ئای لەو "عێراقچی"یانە!

ئالان م. نوری
  2022-02-10     395

ئەوەی سەرنج لە هەڵپەی هێزە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان بدات بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پایەی سیستەمی سیاسیی عێراق، کە لە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی شکستخواردووی بایکۆتکراو لەلایەن زیاد لە 80% ی دەنگدەرانی سەرتاپای وڵات هاتۆتە کایەوە، سەری دەسوڕمێت! ئای ئەمانە چ پەهلەواێکن لە بازبازێن بەسەر هەڵوێستە دژوارە تێکئاڵۆزکاوەکانی خۆیاندا! خۆ دوێنێ بە زەبری "خوێنی رژاوی پێشمەرگە" خەریکی سەپاندنی سنووری نوێی هەرێمی کوردستان بوون و بەرەو سەبەخۆیی، بە کوێرایی چاوی عێراقییان و سیستەمە سیاسییەکەیان و، بگرە بە کوێرایی چاوی گشت جیهان، هەنگاویان دەنا! کەچی ئەمڕۆ وەک دوو کەڵەشێری شامی خەریکی پەڕوباڵکردنی یەکترن لەسەر ئەوەی کامیان لەوی دی عێراقیترە! هەر خۆشیان، دوێنێ‌و ئەمڕۆش خەریکی ناو زڕادنی هەر کوردێکن کە خەو بە عێراقێکی مەدەنیی دێمۆکراتییەوە ببینێت و، بە جنێوی سیاسیی حازربەدەستی "عێراقچی" سووکایەتیی پێدەکەن.

زاراوەی "عێراقچی" یەکێکە لە لیستی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی جنێوی سیاسی، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان (ی ن ک)، لەگەرمەی شەڕیدا دژ بە هەموو هێزە چەکدارەکانی دیکە و، لە گەرمەی سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی حیزبەکەی،  لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا دایڕشت. وەک دیارە، ئەم زاراوەیە لە وشەی عێراق + پاشگری (چی) پێکهاتووە. ئەم پاشگرەش پاشماوەی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە و لای زۆربەی گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆریەتە تا ئێستەش بەکار دێت و مەبەست لێی ئاماژەیە بۆ سەنعەت یان شێوازی بژێویی ئەو کەسەی کە پێی بانگ دەکرێت، وەک عەرەبانچی و قاچاخچی و کەبابچی و …تاد. بەو پێیە، عێراقچی ئەو کەسەیە کە بژێویی لە رێگەی ناسنامەی عێراقی بوونەوە بەدەست دێنێت. بێگومان مەبەست لەم بەکارهێنانە، بەم شێوەیە، سووکایەتی کردنە بەو کەسە. داڕێژەرانی دەستەواژەکەش هەر بە نیازی سووکایەتی پێکردن بەکاریان هێنا، بە بەڵگەی ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەی یەکێتیدا بەرامبەرە دژەکەی عێراقچی، (کوردستانی) بوو، نەک (کوردستانچی).

بەکارهێنانی چڕی ئەم دەستەواژەیە لەلایەن ی ن ک ەوە لە 1985 ەوە دەستی پێکرد، کاتێک ئۆپۆزیسیۆنێکی ناوخۆیی لەناو ریزەکانیدا سەری هەڵدا (دواتریش وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ  بە ناوی ئاڵای شۆڕش ەوە جیا بۆوە). سەرکردایەتیی ی ن ک ئەو گرووپەی بە دۆستایەتیی حیزبی شیوعی عێراق ی "تەحریفی" تۆمەتبار کرد و هەر لەبەر ئەوەش سەرکردەکانی رێکخراوەکەی بە عێراقچی ناوەزەرد کرد.

