هۆڵەندا وڵاتێکی بچووک و ئەزموونێکی مەزن لە بواری گەشەسەندندا

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2022-02-08     432

یەكێک لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە مایەی سەرنج و بایەخ بوو بە لامەوە هۆڵەندا یان وەکو خۆیان دەڵێن نێدەرلاندە.

ئەو کاتەی لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا دەژیام، کە شارێکی سەر سنوور بوو، زوو زوو سەردانی هۆڵەندام دەکرد، لەو سەردانانەمدا، جیاوازیی زۆرم لە مامەڵە و پەیوەندیی خەڵکەکەیدا بەدی دەکرد، کە زۆر جیاواز بوون لە خەڵکی ئەڵمانیا.

گەلێكی زۆر رووخۆش و مرۆڤدۆست، راستە لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەوێش بزووتنەوەی فاشیستی دروستبووە، بەڵام خۆشبەختانە، هێشتا ئەم بزووتنەوانە نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆمەڵگەی هۆڵەندی، بە فکری خراپیان ژەهراوی بکەن.

ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک خاڵی جوانی هەیە کە بۆتە مایەی گرنگیپێدانی جیهان. ئەمڕۆ هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە جوان و گەشەسەندوەکانی ئەوروپا و جیهان، وڵاتێکی بچوک کە خاوەنی سیستمێکی تۆکمەی دیموکراسی و لیبڕاڵ و مۆدێرنە، لە هەمانکاتیشدا خاوەنی ئابوورییەکی خورت و بەهێزیشە.

وڵاتێک کە رۆژانە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا لە جەنگێکی دەستویەخەدایە، ئەم جەنگەش وایلێکردووە، کە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە بواری دروستکردنی بەنداو و ئاودێریدا، هەر ئەمەش وایکردووە کە لە رووی کشتوکاڵییەوە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کە پەیڕەوی میتۆدی نوێی کشتوکاڵی دەکات.

جگەلەوەش، ئەم وڵاتە ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، رۆڵێکی چالاکی هەیە، بە تایبەتی ئەو کێشانەی رووبەروی جیهان دەبنەوە لەوانە: پیسبوونی ژینگە، جەنگ لە دژی تیرۆر، هەژاریی لە جیهاندا.

جگە لەوەش، ماوەی چەندین ساڵە باوەشی بۆ زۆر ئاوارەی جیهان کردۆتەوە و مافی پەنابەری بە زۆر کۆچەری جیهان داوە کە لە دەستی جەنگ و دەسەڵاتە ستەمکارەکانیان وڵاتی خۆیان جێهێشتووە.

نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت کە هۆڵەندا یەکەمین وڵات بووە لە جیهاندا کە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشووەوە، مافی پەنابەری بە گەلی کورد داوە، ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی کوردی لەوێ هەبێت کە ئەمەش گوازرشت لە هاوسۆزی گەلی هۆڵەندی دەکات بۆ كێشەی رەوای کورد.

لەم چەند ساڵەی دوایشدا هۆڵەندا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا بووە، کە هاوکاریی گەلی کوردی کردووە، چ لە باشوور یان رۆژئاوا.

لە ماوەی پێشوودا لە کەناڵی گەلی کوردستان، بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاریمان لە بارەی ئەم وڵاتە جوانەوە کرد. لە رێگەی ئەو بەرنامەیەشەوە، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا کە لە نزیکەوە بەڕێز هانس ئاکەربۆم کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بناسم و لە رێگەی ئەم دیدارەشەوە، کۆمەڵێک زانیاری زۆرم لە بارەی هۆڵەنداوە دەستکەوت.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە هانس ئاکەربۆم، وەک بەشێکی زۆری هۆڵەندییەکان، کەسێکی رۆح سوک و میوان دۆست بوو، ئەو ماوەیەی لەگەڵیدا بووم، سوودی زۆرم لێوەرگرت.

لێرەدا هەوڵدەدەم لە رێگەی ئەم وتارەوە، تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم وڵاتەی جیهان، بەو هیوایەی کەمێك بە خوێنەرانی بناسێنم.

