بۆچی ژن دەکوژیت، ئەو پەروەردەکراوی ئەقڵیەتی خۆتە!

هێمن ئەحمەد
  2022-02-24     511

سوتاندن و کوشتنی ژن لەم کۆمەڵگایەدا بۆتە دیاردە و کەلتورێکی قێزەون. ڕۆژانە ئەم هەواڵانە دەبنە سەردێڕی ڕۆژنامەکان و هەواڵە گەرمەکانی میدیاکان.
کوشتن و سوتاندن و ئەتکردن و سەربڕین و بەرد باران کردن و سەربڕین و سوکایەتی پێکردن و بەزۆر بە شودان و بێ ڕێزیکردن بەرانبەر بە ژنان تاوانێکی یەکجار نامرۆڤانە و گەورەیە، ئیتر لەژێر هەر پاساو و بڕو بیانویەکدا بێت.
بڕوانن لە کۆمەڵگەیەکی پیاو سالاردا چۆن ژن و مافەکانی دەخرێنە ژێر پێ، لەکاتێکدا ژن پەروەردەکراو و وانە پێدراوی ئەقڵیەت و بیرو بۆچونەکانی خودی پیاوە.کەچی هێشتا ئەمەی قبوڵ نیەو ئاگر لەجەستەی پەروەردەکراوەکەی خۆی بەردەدا و هیچیش لای شورەیی نیە و بەوپەڕی سەربەستیەوە لەناو کۆمەڵگەدا سنگ دەردەپەڕێنێت و شانازی بەو کەتنە گەورە و تاوانە دڕندانەیەوە دەکات کە ئەنجامی داوە. بەبێ ئەوی لەناو کۆمەڵگەشدا بەچاوێکی کەم یان وەک تاوانبارێک سەیر بکرێت.
هەموو ئەو کەسانەی ناڵێم (پیاو یان مرۆڤ) بە پاساوی و بیانوی پاراستن و پاککردنەوەی ناموس و شەرەف و کەرامەت ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن، خۆیان بێ ناموسترین و بێ کەرامەترین کەسن و ڕۆژانە هەر ئەوانن ناموسی ژنانی تر ئەتک دەکەن و نازناویان لەکەدار دەکەن و دەبنە هۆکاری کوشتنیان بەدەستی ئەو دڕندانەی هاوشێوەی ئەوانن.
هەرچەندە هۆکارەکانی پشت ڕودانی ئەم تاوانە گەورەیە زۆرن، بەڵام سەرەکترینیان؛ شەق و شڕی یاساکانی پارێزگاری کردنە لە ژن و بڕوا نەبوونە بە مافەکانی ژن لەلایەن دەسەڵاتەوە. وە پاشانیش پاشکەوتەیی ئەقڵیەتی کۆمەڵگە و نێری کورد و ئەو داب و نەریت و کەلتورەیە کە وەک پاشخان پشتاوپشت بۆمان جێماوە.
بەڕاستی ناکرێت هەموو ئەو کەسانەی خۆیان بە مرۆڤێکی خاوە ویژدان دەزانن قەپ و قڕ بن لەئاست ئەم تاوانە قێزەونەدا کە بۆتە ڕۆتینی ڕۆژانە.
سوتاندن و کوشتنی ژنان ئەو مۆتەکە زەبەلاحەیە کە لە ئێستادا گەروی ئەم کۆمەڵگە پاشکەوتەیەی گرتوە. بۆیە دەکرێت هەموو ئەو ڕێکخراو و چین و توێژانەی کە بۆ پارێزگاری کردن لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان بونیان هەیە لە کوردستان، هەڵوێستی توند بنوێنن و دەسەڵات بەخەبەر و بە ئاگا بێننەوە لە چەندبارە بونەوە و بە ڕۆتین دانانی ڕۆژانەی ژن کوشتن و فشار دروست بکەن بۆ بەسزا گەیاندنی توندی ئەنجام دەرانی ئەم تاوانە قێزەون و دڕندانەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×