ئۆکرانیا و جیهان لە نێوان ئەمریکای خراپ و پوتین ی خراپتردا

ئالان م. نوری
  2022-02-18     966

ئەوەی گوێبیستی هەواڵە جیهانییەکان بێت، زۆر بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە بارگرژییەکانی سەر سنووری نێوان روسیا و ئۆکرانیا. ئەمەش بەو پێیەی کە رەنگە کاری جەنگیی ئەوتۆی لێ بکەوێتەوە کە روسیا جەمسەرێکی بێت و ئەگەری ئەوەش هەبێت کە روسیا تەواوی وڵاتی ئۆکرانیا داگیر بکات. لە بەرامبەر بەوەش ئەمریکا بە تەنها یان بە هەماهەنگی لەگەڵ‌ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی ناتۆ بگلێنە شەڕەکەوە. لەم حاڵەتەشدا جیهان بە رادەیەکی ترسناک نزیک بێتەوە لە جەنگی نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی کە بەشی ئەوەندە پڕ چەکن بتوانن تەواوی بوونەوەرەکانی سەر گۆی زەمین لەناوبەرن!

روسیا ئەم سیناریۆیانە رەت دەکاتەوە و بە هیستێریایەکی دروستکراوی دەستی ئەمریکای لە قەڵەم دەدات و پێی وایە دەزگاکانی هەواڵی جیهان ئەم هەڵمەتی خەڵک تۆقاندنەی ئەمریکا دووبارە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئامانجە شاراوە و دیارەکانی ئەمریکا لەم هیستێریایە بخەنە ژێر لێکۆڵینەوەوە.

 

 

هیستێریا بێت یان نا، مێژووی ئەو ناوچەیە دڵەڕاوکێ ناڕەوێنێتەوە

هەروەک لەم نووسینەدا هەوڵی دیارکردنی دەدەم، بەندە هاوڕام لەگەڵ‌ روسەکان کە ئەمریکا بە ئانقەست هیستێریای بڵاوکردۆتەوە لە بارەی مەترسییەکانی داگیرکردنی تەواوی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە. بەڵام ئەم رایەم لە دڵنیای و متمانە نزیکم ناخاتەوە. چونکە پێم وایە چانسی ئەوە هەیە کە بارودۆخەکە لە دەست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرچێت و نەتوانرێت رێ لە تۆپەڵە بەفری ئێستە بگیرێت تا کارەساتێکی هەرەسی بەفری ئەوتۆی لێ بکەوێتەوە، کە کەس توانای پێشبینی کردنی مەودای کارەساتە مرۆیی و ژینگەییەکەی نەبێت. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یادێتی چۆن ململانێیەکی یاسایی نێوان پێکهاتە ئیتنییەکانی هەرێمێکی بچوکی پۆڵەندا، دەرباری جیابوونەوە و یەکگرتن لەگەڵ ئەڵمانیادا، زۆر بە خێرایی پەرەی سەند و داگیرکردنی پۆلەندا لە لایەن ئەڵمانیاوەی لێ کەوتەوە و بووە مایەی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم! بەڵام ئەوەی کەمتر باس دەکرێت ئەوەیە کە پێوەندیی مێژوویی ئۆکرانیا بە روسیاوە، ئەویش لە نێوجەرگەی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووەم و ئاکامەکانی ئەو جەنگە بوو. چونکە بە هەماهەنگی لەگەڵ‌ داگیر کردنی پۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیاوە، یەکێتی سۆڤێتیش هێرشی کرد و بەشێکی پۆڵەندای کۆنترۆڵ کرد کە ئێستە بەشی خۆرئاوای کۆماری ئۆکرانیایە. هەروەها تەواوی پانتایی ئۆکرانیا شوێنی یەکێک لە خوێناویترین لاپەڕەکانی جەنگی جیهانیی دووەم بوو، هەر لە ئۆکرانیاشدا هێزی سەربازیی ئەڵمانیای نازی بە جۆرێک تێکشکا کە لە دوای ئەوەوە تا دۆڕاندنی تەواوەتی لە جەنگدا، نەیانتوانی هەڵسێتەوە.

