چی ڕویدا لەو شێڵتەرەو ڕاستیی ڕووداوەکە چییە و چۆن بوو؟

توانا ئەمین
  2022-02-14     427

دوو ڕۆژە کارەساتی مەرگباری ئەو ئاژەڵانەی شێڵتەری سلێمانی ڕۆژەڤی میدیایە، ئەوی چی ڕوویدا بۆ ڕوویدا، ڕۆڵ و ئیش و ئەرکی ئێمە لەو شێڵتەردا چییە؟ لەوانەیە نەتزاینبێ، بەڵام بزانە:

۱ـ ئێمە بەڕێوبەری ئەم شێڵتەرە نین.

۲ـ نە فەرمانبەری حکومەتین، نە پیاوی هیچ حیزبێکین، نە ڕێکخراومان هەیە.

۳ـ ئێمە نە ئاگامان لە پرۆسەی ئاژەڵکۆکردنەوە هەیە و نە لێی ڕازین، کاتێکیش بیستم یەکەمجار بەچکە بێدایک براوە، ۳ ڕۆژ دوای کردنەوەی شەڵتەرەکە ڤیدیۆکەیم بۆ جێگری سەرۆکی شارەوانی نارد و ئەویش هەر ئەو کاتە بڕیاری دا بێچوو بێ دایک و دایکی بێچوودار، بێ بێچووەکەی وەرنەگرێت.

٤ـ ڕەنگە کەستان نەزانن، بەڵام ئەوە بۆ یەکەمجار دەیڵێم، لە مەراسیمی کردنەوەی شێڵتەرەکەدا بەندە بە ڕەسمی دەعوەت بووم، بەڵام نەچووم چونکە هەر ئەو کاتە دەمزانی ئەوەی دروست کراوە، ئەوە نییە کە ئێمە خەونمان پێوە دەبینی و داوامان دەکرد.

بە پێچەوانەوە خەڵک هەبوو ئەو ڕۆژە لەوێ بوو لەبەر کامێرادا پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم شێڵتەرەی دەکرد و دوایش خۆپیشاندانی دژی دەکرد. ئێمە لە سەرەتاوە تا کۆتایی یەک هەڵوێستمان هەبووە.

٥ـ کاتێک شێلتەرەکە کەوتەکار دوای ۸ ڕۆژ چووم بۆ سەردانی، بینیم ئەم هەموو سەگە کۆکراونەتەوە؛ کە نەخۆشییان هەیە، برینداریان هەیە، کرمیان هەیە، پارڤۆیان هەیە، گەڕییان هەیە، بێئەوەی ۱ دەرزی، ۱ دەنک حەپ، ۱ لەفاف لەو شێڵتەرەدا هەبێت برینی دەستی سەگێکی پێ ببەستن. پرسیارم کرد کە ڤێتەرنەری سلێمانی چی دەکات، وەڵامەکە ئەوەبوو کە ئەوان دکتۆریان هەیە و ئامادەن بێن، بەڵام هیچ دەرمانێکیان نییە بۆ ئەم سەگانە، تەنانەت دەرزییان بۆ ڕەشەوڵاغیش نییە...

لە دۆخێکی وادا تۆ بیت چی دەکەی، دێیتەوە بۆ ماڵەوە و بۆ خۆت بخەوێ؟! بێگومان نــــــا، ئێ منیش هەر ئەوەم کرد؛ دوای ڕاوێژ لەگەڵ قائیمقامی سلێمانی و شارەوانی سلێمانی وبەڕێوبەرێتی ڤێتەرنەری سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵێ پزیشک و چالاکوان و ئاژەڵدۆست هەستاین بە ڕاگەیاندنی کەمپینێک بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ ئەم شێڵتەرە، دوو ژوورمان لە ئیدارەی شێڵتەرەکە وەرگرت، کە بیکەین بە هۆبەیەکی ڤێتەرنەری تەواو و دەرمانخانە و ژووری نەشتەرگەری بە هەموو پێداویستییەکانییەوە، هەرواشمان کرد و بەردەوامین، بەڵام خۆ سروشتی کەمپین ئاوهایە بە دوو ڕۆژ تەواو نابێت، تۆ دەبێ بچی سواڵ بکەی، بەرماڵ ڕابخەیت، لەم و لەو بپاڕێیتەوە تەنها بۆئەوەی ئەم ئاژەڵانە لە ئازاردا نەمرن.