جوگرافیا و مێژوو


هۆڵەندا دەکەوێتە خۆرئاوای کێشوەری ئەوروپاوە و رووبەرێکی جوگرافی بچوکی هەیە، کۆی گشتیی رووبەرەکەی دەگاتە 41.583 کم چوارگۆشە. بەشێکی زۆری وڵاتەکە لە ئاستی دەریاوە زۆر نزمە، هەر بۆیە ناوی وڵاتەکەش لەمەوە هاتووە «واتە وڵاتی نزم».

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 50 ی پێش زاییندا رۆمەکان دەستیان بەسەر هۆڵەندا گرتووە و هەتا کۆتایی ئیمپراتۆیەتی رۆما، لە ژێر دەستی ئەواندا بووە.

ماوەیەکی زۆریش لە ژێر دەستی فرانکییەکاندا بووە، پاشان لە ساڵی 1477 دا یەکەمین شانشینی هۆڵەندی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی نەتەوەی هۆڵەندی.

لە سەدەکانی 16 و حەڤدەدا، ئەم شانشینە، رۆڵێکی زۆرباشی لە بازرگانی جیهانیدا هەبووە و ئەو ساڵانەش بە سەردەمی زێڕینی دەناسرێت.

هۆڵەندییەکان داهێنانی باشیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانێتی ئەوروپیدا هەبووە، ئەم مێژووە دێرینەش، رۆڵی بەرچاوی هەیە بەسەر ئەمڕۆی ئەم وڵاتەدا.

کۆمەڵگە
ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا دەگاتە سەرو 17 ملیۆن کەس، جگە لە هۆڵەندییەکان، کۆمەڵێک نەتەوەی تر دەژین، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی تری جیهانەوە هاتوون.

دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی هۆڵەندی، کۆمەڵگەیەکی ڤرە کەلتوورە. تاڕادەیەکی باشیش ئەم وڵاتە سەرکەوتوو بووە، لە سەپاندنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی دروستبوونی کێشەی کۆچەران و بزووتنەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، لە هۆڵەنداش، بزووتنەوەی راسیزم و دژە پەنابەر دروستبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو بزووتنەوە پۆپۆلیست و راستڕەوانە، نەیانتوانیوە، ببنە مەترسی بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هۆڵەندا.

ئەمەش بە هۆی بوونی سیستمێکی باشی حکومڕانییەوە بووە، جگە لەوەش رۆحی لێبوردەیی و تۆڵێرانس، لە ناو هۆڵەندییەکاندا زۆر بەهێزە.

زمانی هۆڵەندی


زمانی هۆڵەندی یەکێکە لە زمانە ئەوروپییەکان، زمانێکە کە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و زمانێکی دەوڵەمەندە. جگە لە هۆڵەنداش، لە بەشێکی بەلجیکا و ئەڵمانیاشدا، زمانی هۆڵەندی بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی لە بەلجیکادا، نیوەی هاووڵاتیانی بەلجیکا، هۆڵەندین.

سیستمی سیاسی


هۆڵەندا خاوەنی سیستمێکی سیاسی زۆر بەهێزە، پێڕەوی سیستمی پادشایەتیی دەستووری دەکات و هەروەها پشت بە پڕەنسیبە دیموکراسییەکان دەبەستێت، پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی سیاسی هۆڵەندا لە چاو وڵاتانی تردا جۆرە تایبەتمەندییەکی هەیە. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە هۆڵەندا سیستمێکی پادشایی دەستووریی هەیە. بەپێی ئەم سیستمەش پادشا لە هۆڵەندا، تەنها پۆستێکی سیمبۆڵیی و تەشریفاتییە، دەنا دەسەڵاتی سیاسی لە لای سەرۆک وەزیرانە.

ئابووری
گەلی هۆڵەندی بەوە ناسراون کە گەلێکن حەزیان بە بازرگانییە و هەمیشە بازرگانیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبووە، کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی هۆڵەندی لە سەدەی 16 ەوە دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی جیهان.

ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمپانیایەش، بازرگانییکردن بووە لەگەڵ هیندستان و کیشوەری ئاسیا. لەو کاتەشدا گەورەترین رکابەری کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی ئینگلیزی بووە لە ناوچەکە و جیهاندا.