لەبەر ئەمانە، تێگەیشتنی پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان روسیا/یەکێتی سۆڤێت و ئۆکرانیا زۆر گرنگە  بۆ تێگەیشتنی رووداوە هەنووکەییەکان و ئەگەری پەرەسەندنی ترسناکیان لە داهاتوودا.

 

 

(کیێڤ) یەکەمین پایتەختی مێژوویی گەلانی "روس"

شاری کیێڤ (کە پایتەختی ئێستای ئۆکرانیایە) گەورە شاری مێژوویی گەلێکە کە لە داهاتوودا دەبێت بە هەردوو نەتەوەی روس و ئۆکران و پێی دەگوترا "کیێڤان روس". کاتێک کیێڤ لە هەڕەتی گەشەی شارستانی و کولتووریدا بوو، مۆسکۆ (پایتەختی ئێستای روسیا) شار و ئیمارەتێکی بچوک بوو. کاتێک تیرە ئاڵتوونییەکەی ئیمپراتۆرییەتی مەغۆلی (هیچ پێوەندیەکیان بە هێزە ئاڵتوونییەکەی کابراوە نییە!) هێرشیان بردە سەر ئەو ناوچەیە، یەک لە دوای یەکی ناوچە شارستانییەکانیان،بە شاری کیێڤ یشەوە خاپوور کرد، بەلام دەستیان لە مۆسکۆ پاراست چونکە ئیمارەتی مۆسکۆ بێ شەڕ تەسلیمیان بوو و، بووە یەکێک لەو ئیمارەتانەی ملکەچی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی بوون. ئەمە دەرفەتی گەشەیەکی ئەوتۆی بۆ مۆسکۆ روخساند کە بەرەبەرە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی فراوان بکات و لە ژێر دەسەڵاتی مەغۆلەکان دەرچێت و خۆی ببێت بەو ئیمپراتۆرییەتە زەبەلاحەی ناسرا بە ئیمپراتۆرییەتی روسی. لە هەمان کاتیشدا دایلەکتی زمانەکەیان پەرە پێدا و بووە زمانێکی جودا لە ئۆکرانی (ئەوانیش زمان و کولتوریان لە زمان و کولتوری پۆڵەندی نزیک بۆوە).

ئەمەیە ئەم سەرەتا مێژووییەی کە لێکچوون و برایی ئەم دوو گەلەی لەسەر بینا بووە و، هەر لەم سەرتا مێژوویەشەوەیە کە ئۆرۆستۆکراسیی ئۆکرانی کولتور و زمانی روس بە کەمتر لە خۆیان دەزانن.

 

 

