دەتانەوێت خەونی ناو کوخەکەی کانیس ببینن؟

هێمن ئەحمەد
  2022-01-25     783

 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم وەکو زۆرێک لە گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەکانی تری ساڵانی نەوەدەکان،ئێمەش جێهێشتنی نیشتیمان و کەس و کار و پیشەکانمان هەڵبژارد و ڕێگەی هات و نەهاتمان گرتەبەر لەپێناوی ئەو خەونەی دەمانویست بەدی بێت بۆمان.

پاش چەند مانگێک لە نەهامەتی و تەیکردنی ڕێگەی وشکانی و ئاوی بە تێچویەکی زۆر! کە دەیکردە نزیکەی نرخی سێ تا چوار خانوی ئەوکات،گەیشتینە شاری ڤانتیمێگلیا(Vantimiglia)ی ئیتاڵیای نزیک سنوری فەرەنسا.لەگەڵ هەردوو هاوسەفەرەکەی ترم، چەند جارێک هەوڵماندا سنوری ئیتاڵیا-فەرەنسا بە نایاسایی ببڕین،بەڵام سەرکەوتو نەبووین یان پۆلیسەکانی سنوری فەرەنسا دەیانگرتین و بەرەو ڤانتیمێگلیا دەیانگێڕاینەوە.بۆیە دواجار ناچار بوین هەریەکەو سەد دۆلار بدەینە شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تایبەت،تا بەڕێگەیەکی گونجاو و سەلامەتدا بمانگەیەنێتە فەرەنسا.پاش ماوەیەکی کورت ؛بەڕێکەوتین، بەڵام ئێمە هەر دودڵ بوین و دەترساین جارێکی تریش یاری مار و پەیژەکە چەندبارە بێتەوە.پاشان گەیشتینە نزیک تونێلێک کە تابلۆی ڕێ نیشاندانی سەر ڕێگە، بە فەرەنسی نوسرابوون لە ناوەندی تونێلەکە بابای شۆفێر بە ئینگلیزیەکی تێکەڵ و پێکەڵ قسەی دەکر بۆمان. لە سەرەتاوە وا هەستم دەکرد کە هەر زمان باش نازانێت، بەڵام پاشان دەرکەوت نەک هەر زۆر بە ئاگا نیە بەڵکو لەوەش دەچو بڕێکی زۆر دەرمانی هۆشبەری خواردبێت.چونکە هەمو ئەوانەی کاری قاچاخچێتی و سەرکێشیان ئەنجام دەدا بەردەوام پەنایان بۆ خواردنی مادە هۆش بەرەکان دەبرد تا ڕادەی بڕوا بەخۆبونیان زۆرتر بکات، بۆیە منیش ئاوڕێکم بۆلای دوو هاوسەفەرەکەی ترم دایەوە و لەم ڕاستیە ئاگادارم کردن. بەهەرحاڵ ئێمە مامەڵەی گەیشتنمان بۆ کانیس(Canice)لەگەڵ شۆفێرەکە کردبوو. دوای چەند خولەکێک شۆفێر لەناکاو لە کەنار ڕێگاکە لایدا ووتی : دابەزن ئێرە ئەو شوێنەیە کە مەبەستانە بیگەنێ".بەڵام هیچ تابلۆیەکی ڕێ نیشاندان ئاماژەی بە شاری کانیس نەدابوو! لەبەر ئەوە دانەبەزین و داوامان لێکرد زیاتر بڕوات و بمانگەیەنێتە کانیس. شۆفێر لەترسی گیران و تێچوی بەنزین دەیویست زوتر لەکۆڵ خۆیمان بکاتەوە، ئێمەش دەمانویست بگەینە شوێنی مەبەست کە کانیس بو چونکە نیس(Nice) لەسەر سنور بوو،ئەگەری زۆری گێڕانەوەمان هەبوو گەر لەوێ بگیراینایە.

هەرچۆنێک بێت شۆفێرمان ڕازیکرد و دڵی نەرم بوو تا چەند خولەکێکی تر بڕوات و هیچ نەبێت نزیکترمان بکاتەوە. بەڵام هەر نەیگەیاندینە سەنتەری شار، پاش ماوەیەک شۆفێر ئۆتۆمبێلی لاداوو لە شوێنێکی تاریکی کەنار شار وەستا.بەدەست ئاماژەی کرد و ئاراستەی سەنتەری شاری نیشان داین.دابەزین و شۆفێر بە پرتاو ڕۆیشت ' مانگ مانگی دوانزەیە، کەش و هەوا زۆر سارد و بارانە، جل و بەرگی تەواویشمان لەبەردا نەبوو، چونکە ئێمە لە پایزێکی زودا کەوتبوینە ڕێ و نەشماندەتوانی شمەکی زۆر لە کۆڵە پشتەکانماندا هەڵبگرین. زۆر هەوڵماندا بگەینە سەنتەری کانیس !؟ بەڵام نەمانتوانی، ڕێگەکە خێرا (motorway)بوو. بۆیە هیچ شۆفێرێکیش نەدەوەستا تا داوای هاوکاری لێبکەین.