کەمپینەکە بەردەوامە و خۆزگا خۆتان دەهاتن لە نزیکەوە دەتانبینی چۆن ئەو هۆبەی پزیشکییەمان بە نوێترین ئامێر و بەرزترن کوالێتی دەرمان سازکردووە، بەڵام تا ئێستا تەواو نەبووە، کە تەواو نەبووبێت چۆن تەسلیمی بکەی؟! تا ئەم ساتەی من ئەمە دەنووسم شێڵتەرەکە کارەبای تێدا نییە، کە کارەبا نەبێت با ژووری نەشتەرگەرییەکەش ئامادەبێت خۆ لەبەرچرادا نەشتەرگەریی ناکەیت...

لە داهاتوویەکی نزیکدا ئێمە کەمپینەکەمان بە کۆتا دەگات و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا هەر لەوێ بۆ هەموو عالەمی ڕادەگەیەنین چەندمان کۆکردۆتەوە و کێ و کێ پارەی داوە و بە بڕی چەند پارەی داوە و چەند کلینیک هاوکاری کردووین و بای چەند و چۆن و بە چەند و چیمان کڕیوە بۆ ئەم هۆبە پزیشکییە.

ئەوە هەموو ئیشی ئێمە و هەڵوێستی ئێمە بووە لە بەرژەوەندی ئاژەڵە بێلانەکانی ناو ئەو شێڵتەرە. ئەوی تری؛ دروسکردنی شێڵتەرەکە و دیزاینکردنی و بەڕێوەبردنی و سەگ هێنان و بردن و تێکەڵکردنیان دوور و نزیک نە پەیوەندی بە ئێمەوە هەبووە، نە پرسمان پێ کراوە و نە بەگوێشمان کراوە، ئەمەشمان بەڕوونی لە هەموو دیدارە تەلەفزیۆنییەکاندا وتووە کە شێلتەرەکە پڕکەموکوڕییە و هەر قۆڵهەڵماڵینی ئێمە بۆ چاکردنی یەکێک لە گەورەترین کەموکوڕییەکان بووە؛ کە نەبونی هۆبەی پزیشکییە لە شێڵتەرەکەدا.

بۆ ئەو سەگانە وایان لێهات؟

باشترە شارەوانی سلێمانی بە ئاشکرا بە خەڵک بڵێ بۆ ئەمە ڕوویدا، بەلای منەوە پاساوی نەخۆشی و مردنی ۸٠ سەگ لە ڕۆژێکدا بێ ئەوەی نیشانەی تەواوی ڤایرۆسیان هەبووبێت، بێ ئەوەی سەگەکان لاوازبووبن و لەپڕ بە چالاکترین و بەدەماغترین سەگ شەو بخەوێ و بەیانی بمرێت، پاساوێکی نالۆجیکییە، ڕاستە نەخۆشی هەیە و زۆریشە، بەڵام هەموو ئەو سەگانە بە یەکجار نەخۆشی نەمردوون و نامرن!

بابەتێکی تر هەیە، کە بابەتی ئەمنییە؛ جادەیەکی قاچاغ بەناو شێڵتەرەکەدا دەڕوات، پاسەوانەکان شاهیدن کە شەوان و بە تایبەت شەوانی هەینی ئەو جادەیە لەبەر میکزەمینی بەرناکەوێت، بۆ ئەوەی ئەم قاچاخچیانە خۆیان لە بازگەی سلێمانی_عەربەت نەدەن، ئەم جادە خۆڵە بەکاردەهێنن، بێگومان بۆ ئەوان خۆش نابێت۷٠٠ سەگ بەیەکەوە لێیان بووەڕن و بازگەکە پێیان بزانێ و کەشف ببن، وا بۆی دەچین گۆشتی ژەهراویان هەڵدابێتە ئەو دیو تەلبەندەکەوە بۆسەگەکان، چۆنکە نە کامێرای لێیە، نە کارەبا، شەوان ئەو شێڵتەرە تاریکستانێکی تەواوە.

دواشت کە ئێوە نایزانن و ئێمە دەیزانین لە ماوەی ۱٠ ڕۆژی ڕابردوودا، بەشەو جارێک تەلبەندەکە و دووجار دەرگای شێڵتەرەکان شكێنرابوون و هەموو ئاژەڵەکان بەرەڵاببوون و بەشی زۆریان گیرانەوە، واتە تاوانەکە پیشینەیەکی هەیە و شارەوانی خۆشی ئەمە دەزانێت... بەس بۆ ئەم ڕوونکردەیەیان لە بارەی قەتڵوعامی ئەو هەموو سەگەوە دوادەخەن؟ بۆ ئەم ئاستەتەنگی و تەنگپێهەڵچنینەیان بۆ ڕای گشتی ناخەنەڕوو؟ ئەوەیان نازانم!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×