ئۆکرانیایەک یان دوو ئۆکرانیا؟

ئۆکرانیا زۆربەی نەهامەتییەکانی جەنگ و تێکشکانی سوپای قیسەریی روسیای لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، لە پێش هەموو بەشەکانی دیکەی ئیمپراتۆرییەت، چێشت. ئەم تاڵی و ناسۆرییە لە دوای شۆڕشی شوباتی ساڵی 1917 گەلێک زیادی کرد. ئەو شۆڕشە، گەلێک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی گەورەی لە ئیمپراتۆرییەتی روسیادا هێنایە کایەوە. بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا، جەنگی دژی وڵاتانی میحوەر بەردەوام کرد و لە ئۆکرانیادا بە تایبەتی، زۆر بە قورسی لە بەرامبەر سوپای قەیسەریی ئەڵمانیادا تێکشکا. ئەم تێکشکانە گەورەیە، متمانەی سەرکردە سەربازییە ئۆرۆستۆکراسییە ئۆکرانییەکانی بە دەوڵەتی روسی گەلێک لەق کرد و بۆ دژایەتیی چاکسازییە دێمۆکراسییەکانی رووسیا، پاڵیان دا بە ئەڵمانیای قەیسەرییەوە بە مەبەستی هێنانە سەرتەختی خێزانە ئۆرۆستوکراتەکان. واتە لە بنەڕەتدا چاویان لە دژایەتی کردنی چاکسازییە دێمۆکراسییەکان و پەرەسەندنی بە لێشاوی فیکری سۆسیالیستی، لە ئاکامی شۆڕشی شوباتی 1917 ، بوو. لەسەروبەندی بەرپا بوونی شؤڕشی بۆڵشەڤی لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، ئۆکرانیا ببوو بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پاڵپشتی داگیرکەرە ئەڵمانەکان بوون و بەشەکەی دی بەرهەڵستکاریان بوون. بەرهەڵستکارانیش دوو گروپ بوون. شیوعییە ئۆکرانییەکان و ئەنارکییەکان. ئؤکرانیا بە مەیدانی جەنگ و کاری سەربازی مایەوە… هێزە جیاکان چەند جارێک دەسەڵاتی پایتەختیان لە یەک سەندەوە. شەڕ و پێکدادان تەنانەت دوای ئاگربەستی نێوان دەسەڵاتی بۆڵشەڤییەکان و ئەڵمانیا و دەرچوونە دەرەوەی سۆڤێت لە جەنگی جیهانیش بەردەوام بوو. تا ناوەڕاستی بیستەکان زۆربەی کات بەشی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەدەست شیوعییەکانی ئۆکرانیا و خواروو بەدەست ئانارکییەکان و رۆژئاواش بەدەست ناسیۆنالیستەکانەوە بووە. ناسیۆنالیستەکانی رۆژئاوا بۆ ئیدامەدان بە شەڕیان لەدژی شیوعییەکان پەنایان بردە بەر دەوڵەتی پۆڵەندا ئەوانیش یارمەتیی سەربازییان  بە خستنە ژێر کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوان لە رۆژئاوای ئۆکرانیا، بە رێککەوتننامەیەک بەستەوە. لە سەروبەندی شەڕی ناوخۆی سۆڤێتدا، هەردوو دەسەڵاتی روسیای سۆڤێتی و ئۆکرانیای سۆڤێتی ئاگربەستیان لەگەڵ دەوڵەتی پۆڵەندا ئیمزا کرد، بەو سنوورەی بەرەکانی جەنگ دیاری کردبوو. بەڵام دانیان بە مافی پۆڵەندادا نەنا لە دەستگرتن بەسەر هەرێمی گالیسیا دا کە ناسیۆنالیستە ئۆکرانییەکان دابوویان بە پۆڵەندا. بەشە داگیرنەکراوەکەی ئۆکرانیا لە ساڵی 1922 دا لەگەڵ‌ دەسەڵاتە سۆڤێتییەکانی دیکەدا یەکێتیی سۆڤێتیان پێک هێنا.

لە چوارچێوەی رێککەوتننامەیەکی نهێنیدا لە نێوان هیتلەر و ستالین، سۆڤێت بەڵێنی دا کە هیچ‌ پەرچە کردارێکی  لە بەرامبەر پەلاماری ئەڵمانیا بۆ پۆڵەندا، ساڵی 1941 نەبێت و، لە بەرامبەری ئەوەش سۆڤێت هەموو خاکی ئۆکرانیی داگیرکراو لەلایەن پۆڵەندای، بە رەزامەندیی ئەڵمانیا، گرتەوە. ئەم رێککەوتننامەیە رێگرنەبوو لە بەردەم هیتلەردا کە دواتر پەلاماری یەکێتی سۆڤێتیش بدات. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا  ئەڵمانیای ئەمجارە نازی، هەموو خاکی ئۆکرانیای جارێکی دیکە داگیر کردەوە. بەڵام بەهۆی پاڵەوانێتیی بێ وێنەی خەڵکی سیڤیلی ئۆکرانیا لە پشت هێزە داگیرکارە ئەڵمانییەکان، یەکێتی سۆڤێت توانیی لە ئۆکرانیادا بڕبڕەی پشتی ماشێنە سەربازییە ترسناکەکەی ئەڵمانیا بشکێنێت و هەر لە ئۆکرانیاشدا، تەنانەت پێش گرتنی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، جەنگی جیهانی دووەم یەکلا بکاتەوە. بەهۆی ئەم سەرکەوتنانەوە هەموو خاکی ئۆکرانی، بەوانەشەوە کە لەلایەن رۆمانیا و هینگاریا ی هاوپەیمانی ئەڵمانیاوە داگیر کرابوون، هەمووی ساڵی 1945 سەندرایەوە. ساڵی 1954یش لە سەردەمی نیکیتا خرۆشۆف ی سەرۆکی یەکێتی سۆڤێتدا، نیمچە دورگەی قرم خرایە سەر کۆماری ئۆکرانیای سۆڤێتی.