کورتکراوەی بیرۆکەی دوانە دژواری (عێراقچی/کوردستانی)، بەپێی داڕێژەرانی، لەوەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە کە کوردستان نیشتمانێکە بە واتا هاوچەرخەکەی (نەتەوە-دەوڵەت: Nation State) و هیچی کەم نییە تەنها بەشی دووەمی دەستەواژەکە نەبێت، کە (دەوڵەت)ە!!! ئەم کەمهێنانەش، بەپێی"کوردستانییەکان" ی باشووری کوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم نیشتمانە، لەلایەن "ئیستعماری ئیستیطانی عەرەبی" ەوە داگیر کراوە. بە پێی ئەم لۆژیکەش، چەمکی عێراق، وەک نیشتمانێک، چی دی نییە جگە لە ئامرازێکی هەژموونی فیکری بەدەست ئیستیعماری ئیستیطانی فراوانخوازی عەرەبەوە. ئەم دەرئەنجامە لۆژیکییە شتێک نییە بەندە بۆی دروست کردبن. بەڵکو ئەوەی گوبێبیستی ئیستگەکەی (دەنگی گەلی کوردستان)، لە ساڵانی 1985-1990 بووبێت، دەزانێت دەستەواژەی ئیستیعماری ئیستیطانی رۆژانە لە میانی باسکردنی دۆزی میللەتی کورد لە عێراقدا بەکار دەهێنرا. (ئەوجا مادام بە دەفتەری کۆنی بیرەوەریدا دەچینەوە، دەبێت ئەوش بڵێین کە ئەم گوتاری ئیستیعماری ئیستیطانی ە دوای ساڵێک لە هەرەسهێنانی دانوستانی ی ن ک لەگەڵ رژێمی دیکتاتۆری صەددام حسێن دا  سەری هەڵدا. واتە ساڵێک دوای ئەوەی لە گوتاری ئاهەنگێکی جەماوەریدا، جەلال طالەبانی، سەرکردەی ی ن ک، بە بۆنەی نەورۆزەوە، ساڵی 1984، لە سورداش، لەبەردەم زیاد لە سەد هەزار ئامادەبووی خەڵکی شاری سلێمانیدا، شانازیی بە عێراقی بوونی خۆی و رێکخراوەکەی و هاوپەیمانێتیی لەگەڵ سوپای عێراقدا کرد).

ئامانجی بەکارهێنانی سیاسیی هەنووکەیی ئەم دوانە دژوارەی (عێراقچی/کوردستانی) هەرچییەک بووبێت، لە گرنگییەکەی کەم ناکاتەوە. چونکە لە ناوەڕۆکدا سەرلەنوێ بونیادنانەوەی "فیکر"ی نەتەوەیی بوو لەسەر بنەمای جوگرافیا (:کوردستان) لە بریی ئیتنی (Ethnisity) (:کورد). ئەوەش بۆخۆی قەڵەمبازێکی گەورەیە لە گەشەی ئەو فیکرەدا. بێ گومان ئەم گەشەیە هێڵێکی راستی یەک-ئاراستەیی بەرەو پێشەوە نەبوو. بەڵکو ئەم فیکرە زۆربەی کات ئیتنەوییەتی ناسراو بە (کوردایەتی)ی لەگەڵ کورستانیێتی ی داڕێژراو لەسەر بیرۆکەی هاونیشتمانیی یەکسان لە نێوان هەموو گرووپە ئیتنییەکانی دانیشتووی ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت کوردستان، تێکەڵ کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوە تیۆرییە نوسراوەکانی ئەم فیکرە نەتەوەییەی کورد زۆر کەم و زۆر سەرپێین، بەڵام گێڕانەوەیەکی هاوبەشیان هەیە دەربارەی ئەوەی چۆن کوردستان نیشتمانێکی کامیل (بە واتا زاراوەییە هاوچەرخەکەی)،نەک نیشتمانێکی روو لە دروستبوونە. ئەویش بریتییە لە گێڕانەوەی ئەوەی یەکەمین داننان بە جوگرافیایەکی ئیداریی جیاواز بە ناوی کوردستانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی سەلجوقییەکان و، ئەم جوگرافیا جیاوازە، بە تایبەتمەندیی خۆیەوە لە سەردەمی جەنگە درێژخایەنەکانی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و صەفەوییەکاندا وەک ناوچەی نە کۆنترۆڵی تەواوی ئەملا و نە کۆنترۆڵی تەواوی ئەولا مایەوە، هەر بۆیەش وڵاتە ئیستیعمارییەکان کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییان، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، دابەشکرد، دانیان بەوەدا نا کە ئەم جوگرافیایە تایبەتە و مافی چارەی خۆنووسین یان مافی تایبەتبوونی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا کە لە دوای ئەو جەنگەوە پێکهێنران، هەیە. هەر خودی ئەم گێڕانەوە باوەی فیکری نەتەوەیی کوردی هۆکاری نەبوون بە دەوڵەتی ئەم جوگرافیا تایبەتە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرکردایەتییە خێڵەکی و دەرەبەگ و دواکەوتووەکەی کوردان، کە نەیتوانیوە هەلومەرجی نێودەوڵەتی بە دروستی بخوێنێتەوە و لە سەوا و مامڵەیدا لەگەڵ ئەجێندای زلهێزەکانی دونیا، نەیتوانیوە هێزی ئەوان بە بەرژەوەندیی ئامانجە نەتەوەییەکانی کورددا بە خۆرێک بەرێت کە واقعی جوگرافیی نوێ (زۆربەی کات لە رێگەی بزوتنەوەی چەکدارییەوە، بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری) بسەپێنێت.

