لەبارەی گاڵتەجاڕی و بێھودەییەوە...

هێمن قه‌ره‌داغی
  2022-03-11     332

یەكێك لەو دیاردانەی ھەنوكە مرۆڤی ئێمەی پێدا تێدەپەڕێت، دیاردەی گاڵتەجاڕییە بە ھەموو شتێك، گۆڕینی ھەموو بابەتێكە بۆ پێكەنین و نوكتە، وەك ئەوەی ژیان خۆی بووبێتە گاڵتەجاڕییەكی گەورە و چیتر بایی ئەوەندەی تێدا نەمابێت بەھەند وەربگیرێت.

خەڵك بە ھەموو شتێك پێدەكەنن، تەنانەت بە خودی خۆشیان، كاتێك جنێو دەدەن پێدەكەنن، توڕە دەبن ھەر پێدەكەنن، توشی نەھامەتی دەبن ھەر پێدەكەنن، مافیان دەخورێت و بە ھاواری ناڕازییەوە پێدەكەنن.. بە ھەواڵەكان پێدەكەنن، بە قسەی ناوداران پێدەكەنن، بە وێنەی سیاسییەكان پێدەكەنن.. بە قاقایەكی گەورەوە بە خودی نیشتیمان پێدەكەنن... ئەم ڕۆژانە ئەو ئیمۆجییەی دەمی گەزێك كردووەتەوە و قاقایەكی گەورە لێدەدات، بازاڕی لە ھەموو ئیمۆجییەكانی تر گەرمترە.

دوای ماوەیەك سەرنجدان و تێڕامان گەیشتمە ئەو دەرئەنجامەی لەڕاستیدا مرۆڤی ئێمە لە بێھودەییەكی زۆر قووڵەوە پێدەكەنێت، وەك ئەو بەندكراوەی چیتر باوەڕی بەوە نەماوە ئازاد بێت، لەمدیو شیشبەندەكەوە بە ھەموو شتێكی دەرگاوانەكەی پێدەكەنێت..

بە ئازادی پێدەكەنێت چونكە خۆی لە زینداندایە

بە دادپەروەری پێدەكەنێت چونكە نادادپەروەیی لەگەڵدا كراوە

بە یەكسانی پێدەكەنێت، چونكە ھەموو ژیانی نایەكسانییە

بە قسەی زلی سیاسییەكان پێدەكەنێت، چونكە سوور دەزانێت ئەوان خۆیان بچوكن

بە مرۆڤبوون پێدەكەنێت، چونكە دەبینێت چیتر مامەڵەی مرۆڤی لەگەڵدا ناكرێت

بە كاندیدەكان پێدەكەنێت كە بەڵێنی گەورە گەورە دەدەن، چونكە لای مەعلوم بووە كە ئەوان درۆ دەكەن

بە ڕۆشنبیر و نووسەرەكان پێدەكەنێت، چونكە دەبینێت بە چوار دینار قەڵەمەكانیان فرۆشتووە

بە مەلا و واعیزەكان پێدەكەنێت، چونكە دەزانێت زۆرینەیان بوونەتە بووقی دەسەڵات

تەنانەت لەژێرەوە بە مەرگیش پێدەكەنێت، چونكە ھەست دەكات لێرە ژیان بێنرخ بووە...

لە ناوەڕۆكدا ئەم فۆرمە لە پێكەنین ھەڵگری دوو ڕەھەندی مەترسیدارە:

یەكەمیان ئەوەیە كە ئینسانی ئێمە بەرەو پوچی و بێھودەیی دەچێت، ھیچ خەون و دیدگایەكی بۆ باشتركردنی ژیان لا نەماوە، چونكە بە شێوەیەك لە شێوەكان، دەسەڵات و سیستەم گەیاندوویەتی بەو قەناعەتەی، ئیتر ھیچ شتێك بەم مرۆڤە ناگۆڕێت و بۆی ھەیە تەنھا جنێو بدات و پێبكەنێت.

دووەمیان ئەوەیە كە دەرئەنجام ئێمە دەبینە خاوەنی كۆمەڵگەیەكی بێ ئاكت و پاسیڤ، كۆمەڵگەیەك لەژێر پێلەقەی پۆستاڵدا بە پێكەنینەوە چاو بەرز دەگاتەوە و دەڵێت (مەعاشەكەو جوانە گەواد...)

خودی ئەو دەستەواژەیەی سەرەوە كە چركەساتی ناڕەزاییەكی ڕاستەقینەی مامۆستایەك بوو، بێ فلتەر و بێ دوودڵی دەریبڕی، بووە كۆمیدیترین مارشی ئەم جیلە بێھودەیە، ئیدی ھەمووان بە پێكەنینەوە ئەمە دەڵێنەوە و دەسەڵاتیش لە سوچی سەرەوەی ھەمووانەوە شەقی زیاتر دەوەشێنێت و پێدەكەنێت.

گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ساتەی مامۆستاكە، دەبینین دوای جنێوەكە، كە دەزانێت وێنەی گیراوە و ئەگەری ئەوە ھەیە ھەمووان بیبینن، بزەیەك دەكات.. پێدەكەنێت.. وەك ئەوەی پێمان بڵێت ئیدی لێرە گەر جنێویش بدەین، گەر ناڕازیش بین، كە پێكەنین، ئیتر كێشەیەكی ئەوەندە گەورە نییە.

بە درێژایی ئەم چەند ساڵە دەسەڵات، بێھودەبوون و پێكەنینی كردووەتە ھاوتەریبی یەك، چەند ئیشی لەسەر بێھوودەبوون كردووە، ئەوەندەش ئیشی لەسەر پێكەنین كردووە...

پەیامەكە ئەمەیە:

ئێمە سەروەرتان دەبین، بەندتان دەكەین، فەلاقەتان دەكەین، دەتاندزین، بێ نان و ئاوتان دەكەین، ڕەزیل و بێ كەرامەتتان دەكەین، تەنانەت دەشتانكوژین... ئێوەش بۆتان ھەیە پێبكەنن ، جنێومان پێبدەن، گاڵتەمان پێبكەن.. نااا ھەر خۆمان شتی سەیر دەكەین و شتی سەیر دەڵێین و شتی سەیرتریش لە سایت و ماڵپەڕ و تیڤییەكانمانەوە پەخش دەكەین، تا ئێوە زیاتر بە جنێودان و پێكەنینتان ئاسوودەبن...

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەم دۆخەیە وەك خۆی، ئێمەین وەك سەروەری ئێوە، ئێوەن وەك مەخلوقی بێدەسەڵاتی بێھوودەی جنێودەری گاڵتەجاڕ، كە زەرەری بۆ مێشی بەردەرگاكەشمان نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×