ئەمەی لە سەرەووە باسکراوە ئەوە دەخاتە روو کە دوژمنایەتییەکی مێژوویی هەبوو لە نێوان ناسیۆنالیست لە لایەک و شیوعی و چەپە ئۆکرانییەکان لە لایەکی دیکە. کڕۆکی ئەم دوژمنایەتییەش پەرچەکرداری ناسیۆناڵیزمی ئۆکرانی لە بەرامبەر گۆڕانکارییە دێمۆکراتییەکان و هەژموونی فیکری سۆسیالیسی لە کۆمەڵگای ئۆکرانیدا بوو. ناسیۆنالیستەکان هەرگیز سڵیان لە لەدەستدانی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان نەکردەوە و هاوکاری داگیرکەران بوون و بەشێکی فراوانی وڵاتەکەیان فرۆشت بە وڵاتانی دراوسێ لە پێناوی کورسیی دەسەڵاتدا. لە بەرامبەر ئەوانیش چەپەکانی ئۆکرانیا تەماشای مێژووی یەکگرتنیان لەگەڵ‌یەکێتیی سۆڤێتدا وەک هۆکاری سەرەکیی رزگارکردنی تەواوی خاکی مێژوویی وڵاتەکەیان لە داگیرکارە جیاجیاکان دەبینن.

 

 

ناسیۆناڵیزمی ئۆکرانی و ناسیۆناڵیزمی روسی

هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤێت لە ساڵی 1991، لە سەروبەندی هەڵکشانی خولیانی "نەتەوەیی" لە سەرتاپای ناوچەکانی سۆڤێتی پێشوودا، بووە هۆی جیابونەوەی ئۆکرانیا. لەو کاتەوە ناسیۆناڵیزمی ئۆکرانی سەرلەنوێ مێژووی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای چەقگیریی پێکدادانی (ئۆکرانی بوون)ی رەسەن و (رووسی بوون)ی دواکەوتوو دەنووسێتەوە. بەو لۆژیکەش باس لە رۆڵی "داگیرکاریی روسی" لە شێواندنی کولتووری ئۆکرانی رەسەن دەکات. بەڵام بەشیکی زۆری دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا روسی وەک بەردەوامییەکی سروشتیی و گەشەی کولتووری کیێڤان روس تەماشا دەکەن و مێژووی روسیای ئیمپراتۆری و سۆڤێتی بە مێژووی خۆیان دەناسن و هیچ دژوارییەک لە نێوان ناسنامەی ئۆکرانی و زمان و کولتووری روسیدا نابینن. ئەمانەش زۆربەیان دانیشتووی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیان.