 ئەوەی کە ئەم گێڕانەوەیەی سەرەوە لێی بێئاگایە، یان خۆی لێ هەڵە دەکات، ئەوەیە کە تەقسیماتی ئیداریی هەر ئیمپراتۆریەتێکی پێش چەرخی نوێ هێچ ناگەیەنێت جگە لەوەی کە گەلێک لەو ناوچە جوگرافییەدا ژیاوە و لە داهاتوودا دەبێت بە ئیتنییەیەکی هاوچەرخ. بە بێ ئەوەی  ئەمە هیچ مافێکی زیاد لە ئاسایی لە بەرامبەر بە هەموو ئەو ئیتنییە و گەلانەی دیکە کە لە هەمان ناوچەی جوگرافیدا ژیاون و دەژین، بەم ئیتنییەیە بدات. ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی، بۆ نموونە، بەشێکی فراوانی ئەوروپای ناو دەنا (جێرمانیا). ئەم تەقسیمە ئیدارییەی ئیمپراتۆرییەتی رۆما لەلایەن نازییەکانەوە بەکار هێنرا بۆ ئیدیعا کردنی ئەوەی کە ئەو جوگرافیایە هەمووی خاکی مێژوویی ئەڵمانیایەو، ئەوەیان بۆ پاساوی داگیرکارییەکانیان لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا بەکار هێنا. بێ گومان ئەو گەلانەی لەو ناوچە جوگرافیەدا دەژین رایەکی دیکەیان هەبوو و بێ گوێدانە تەقسیمی ئیداریی ئیمپراتۆریەتی رۆما دەوڵەتی نیشتمانی هاوچەرخی خۆیان پێکهێنا. هەرچی مەسەلەی داننانی هێزە ئیستیعمارییەکانی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمە بە تایبەتمەندیی جوگرافیای کوردستان و مافی دروستکردنی دەوڵەتی کوردان، ئەوا ئەو هێزانە هەمان هەڵوێستیان هەبوو بەرامبەر بە ژمارەیەک نەتەوی دیکە، کە هاوبەشی بەشێکی زۆری  ئەو جوگرافیایەن کە ئێمە پێی دەڵێین کوردستان؛ وەکو ئاسوورییەکان و، ئەرمەنییەکان و، ئازەرییەکان. بێ گومان ئەمەی باسی دەکەین بە هیچ شێوەیەک لە تایبەتمەندێتیی جوگرافیی کوردستان کەم ناکاتەوە، بەڵکو لەسەر بنەمایەکی فرە ئیتنی دەیسەلمێنێت. ئەم خاڵە بنەڕەتییەش فیکری نەتەوەیی کورد زۆربەی کات فەرامۆشی کردووە.

بەڵام فەرامۆشکردنێکی لەوە ترسناکتر کە فیکری نەتەوەیی کورد پیادەی دەکات فەرامۆشکردنی گۆڕانکارییە زەبەلاحەکانی سیستەمی نێودەوڵەتییە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە. لەو کاتەوە سیستەمی جیهانی بە جۆرێک گۆڕا کە هەماهەنگی یان تەنانەت خۆ تواندنەوە لە ئەجیندای ئەم زلهێز یان ئەو زلهێز ئەوەندەی لە بار نەما کە بتوانێت جوگرافیای سیاسیی پاش جەنگی جیهانیی دووەم بگۆڕێت. ئەو جوگرافیایە سیاسییەی جیهان لەسەر بنەمای یەکدی تۆقاندنی ئەتۆمی دامەزرا و دامودەزگای هەماهەنگیی نێودەوڵەتی نوێی هێنایە کایەوە کە لەسەر بنەمای کۆتایی هێنان بە مێکانیزمەکانی ئیستیعماری کۆن و چەسپاندنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات. لەوکات بە دواوە، بواری گۆڕینی سنوورە سیاسییەکانی وڵاتان بەپێی خواست و هەست و سۆز کۆتایی پێهات و، سەر لەنوێ داڕشتنەوەی ئەو سنوورانە لە رێی مێکانیزمە دێمۆکراسییە ئاشتەواییە ناوخۆییەکانی وڵاتان نەبێت، بووە نیمچە مەحاڵ (هەندێک حاڵەتی زۆر دەگمەن نەبێت، کە لە ماوەی ناجێگیریی سیستەمی نێودەوڵەتی لە ئەنجامی هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت لە نەوەدەکانی سەدەی رابوردوودا روویاندا؛ وەک بە شەڕ لێکترازانی یۆگۆسلاڤیا).

