کرێكارانی ژینگە پارێز... پێویستیان بەپشتیوانییە!

عەبدوڵا مەحمود
  2022-02-10     379

ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێک لەکرێکارانی ژینگەپاریز کە ئەرکی کۆکردنەوەو پاککردنەوەی گەرەک و شەقامەکانیان لە ئەستۆیە، بەهۆی دواکەوتنی موچەی مانگانەکەیان دەستیان داوەتە کۆبونەوە و مانگرتنی ناڕەزایەتی. بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری شەقام و گەڕەکەکان بەتایبەتی چوار زۆنی سلێمانی و بەشێکیش لەقەزاو ناحیەکان، خۆڵ و خاشاکێکی زۆری لێ کۆبۆتەوە و سیمایەکی ناشیرینی بەخشیوە بەو گەرەک و شەقامانە. هەروەها لەپاڵ مانگرتنی بەشێکی کرێکاران لەبەردەم کۆمپانیاکان بۆ داوای موچە دواخراوەکانیان، بەشێک لە کۆمپانیاکانیش بەپاساوی نەدانی بودجە و شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە خۆیان کارەکانیان ڕاگرتووە و موچەی کرێکارەکانیان نادەن.

مانگرتنی کرێکاران بۆ موچە دواخراوەکانیان و دانی موچەی تەواوی کرێکارانی ئەو کۆمپانیایانەی کە خۆیان کارەکانیان راگرتووە، مافێکی بێ ئەولاولای کرێکارانەو نابێ بەهیچ شێوەو پاساوێک دوابخریت یان رابگیرێت. کرێکاران لەگەڵ کۆمپانیاو خاوەن کۆمپانیاکان بەرەوڕوون و پەیماننامەی کارکردنیان لەگەڵ ئەوان هەیە نەك حکومەت و شارەوانی.... بۆیە نابێ کرێکاران ببنە قوربانی ململانێ و کێشەی نێوان کۆمپانیاکان، لەگەڵ حکومەت و شارەوانی... تاد.

ئەگەر کۆمپانیاکان و خاوەن کارەکان خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانن و مانگانە لەسەر شان و ئارەقەو ماندووبوونی کرێکاران بە ملیۆنان دینار و دۆلار قازانج و کەڵەکە دەکەن و کێشەی ژیان و گوزەرانیان نییە، ئەوا کرێکاران جگە لە فرۆشتنی هێزی کاریان، هیچی تریان نییە. ئەگەر موچەی مانگانەیان لەکاتی خۆیدا پێ نەدرێت خۆیان و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی دۆخێکی یەکجار سەخت دەبنەوە. سەرچاوەی بژێوی کرێکاران کاری رۆژانە و موچەکەیانە و مافێکی رەواو حاشالێنەکراوی کرێکارانە کە دەبێ دەستبەجێ و بێ پاساو هێنانەوە بدرێت. ئەو ڕۆژانەش کە کۆمپانیاکان خۆیان کاریان راگرتووە، دەبێ موچە کرێکارەکانیان بدەن. ڕاگرتنی کاری کۆمپانیاکان، لەلایەن خاوەن کارەکانەوە هیچ پەیوەندی بە کرێکارەکانەوە نییە.

مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز و راوەستانی کاری چەند کۆمپانیایەک، کە کرێکاران بەڕێوەی دەبەن، نیشانی دایەوە کە جێگاو ڕێگای چینی کرێکار لە کۆمەڵگەدا چەندە بناغەیی و میحوەرییە. ئەگەر شەقام و گەڕەک و شارەکان سیمایەکی جوانیان هەیە، ئەوە بەرهەمی ماندووبوونی و کاری کرێکارانە... ئەگەر کرێکارانی ژینگە پارێزو شارەوانی کار رابگرن، کۆمەڵگە نوقمی دزیوی دەبێت و بۆگەناو ژیان لە هاوڵاتیان دەشێوێنی و تەندروستی کۆمەڵگە بەسەریەکدا دادەڕمێت... خۆ ئەگەر بەشەکانی تری چینی کریکار لە کارگەو کارخانەکان، لە بیناسازی و هاتووچۆ، تا دەگاتە کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی نەوت و گواستنەوە،...تاد، دەست بدەنە مانگرتن، کۆمەڵگە لە جوڵە دەخەن و ئاسەوارێک لە ژیان و گوزەران نامێنێ. موچەی مانگرتنی کرێکارانی ژینگە پارێز، و زامنبوونی موچەی ئەو کرێکارانەی کۆمپانیاکان خۆیان کاریان راگرتووە، مافێکی رەوایەو دەبێ پێیان بدرێت، لەو راستاییەدا ئەرکی بەشەکانی تری کریکارانی ژینگەپارێزو و بەشەکانی تری چینی کریکار و تەواوی کۆمەڵگەیە کە پشتیوانی لە داخوازی رەوای کرێکارانی مانگرتوو، بکەن و ببنە پشت و پەنایان.

کۆمپانیاکان بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ دەسەڵات و هاوکات بە مەبەستی خۆدزینەوە لە دانی موچەی کرێکارەکانیان و ڕیگەگرتن لەوەی دەست ببەن بۆ مانگرتن، کاریان راگرتووە، واتە ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکان چەواشەکارییەکی ئاشکراو فریوکارییەکی رۆشنە.

مانگرتنی کرێکاران بۆ موچەکانیان، هەنگاوێکی پێشرەوانەیە و تەنها ڕێگەش بۆ بەدەستهێنانی موچە دواخراوەکانیان، هەر بەردەوامیدانە بە خەبات و مانگرتن و بەدەستهێنانی پشتیوانی بەشەکانی تری چینی کرێکار و تەواوی جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگەیە. خەڵکی چ لە شوێنی ژیانیان لە گەرەکەکان و چ لە شوێنی کاریان و دوکان و بازارەکاندا، پارەی پاککردنەوە و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دەدەن، بە دەسەلات و کۆمپانیاکان... کەچی بەو حاڵەشەوە کرێی کرێکارەکان نادەن.

 کرێکاران لە خەباتیاندا بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان، دەبێ ئەو راستیە سەلماوە وەکو ئەڵقەو میدالیایەک بەسینەوە هەڵبواسن، کە ئەگەر رێکخراو و یەکگرتوو نەبن، ئەگەر لەپشتی یەکتری نەبن، ئەگەر پشتیوانی لە داخوازیەکانی یەکتری نەکەن، ئەگەر بەهێزی یەکگرتوانەو رێکخراوەوە روبەرووی خاوەنکارو کۆمپانیاکان نەبنەوە، ناتوانن بەرگری لە مافە زۆر سەرەتاییەکانی خۆیان و کارو موچەکانیان بکەن.

کرێی کرێکارانی ژینگەپارێز مانگانە تەنها ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار دینارە، کە ئەو موچەیە، بەبەروارد بە پێداویستەکانی خێزان و بە گرانی بازار و سەختی ژیان هێندە کەمە، کەبەشی هەفتەیەک ناکات. ئەو مانگانە پارەیەی کە کرێکارانی ژینگەپارێزو زۆربەی بەشەکانی تری چینی کرێکار هەیانە، زۆر کەمترە لەو پارەیەی خاوەن کۆمپانیان و سەرمایەداران، ڕۆژانە دەیدەن بە مناڵە تەسەلەکانیان و بەشی ئێوارە خوانیكی تایبەتی خیزانەکانیان ناکات. کەچی ئەو موچە کەمەش لەبەرامبەر کارێکی قورس و یەکجار ئینسانیدا، بە کرێکاران رەوا نابینین.

کرێكارانی ژینگەپارێز نابێت بەتەنها جێ بهێڵرێن تا چەند کۆمپانیایەکی چاوچنۆک و دەسەڵاتی تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی، کایە بە ژیان و گوزەرانیانەوە بکەن و بە پاساوی بێبنەما موچەکانیان ببڕن یان دوای بخەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×