ناسیۆناڵیستە ئۆکرانییەکان سەربەخۆیی ئۆکرانیا و دژایەتی کردنی روسیایان کردۆتە هاوتای یەکتر و سیاسییەکانیان هەوڵ دەدەن ئاراستەی وڵات بەرەو نەیارانی روسیا (هاوپەیمانی ناتۆ) و بەرەو ئەوروپایەکی پەراوێزخەری روسیا بەرن. بەرامبەر بەمانش، زۆربەی دانیشتوانی بەشی رۆژهەڵاتی وڵات دەستبەرداری پێوەندیی توند و تۆڵ لەگەڵ‌روسیادا نابن و هەوڵی تەواوکاریی ئابووری لەگەڵ روسیادا دەدەن. بەهۆی ئەم دووکەرتییە لە ناسنامەی کۆمەڵگای ئۆکرانیدا، کە لە هەموو گشتپرسی و هەڵبژاردنەکانی دوای جیابوونەوە لە یەکێتی سۆڤێت رەنگ دەداتە، ئۆکرانیا لە ساڵی 2014 ەوە بەرەو جەنگێکی ناوخۆی ترسناک رۆیشت و، لە ئاکامدا وڵات بوو بە دوو بەش؛ رۆژهەڵاتی هاوپەیمان لەگەڵ‌روسیا و رۆژئاوای هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەوروپا. لە پارێزکاگانی رۆژهەڵات کە پێکەوە بە دۆنباس ناسراون، حکومەتی خۆجێیی هاتنە سەرکار و، لەوکاتەوە لە حاڵەتی شەڕ و نەشەڕ نە ئاشتی دان لەگەڵ‌بەشەکەی دیکەی ئۆکرانیا. لە خوارووی وڵاتیش کە نیمچە دورگەی قرم ە، هەمان پرۆسە روویدا و بووە مایەی لکاندنەوەی ئەو بەشەی ئۆکرانیا بە روسیاوە (کە بەپێی گێڕانەوەی روسیا، لە ئەنجامی خواستی حکومەتی خۆجێیی هەڵبژێرداراوی ئەو ناوچەیە روویدا).

 

 

پوتین و گەمەی پاراستنی روسەکان

ڤلادیمێر پوتین، پیاوە بەهێزەکەی روسیا، کە چەند دەیەیەکە دەستووری وڵاتی بۆ مەرامی مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا چەماندۆدوە،  ئەوەی پێخۆشە کە ناسیۆنالیستە ئۆکرانییەکان مێژووی وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی خەڵکی روس و "ئۆکرانیی خۆ بە روس زان" سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە. ئەوە یارمەتیی پوتین دەدات کە ئایدیۆلۆژیای پاراستنی کەمینە روسەکان لە سەرتاپای جوگرافیای یەکێتی سۆڤێتی جاران برەو پێبدات. ئەو کاری بەو ئەیدیۆلۆژیایەیە بۆ بووژاندنەوەی مۆڵگە پیشەسازی-سەربازییەکەی روسیا لەسەر بنەمای سیستەمی بازرگانی و قازانج، تا بتوانێت خولیای ئیمپراتۆرییەتی روسی زیندوو بکاتەوە و بیکات بە پێگیەکەی جەماوەری ناسیۆناڵیستیی توندڕەو بۆ چینی ئۆلیگارشیی تاوانکاری روسیا کە لەسەر تاڵانکرنی سەروەت و سامانی وڵات گەشەی کرد و ئێستە تا بینە قاقا لە پارەی نەوت و گازی روسیادا نوقمە…هەموو ئەمەش‌ بە دەستخۆشی و بەشداری پوتین خۆی کراوە.

پوتین لە ئێستادا زیاد لە 150 هەزار سەرباز و بە دەیان هەزار ماشێنی جەنگی ترسناکی لەسەر سنوووری ئۆکرانیا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا خڕکردۆتەوە. لەمەشدا سوود لەو هەواڵە راستەقینانە وەردەگرێت کە باس لە ئامادەباشیی ئۆکرانیا، بە یارمەتیی لۆژیستی و هەواڵگیریی ئەمریکا، دەکەن بۆ پەلاماردانی دونباس و گێڕانەوەی بۆ دەسەڵاتی مەرکەزی. پوتین هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر شەڕی ناوخۆ بەخەستی سەرهەڵبداتەوە لە ئۆکرانیادا، ئەوا ئەو بە بەرژەوەندی دونباس هێز بەکاردێنێت. ئەو هەڕەشەکەی وا دەناسێنێت کە هەوڵ بێت بۆ ناچارکردنی کیێڤ بۆ وەلانانی رێگە چارەی بەکارهێنانی هێز و گەڕانەوەی بۆ دانوستان لەسەر چۆنێتی کۆتاییپێهێنانی ئاشتییانەی کێشەی دونباس. بەڵام ئەگەر مێژوو یاریدەدەرمان بێت بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی پوتین، ئەوا هەنگاوی داهاتووی بریتی دەبێت لە داوای حکومەتەکانی دونباس بۆ تەواوکاریی سیاسی لە گەڵ روسیا و پوتینیش، گەر بۆی بچێتە سەر، "داوا"کەیان بەجێ دەهێنێت و، هەر وەک چۆن لە قرم کردی، تێکڕای هەرێمی دونباس دەخاتە سەر روسیا.