هەر بۆیە رۆحی بازرگانی لە ناو هۆڵەندییەکاندا، مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە. بەندەری رۆتەردام یەکێکە لە گەورەترین بەندەری کیشوەری ئەوروپا. لە ماوەی چل ساڵی پێشووشدا ئابووری هۆڵەندا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لە ئێستاشدا کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی بۆ ساڵی 2021 دەگاتە 1070 ملیارد دۆلار.

لە رووی داهاتی تاکەکەسیشەوە لە ساڵێکدا دەگاتە سەرو 52 هەزار دۆلار، بەمەش دەبێتە 11 هەمین وڵاتی جیهان لە رووی بەرزیی داهاتی تاکە کەسەوە.

رۆژ لە دوای رۆژیش ئابووریی هۆڵەندا هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە دەنێت و بۆتە یەکێک لە ئابوورییە زۆرباشەکانی ئەوروپا و جیهان.

دیارە لەپشت ئەم ئابووریە بەهێزەشەوە بوونی سیستمێکی دیموکراسیی و شەفاف و ژێرخانێکی ئابووریی باش هەیە. نابێت رۆحێکی گەورەی بازرگانیی و کارکردنیش لای هۆڵەندییەکان لە بیر بکەین، کە بۆتە سیمایەکی گرنگی کەسایەتی هۆڵەندییەکان.

وڵاتی بەنداو و گوڵە جوانەکان


وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا لە رووی ئاستی دەریاوە زۆر نزمە بۆیە بە وڵاتی زەوییە نزمەکان دەناسرێت، بەڵام لە ماوەی 50 ساڵی پێشوودا حکومەتی هۆڵەندا لە رێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداوی گەورەوە، رووبەروی ئەم کێشەیە بۆتەوە و تاڕادەیەکی باش توانیویەتی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵبێت.

لە لایەکی تریشەوە، ئەمە وایکردووە کە لە رووی سیستمی ئاودێرییەوە زۆر بەهێزبێت و بتوانێت ببێتە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان لە رووی کەرتی کشتوکاڵییەوە، بەتایبەتی لە هەندێک کەرتدا، بۆ نموونە لە چاندنی گوڵدا یەکەمی جیهانە و هەر ئەمەش وایکردووە کە بە وڵاتی گوڵ بناسرێت.

ساڵی 2021 هۆڵەندا 1.7 ملیارد چەپکە گوڵی بەرهەم هێناوە، کە دەکاتە 60% بەرهەمی جیهان، بە بڕی 6.2 ملیارد یۆرۆش هەناردەی جیهانی کردووە. بەمەش بۆتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی گوڵ لە جیهاندا.


لە رووی بەرهەمی کشتوکاڵیشەوە، بە حوکمی بوونی سیستمێکی باشی ئاودێری و پەیڕەوکردنی میتۆدی مۆدێرنی کشتوکاڵی، وایکردووە کە ئەم وڵاتە ببێتە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بواری بەرهەمی کشتوکاڵی لە جیهاندا، هەروەها داهاتێکی باشیشیان لە کەرتی کشتوکاڵی دەستبکەوێت.

ساڵی 2021 هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی ریکۆردی شکاند و گەیشتە بڕی 104.7 ملیارد یۆرۆ، بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.

هۆڵەندا و جیهان


هۆڵەنەدا ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپایە، هەروەها ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی ناتۆشە، جگە لەوەش ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە ماوەی پێشووشدا لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا رۆڵێکی زۆر چالاک دەگێڕێت، بە تایبەتی لە مەسەلەی پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا، هەورەها لە جەنگی دژ بە داعش و تیرۆریشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە.

هۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا


هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا. ئەندامێکی سەرەکی رێکەوتنامەی رۆمای ساڵی 1957 ە، کە بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپیی و دواتریش یەکێتی ئەوروپا. بۆیە هۆڵەندا هەر لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپادا. لە هەمانکاتیشدا، لە سیاسەتی دەرەکی هۆڵەنداشدا، یەکێتی ئەوروپا، دەبێتە سەنتەری ستراتیژی ئەم وڵاتە. دیارە کیشوەری ئەوروپا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و ئەمنیشەوە، گرنگییەکی ئێجگار گەورەی بۆ ئەم وڵاتە هەیە.

