کیسەی پاشماوەکانتان لەبەردەرگاکان هەڵچنن تا سیمای دەسەڵات جوانتر بکات.

هێمن ئەحمەد
  2022-03-07     538

کیسەی خۆڵەکانتان لەبەردەرگا کەڵەکە بکەن تا گەڕەک و کۆڵانەکان پڕ ببن لە پیسی و بۆگەن، بەڵکو سیمای حکومەتی کوردی جوانتر و بۆن و بەرامەی ئەقڵی دەسەڵاتداران خۆشتر بکات. ئەوەی لێرە لەم هەرێمە دەگوزەرێت، هەر بۆ ئەوە دەشێت بخرێتە (پەرتوکی گینیس)وە، چونکە بەڕاستی داهێنانە لەزۆر بواردا؛ شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتی، سەرقاڵکردن و خافڵاندن، بەردەوام درۆ کردن، تاڵانی، پیسکردنی ژینگەی وڵات و.....هتد.

جێگەی سەرسوڕمانە دەسەڵاتێک خۆڵ و خاشاکی نێو شار و گەڕەکەکانی پێ کۆنەکرێتەوە کەچی بانگەشەی تاپۆی ڕەشی ڕیفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ و دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا بکات. بەڕاستی جێگەی پێکەنینە، دەسەڵاتێک نەتوانێت لەماوەی سی ساڵی حوکمڕانیدا تەنها چەند مانگێک لەکاتی خۆیدا موچەی فەرمانبەر و کارمەندانی بدات و بەردەوام تەکنیک و تەکتیکی نوێ دابهێنێت بۆ دزینی موچەکانیان لەژێر ناو و دەستەواژەی بێ ماناو قێزەوندا لە؛ شەڕی داعش و قەرزکردنی ملێۆنان دۆلار و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بوجەی هەرێم و...هتد.

سەیر و سەمەرەیە دەسەڵاتێک وا تێگەیشتبێت پێشکەوتن و وەبەرهێنان و کردنی وڵات بە (دوبەی) تەنها بریتی بێت لە بەرزکردنەوەی تەلار و باڵەخانەکان بەبێ ڕەچاوکردنی ستانداردی بیناسازی و ڕوبەری سەوزایی. لەکاتێکدا هەمو ئەم پڕۆژانە بەرگەی تەنها یەک کاتژمێر باران نەگرن و لافاو سەدەهایان لێ بماڵێت و زیان بەر هەزارەها هاوڵاتی بکەوێت و لەوەش کارەسات تر چەندجارە بونەوەی هەمان دۆخە. ئەوە قەیرانی هەمیشەیی و درێژخایەنی ئاو و کارەبا هەر باس ناکرێت کە پێداویستیەکی هەنوکەیی و ڕۆژانەی هاوڵاتیانە. تازە بەتازە حکومەتی کوردی خەریکی داهێنانێکی سەرنجڕاکێشتر و نایاب ترە لە ئەوانەی پێشوتر، ئەویش دانانی مانگی کوردیە. وە بەپێی ئەم مانگە ڕۆژەکانی مانگ دەبنە‌(چل و پێنج نەک سی)ڕۆژ.

ئەوەی هاوڵاتی نائومێدتر کردووە و دەرونی تێکشکاندوە ئەویە کە دەسەڵات بەردەوام بەڵێنی چاکسازی و باشترکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و بار و ژیانی هاوڵاتیان دەدات. کەچی ڕۆژ بەڕۆژ هەرێم غەرقی گەندەڵی و پاشەکشە و قەیرانی یەک لەدوا یەک دەبێت. گەر دەسەڵات دەیەوێت هاوڵاتی ئاشت بکاتەوە و وای لێبکات هەست بە بونی خۆی و شکۆی و نیشتیمانی بکات دەبێت وازبێنن لەدرێژە پێدانی سیاسەتی چاوساندنەوە و خەڵک سەرقاڵکردن بە بابەتی پوچ و بێهودەوە. وە بوەستن لە دەستبردن و دزینی موچە و قوتی هاوڵاتیان لەژێر ناو و ناتۆرەی بێ مانادا. بە پێچەوانەوە دەسەڵات دەبێت باش تێبگات ناهەموار کردن و قورسکردنی باریی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی، دەرەنجام بهێزکردنی هەرێم و لەق کردنی و دەسەڵاتەکەی دەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×