خواشیان دەوێت‌و خورماش

ئەڵوەند ئەحمەد رەسوڵ
  2022-02-24     834

من لە دانیمارک دەژیم ئەو خۆپێشاندانەش هی سویدە بەڵام بەگشتی بڕیارە یاسایەکان کە پەیوەندی هەیە بەتاک و خێزان و منداڵ جیاوازیەکی وای نیە لەهەموو وڵاتانی ئەسکەندەنافیا بەتایبەتی و ئەوروپاش بە گشتی.


ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باس باسی ئەوەیە کە لەسوید, شۆسیال منداڵی موسڵمانان دەفڕێنێ لە دەست باوک و دایکیان و بەخێوی دەکەن بۆ خۆیان و خeڵکێکێ زۆریش بێ ئەوەی هیچ لە موزوعەکە ئاگادار بێ هەزارو یەک قسەی ناشیرین دەفەرموێ.
ئەو یاسaیەی کە ڕێگە دەدا بەدەزگا حکومیەکان بۆ ئەوەی لەدەرگای خێزانێک بدەن و ئاگاداریان بکەنەوە لەبونی کێشەیەک و گرفتێکی پەروەردەیی و تا دەگاتە ئەوەی منداڵەکەیان لێبستێنن بەزۆر قۆناغدا دەڕوات.

۱.ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکەکە لەبونی کێشەیەک کە لەڕێگای مامۆستای باخچەی ساوایان یان قوتابخانە یان دراوسیەکیان یان خودی منداڵەکە خۆی بەسۆشیال دەگات.
۲. کە دیتیان کێشەکە هەر بەردەوامە جارێکی کە بانگهێشیان دەکەن و گوێ لە دایک و باوکەکە دەگرن ڕاوێژیان لەگەڵ دەکەن و زۆر جار کۆرسی فێرکاری پەروەردەیی راوێژکاری خێزانی familiebehandler  دەدەن بە دایک و باوکەکە، یارمەتی منداڵەکە دەدەن بە دانانی مامۆستای تایبەت بۆ پەروەردە pædagog بۆ وانەکانیش و زۆر جار ئەو منداڵانە دەبەنە قوتابخانە تایبەتەکان و یارمەتی مادی خێزانەکە دەدەن بۆ ناردنی ئەو منداڵە بۆ یانە وەرزشیەکان ناردنی دایک و باوکەکە یان منداڵەکە بۆ لای دەروناس psykolog. 
بەکورتی کار لەسەر خێزان و منداڵەکەش دەکەن لەناو خێزانی خۆیدا زۆر بەچڕی زۆریش باوەڕیان بەوەیە کە خێزان خۆی باشترین جێگایە بۆ منداڵ.
جا ئەو پرۆسەیە ساڵێک بۆ دوو ساڵ دەخایەنێ و پارەیەکی خەیاڵی سەرف دەکرێ بۆ ڕاست کردنەوەی ئەو کەموکورتییەی کە هەیە لەو خێزانەدا جا هەر جۆرێک بێت.

۳.کات دەدرێ بەو خێزانە بۆ ئەوەی ببینن ئەو کارکردن و ڕاوێژو پشت گرتنە چەند سوودی هەبوە.

