" حەرەس قەومی " یەکەم میلشیای فاشیستی لە عێراق

رزگار عومەر
  2022-01-31     505

لە کۆتایی پەنجاکان ، حیزبی بەعس بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی حیزبە راستڕەوەکانی دونیا، بە تایبەتی ئەزمونی نازیزم لە ئەڵمانیا میلشیایەکی چەکداری دروست کرد بۆ ئەوەی بتوانێ پێ بگاتە دەسەڵاتی خۆی و نەیارەکانی پێ لە ناوببات، نازیزم لە ئەڵمانیا هەمان شتی کرد، میلیشیایەکی وەکو باڵی چەکداری خۆی دروست کرد تەنانەت پێش ئەوەی بێنە دەسەڵات کە بە ناوی ( SS) ناسراوبوون، ئەندمانی ئەم هێزە لە سەر قۆڵیان لۆگۆی SS یان دەبەستا، ئەندمانی حەرەس قەومی لە سەر قۆڵی خۆیان کورتکراوەی حەرەس قەومی یان دادەنا و دەیانووسی( ح . ق )، ئەم میلشیایە لە کۆدەتا دژ بە عبدالکریم قاسم و لەسەرکوت کردن و کۆمەڵکوژی نەوەی یەکەمی کۆمۆنیستەکانی عێراق " شیوعیەکان " ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبوو.

سەرەتا بە شانەی بچووك، مەشقی سەربازیان لە سوریا دەست پێکرد کە ئەو دەمە سوریا و میسر وەکو دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە ژێر دەسەڵاتدارێتی جەمال عبدالناسر بوون. جەمال عبدالناسر کاری بۆ ڕوخاندنی عبدالکریم قاسم دەکرد، بۆیە پشتگیری دامەزراندنی ئەم میلشیایە کرد و چونکە دەیویست ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی عێراق بەعسیەکان و ناسریەکان بێنە سەرحوکم و ڕۆڵی ئیقلیمی خۆی زیاتر بکات، ئەو چەکانەی کە حەرەس قەومی لە کۆدەتای دژ بە عبدالکریم قاسم بەکاریان هێنا هەمووی لەلایەن میسرەوە لە ڕێگەی سوریا بەسەر حەرەس قەومی دابەش کرابوو.

هەموو کۆدەتایەکە پشتی بە یەك خاڵی جەوهەری بەستبوو، حیزبی بەعس و رابەڕانی حەرەس قەومی سەرکەوتنی کۆدەتاکەیان لە ڕووی سەربازی و ڕێگەگرتن لە بەرەنگاری بەوە بەستبوو کە ئەوان دەبێ هەنگاوی یەکەم سەرۆکی هێزە ئاسمانیەکانی عێراق بکوژن کە ناوی ( جەلال ئەلئەوقاتی ) بوو کە ئەندامێکی چالاکی حیزبی شیوعی بوو! کە ئەو کاتەش تازەترین و بە هێزترین ٣٠ فڕۆکەی جەنگی فڕۆکەخانەی جەنگی بەغدا لە ژێر دەستی ٣٠ فڕۆکەوان بوون کە هەرهەمویان ئەندامی حیزبی شیوعی بوون!

زۆربەی ناوە دیارەکانی بەعس ئەندامی حەرەس قەومی بوون، بەڵام ڕەنگە زۆر لە خوێنەران نەزانن کە سیاسەتمەدار ( ئەیاد عەلاوی ) و نوسەر ( حەسەن عەلەوی ) هەردوکیان سەرکردایەتی دوو گروپی حەرەس قەومیان دەکرد لە ڕۆژی کودەتایەکە، حەسەن عەلەوی سەرکردایەتی ئەو گروپەی کرد کە هەڵیان کوتایە سەرماڵی نەنکی عبدالکریم قاسم!

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×