ئایا بڕیارەکەی دادگا لە بارەی ھوشیار زێبارییەوە، یاساییە، یا: سیاسییە؟!

شه‌ریف عەلی
  2022-02-13     906

 

 

ـ

ڕۆژی ١١ ی ١ ی ٢٠٢٢ ، بابەتێکم نوسی بە ناونیشانی: «ئەم دۆخەی پارتیی و یەکێتیی لە بەغداد». پاش بڵاوبونەوەی ئەو بابەتەم لە وێبسایتی ئاوێنە و ھتد، دوو کادیری یەکێتیی و، کادیرێکی باڵای پارتیی سێ پرسیاریان بۆ ناردبوم. ئەو کات ھێشتا ناوی کاندیدی ھیچ حیزبێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، نەدرابوە پەرلەمانی عێراق.

ـ

لە وەلام بۆ کادیرەکەی پارتیی کە پرسیی بوی: ئایا بەرەی ئێران ئەتوانن چ ڕێگرییەک لە ھاوپەیمانێتیی «پارتیی و سونەکان و سەدر» بگرنەبەر.

 

لە وەلام دا بۆم نوسی بو: ''پێموایە ئێران ھەرچی لە دەستی ھاتوە دژی سونەکان و پارتیی کردویەتیی و لەوە زیاتر ئۆپشنی نییە. بەڵام ئەو ئەگەرە بونی ھەیە کە ئێران لە ڕێی دادگای فیدراڵییەوە یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ناشەرعی بدات لە قەڵەم. ھەروەھا د.بەرھەمیش زۆر نزیکە لە سەرۆکی دادگای عێراقەوەو، زۆرجار لە کۆبونەوەکانی پێشوی سەرۆک کۆمار دا، بەشداری بە سەرۆکی دادگای عێراق کردوە، بۆیە ئەکرێت د.بەرھەمیش کاریگەری لەسەر سەرۆکی دادگا دابنێت».

ـ

ڕۆژگار ھات و ڕۆی، ئەوەی من وتم: ئێران لە دادگای عێراق دا نەیگرتەبەر و دادگا یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقی بە شەرعی لە قەڵەم دا!؟ بۆچی ئێران ئەو ڕێگەیەی نەگرتەبەر!؟

 

چونکە لە ئەگەرێکی وادا، ڕاستە ئێران حسابی بۆ کاردانەوەی پارتیی و سونەکان نەدەکرد. بەڵام دیارە ئێران حسابی بۆ کاردانەوەی سەدر کردوەو نەیویستوە سەدر بکاتە دوژمنی خۆی!

ـ

ئەوەی من خوێندنەوەم بۆی ھەبو، ئێران بە ھەمان ئامراز لەسەر ھوشیار زێباری جێ بە جێی کرد. لە ڕێی یەکێتیی و پەرلەمانتارێکی عەرەبەوە سکاڵای دژی ھوشیار زێباری کرد. ئینجا لە ڕێی دادگاشەوە ھوشیار زێباری دورخستەوە. بەمەش دەسەلمێ کە ئێران لە کاردانەوەی پارتیی و سونەکانی عێراق ناترسێت. بەلام حسابێکی تر بۆ سەدر دەکا و نایەوێت وا بکات کە سەدر بە تەواوی لە ئێران دوربکەوێتەوە. چونکە لە ئەگەرێکی وادا لە ڕوی ستراتیژییەوە، ئێران بەشێکی شیعەکانی عێراقیش لە دەست دەدات!

ـ

مەسعود بارزانیی ھەنگاوێکی زیرەکانەی نابو کە بوە ھاوپەیمانی سەدر و سونەکان. بەلام ھەنگاوێکی ناسیاسییانەی نا کە ھوشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کرد. 

