سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق؟!

شه‌ریف عەلی
  2022-02-16     1041

شاھیدن لە بابەتەکانی پێشوم دا، پێشبینی ئەوەم کرد کە 'بەرەی ئێران' ھەڵدەستن دادگای باڵای عێراق بەکاردێنن وەک ئامرازێک دژی بەرەکەی ڕکابەریان. لەمەش دا ھەر کورد تێیدا زەرەرمەندترینە.

 

بەکارھێنانی دادگای باڵای عێراق بەرانبەر  بەرپرسەکانی پارتیی زەرەرێکی ڕاستەوخۆ بە خەڵکی ھەرێم ناگەیەنێت. بەڵام بەکارھێنانی دادگای باڵای عێراق دژی مافەکانی ھەرێم، لە ڕوی ستراتیژییەوە زەرەر لە خەڵکی ھەرێم دەدات.

 

ڕاستە بەرپرسەکانی پارتیی و یەکێتیی و حیزبە ئیسلامییەکان بە گەندەڵییەوە گلاون و، ملیاردێر بون. بەڵام مافەکانی کورد وەک نەتەوەیەک: مەسەلەیەکی ترە!

 

یەکێتیی ھەڵەیەکی ستراتیژی دەکات ئەگەر یەکێک بێت لە بکەرانی پشت ھاندانی دادگای باڵای عێراق لە مەسەلەی نەوت و گازی ھەرێم. چونکە یەکێتیی بەوە شاگەشکەیە ئەم بڕیارە دژی حکومەتەکەی پارتیی ئەوەستێتەوەو، خۆشی ئەتوانێت ھەر بەردەوامیی بدات بە قاچاخچێتیی نەوت لەگەل ئێران و، دەوڵەتی ناوەندیش ھەر لێی بێدەنگ دەبێت بەو پێیەی دەوڵەتی ناوەندیش بەشێکە لە بڕیاری ئێران.

 

بەڵام پێموایە ئەم بڕیارە ئەگەر یەکێتیی یەکێک بێت لە بکەرانی، لە ڕوی ستراتیژییەوە زەرەر بەر یەکێتییش دەگەیەنێت. چونکە گەر حکومەتی عێراق ماوەیەک لەبەر خاتری ئێران بێدەنگ بێت بەرانبەر بە یەکێتیی لە بازرگانی نەوت لەگەل ئێران، ئەوا دواتر ھەر سەرەی یەکێتییش دێت.

 

کێشەی گەورە ئەوەیە: ئایا دەکرێ تۆ لە پێناو پۆستێک دا نەک ھەر یەکێتیی لەت بکەی، بگرە لە بەغدا ھاندەر و پشتیوانی ھەر بڕیارێک بیت کە دادگای بالای عێراق، دژی مافەکانی ھەرێم، دەری بکات!

 

واتە: من کە یەکێتیی چەندان زوڵمیان لێ کردوم و، گەر پارتیی و یەکێتیی ھەزار ھێندەی تر زوڵمم لێ بکەن، ئایا ئەخلاقیی نەتەوەیی و ھوشیاری سیاسییم ڕێگەم ئەدا دەست لەگەل عەرەب و فارس یا تورک تێکەڵ بکەم، دژی مافەکانی نەتەوەکەم!؟

 

ڕەنگە ئەو گوتارە ئێستا باو بێت کە: ئەم بڕیارەی دادگای باڵا دژی پارتییە، نەک دژی مافەکانی خەڵکی ھەرێم!

 

پێموایە: ئەو بۆچونە ناڕاستە. ئەوانەی بە وتارەکانیان دا لە پشت ئەو بۆچونەن، بریتین لە: پەرلەمانتارەکانی یەکێتیی، گروپی پێشوی ھیواو، پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەری.

 

بۆچی ئەو بۆچونە ناڕاستە!؟ چونکە زەمەن ڕەنگە ھێندە تەمەنمان پێ بدات، گەر نەک مافی نەوت و گاز بدرێتە حکومەتی عێراق، بگرە گەر سنورەکانی ھەرێمیش تەسلیم بە حکومەتی عێراق بکرێت، ھەر عێراق بەشە بودجەی ھەرێم بە ڕێکوپێکی نانێرێت. چونکە مەسەلەکە پرسی نەتەوەییە و، عەرەب بە خۆشیی مافی کورد نادات.

 

ئەوانەمان کە بێلایەنین ڕاستە بەم بڕیارە دڵمان ئازاری پێ دەگات کە بڕیارێکە دژی مافەکانی کوردە لە خاکی خۆی دا.

