مونافەسەی سیاسی لێدان لە کەرامەتی یەکتر

ئاری هەرسین
  2022-02-04     490

گومان لەوەدا نیە کە ئەحزابی سیاسی وەک چۆن لە پێناو جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش دەچنە بەرەیەکەوە و دەبنە هاوکاری یەکتر، بە هەمان شێوە هەندێک جاریش بەرەو ڕوی یەکتر دەوەستنەوەو دەبنە ڕکەبەری یەکتر. نە لە حاڵەتی یەکەمدا (حیزبە کان) دەبنە عاشق و مەعشوق، نە لەوە ی دوهەمیشدا دەبنە دوژمنی یەکتر.

لەوەتەی پرسی سەرۆک کۆمار و بەربژێرە جیاوازەکان بونەتە مژاری گەرمی ڕۆژ، تێکهەڵقژانێکی نابەجێ و نا تەندروست (بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان) دەستی پێکردوە کە هەموو سنورێکی ئەخلاقی و ئینسانی تێپەڕاندوە. مەکتەب سیاسیەکانمان (ئێمە و یەکێتی) بەزمانی حورمەت و ڕێز لەگەڵ یەکتر دەدوێن، کەچی کۆمەڵێک کەس لە توێژی کەوادری هەردولا وەک بڵێی شەڕ لەسەر میراتی بکەن بەزمانێکی شەق و شڕ و دور لە ئەدەبی ئینسانی، نیشتیمانی و سیاسی هیچیان تێدا نەهێشتۆتەوە و تەنانەت دە ست لە کەرامەت و حورمەتی شەخسی و کەسایەتیش دەوەشێنن. هەرچی بۆ ئێمەی پارتیە، ئەم جۆرە لە بەدڕەوشتی لەدەرەوەی میتۆدی سیاسی و حیزبایەتی ئێمەیە و پێچەوانەی بنەماکانی ڕێبازی بارزانین. ئەم جۆرە لە دروشم بەخشینەوەو گوتاری (بێ حەیا) ئیجتیهادی تاکە کەسین و پێویستە وەک زبڵدان سەیر بکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

من دەمڕاست و نوێنەری یەکێتی نیم، چونکە هیچ ئیلتیزامێکی تەشکیلاتیم بە یەکێتیەوە نیە، بۆیە قسە کردن لەسەر زمانی گوتار لەلایەن کەوادری یەکێتیەوە بۆ برادەران لە یەکێتی بەجێ دەهێڵم. بەڵام بە دڵنیایەوە دەتوانم زۆر ڕاشکاوانە بڵێم، کە هەر کادرێکی پارتی زمانی جنێو، تەشهیر و ئیهانەکردن لەبەرامبەر مونافیسەکانی ئێمە بەکار بهێنێت ئەوا وەک بەکرێگیراو وایە و سەر بە ڕێبازی شکۆداری بارزانی نیە کە کوردایەتیە. 

دواجار ڕاستە ئێمە کێبڕکێمانە لە سەر کورسیەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمەش شتێکی ئاساییە و لەدەرەوەی عورفی سیاسی نیە. بەڵام باشتر نەدەبو لەپاڵ ئەو کێبڕکێیەدا وزەی خۆمان لە پێناو مسۆگەرکردنی یەکڕیزی ناو ماڵی خۆمان بەکار بهێنین. پۆست وەردەگریت و پاش ماوەیەک لێت دەسێندرێتەوە، ئەوەی هەمیشە دەمێنێتەوە گەل و نیشتیمانە. حورمەتی گەل و نیشتیمان لە سەرو هەمو شتێکەوەیە. بڵاوکردنەوەو هاندانی بێحورمەتکردنی سیاسەت و دامەزراندنی مەدرەسەیەک لە پێناو بێحورمەتکردنی کۆمەڵگا دەبێتە هۆی داڕمانی کەسایەتی کۆمەڵایەتیمان بۆیە، ڕێگەپێدراو نیە و دەبێت هەموان مەحکومی بکەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×