سەرکردایەتی پارتەکان و گەلی کورد

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2022-03-07     870

بە داخەوە، گەلی کورد لە باشووری (کوردستان)، یەک سەرکردە و پارتی دڵسۆزی کوردپەروەری نییە، تاسەر داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکا. سەرکردەی ئەم پارتانە، لەنێوخۆدا سنگشێر و قارەمانن، کەچی لەبەردەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق)دا، هەر ئەوەیە کڕنووشیان بۆ نابەن، لە زۆر داواکاریی و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان وازدێنن، بۆئەوەی لێیان ڕازیبن و پشتی پارتە کوردییە نەیارەکەی خۆیان بشکێنن!

ئاخر ئەم دوو باڵە گەورەیەی بزووتنەوەی کوردایەتی (جەلالیی) و (مەلایی)، چەندین جار جەنگی نێوخۆیان هەڵگیرساندووە، هەلی مێژووییان لەکیس کورد داوە، جگە لە ئەوەی، بە هەزاران ڕۆڵەی کوردیان کوشتووە و بەکوشتداوە، هیچ بەشێکی (کوردستان)یش نەماوە، لەدەس زیانی ئەمانە ڕزگاریبووبێ، بە فرمانی سەرانی هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (ئێران) و (توورکیا)، گەلێ کادێر و جوامیری کوردیان لەنێوبردووە. کەچی تا ئێستە، کەس نەیبیست، سەرکردایەتی ئەو دوو باڵە، داوای لێبووردن لە ڕۆڵەکانی گەل بکەن!

سەیر ئەوەیە، ئەو هەموو هەوادار و ئەندامانەیان هەیە، ئەوانیش دەسیان بە کڵاوەکەی خۆیانەوە گرتووە، تا با نەیبا، دوای سەرکردایەتییەکانیان کەوتوون، نە دەنگ بەرزدەکەنەوە، نە ڕەخنەدەگرن و نە بە سەرکردەکانیشیان دەڵێن: ئیدی تا کەی، واز لە ناکۆکی، دووبەرەکی، جەنگی نیوخۆ و ناپاکی ناهێنن؟!! چونکە ئەو جەماوەرەی لەگەڵیان دان، وەک ڕانەمەڕ وان، چۆنیان بوێ، وایان لێ دەخوڕن، لە لەوەڕگە دەوڵەمەند و پاکژەکەی پارتەکانیاندا دەلەوەڕێن، ئیدی چۆن ئەو ژیانە بێ ئەرک و ئاسانە، بە خۆڕایی لەکیس خۆیان دەدەن؟!!

من بیر لە ئەوە دەکەمەوە، کاتێ سەرکردەی ئەم بە ناو پارتانە، هەر لە سەرەتای سەردەمی شۆڕشی (11. 9. 1961)ەوە، سەردانی (بەغدا)یان کردووە، بە چ شێوەیە، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکەکانی دەوڵەتدا کردووە، ئاخۆ دەبێ، چییان پێ وتبن؟! داواکارییەکانیان چی بووبێ؟!!

سەیر ئەوەیە، کاتی خۆی بە (مەلا مستەفا)یان دەگوت: پیاوێکی خێڵەکییە، بڕوای بە پارتایەتی نییە، هیچ نازانێ، (کوردستان)ی بە سێو و پرتەقاڵ فرۆشتووە! کەچی ئەویش  شاخەوانێ بوو، چیای چۆڵ نەدەکرد و وەک ژەنەراڵی چیای لێهاتبوو!

 

دوو سەرکردایەتی (کورد و چیچێنستان)