هۆڵەندا و ناتۆ


هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ساڵی 1949 دا، هەر لەگەڵ دامەزراندنییەوە رۆڵێکی بەرچاو و کارای هەبووە لەم رێکخراوە سەربازییەدا.

هۆڵەندا لە رێگەی بەشدارییکردنی لە ناتۆدا، توانیەتی توانا سەربازییەکانی خۆی بەهێز بکات، لە هەمانکاتیشدا پارێزگاری لە ئەمنیەت و سەلامەتی خۆیی و ئەوروپاش بکات. لە ئێستادا لە پاش یەکێتی ئەوروپا، دووەمین مەیدانی سەرەکی کارکردنی هۆڵەندا ناتۆیە.

هۆڵەندا و کێشەکانی جیهان


ئەوەی مایەی خۆشحاڵی و لایەنی جوانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندایە، بەشداریکردنیەتی لە دۆزینەوەی رێگا چارەدا بۆ کێشەکانی جیهان بە تایبەتی مەسەلەی ژینگەپارێزی و هاوکاریکردنی دەوڵە هەژارەکانی جیهان.

هەمیشە هۆڵەندا سیاسەتێکی پەیڕەوکردووە، کە داکۆکی لە ژینگەپارێزی بکات لە جیهاندا. لە تەواوی رێکەوتنامە جیهانییەکاندا بۆ پارێزگارییکردنی ژینگە، هۆڵەندا رۆڵێکی باشی گێڕاوە. ئەمەش خاڵێکی جوانی تری سیاسەتی دەرەکی ئەم وڵاتەیە.

هۆڵەندا و جەنگ دژی تیرۆر


یەکێک لە خاڵە گەشەکانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندا، بەشداریکردنیەتی لە جەنگ دژی داعش. هۆڵەندا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە هەر لەسەرەتای ئەم جەنگەوە، رۆڵێکی جوامێرانەی بینییوە و سوپاکەی لەگەڵ هاوپەیماناندا بەشدار بووە لە جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عیراقدا.

دەتوانم بڵێم لە جەنگی رزگارکردنی شاری کۆبانیشدا، فرۆکە جەنگییەکانی هۆڵەندا، لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسادا، گورزی باشیان لە چەتەکانی داعش وەشاندوە. جگە لەوەش هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی کردووە، بە تایبەتی لە رووی مەشق و راهێنان و پێدانی چەک و تەقەمنییەوە.

کورد و هۆڵەندا


وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ گەلی کورد دا هەیە و یەکەم وڵات بووە کە مافی پەنابەری بەو کوردانە داوە کە پەنایان بۆ بردووە. هەر ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی باشی کورد لەم وڵاتەدا هەبێت.

جگە لەوەش، لە ماوەی پێشوودا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و کونسوڵگەری لە هەرێمی کوردستان کردۆتەوە. لە ئێستاشدا هۆڵەندا هاوکاری زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە، کە لە رووی پێدانی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنانەوە، هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگە دەکات.

جگە لەوەش هەروەک کونسوڵی گشتی هۆڵەندا پێی راگەیاندم، لە رووی کشتوکاڵیشەوە، هاوکاریی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

کۆتایی
هۆڵەندا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆدا، ئەم دوو رێکخراوەش رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتی جیهاندا هەیە. جگە لەوەش رەوەندێکی باشی کوردیش لەم وڵاتە دەژین، کە لە زۆر رووەوە دەتوانن خزمەتی هەرێمی کردستان بکەن. هەروەها ئەزموونی هۆڵەندا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و کەلتوورییەوە زۆر گرنگە، هەر بۆیە پێویستە لە هەموو لایەکەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بەهێزتر بکرێت، بە تایبەتی لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و فەرهەنگییەوە.

سەرچاوەکان:
1-www.holland.com/de
2-www.planet-wissen.de
3-www.Statista.de
4-www.fruchtportal.de

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×