کەوتنە دژایەتیکردنی ئەو گۆڕانەی کە خۆیان لەگەڵ کوڕانی نەوشیروان مستەفدا، بەلاڕێیاندابرد. ئەم بەناوگەنجانە زیانی زۆریان بە فیکر و پێگە و جەماوەری بزووتنەوەکە گەیاند. ئێستەش لە شاشەی تی ڤی و سۆشیال میدیاوە خۆیان کردووە بەفریشتە و فریادڕەسی خەڵک و بزوتنەوەکەش.

٢- گروپی پیرەکان: ئەمانە ئەو گروپەن کە لەناو بزوتنەوەکەدا بە پیرەکان ناسراون. ئەمانە کە خۆیان لەناو پارتە سیاسییە تەقلیدیەکانی کوردستاندا گەورەبووبوون، گۆڕانیان لەسەر وێنە و مۆدێلی ئەو پارتانە داڕشتەوە. ئەمانە گۆڕانیان بەتەواوی لە هەمو فیکر و ئەخلاقی سیاسیی و بەهایەك داماڵی کە گۆڕانی لە ھێزە تەقلیدیەکان جیادەکردەوە و ئەم بزوتنەوەیەیان گۆڕی بۆ چەند لق و مەڵبەندێكی تر لەسەر وێنەی حزبە تەقلیدییەکان کە گۆڕان بۆ تێپەڕاندنیان دامەزرابوو. ئەگەر گەنجەکان تەوریسی سیاسیان سەلماندبێت و بەشداربووبن لە سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەدا، ئەوا ئەم گروپی پیرانە پلانی بە یەکێتی و پارتیکردنی بزوتنەوەکەیان خستەسەر ئەو تەوریسە سیاسییە.

٣- کوڕانی نەوشیروان مستەفا: هیچ کەس هێندەی ئەمان سودمەند نەبوون لەگۆڕان. ئەو ھێزە مادیی و مەعنەویەی گۆڕان بە ڕەنجی دەیان ھەزار کەس دروستیکردبوو، بە ئاسانی خرانە دەستی ئەم کوڕانە و لەخۆڕا و لەپڕدا بوون بە خاوەنی ھەمووشتک لە بزوتنەوەکەدا.

خاوەندارێتیکردن و کۆکردنەوەی سامان لەڕێگای کۆمپانیای وشەوە بۆ ئەم کوڕانە، نەک تەنھا چەسپاندنی زیاتر و زیاتری تەوریسی سیاسیی بوو لەناو بزوتنەوەکەدا، بەڵکو خاڵێكی ڕەشیشن لە مێژووی بزووتنەوەکەدا، هەموو ئەو سامانەشی بەناڕەوا کۆیان کردووەتەوە وەك پرسێکی کراوە دەمێنێتەوە.

پێویستە ئەم سێ گروپە پێکەوە، کۆتایی و ھەڵوەشانەوەی بزوتنەوەکە ڕابگەیەنن. ھاوکات داوای لێبوردنیش بکەن، چونکە نەک هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری گەورەیان لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی خۆیاندا فەوتاند و ڕەنج و لەخۆبوردنی دەیان ھەزار کەسیان بە بادا، بەڵکو نەوەی ئێستا و داھاتوشیان بێئومێد و بێمتمانە کرد لە ھەر ئۆپۆزیسیۆن و خەونی ڕیفۆڕمکردنێک. کۆمەڵگای کوردستانیشیان بە نسکۆیەکی ئەخلاقی و سیاسی گەورە گەیاند. کاریگەریی تێکشکاندنی بەھاو پرەنسیپی ئۆپۆزیسۆن لەسەر کورد، زۆر لە نسکۆی ١٩٧٥ خراپترە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×