نوخبەی بزوتنەوەی چەپی کوردستان درکیان بە گۆڕانکارییە نوێیەکانی بارودۆخی جیهانی کرد و لەوە تێگەیشتن کە رۆڵێکی بڕیاردەریان هەیە لە گۆڕینی رێسا و مێکانیزمەکانی کاری سیاسی. هەر بۆیەش لە کۆتایی چلەکانەوە پاشەڕۆژی هیوا و ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستانیان لە عێراقدا بەستەوە بە بەدیهێنانی دەوڵەتێکی هاوچەرخ و مەدەنی و دێمۆکراسی لە عێراقدا، ئەم درک پێکردنەشیان بە کردەوە نواند و گەورە رێکخراوی چەپی کوردستان بوو بە بەشێک لە بونیادی رێکخراوەیی حیزبی شیوعیی عێراق، کە ئەوسا لانەی بزوتنەوەی چەپ، بە چەپی لیبرالیشەوە، بوو لە سەرتاپای عێراقدا.

لە دوای هێرشی ئەنفالەکان و راپەڕینی ئازاری 1991 و کێشانەوەی گشت دامودەزگا حکومییەکانی مەرکەز لە کوردستان، ئەم هوشیارییەی چەپی کوردستان کەوتە بەر تاقیکردنەوەیەکی قورس. مەزاجی میللی لە کوردستاندا، بەبێ ئەوەی گۆڕانێکی جەوهەری لە کەشی نێودەوڵەتی روو بدات، بە شێوەیەکی زەق بەرەو خواستی جیابوونەوە لە عێراق رۆیشت. بۆشاییە ئیدارییەکەی کشانەوەی دامودەزگای حکومەتی مەرکەزی هانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دا کە دان بە شێوازێک لە سەربەخۆیی ئیداری بۆ هەرێمی کوردستان بنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە لە هەموو وەرچەرخانێکی سیاسیی چارەنووسسازدا، ئەوەی دووپات دەکردەوە کە پابەندی سنوورە سیاسییەکانی عێراق، وەک خۆیەتی. چەپی کوردستان لە ئاستی ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە و لە ئەنجامی تۆپبارانی فشاری ئایدیۆلۆژیی هێزە باڵادەستەکانی کوردستاندا، شکستێکی گەورەی خوارد و پشتی کردە کولتوورە عەقلانییەکەی خۆی و بەهەمان پێگە دواکەوتووەکانی فیکری نەتەوەیی کورد  خۆی دایە دەست خولیای "کوردستانیبوون". بگرە بوو بە مەلەکیتر لە مەلیک.

 