هەموو وشەیەکی ئەم چەند دێڕەی سەرەوە ئەڵمانیای نازی و سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئەو سیستەمە دێنێتەوە بیر جیهان. ئەوەش دەهێنێتەوە بیر کە رازی بوون بە خۆسەپاندنی وردە وردەی نازییەکان، کاولکارترین جەنگی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لێ کەوتەوە. هەر لەبەر ئەوە، سەرەڕای مەترسییە راستەقینەکان کە دووچاری خەڵکی سیڤیلی دۆنباس دەبنەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە دامودەزگاکانی ئێستایەوە، ناتوانێت قەبوڵی ئەو بکات کە پاراستنی "کەمینە ئیتنییەکان" ببێتە بەهانە بۆ فراوانخوازیی ئیمراتۆری و، گێڕانەوەی چەرخی مێژوو بۆ لۆژیکی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سنووری وڵاتان بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، وەک بنەمایەک بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

 

 

ئەمریکا چیی دەوێت؟ ئەم هیستێریای "جەنگ بەڕێوەیە، بێ گومان"ەی لە چی؟

ئەمریکا دەزانێت کە روسیا جەنگێکی سەرانسەری دژ بە ئۆکرانیا ئەنجام نادات. نە ئەمڕۆ و نە سبەی! چونکە دەزانێت کە روسیا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە کردارێکی وەهادا. هەروا دەزانێت کە پوتین لەوە شارەزاتر و وریاترە کە بە ئیستیفزاز پێی هەڵبخلیسکێت و کاری وەها ئەنجام بدات. پێوەندییە بازرگانییەکانی روسیا لەگەڵ‌ئەوروپادا گەلێک لەوە گەوەرەتر و پڕبایەخترن  کە پوتین بتوانێت لە مەودای بەرچاودا ئەڵتەرناتیڤیان بۆ بدۆزێتەوە و، گەر هێرشی سەرانسەریی کردە سەر ئۆکرانیا، بێ گومانە لەوەی کە ئەو پەیوەندییە بازرگانییە دەدۆڕێنێت. کەواتە ئەم گوتارە هیستیرییەی ئەمریکا، کە خۆی دەزانێت بێ بنەمایە، بۆچی؟

چەندین ساڵە ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ رازی بکات ئۆکرانیا وەک ئەندام وەرگرن. لە هەمان کاتیشدا پاڵ بە یەکێتیی ئەوروپاوە دەنێت بۆ کردنە ئەندامی ئۆکرانیا. بەڵام لەم هەوڵەیدا تەنهایە. وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا کە سەیری بارودۆخی ناوخۆیی ئۆکرانیا دەکەن و لە ئاسۆدا دووبارە بوونەوەی شەڕی ناوخۆیی دەبینن، متمانەیان بە گۆڕانکاریی دێمۆکراتی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتە کەم دەبێتەوە و، پێیان وایە کە کردن بە ئەندامی ئۆکرانیا لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەرئەنجامێکی ئەرێنیی بۆ بەرژەوەندی ئەو دوو دامەزراوەیە نییە. بەڵام ئەمریکا ئەو پێوەرانەی بە لاوە گرنگ نییە. ئەو دەیەوێت لە رێی زیاد کردنی ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە بە تەواوی وابەستەی خۆین زامنی بەردەوام بوونی هەژمونی بەسەر ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا بکات و رێ لە فراوانبوونی کاریگەریی هەر یەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا بگرێت.

