لەگەڵمان بن بۆ ڕووبەڕوونەوەی تووندووتیژی و کوشتنی ژنان!

به‌هار مونزیر
  2022-02-22     857

کاتێک بیر لە کارێک دەکەیتەوە و ھەست بە بەرپرسیارێتی دەکەیت، بۆ من قورسترین کات ئەو کاتەیە کە هەست دەکەم لە کۆمەڵگەیەکدام کارەکەم کەمترین پشتیوانی لێدەکرێت؛ کارەکەیشم«ڕووبەڕووبوونەوەی تووندووتیژی و کوشتنی ژنانە»، چەند قورسە باس لە ئەزموونێک بکەیت، لە هەڵبژاردنێک کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت لەگەڵ کوشتن-دا!

لێرەوە دەمەوێت بچمە ناو ئەو ژیانە قورسەی کە بێئەنداز هەست بە بەرپرسیاریەتییەکەی بکەیت و، کاتێکیش دەبینیت کە ھیچ جۆرە پشتیوانییەک نابینیتەوە لە کۆمەڵگـەدا بە گشتی.

کاتێک ئێمە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هەواڵەکانی 'کوشتن و سوتاندن و فڕێدان و ئەتککردنی ژنان و..' دەبینین و دەبیستین و دەخوێنینەوە، بەر نەفرەتی کۆمەڵگەیەکی بێدەربەست دەبینەوە، نەفرت و غەزەبێکی ناحەقانە و دڵڕقی بێویژدانانە.

ئەم کۆمەڵگەیە، لای ئاساییە ژن بکوژرێت بەڵام لای ئاسایی نییە کچێک خۆشەویستی بکات، لای ئاساییە خۆی بخنکێنێت بەڵام لای ئاسایی نییە بە خواستی خۆی هاوژین هەڵبژێرێت، هاوسەرێک لای ئاساییە لە ژێر فشاری نەبوونیدا شەق لە هاوسەرەکەی هەڵبدات بەڵام لای ئاسایی نییە بچێتە دەرەوەی ماڵ و کارێک بکات و سەرشانی ئەویش سوک بکات، برایەک لای ئاساییە خوشکەکەی بخاتە ئاوی دوکان و بیخنکێنێت بەڵام لای نەنگییە خۆشکەکەی شوو بە کوڕێک بکات لە عەشیرەتێک تر بێت، کە ئەم بە دڵی نییە، دایكێک لای ئاساییە کچەکەی لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە نێوچاوانی شین کراوە؛ بچێتەوە بۆ لای هاوسەرەکەی بەڵام بۆی قەبووڵ ناکرێت دراوسێکەی یان ئەم و ئەو بڵێن' کچەکەت بۆ جیابوەتەوە.'
کۆمەڵگە لای ئاساییە ئێمەی چالاکوانان لە ڕێکخراوەکان، هێرش و سووکایەتیمان پێبکرێت کاتێک کار لەسەر ئەو نموونانەی سەرەوە دەکەین، ئاساییە لە ناو دادگاکاندا بە جنێوی سووک کەرامەتمان بشکێنرێت، لایان ئاساییە بە کچان و ژنانی ناو ڕێکخراوەکان بوترێت 'بەد ڕەوشت!'

درووستکردنی تۆمەت و قسەی سووكی سۆشیاڵ میدیا، لە ئاسانترین و ئاساییترین کارە لەم کۆمەڵگەیەدا. هەر لە فەرمانبەرەوە تاکو دەگاتە مامۆستا و دکتۆر و ئەندازیار و فەرمانبەر بەدڵی خۆیان سووکایەتی بە کاری ڕێکخراوەکان دەکەن، کەس هیچ ناڵێت لەبەر ئەوەی بەردەوامی سوكکردنی کاری ڕێکخراوەکان تەنیا بۆ ئەوەیە دەست نەبرێت بۆ ئەو تاوانانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردووە، کە ئێمە لەم میحنەتی بێ ئەقڵییە دەربهێنێت، ئێمە لە ژیانێکـی پڕ لە خوێنڕشتن و بوغز و ڕق دەربازبکات.

لە لایەکی دیکەوە، کێ داوای سزای تاوانبارانی کوشتنی ژنان دەکات؟ کەس دێتە دەنگ؟ ئەو واقیعە تاڵە وەک ئێمە دەیبینین تەنیا داڵدەانی بکوژانی ژنانە. ئەوانەی لە کاتی ڕووداوەکانی کوشتن و تووندووتیژییدا دەنگ هەڵدەبڕن و زۆر زوو کپ دەبنەوە، ژنان و کچان دێن و هەڵدێن بێ پشت و پەنان و دێنە لای ئێمە، کوا دەنگی هاووڵاتییان بەرامبەر بە دامودەزگاکان و دەسەڵاتداران کە قبووڵی ئەو هەموو خوین ڕشتنە دەکرێت و دەیانەوێت ئەم تاوانە قێزەونانە ئاسایی بێتەوە، 'ئەنفالی ژنان' ڕازیبوونی کۆمەڵگەی لەسەر نەبێت هەرگیز وەكک ئەمڕۆ بەردەوامی نابێت؛ نە 'زەهرا' بکوژی دیارە، نە بکوژی 'سەروین'، نە بکوژی 'دۆسکی'، هەتا بە بکوژانی 'نەقیب محەمەد' دەگات، کە خۆی بەرگریکاری دۆسیەکانی ژنان بوو... ئەرێ ئەوە کەسی تر دەپرسێت کوان؟ چۆن؟ پەنا دران؟
ئەم بۆشایە گەورەیەی ویژان تەنیا بە فشاری هاووڵاتییان دەتوانرێت پڕبکرێتەوە..
ئەرکی ئێمە لە ناو ئەم 'لافاوی خوێن'ە دەرھێنانەوەی ئەو دۆسیانەیە کە خۆینیان لێدەچۆڕیت؛ ئەوەی پێوسیتە بکرێت وەستانی لافاوەکەیە. ئەمەش تەنیا بە خۆ بەرپرسکردن لەم تاوانانەیە نەک بێدەنگبوون لێیان.

ئەوە بێدەنگییە وای کردووە، کە تاوانەکان ساڵ بەساڵ لە ھەڵکشاندابن، ئەوە بێدەنگییە کە ئەو تاوانانەی ئاسایی کردووەتەوە و، ڕۆژانە داھێنان لە سووکاتیی و کوشتنی ژناندا دەکرێت و بە ئاسانیی و ئاسایی تێدەپەڕن!
«بێدەنگییش نیشانەی قەبووڵ کردنیی کۆمەڵگەیە، لەمەڕ ڕەوشی ژن لەم کۆمەڵگەیەدا».

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×