 

بەڵام لە یەک خاڵ دا دڵخۆشین بەم بڕیارە، چونکە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسەکانی پارتیی بونە ملیاردێر بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، ئەوا ئەوانەشی وەک 'یەکێتیی و کۆمەڵی دادگەری' کە ئێستا پەرلەمانتارەکانیان پشتیوانی ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراقن، ئەوانیش بونەتە ملیاردێر بەسەر پارەی نەوت و گازی ھەرێمەوە. 

 

بەو مانایەی، پارتیی بەشێک لە پشکی فەرھودییەکەی بە یەکێتیی و کۆمەڵ و حیزبەکانی تر و ڕۆژنامەنوسە حیزبییەکان داوە. کەچی ئێستا ھەر ئەوانن کە دژی پارتیین و ئەم بڕیارەیان پێخۆشە! ئەگینا عەلی باپیر سەرمایەی لە کوێی بو کە لە زۆربەی شارەکانی ھەرێم نەخۆشخانەی گەورە دروست بکات. بەرپرسەکانی یەکێتیی ئەم ھەمو کۆمپانیا ملیاردێرییەیان لە کوێ بو! ئەوە بەرپرسەکانی پارتیی لە حساب و کتاب دەرچون!

 

کەوابو، لەوەدا ڕەوایە دڵخۆشبین. چونکە ئەوانەی کە پارتیی بەشێک لە دزییەکەی پێداون، ئێستا ھەر ئەوانەن کە چونەتە پاڵ حکومەتی عێراق و، ھاندەری دادگای باڵای عێراقن!

 

لەوانەش گرنگتر، پارتیی و یەکێتیی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمیان ھەیە. ئایا ئەم ئەنجومەنەیان بۆچییە کە ئێستا نەتوانێت چەند بەندێکی دەستوری عێراق بەشێوەی «لاستیکی!!» بۆ خزمەتی مافەکانی کورد بەکارنەھێنێ و، بەیاننامەیەک دەربکەن کە بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق سیاسییە، نەک یاسایی!

 

تەنانەت با بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق یاساییش بێت. بەڵام گەر ھاتەسەر بەرژەوەندی نەتەوە، پێویستە ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێم بەکاربھێنرێت بۆ دژایەتی دادگای بالای عێراق.

 

ئیتر با ئەوەش بوەستێ، سێ کەسی دەمباز دانراون بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، کە بۆ شەڕی زارەکی لەسەر حیزبەکانیان مەلا بەزێنن. بەڵام ھێندە تێفکرینی سیاسییان نییە کە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە بەیاننامەیەک دەربکەن کە دادگای باڵای عێراق بڕیارەکانی سیاسیین، نەک یاسایی و، بڕگە بە بڕگە شی بکەنەوە. چونکە یاساش ھەر لاستیکییە!!

 

ئەیڵێمەوە: بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراق یاساییش بێت، ھەر دەکرێ ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێم و پەرلەمانی ھەرێم، چەند پەیامێکی سیاسیی «بە یاسایی کراو!» یان ھەبێت!

 

زیاتر لەوانەش، لە عێراق دا ھێز دەور دەبینێت. پارتیی و یەکێتیی ھێزیان ھەیە. 

 

ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت لە ڕوی تەکتیکییەوە ئەم بڕیارە بەسەر پارتیی و یەکێتیی دا جێ بە جێ بکات و، پارتیی بەردەوام بێت لە سنوری خۆیەوە لەگەل تورکیا بازرگانی نەوت و گاز بکات، یەکێتییش لە سنوری خۆیەوە لەگەل ئێران بەردەوام بێت. ئەوا ئەم بڕیارەی دادگای باڵای عێراق وا دەکات ھەر کاتێک عێراق بۆی بگونجێت ھەستێت یاسا بەکاربێنێت و ھێز دژی ھەرێم بەکاربھێنێت.

 

ئەیڵێمەوە: مادەم پارتیی سنوری بە تورکیایەو ھێزی ھەیە، ئەستەمە ئەم بڕیارەی بەسەردا جێ بەجێ ببێت. 

 

کەوابو ئەم بڕیارە دژی مافەکانی خەڵکی ھەرێمەو، پارتیی و یەکێتیی باجەکەی نادەن. بەڵکو لە ئاڵۆزییەکانی داھاتوی ھەرێم و بەغدا، تەنیا خەڵکی ھەرێم باجەکەی دەدات.

 

ئەشی بینین: بزانن ئەم خوێندنەوەیەی من دروست دەبێت. یاخود بۆچونی پەرلەمانتارەکانی یەکێتیی و گروپی پێشوی ھیوا و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ! چونکە پێموایە: ئەم بڕیارەی دادگای باڵای عێراق، بەرپرسەکانی پارتیی باجەکەی نادەن. بەڵکو لە داھاتودا زەرەرمەندی سەرەکی لێی خەڵکی کوردستانە!

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×