لە هەمان کاتیشدا، ئەمریکا دەیەوێت نرخی سیاسیی بەکارهێنانی گازی سروشتی روسی بەرز بکاتەوە. روسیا زیاد لە سێیەکی بازاڕی گازی سروشتی ئەوروپای قۆرغ کردووە، چونکە گازەکەی هەرزانە و تۆڕی گەیاندن و دابەشکردنی فراوانی هەیە لە ئەوروپادا. بە بەرز کردنەوەی نرخی سیاسیی بەکار هێنانی گازی روسی، ئەمریکا دەیەوێت گازی شل کراوی خۆی و بەرهەمهێنە وابەستەکانی وەک ئەلتەرناتیڤ بسەپێنێت. ئەوەش بەوەی ئەوروپا ناچار بکات لە دەرەوەی پرانسیپەکانی بەهای ئابووری ئەو بڕیارە بدەن.

ئەمریکا هیوای وایە کە هیستێریای "شەڕ بەڕێوەیە" ئەوروپا ناچار بکات کە هەمان هەڵوێستی ئەمریاکایان هەبێت و ئۆکرانیا بکەنە ئەندام لە ناتۆدا، بۆ ئەوەی گوایە نەهێڵن ماشینە سەربازییەکەی روسیا وڵاتی ئۆکرانیا قووت بدات. بەڵام هەتا ئێستە هەواڵەکان وادەگەیەنن کە ئەوروپا (جگە لە بەریتانیا) ئەم بژاردەیەی ئەمریکا رەت دەکاتەوە و تەنانەت ئامادەی بەرز کردنەوەی ئاستی هەڕەشەکانی نییە ئەگەر روسیا بە شێوەیەکی سنووردار گلایە شەڕی ناوخۆی ئۆکرانیاوە. ئەوروپا، جگە لە بەریتانیا، گێڕانەوە ئەمریکییەکەی رووداوەکانی قەبوڵ نییە و نایەوێت مل بنێت بۆ بەشداری کردن لە بەرزکردنەوەی ئاستی بارگرژییەکان و، پێی وایە ئەوەی ئەمریکا دەیکات هانی کیێڤ دەدات رێگای ئەڵتەرناتیڤی سەربازی لە کێشەکەیدا لەگەڵ دۆنباس هەڵبژێرێت.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەوروپا هاودەنگە لەگەڵ ئەمریکادا لە رەتکردنەوەی مەرجەکانی روسیا بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و، پێی وایە رێگە دان بە روسیا کە ڤیتۆ بەکار بێنێت لە بەرامبەر فراوانکردنی ئەندامێتی لە هاوپەیمانی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپادا، مانای ملکەچی و بنەما دانانە بۆ هەژموونی ئیمپراتۆریی روسیا بەسەر کۆمارە پێشووەکانی یەکێتی سۆڤێتدا کە کەوتوونەتە نێوان روسیا و بەشەکەی دیکەی ئەوروپا. ئەوەش، ئەوروپا پێی وایە، ناکۆکە لەگەڵ تێڕوانینی گەلانی ئەو وڵاتانە و هەموو ئەوروپا بۆ سەروەریی وڵاتانی کیشوەرەکە.

بە کورتی، جەنگێکی سەرتاسەری روسیا دژی ئۆکرانیا، لە مەودای بینراودا، ئەگەرێکی واقیعی نییە. بەڵام ئەگەری واقیعی و راستەقینە هەیە کە حکومەتی مەرکەزیی ئۆکرانیا پەلاماری هەرێمی دۆنباس بدات. هەموو جیهان بە دڵەڕاوکێوە دەڕوانێتە ئەم یاریی شەترەنجەی نێوان دوو زلهێزە پڕچەکەکەی دونیا؛ ئەمریکای خراپی هاندەری فاشیزمی ناسیۆناڵیستی تینووی جەولەیەکی نوێی شەڕی ناوخۆ لە ئۆکرانیادا، بەرامبەر  پوتینی خراپتر کە هەموو رۆژێک بە بیری جیهان دێنێتەوە کە هیتلەرێک لە ناخیدایە و دەیەوێت گەر بۆی بکرێت بێتە دەرەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×