قۆناغی بەرپرسیاریەتی

زانا توفیق بەگ
  2022-01-28     563

لە دوای کاندیدکردنی بەربژێرەکەی پارتی بۆپۆستی سەرۆک کۆمار شەڕێکی ڕاگەیاندن لەلایەن هاوڕێیانی یەکێتیەوە دەستیپێکردوە . بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان ، هەموو لایەک دەزانن هەلومەرجی سیاسی لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا بەرگەی لێکترازانی پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ناگرێ بەتایبەتی یەکێتی و پارتی. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ڕۆژانە لەلایەن هەندێک لە بەرپرسان و هاوڕیانی یەکێتیەوە دزە دەکات .

بۆ دەستپێکردنی هێرشی ڕاگەیاندن دژ بە پارتی هەڵساون بە پێکهێنانی ژوورێکی عەملیاتی تایبەت لە زۆربەی دەزگاکانی یەکێتی و نووسەرەکانی سەر بەو حیزبە ، کە بەداخەوە بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی دۆخەکە ، دەرئەنجامی ئەم شێوازە دەبێتە هۆکاری لێکترازانی ناوماڵی کورد ودروستکردنی قەیرانیکی تر کە ئەم ڕیسکە زۆر ترسناکە وە هیچ سودێکی تایبەتی بۆ هیچ لایەک دروست ناکات ، سەرئەنجام کەس براوە پڕوسەکە نابێ ، جگە لە دوژمنانی هەرێمی کوردستان. دەبێت هەرکادرێکی سیاسی پارتی و یەکێتی کاتێک لەسەر بابەتێکی لەم جۆرە دیدو ڕوانگەی خۆیان دەگەیەنن درک بە بەرپرسیاریەتی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بکەن . پێویستە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر ئەم شەڕە ئعلامیە ڕوونکردنەوەی پێویست بدات ، وە سنورێک بۆ ئەم شێوازە لە زمانی تەشهیر دابنێ . داوا لە کادرەکانیان بکات ڕەچاوی پرنسیپەکانی پەیوەندی سیاسی پارتی و لایەنە سیاسیەکانی تر بکەن . پڕوسەی ململانیەی دیموکراسی جگە لەوەی پێویستی بە دەسته بەرکردنی پێداویستیەکانی ژیانی مەدەنی هەیە هاوکات بەشێکی گرنگی پڕۆسەی دیموکراسی پێویستی بە هەستکردن بە به رپرسیاریەتی سیاسی . بەتایبەتی لەناو ئەدەبیاتی حیزبدا ، چونکە ناکرێ لە هەر پڕۆسەکی دەستادەستکردنی پۆستێکدا قووتی خەڵک و داهاتی نیشتمان بکرێتە کەرەسەی فشارو هەڕەشە لەسەر دامەزراوەکانی سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردن لە کوردستاندا.

گرنگە لەهەر ململانیەکی سیاسیدا سبەینێمان لە یادبێت . پۆستی سەرۆک کۆمار لای پارتی بێ یان یەکێتی بەبێ هاوپەیمانی ئەو دوو لایەنە هیچ نرخ و سەنگێکی نابێ ، وەناتوانرێ هیچ سودێکی گشتی بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەربکات. شانزە ساڵ پۆستی سەرۆک کۆمار لەلای هەڤاڵانی یەکێتی بووە ، هیچ کاتێک کادرانی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی ، هەوڵی لێکترازانی ناوخۆی کوردستانیان نەداوە لەسەر ئەو پۆستە ، پێویستە سەرکردایەتی یەکێتی ڕەچاوی ڕێژەی دەنگەکانی پارتی بکات ، وەکو لایەنی براوەی هەڵبژاردن ، لە هەموو ووڵاتانی دیموکراسی و نیمچە دیموکراسیدا زۆرینەی پۆستە گرنگەکانی ووڵات حیزبی براوەی هەڵبژاردن وەریدەگرت ، وەناکرێ پۆستی سەرۆک کۆمار ببێتە مۆڵکی هیچ لایەنێکی سیاسی بە پارتیشەوە ، پۆستەکانی عێراق موڵکی گشتی خەڵکی کوردستانە وەناکرێ هاوتەریب بکرێتەوە بە پۆستی سەرۆکی هەرێم لەژێر بیانووی ڕێکەوتنامەی ستراتیژی کە بە دیدی من ئێستا مەفعولی نەماوە. بەتایبەتی لەدوای کومەڵی ڕووداوی سیاسی گرنگ کە من پێم باش نیە باسی ڕووداوەکانی ڕابووردوو بکەینەوە .

دەبێت هەموو لایەکمان هەست بە بەرپرسیاریەتی هەلوومەرجی سیاسی هەرێم بکەین ، بەتایبەتی لە خستنە ڕووی دیدو بووچونەکانماندا وە بەرپرسانە خوێندنەوەیەکی واقعی جیوسیاسیمان هەبێت بۆ ئەوپرسانەی کە ڕەهەندیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە لە عێراق و کوردستاندا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×