مامۆستایی، پیشەیەکی هەڕاجکراو

هێمن ئەحمەد
  2022-01-31     551

لەوەتەی کۆمەڵگەی کوردی هەیە هێندەی ئێستا پیشەی مامۆستایی بێ نرخ و هەرزان فرۆش نەکراوە و شکۆی مامۆستا نەشکێنراوە. بە بەراورد بە وڵاتێکی کاولی وەک عێراق، هێشتا لێرە بار و دۆخ و ئاستی بژێوی و بیر و بۆچونی خەڵک لەسەر مامۆستا و پیشەکەی چەندان جار خراپترە.بۆیە ئەم پیشەیە هێدی هێدی لە نرخ و بەهای کەم دەکرێتەوە و لە ئەنجامیشدا زیندەبەچاڵ دەکرێت.
پیشەیەک هێندە ڕەزیل و سوک کرابێت، کە هەندێک لە مامۆستایانی بەڕێز حەز نەکەن خۆیان وەک مامۆستا بناسێنن یان بە مامۆستا ناوببرێن"کە ئەمە ڕاستیەکی تاڵە".کەواتە ئەمە ئەوپەڕی بەکەم سەیرکردن و نا ئومێدیە بەرانبەر بەم پیشەیە.
خۆ ئەگەر ئەم خاوەن پیشەیە بەراورد بکەین بە زۆربەی خاوەن پیشە دامەزراوەکانی کەرت و بوارە جیاجیاکان لە دام و دەزگاکانی هەرێم لە؛نۆشدار و کارمەندانی تری تەندروستی و دادوەر و یاسا ناس و پارێزەری و.... هتد. یان هەموو پیشە ئازادەکانی ناو کۆمەڵگە لە خاوەنکاری تایبەت و فرۆشیاری هەمەچەشن و بینا ساز و میکانیکی و میوە فرۆش، هێشتا پیشەکانیان زۆر پڕ داهات ترە و بەنرختر ناوزەند دەکرێن. لە ئێستادا، تەنها تاکە پیشەیەک شان بە شانی پیشەی مامۆستایی دەگرێت، ئەویش شۆفێری تاکسیە، کە ئەوانیش بەردەوام دەم پڕ گلەیی و گازاندەن دەربارەی نرخی بەنزین و کرێی سەرنشین و دروستکردنی بار گرانی بۆیان.
ئیتر چۆن دایک و باوکێکی مامۆستا بوێری ئەوە دەکەن بە منداڵەکانیان بڵێن"هەوڵ بدەن و بخوێنن تا دواڕۆژتان وەک دواڕۆژی ئێمە ڕۆشن بێت"!
ئاخر لەکاتێکدا داهات و بژێوی و شکۆی میوە فرۆشێک یان شۆفێرێکی تاکسی (کە ئەوانیش جێگەی ڕێزن)،بەرزتر و بە بەها تر بێت لە مامۆستایەک، دەبێت زانست و پەروەردە لە قوڕگی چ گێژاو و قەیرانێکدا بێت و کۆمەڵگە چاوەڕوانی پێگەیاندنی چ جۆرە نەوەیەک بێت لە داهاتودا!
هۆکار گەلەکانی پشت ئەم دیادەیە زۆرن، بەڵام دیارترینیان؛ لاساری و کەمتەرخەمی دەسەڵاتە بۆ هەبونی پەروەردە و فێرکردنێکی دروست و دابین نەکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ مامۆستایان.هۆکارێکی تر باو نەمانی ئەو شێوازە لە خوێندن و مێسۆدی وانە وتنەوە و فێرکردنەیە کە تائێستاش بونی هەیە.ئەو ڕایەڵە زانستی و هەمەچەشنە جیهانگیریەی بەهۆی ئێنتەرنێت و تەکنەلۆجیای سەردەمەوە هاتۆتە کایەوە دەکرێت هۆکارێگی تر بێت. سەرەڕای ئەمانەش کۆمەڵگەی ئێستا زیاتر چاوی لەسەر ئەوەیە کە چۆن بتوانێت نەوەکەی بکاتە خاوەن پیشەیەکی باش و پڕ داهات لە داهاتودا. ئیتر گرنگ نیە نەوەکەی دەبێتە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرز یان نە. گرنگ ڕوبەڕو بونەوەی ئاستەنگ و بارگرانیەکانە و دابینکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ خۆی و خێزانەکەی. کە ئەم شێوازە تێڕوانینە بۆ ژیانی ئێستاو داهاتوش تا ڕادەیەک گشتگیرە و لە هەموو جیهاندا بونی هەیە.
هەرچەندە زۆر ئەستەمە ڕێز و بەها و شکۆی ئەم پیشەیە بگەڕێتەوە، وەک ڕابردو تاکەکانی کۆمەڵگە و خێزانەکان شانازی بە ناوی مامۆستا و پیشەکەیەوە بکەن، بەڵام هیچ نەبێت دەسەڵات دەتوانێت بەشێک لەم شکۆیە بەکۆی سیستم و پڕۆسەی پەروەردە و مامۆستا ببەخشێتەوە، بە فەراهەم کردنی ژیان و  گوزەرانی شایستە بۆ مامۆستایان و چاوپیاخشاندنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×