بەڵای گەورەتر لە سەرلێشێواویی چەپ، بریتییە لە شێوازی بەکارهێنانی دوانەی (عێراقچی/کوردستانی) لەلایەن هێزە سیاسییە باڵادەستەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتی لەم بیست ساڵەی رابوردوودا، کە تێیدا نموونەیەکی قێزەونی لێکترازانی ئەخلاق و سیاسەتیان نمایشت کرد. هەر لە نەوەدەکانی سەدەی رابوردووەوە گوتاری کوردستانی پاشەکشەی کردووە و کوردایەتییە کۆنە دواکەوتووەکەی جاران، لە جاران بەهێزتر، رۆچووەتە ناو تان و پۆی کۆمەڵگای کوردستانی و بۆتە سەردێڕی مامڵەکردن لەگەڵ ئیتنییە جیاوازەکانی دیکەی کوردستاندا. گوتاری رۆژانەی مەکینەی پرۆپاگەندای دەسەڵاتی هەرێم لەلایەکەوە کوردایەتیەکی دژ بە پێکەوە ژیانی ئیتنییەکانی عێراق، وەک بابەتی رۆژانە، دەدات بە گوێی هاووڵاتیانی کورددا. کەچی لە هەمان کاتدا، بۆ ئیستیهلاکی عێراقی، هەمان مەکینەی پڕۆپاگەندا، بە روویەکی قایمەوە، باس لە چارەنووسی هاوبەش وشەراکەت لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر عێراقی نیشتمان دەکات. لە رووی سیاسییەوە، هەر لە یەکەمین ساتەکانی رووخاندنی رژێمی صەددام و داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و بە درێژایی ساڵانی دواتر، بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە کە سەرانی "پێکهاتەی کوردی" بەرژەوەندیی باڵای خۆیان لە عێراقێکی لاوازدا دەبیننەوە کە نەتوانێت چەک لە دەستی حکومەتێکی مەدەنی  دیموکراتیدا کۆ بکاتەوە. ئەمەش لە پێناوی ئەوەی وڵاتەکە بکەنە چەند ناوچەیەکی دەسەڵاتی ئیتنۆ-تایەفەگەریی دژ بە یەکتر و دژ بە چەمکی دەوڵەتی هاوچەرخ، بۆ ئەوەی سەرەڕای رواڵەتی ناکۆکی و دژایەتییان لەگەڵ ئەکتردا،  لە نێوانی خۆیاندا سامانی گشتیی وڵاتەکە وەک دەستکەوتی جەنگ تاڵان بکەن، بەبێ ئەوەی کەس بۆی هەبێت هەق و حسابیان لەگەڵ‌بکات. هەر بەو ناوەشەوە سەرانی ئەم "پێکهاتانە" بەر یەک بکەون و ململانێ بکەن و صوڵح بکەن وەک ئەوەی سەرکردەی جەنگی چاخە تاریکەکان بن… بەم شێوەیە، تا ئێستە بۆیان لواوە خۆیان بە پارێزەری "شەرەف و نامووس" گەلی کورد بناسێنن و هەموو خولێکی سیاسیی جارێکی دیکە بەشداری بکەن لە تاڵانکردنی ئابووریی وڵات بە شەراکەت لەگەڵ‌ هەمان ئەو لایەنانەی کە وەک دوژمنی گیانی بە گیانیی کورد بە هاووڵاتیی کوردیان دەفرۆشن و، خۆشیان وەک شوانی پارێزەری میللەتی کورد لە گورگە عێراقییەکانی دەوروبەریان دەناسێنن، لەم کەین و بەینەشدا هاووڵاتی کورد لە گەلان و ئیتنییەکانی دیکەی عیراق پڕ دەکەن…لەم شانۆییە دووبارە بووەدا، هەموو جارێک، چەپی کوردی سەرلێشێواویش بە دوایاندا مل دەنێت و پشت دەکاتە مێژووی عەقڵانییەتی خۆی و سەربەخۆیی ئایدیۆلۆژیی دەخاتە ژێر پێوە و رازی دەبێت بە زیاتر گورنەتەڵە بوونی لە شەقامی سیاسیی کوردستاندا و زیاتر و زیاتر دەبێتە کیانێکی پەراوێزخراو و مشەخۆر کە لەسەر خێری هێزە باڵادەستەکانی هەرێم دەژی.

وەرزی سەمای عێراقچیی نوێی هێزە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و ئاغاکانی کورد لەسەر دەستکەوتی سەرۆکایەتی عێراق و تاڵانییەکانی دیکەی دەوڵەتی عێراقی شەڕیانە و "عێراقچێتی"یان بۆ دۆست و دوژمن نمایش دەکەن. بەڵام ئەوەندەش ریسوان کە کەس لە عێراقدا بڕوایان پێناکات. ئەوان و هەموو ئاغاکانی ئیتنییەت و تایەفەکانی عێراق کە تەختی شانۆی سیاسیی عێراقیان قۆرغ کردووە، هەموویان نموونەیەکی زۆر قێزەونی عێراقچێتی نمایش دەکەن کە پێچەوانەی خواست و ئاواتی خەڵکی وڵاتەکەیە بە ژیانێکی سەربەرز و ئازاد لەسایەی ‌هاووڵاتیبوونێکی یەکسان بۆ هەموان.

هاووڵاتیانی کوردستان بە هوشیاریی خۆڕسکی خۆیان، نەک بە هۆی رێکخراوە سیاسییەکانییانەوە کە لەسەر شێواندنی هۆشیاریی ئەوان دەژین، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە "رێگەچارە"ی هەرەس پێهێنانی عێراق وەک کیانێکی سیاسی زەنگێکی ترسناکە بۆ گشت پێکهاتەکانی وڵات و رێیەکی خێرایە بەرەو جەنگی لەبن نەهاتووی نێوان زۆنی دەسەڵاتە دژ بە یەکەکانیان. بەڵام ماویەتی کە ئەو هوشیارییە پەرە پێبدات و، سەر لە نوێ ئەو حەقیقەتە بدۆزێتەوە کە تاکە زامنی پیادە کردنی مافی چارەی خۆنووسینی هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی عێراقیی مەدەنیی دێمۆکراتە کە کۆتایی بە کەڵەگایی ئاغا جەنگاوەرەکان و تاڵانییەکانیان بێنێت. ئەمەش مانای وایە کە هاووڵاتییانی کوردستان بە شانازییەوە جنێوی "عێراقچی" قەبوڵ بکەن، چونکە جنێوێک کە بەدڕەوشت پێمان بدات… دەبێت مایەی شانازیمان بێت!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×