٤.پاش ئەو ماوەیە گەر بینییان کێشەکە هەر بەردەوامە هەڵە پەروەردەیەکە هەر بەردەوامە ئەو یارمەتیەی کە داویانە بەو خێزان و منداڵە هیچ ئەنجامێکی نەبوە هیچ گۆڕانکاریەک ڕوینەداوە بەرەو باش بونی دۆخەکە، ئەوە شۆسیال و بەشی منداڵان  کۆبونەوەیەک دەکات زۆر جار دایک و باوک و منداڵەکەش ئامادە دەبێت لەو کۆبونەوەیەو هەر لەناو فەرمانگەی شۆسیال  kommun بڕیاری لێستاندنی مناڵەکەیان پێڕادەگەیەنن و هەر لەوێ منداڵەکانیان لێدەستێنینن. من بۆ خۆم وەک کارمەندێکی پەروەردەی pædagog  و هێندێکجار وەک وەرگێڕ چەند جارێک ئامادەی ئەو جۆرە کۆبونەوانە بووم و بەچاوی خۆم بینیومە کە سۆشیال منداڵەکان دەبەن. زۆر ناخۆشە زۆر تاڵە بەڵام  زۆربەی زۆری جارەکان بڕیارەکان زۆر ڕاست و پێویستن و دەستیان خۆشبێت.
بەڵام هێندێکجاری واش بوە کە هەواڵی ئازاردانی منداڵێک بەتوندی بەکتوپڕی گەیشتۆتە سۆشیال و بەشی منداڵان، پاش دڵنیا بون لە ڕاستی هەواڵەکە سۆشیال بەخێرای بڕیاری منداڵ لێستاندنەکە دەردەکات و پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات و پەیوەندی بەوەرگێری زمانەوە دەکات و لەیەککاتدا هەموویان لەماڵەکە ئامادە دەبن و بەزۆر منداڵەکە دەبەن. 
جا ئەوەی کە ڕوودەدات خەڵکانێک وێنەو ڤیدیۆی ئەو ساتە هەستیارانە دەگرن و لەسۆشیالمیدیا بڵاوی دەکەنەوەو هەر یەکە بۆ مەرامێک بەکاریدەهێنێت وەک لەو خۆپیشاندانەدا دەبینن کە گوایە ئایین بەهانەیە، بەڵام وا نیە منداڵ لێستاندن ئاوا بەئاسانی و هەڕەمەکی نیە.
بۆ ئەو بڕیارە سۆشیال بەگشتی پشت بە چەند خاڵێکی یاسایی دەبەستێ بۆ وەرگرتنی بڕیاری منداڵ لێستاندن لەو خێزانەو گواستنەوەی بۆ لای خێزانانی لەباوەشگرو دابینکردنی دواڕۆژێکی ئاسایی بۆ ئەو منداڵە بۆ ئەوەی لەدواڕۆژ نەبێتە کێشە دروستکەر بۆ کۆمەڵگا:
۱. بونی توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بەمنداڵ وەک لێدان، داخ کردن، برسی کردن.

۲. دایک باوکێکی ئالودە بەمادەی هۆشبەر یان ئەلکهول.

۳. دەستدرێژی سێکسی لەلایەن دایک یان باوک یان یەکێک لەئەندامانی خێزان بۆ سەر منداڵەکە.

٤. پشتگوێخستن بەرهەڵداکردنی منداڵەکەو گوێپێنەدان و کات بەکارنەهێنان و تەرخان کردن بۆ منداڵەکە وا دەکات ئەو منداڵە پەروەدەیەکی ناتەندروستی هەبێ و لەدواڕۆژدا هەزاران کێشەی کۆمەڵایەتی دروست بکات بۆ کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە.

٥. بونی کێشەی بەردەوام و ناکۆکی و ناتەبایی لەنێوان دایک و باوکەکە کە کار دەکاتە سەر ڕۆژانەو دواڕۆژی ئەو منداڵە.