 

مەسعود کە بیەوێت سەرکەشی لەگەڵ ئێران بکات، پێویستە ھێندە خۆی و ڕاوێژکارەکانی خوێندنەوەی ئەگەرەکانیان ھەبایەو، کەسێکیان کاندید نەکردبایە کە ئێران بتوانێت ڕیسەکەیان لێ بکاتەوە بە خوری!

ـ

کێشەی سەرکردەکانی کورد ئەوەیە: خۆیان زۆر بە گەورە دەبینن و، کۆمەڵێک ڕاوێژکار ڕادەگرن لە بری ئەوەی تەواوی ئەگەرەکان و ھەنگاوەکانیان بۆ شی بکەنەوە، کەچی ئیشی ڕاوێژکارەکانیان تەنیا بوەتە شاباش و پیاھەڵدان!

ـ

لە ٢٠١٢ و ٢٠١٣ دوو بابەتم لە ڕۆژنامەی ئاوێنە لەسەر نەوشیروان مستەفا نوسی. یەکەمیان: «پێویستە نەوشیروان مستەفا وردتر بێ» و، دووەمیشیان: «دەیڵێمەوە دەبێت نەوشیروان وردتر بێ!».

 

لەو دوو بابەتەدا کەمێک لە خاڵە لاوازەکانی سیاسەتی نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕانم خستبوەڕو. یەکێک لەو خاڵانەی کە ئاماژەم پێ دابو، ئەوەبو: ''گەورەترین ھەڵەی نەوشیروان مستەفا ئەوەیە بۆ ھەمو پۆستێکی حوکمیی، ھەڵدەستێت دەمباز یا ڕۆژنامەنوسێک  کاندید دەکات. ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ تایبەتمەندی کەسێک کە سیاسەتزانانە سیاسەت بکات و بیەوێت حوکمی دامەزراوەیی بێنێتەکایەوە''. 

ھەروەھا ئاماژەم بەوەش دابو: ''نەوشیروان مستەفا بە کەسانی سەر بە دەزگای زانیاری تەنراوەو ئیشتان ھەر ئەوەیە وەسفی ئەکەن و شاباشی بەسەردا ھەڵ دەدەن و، دەڵێن: نەوشیروان مستەفا ھەمو شتێک دەزانێت. ئەم قسانەش لە داھاتودا لە قازانجی نەوشیروان و گۆڕان نابێت''.

ـ

کاتێک مام جەلال پرۆژەی لە ٪‏٣٣ پۆستەکانی کەرکوکی بەسەر عەرەب و تورکمان و کورددا خستەڕو و جێی بە جێی کرد! 

 

ئەوکات لە بابەتی: ''نەخێر بۆ پرۆژەکەی مام جەلال''، نوسیم: ''بە پێی ئەم پرۆژەیە، مام جەلال بە دەستی خۆی کەرکوک دەداتە دەست عەرەب و تورکمان. چونکە ئیتر ئەمە دەبێتە مەشروعیەتێک کە عەرەب و تورکمان ھەقی لە ٪‏٦٦ ی کەرکوکیان ھەیە''.

ـ

ئەوکات لە زانکۆی سلێمانی خوێندکار بوم. دکتۆرێکی 'خاوەن بڕوانامەی دکتۆرای زانکۆکەی یەکێتیی!'، کە ڕاوێژکاری یەکێتیی بو، لە زانکۆ بینیمیی و لە پڕ پێی وتم: '' کاکە شەریف بابەتێکی تۆم خوێندەوە. ڕاستە تۆ گەنجێکی دەنوسیت. بەڵام ھێشتا لاویت و لە کوێتە عەقڵی مام جەلال بخوێنیتەوە. مام جەلال بە لایەنی کەمەوە عەقڵی دوو مرۆڤی لەسەرە!''.

ـ

بەڵام زەمەن سەلماندی کە ئایا پرۆژەکەی مام جەلال ڕاست بو کە 'عەقڵی دوو مرۆڤ'ی لەسەر بو!، یان بابەتە ڕەخنە لۆژیکییە گەرماوگەرمەکەی ئەو 'شەریف'ەی کە عەقڵێکی بچوکی گەنجانەی لەسەر بو. 