بیرم دێ، دوای کۆڕەوە گەورەکەی بەهاری (1991)، شاندێکی بەرەی (کوردستانیی)، لە (بەغدا) بوون، لەگەڵ گۆڕبەگۆڕ (سەددام حوسێن)دا گفتوگۆیاندەکرد، دوای ئەو هەموو کیمیاباران و ئەنفال و ماڵوێرانییە، هەر یەکێ لە سەرکردەی ئەو پارتانە، بە جیا بە شانوباهوی (سەددام)دا هەڵیاندەدا و شانازییان بە ئەو دیدارەوە دەکرد. هەر بۆ نموونە: (جەلال تالەبانیی) گوتی: (سەددام خەصم نییە و حەکەمە!). هەروەها (مەسعوود بارزانیی)ش گوتی: (سەددام ئەندازیای ڕێککەوتنەکەی 11 ئازارە). لە هەمووشی سەیرتر ئەوەبوو، یەکێکی وەک (رەسووڵ مەمەند)، کاتێ (سەددام)ی بینی گوتی: (ئەنا ئەسعەد سەعید). ئیدی دوای ئەم هەموو کوشتنوبڕینە، (سەددام) گوێی لە نوێنەرانی کورد بێ، بە ئەو شێوەیە ماستاوی بۆ بکەن، چۆن دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا دەنێ؟!!

یا دوای ئەوەی ڕژێمی (بەعس) کەوت، ئەم شاندە پیرۆزە کوردپەروەرە، لە (بەغدا) چاویان بە (پۆڵ بریمەر)ی نوێنەری (ئەمێریکا) و فەرمانڕەوای ڕامیاریی (عێراق) کەوت. (بریمەر) نووسیوێتی: من وامزانی، نوێنەری کوردەکان هاتوون، داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی دەکەن. بەڵام داوای پارە و پۆستیان دەکرد!

کەچی سەرکردەیەکی ناسراوی شۆڕشی (چیچینستان)، ڕووسەکان بۆ گفتوگۆ بانگهێشتیانکرد و بڕیاربوو، لە (مۆسکۆ) سەرۆک (باریس یەلتسن) ببینێ. کاتی شاندەکە چوون، (یەلتسن) دانیشتبوو و لەبەریان هەڵ نەستا. سەرۆکی شاندەکە تووڕەبوو، گوتی: ئێمە نوێنەری گەلێکین، بۆ گفتوگۆ هاتووین، تا لەبەرمان هەڵ نەستی و ڕیزمان نەگری، گفتوگۆت لەگەڵ ناکەین و دەکشێینەوە. (یەلتسن)یش ناچاربوو، هەستێ و بە گەرمیی پێشوازییان لێ بکا!

ئایا سەرکردەی ئەم پارتانەی لە مەڕ خۆمان، کاتێ سەریان لە (بەغدا) داوە، لەگەڵ سەرانی دەوڵەتی (عێراق) کۆبوونەتەوە، چۆن ڕێزی خۆیان گرتووە؟!! چییان بەو سەرکردانە گوتووە؟! داوای ج جۆرە مافێکیان، بۆ گەلی کورد کردووە؟!!

ئەوەی باشە، ئەو دانیشتنانەی نێوان نوێنەرانی پارتەکان و سەرۆکەکانی (عێراق)، هەمووی تۆمارکراون و ئەوان، بۆ ڕۆژی خۆی هەڵیانگرتووە. بۆئەوەی کاتێ سەرکردەی پارتەکان، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی (بەغدا) تێکچوون، بە ئاشکرا ڤیدیۆکانیان بۆ لێبدەنەوە و قسەکانی خۆیان بیرخەنەوە. ئاخر چەن ڤیدیۆیەکی وەک ئەو دانیشتنانەی نیوان (مەسعوود بارزانیی) و (ئیاد عەلاویی)، هێشتا بڵاونەکراونەتەوە و بۆ ڕۆژێکی وەک ئەوڕۆیان هەڵگرتووە، تا بە کورد بڵێن: ئەوە نوێنەرەکانتانن، لە فیدراڵیش پەشیمانن و بە ئۆتۆنۆمیش ڕازین، هەرچەندە لە دەستووری (عێراق)دا، دان بە مافی فیدرالێشدا نراوە. ئامادەشن، لەسەر مادەی (140)یش، دانوستانبکەن!

بە ڕاستی، هەرچەندە لە هەڵسوکەوت و قسەکانی ئەم سەرکردانە ورددەبمەوە، ئینجا تێدەگەم، بۆچی لێپرسراوانی (بەغدا)، دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا نانێن. چونکە سەرکردەی ئەو پارتانە، نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکەن. ئەمەش نەک هەر کوردایەتی نییە، بەڵکوو گاڵتەجارییەکی زۆر گەورەیە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×