ئەو خاڵانە دەبێ پشت ڕاست بکرێنەوە دیکۆمێنت بکرێن و پشت ببەستن بەبڕیاری قوتابخانە، پزیشک، پۆلیس.
جا بەکورتی هیچ منداڵێک لەناکاو یان لەبەر جیاوازی ئایینی یان کلتوری لەخێزانەکەی ناستێندرێت، دەبێ چەند هۆکارێک یان هۆکارێکی زۆر بەهێزی پشتڕاستی بەدیکپۆمێنت هەبێ.
دوای ئەوەی کە ئەو منداڵە دەبەن، لایەنی یاسایی‌و سۆشیال kommun سەرپەرشتی و چاودێری مادی و کۆمەڵایتی گەشەی ئەو منداڵە دەکات تا دەگاتە ۱٨ ساڵ و پارەیەکی زۆر زۆر خەرج دەکات لەپرۆسەکەدا.
ئەو خێزانانەی کە ئەو منداڵانایەن لا دادەنێن دەبێ باوەڕپێکراو بن، رابردوویان پاک بێت، کۆرسی تایبەتیان بینیبێت بۆ ئەو کارە و خۆیان خاوەن خانوو جێگا بن بۆ ئەو کارە، ئەو خێزانانە پارە وەردەگرن بەرامبەر ئەو کارەو چاودێری بەردەوامین لەسەرە لەلایەن سۆشیالەوە.
زۆر جاریش ڕویداوە من بە چاوی خۆم بینیومە کە دوای لێستاندنی منداڵەکان بەساڵێک، دایک و باوکەکە وازیان نەهێناوەو گوێڕایەڵبون بۆ ڕاوێژکارەکانی سۆشیال و کاریان لەسەر خۆیان کردوەو پیشانیان داوە کە ئەوان دەتوانن ئەو ژیانە شایستە بدەن بەو منداڵە سۆشیال منداڵەکانیان داوەتەوە بەو دایک و باوکە بەیەکجاری.

لە =کۆتایدا دەڵێم تۆ وەک دایک و باوک منداڵێک کچ یان کوڕت هێناوە بۆ ناوجەرگەی ئەوروپا، لەنەخۆشخانەی ئەوروپی لەدایک دەبێت دەینیریتە پێشکەوترین دایەنگەو قوتابخانەو زانکۆی ئەوروپی و دواتر جێگای کار کردن، لێرە ئەو منداڵەی بەڕێزت لەو قۆناغانەدا ٨٠٪  کاتەکەی لەگەڵ ئەوانە، هاوڕێ و خۆشەویستی ئەورپی پەیدادەکات  و دەتەوێ منداڵەکەت لەلایەنی کلتوری وبیرو باوەڕی ئاینی ١٠٠٪ وەک تۆ دەرچێت، ئەوە پێیدەڵێن بانێک و دوو هەوا یان dubbelmoral ئاخر دەرناچێ، گەر دەریشبچێت دەرون نەخۆش یان توندڕەو دەردەچێت.

وەک ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر کە لێرە لەوڵاتانی ئەوروپا خەڵکانێکی زۆر دەناسم لەکوردستانی خۆمان و کەسەکانم ناسیاوانم هاوڕێیانم کە لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوەوە هاتوین بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەگشتی منداڵەکانمان سەرکەوتون و تێکەڵ بەهەموو بوارەکان بون، سەرکەوتون لەڕێگای کار کردنەوە یان تەواو کردنی خوێندنی زۆر باشەوە پێگەیشتون و کار دەکەن، بون پۆلیس و پزیشک و مامۆستای زانکۆو ئەندازیارو پلەی بەرزی پرۆفیسۆری جۆراوجۆر .

 

بۆ ئەو نوسینە پشتم بەستوە بەئەزمونی ۲۰ ساڵەی خۆم لەو بوارە لە دانیمارک و ئاگاداربونم لە بڕیارەکان لە ڕێگای کارکردنم لەگەڵ سۆشیال و بەشی منداڵان  باخچەی ساوایان قوتابخانەکان پۆلیس داڵدەی ژنان، ڕاوێژکاری خێزانی و هێندێک کات وەک پەروەردکار pædagog و هێندێک کات وەک وەرگێر.

 

ئەڵوەند ئەحمەد رەسوڵ، کارمەندی پەروەردەیی و خاوەنی بڕوانامەیە لەو بوارەدا لە دانیمارک، بۆ زیاتر لە ۲۰ ساڵ وەرگێڕی زمان کوردی سۆرانی بادینی کرمانجی و زمانی عەرەبی هەموو زاراوەکان بۆ دانیمارکی بوەو بەڕێوەبەری دەزگای وەرگێری زمانە کە خۆی خاوەنداری دەکات، خێزاندارەو خاوەنی سێ منداڵە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×