من پێشنیارێکم کرد کە هەریەکەمان بەلایەکدا بڕوات تا هیچ نەبێت شوێنێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی شەو خۆمانی تێدا بپارێزین. چەند هەنگاوێک لەیەکتر دوور کەوتینەوە لە پڕ دەنگێک بەرز بۆوە، بە پەلە ڕامانکرد بۆلای، بینیمان هاوڕێکەمان کەوتۆتە جۆگە ئاوێکی قوڵەوە، بەڵام زوو خۆی گرت بۆوە و سەراپا گیانی لە ئاو هەڵکشا بوو.شوێنێکی تاریک و چڕ لە دار و درەخت و سەوزایی.دیسان گرد بوینەوە و بینیمان لەدورەوە ڕوناکیەک بریسکەی دەهات.بەکۆی دەنگ بڕیارمان دا بەرەو ئەو شوێنە بڕۆین. دوای ماوەیەک گەیشتین.کوخێکی کۆن و ڕزیو ی دوو نهۆم.تەنها لامپێک لە دوری دەسوتا. نهۆمی خوارەوە پێدەچو شتگەلێکی یەدەگی تێدا بێت. بەدوای یەکدا بەترسەوە و لەسەرخۆ بە پلیکانەکاندا سەرکەوتین بۆ نهۆمی سەرەوە. پلیکانەکان لەژێر پێماندا دەنگی سەیر و جیڕە جیڕیان دەردەکرد. دەرگامان کردەوە، ناو کوخەکە تاریک و خامۆش و ترسناک، هیچ لامپێکی تیا نەبوو. یەکێک لە هاوڕێکانم چەرخی جگەرەکەی لێداو کەوتینە گەڕان و پشکنین بەناو کوخەکەدا. ماندو و بێخەو، سەرما و برسی و چڵکن، ترسیش لەولاوە بوەستێ. هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بوو،شتێک بدۆزینەوە کە بتوانین سودێکی لێوەرگرین. بەڵام هیچمان نەدۆزیەوە جگە لە؛ لەفەیەکی نیوەخوراوی کەڕواوی، لێفەیەکی کۆن و پیس لەسەر زەویەکە، چەند کوپەیەکی پڕ شەراب کە نرابونەوە و سەریان قەپات کرابوو. دیار بوو شەرابەکە لە بەرهەمی ئەو ڕەزە باخە دروستکرابوو کە کوخەکەی لەناودا بوو. هیچ کام لەم شتانە بەکەڵکی ئێمە نەدەهات.کاتژمێر دووی شەوە، پاش ماوەیەک لەیەکتر ڕامان، لامان وابوو هەرچۆنێک بێت ناو کوخەکە باشترە و ڕەق نابینەوە. دوای ماوەیەکی کەم، خەو و سەرما زۆری بۆ هێناین، هاوسەفەرەکانم بەوە ڕازی بون لەرسەر زەوی کوخەکە ڕابکشێن و کۆڵە پشتەکانیان بکەن بە سەرین و لێفە پیسەکەش بەخۆیاندا بدەن. سەرەتا من بەوە ڕازی نەبوم، بەڵام پاش ماوەیەک منیش زۆرم بۆ هات و داوام لێکردن جێگەم بکەنەوە، تا هیچ نەبێت لەلایەکەوە خۆم بکەم بەژێر پێخەفەکەدا.

هەردوکیان دایانە قاقای پێکەنین و گۆشەیەکی پێخەفەکەیان بۆ تەرخان کردم.

منیش هیچم نەگوت و فزەم لەخۆم بڕیبو. لێفەکە نەیدەتوانی گەرممان بکاتەوە، بۆیە یەکێ لە هاوسەفەرەکانم لەو دوو جگەرەیەی پێی مابوو جگەرەیەکی داگیرساند تا بە هاوبەشی بیکێشین و تۆزێ هەستی سەرما و ماندوبونمان کەم بکاتەوە.کات بەرەو سێی شەو دەڕۆیشت. هەستم دەکرد وردە وردە چاوانم قورس دەبن و خەو دەمباتەوە. خەوم لێکەوت و پاش ماوەیەک خەوم بینی، لە خەونمدا؛ گەیشتبومە جوانترین وڵاتی ئەوروپا، لەپالاسێکی زۆر خۆشدا کە هەرچوار دەوری بە باخ و سەوزایی ڕازابۆوە نیشتەجێ کرا بووم، چەند خزمەتکارێکم هەبوو، ئۆتۆمبێل و شۆفێری تایبەت، من تەنها فەرمانم دەدا و هەرچیم بویستایە زۆر بەزویی بۆمیان فەراهەم دەکرد، هەمو شتەکان بەباشی بەڕێوە دەچوون، زۆر جار شوێنە فەرمی و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەیان نارد بەشوێنمدا تا بڕۆم هاوکاریان بکەم. هەرچی بەلامدا تێدەپەڕی سڵاوی دەکردو خۆی دەنوشتاندەوە و....هتد.