ئایا خوێندەوەکەی من لە ڕوی ستراتیژییەوە لە خزمەت نەتەوەی کورد دا بو، یان پرۆژەکەی مام جەلال!؟

ـ

واتە: ئەم حیزبانە لە ڕێی ھەندێک ڕاوێژکارەوە کە تەنیا ئیشیان ئەوەیە: شاباش بەسەر سەرکردەکان دا ھەڵ بدەن، سەرکردەکانی کورد بە ھەڵەدا دەبن! بەبێ ئەوەی ئەم ڕاوێژکارانە پسپۆڕی سیاسەت و دبلۆماسییەت بن و، لە زانکۆیەکی دەرەوەی 'زانکۆکانی پارتیی و یەکێتیی'، بە توانای خۆیان پێگەشتبن.

ـ

ڕێک مەسعود بارزانییش ھەمان شتی بەھۆی ڕاوێژکارە شاباشچییەکانیەوە لێ بەسەر ھات. ئیشی ڕاوێژکار شیکردنەوەی تەواوی ئەگەرەکان و ھەنگاوەکانە، نەک پیاھەڵدان!

ـ

ئەگەر ڕاوێژکارەکانی مەسعود بارزانیی کەمێک تێفکرینی سیاسییان ھەبایە، پێیان دەوت کە فازڵ میرانی کاندید بکات. ئەمە بەو مانایە نییە کە فازڵ میرانی سیاسەتزانێکی زیرەک بێت. نا، بەڵکو بەو فاکتەی کە ئێران بژاردەی دژکردەوەی کەمتر بەدەستییەوە دەبو. مەبەستم لە ئێران، ھەمو بەرەی ئێرانە!!

ـ

ئایا بڕیارەکەی دادگا یاسایی بو، یا سیاسیی!؟

 

پێموایە بڕیارەکەی دادگا لە ڕویەکەوە یاسایی بو، لە ڕویەکی دیکەشەوە سیاسیی بو!

 

بڕیارەکە یاسایی بو، چونکە ھوشیار زێباری لە ڕوی گەندەڵیی خراپ بەڕێوەبردنەوە، بەرپرسیار بو!

 

بڕیارەکە ڕەھەندێکی سیاسیشی ھەبو، کە ئایا بۆچی لەو ھەمو سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیرانەی عێراق کە بە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، دادگا تەنیا ھوشیار زێباری ڕادەگرێت!

 

خۆ کاتی خۆی چەند پەرلەمانتارێکی عەرەب چەندین مەلەفی تەخشانکردنی پارەیان لەسەر مام جەلال و نوری مالیکی و چەند وەزیرێکی کورد ھەبو. تەنانەت چەندین مەلەف لەسەر ئیبراھیم جەعفەری و حەیدەر عەبادیش ھەبو. بەڵام بۆچی تەنیا لێپرسینەوە لە ھوشیار زێباری کرا، چونکە دژی بەرەی ئێران بو!

 

ئەگینا ھەم ھوشیار زێباری و ھەم ھەمو ئەوانەی سەرەوەش کە ناوم ھێنان و چەندان وەزیری تر، بە گەندەڵیی و تەخشانکردنی سامانی عێراقەوە تێوەگلاون. بەڵام ھی ئەوان لێپرسینەوەی لەسەر ناکرێ و دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت، چونکە لە بەرەی ئێران دان. ئیتر با ئەوە بوەستێت کە سەرکردەکانی میلیشیاکان و سوپا چۆن بە ئاشکرا داھات و نەوت تاڵان ئەکەن و دادگاش بێ دەنگە لە ئاستیان دا.

ـ

بەو ھیوایەی ئەم ڕاگرتنەی کە ھوشیار زێباری گرتەوە، ئیتر سیاسەتکارەکانی تریش، کە ملیۆنێر بون، بگرێتەوە!

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×