تێگەیشتن لە دونیابینی پوتین تەریبە بە تێگەیشتن لە دونیابینی رووسەکان. ئەورووپیەکان بۆ ئەوەی لە پوتین تێبگەن پێویستە خۆیان بخەنە شوێن پوتین ( Empathy).
خەسڵەتی کاراکتەری ڤلادێمیر پوتین تێکەڵەیەکە لە دونیابینیەکی کلاسیکی و رابردووگەرا. پوتین هێشتا نەیتوانیوە واقعی جیهانی ئێستا و دیفاکتۆی سیاسی و ژیوپۆلیتیکی ئۆرووپی وەک ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا هەیە هەزمی بکات و قەبوڵ ئەوە بکات جیهان بەرەو تاکجەمسەری ئەمریکاوە داشکاوەو ئەو ناچارە ملکەجی سیاسەتەکانی بێت.
پوتین سیاسیەکی تاسەر ئێسقان واقعگەرانیە. بەومانایەی ناوبراو بەهۆی پێشینەی کارو چالاکیەکانی لە دەزگای هەواڵگری ( ک.گ.ب) ی سۆفیەتی پێشوو لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ و مەبدەئی نەگۆڕەوە پەروەردەکراوەو لەگەڵیان گەورە بووە.
شکستی سۆسیالیزم و هەڵوەشانەوەی سۆفیەتی پێشوو و جیابوونەوەو دواتر سەربەخۆیی ئۆکرانیاو جۆرجیاو وڵاتانی لاتڤیا، ئیستۆنیاو لیتوانیای بالتیک لە روانگەی سەرۆکی رووسیاوە گەورەترین شکستی مێژوو بوو لە رووسەکان کەوت.
ئەوەی سەرۆکی رووسیا ئێستاشی لەگەڵدابێ نەیویستووە قەبوڵی بکات، کۆتایی هاتنی رۆڵی رووسیەیە وەک یەکێک لە جەمسەرەکانی هێزی باڵادەست و خاوەن نفوز لە هاوکێشە سیاسیە ژیوپۆلیتیکە نێوەدەوڵەتیەکاندا.
دوای ڕمانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی کەمپی سۆشیالیزم، نە رووسیە تواناو هێزی ئابوری و سەربازی هەڵسانەوەی هەبوو نە سەرۆکە یەک لە دوا یەکەکانیش خولیای گێڕانەوەی شکۆی تکاوی رووسیە بوون بەو ئیمکاناتە کەمانەی بەردەستیانەوە.
هاتنە سەرکاری پوتین دۆخێکی تەواو جیاوازی هێنایە کایە وە، هەم لە ئاستی رووسیە هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
پوتین لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا توانی دیدگاو جیهانبینی خۆی بەرامبەر بە سیستەمی نوێی جیهانی بە جۆرێک وێنا بکات، کەمتەر سیاسیەک هەبوو لە ئەورووپا لێی تێبگات و ئاشنای تێروانین و تێزە فکریەکانی بێت.
پوتین توانی بە درێژایی ماوەی
هاتنە سەرکاریەوە لە ئاستی ناوەخۆ بە شێوەیەکی سیستەماتیک و کارا پەڕوباڵی میدیای ئازاد و رەخنەگر و بەرهەڵستکارانی بکات و سنوورێک بۆ جموجۆڵەکانیان دابنێ و تەنانەت ژمارەکیشیان لەسەرانسەری ئەورووپادا بکاتە ئامانج و لە ناویان ببات بە بێ ئەوەی حیساب بۆ سیادەی تاکە وڵاتێکی ئەورووپیەوە بکات .
بە دیوێکی تریشدا توانی لە رووی سەربازی و ئابوریەوە دۆخی داتەپیوی وڵات بخاتەوە سەر ڕاستەرێ و سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی تا ڕادەیەک بۆ لای رووسیە رابکێشێ و ئاسانکاریان بۆ بکات.
ناوبراو لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نەیشاردۆتەوە بەهەموو شێوەیەک دژی سیاسەتی فراوان خوازی پەیمانی ناتۆیەو بە هەموو هێزیەوە دژی وەرگیرانی ئۆکرانیاو جۆرجیا دەوەستێتەوەو رێگە نادات کۆمارەکانی پێشووی رووسیە بە ئەندام لە ناتۆ وەبگیرێن و ببن بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و جدی بۆ سەر پیرۆزی و شکۆو سیادەی رووسیەوە.