لەناو ئەم خەونە خۆشەدا نوقوم ببوم. نە سەرما و نە ترس و نە برسێتی هیچ کاریگەریەکیان نەمابوو لەسەرم. ڕۆژێک پاشای وڵات بانگی کردم و پێی وتم: دەزانیت هەمو ئەوشتانەی کە تۆ ئێستا خاوەن یاننیت و لەبەردەستن هەموی ئێمە پێمان بەخشیویت! دەبێت  هەموی بگێڕیتەوە بۆمان و هەر زوش پالاسەکە چۆڵ بکەیت و وڵات جێبهێڵیت. دەبوو لە سەرەتاوە ئەوەت بزانیایە کە تۆ مافی ئەم شێوازە لە ژیانت نیە، چونکە ئەمە نیشتیمانی تۆ نیە. منیش توڕە بوم و قیژاندم بەسەر پاشا یا و ئیدی لەخەو ڕاچەنیم".

لەهاوارەکەم هەردوو هاوسەفەرەکەشم لە خەو ڕابون و بە تاریک و لێڵی بەیانی کوخەکەمان جێهێشت.

لە هەموی سەیر و سەمەرە تر ئێمەی پەنابەر  کاتێک فەرمانبەرێک لە شوێنێکی فەرمی یان هاوڵاتیەک  لێیان بپرسینایە" حەزدەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر یان بۆ هەمیشە لەم وڵاتەدا بمێنیتەوە، بەبێ سێ و دوو دەمانوت: بەڵێ".ئەوانیش چاویان دەچوە پشتی سەریان لەوەڵامدا دەیان ووت: بەڕاستە،بۆچی؟ئەوان لەبەر دوو هۆکار ئەمەیان پێ خۆش نەبوو.

یەکەم؛ پێیان خۆش نەبوو ئێمە ببینە هاوڵاتیان و بە بارێکی گرانیان دەزانین لەسەر خۆیان.

دووەم؛ ئەوان وەڕەس و نیگەران و ماندو بوون لەو شێوازە ژیان و ژینگە و ئاو وهەوایەی کە بونی هەیە لە وڵاتەکەیان. هەرچەند ناهەقیان نیە، ئەوان هەموو ژیانیان لە کاری قورس و ڕاکە ڕاک و هەوڵدانی بەردەوامی پارە پەیدا کردندا بەسەر دەبەن. زۆرینەیان ناتوانن ژیانێکی ئاسایی و شایستە بژین و خەرجی تێچوی یپێداویستیەهەمەچەشنەکانیان فەراهەم بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک پەنابەرێکی وڵاتانی ئەوروپا و هەر شوێنێکی تاراوگە هەمو ئەم ناهەمواری و بارگرانیانە کەوتۆتە سەرشانی و باش درکیان  پێدەکات، هەندێ جار پێدەچێت بە پێچەوانەوە ئەم بابەتە لەگەڵ کەس و کار و هاونیشتیمانیەکانیدا باس بکات و شوێنی نیشتەجێبونی بە بەهەشت بێنێتە پێش چاوی خەڵکانی تر. خۆ ئەگەر ڕاستیەکەش بدرکێنێت هێشتا نابێتە جێی سەرنج و ڕازیکردنی هەموو ئەو تاک و خێزانانەی کە دەخوازن وڵاتی دایک و کەس و کار و ماڵ و پیشەکانیان جێ بهێڵن.

سەرەڕای هەمو بارگرانی و ناهەمواری و نادادی و چەوسانەوە لە وڵاتی دایک هەمیشە ئەوانەی دەیانەوێت وڵات جێبێڵن، قەناعەتێکیان بۆ خۆیان و خێزانیان دروست کردوە کە ئەو بەهەشتەی بەدویدا دەگەڕێن لە هەندەران دەتوانن بیدۆزنەوە و ژیانێکی نمونەیی و شایستە تێیدا بژین و بەردەوام خەونی ناو کوخە ڕزیوەکەی کانیس دەبینن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×